کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە ڕاپەرٍینی شۆڕشگێڕیەوە بەرەو سەرهەڵدانی دیموكراسی

Sunday, 23/03/2014, 12:00






لە دوای گەورەترین مەرگەسات و مەزنترین قوربانیدان لە مێژوی خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد لە باشوری كوردستاندا، ڕاپەڕینێكی جەماوەری ئەنجامدراو تەواوی خاكی باشوری وڵات لە دەستی دڕەندەكانی ڕژێمی بەعس ئازادكرا، هەرچەندە هۆكاری ناوخۆیی ئێراق و دەستێوەردانی دەرەكی زەمینەیەكی گونجاوی ڕەساند بۆ ئەو ڕاپەڕینە، بەڵام تێكۆشەری گەل و ڕقی پەنگ خواردوی دەیان ساڵەی و ئەو كۆستەگەورەیەی لە ئەنجامی كیمیا بارانكردنی بەشێك لە دەڤەرەكانی كوردستان و شاری هەڵەبجەو كاولكردنی تەواوی گوندەكان و بە تاڵانبردنی ماڵ و سامانی خەڵك و بێسەرو شوێنكردنی سەدو هەشتاو دوو هەزار پیرو لاوو ژن و منداڵی كورد، بوو بە هۆكاری ڕاپەرٍینی جەماوەری،

بێگومان گەلی كورد دڕندەیی ڕژێمی بەعس و دیكتاتۆری سەدام و دارودەستەكەی باش دەزانی، هاوكات هیچ گەرنتیەك نەبو بۆ ئەوەی ڕاپەڕین ئەنجامگیرو سەركەوت و دەبێت یاخود نا، بەڵام توڕەیی گەل هەموو پێشهاتێكی وەلانابو ئەوەی لە بەرچاودەگیرا تەنها ڕاماڵینی ئەو دامو دەزگا سەركوتكەرانەبوو كە چەندین ساڵ بوو وەك دیوەزمە بەروكی گەلی بەشمەینەتی گرتبوو، ئەوڕاپەڕینە مەزن مێژوییە نەهێزێكی توكمەو كاریگەرو پڕچەكی لە پشتەوە بو نە زلهیزەكانی جیهان بەڵێنی پشتیوانی و هاوكاریان بە كەس دابوو، سەرەڕای ئەوەش ڕاپەڕین ئەنجامدراوسەركەوتنێكی گەورە تۆماركرا، بۆ یەكەم جار لە مێژوی شۆڕش و تێكۆشانی باشوری كوردستاندا هەمووشارەكان بە كەركوكی شاری پڕلە زێڕی ڕەش و بەتاڵانبراوەی دیان ساڵەشەوە ئازادكران،

ئەوەی جێگەی داخە ئەو سەركەوتنە زۆری نەخایاند بەچەند هۆكارێك نەتوانرا ئەودەسكەوتانەی گەل بە دەستی هێنابوو بپارێزرێت، بێبەرنامەیی لایەنە سیاسیەكان و هەڵپەكردن بۆ دەسكەوتی حزبی و نەبونی هێزێكی پاراستنی تۆكەمە وبەشت بەستن بەزلهێزەكان و چاوپۆشی ئەو زلهێزە جیهانیانە لە هێرشكردنەوەی سوپا دڕندەكەی بەعس جارێكی تر كوردستان داگیركرایەوە، سەرنج ڕاكێشە بەبێ ئەوەی هیچ ئامادەكاریەكی بۆ كرابێت و نەخشەسازی و بەرچاوڕونی سەبارەت بەو هەنگاوە گرنگ و مێژوییە لە هیچ لایەكەوە بونی نەبوو، بەڵام گەل بە گشتی و بە یەك بڕیار وەك ڕیفراندۆمێكی گشتگیر كۆڕەوی ملوێنی ئەنجامدا، هەڵبەتە نە ڕاپەڕین و نەكۆڕەو بە بێ قوربانیدانی ماڵی و گیانی نەگەیشت بە ئەنجام،

گرنگی ئەو كۆڕەوە لە گرنگی ڕاپەڕینەكە زیاتر بوو بۆ ئەوەی نیگاكانی جیهان پەلكێشی كوردستان بكات، ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو لەو كاتە هەستیارو زێڕینەدا كە دەكرا سیاسیەكان زۆر بەباشی بەكاریان بهێنایەوە تەواوی ڕیكخراوەكانی مافی مرۆڤ و پەیوەندیدار بەو مژارەیان ئاگاداربكردیتەوەو بانگهێشتی شارەكانی باشوری كوردستانیان بكردایە بۆ ئەوەی بەچاوی خۆیان وڵاتێكی چۆڵكراو ببینن، كەچی ڕویان لە بەغدا كردوو رێكەوتنیان لە گەڵ ڕژیمی بەعس وسەرۆكە دیكتاتۆرەكەی ئەنجامدا؟ّ! هیشتا خەڵكی كوردستان لەو ڕێپێوانە درێژمەودایەی سەدان قوربانی لێكەوتەوە نەگەیشتبون بە خاڵی كۆتایی و پشویان نەدابوو، بەناو بەرپرسە سیاسیەكان بانگەوازی گەڕانەوەیان بۆخەڵك دەكرد،جارێكی تریش خەڵكی كوردستان بوبە پشتو پەنای هێزە سیاسیەكان و گەڕانەوە بۆ زێدی باب و باپیرانی خۆیان وڵاتیان ئاوەدانكردەوە،

،یەكێك لە دەسكەوتە مێژوییەكان تری ئەو سەردەمە دەنگ دانی گەل بو بە لایەنە سیاسیەكان و بنیاد نانی یەكەم پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مێژوی هاوچەرخدا، بێگومان وردەكاری روداوەكان لە وتارێكی كورتدا جێی نابێتەوە، بەڵام بەبیر خستنەوەی هەندێ لەو مێژووە پێویستە بۆ كارو خەباتی ئەمڕۆ ئەوی ئاماژەی پێكرا ئەو تێكۆشانەیە گەل بەگیان و ماڵی خۆی ئەنجامی داوەو دەسكەوتی گرنگی بەدەست خستووە و لایەنە سیاسیەكان كردویانە بە قوربانی بەرژەوەندیەكانی خۆیان،

هەروەك هەمیشە گەلی قوربانی بەخش خاواندارێتی لە ڕنج و ماندو بونی نەكراو رێز لە قوربانیە مەزنەكەی نەگیرا، لە بری پاداشت و فەراهەم كردنی ژیانێكی شایستە و ئارامی و ئاسودەیی، دوو حزبی دەسەڵاتداری ركەبەر بەوەشەوە نەوەستان دەسەڵات و داهاتی ئەم بەشەی كوردستانیان نیوە بە نیوە دابەشكرد، بەڵكو شەڕێكی خوێناوی ماڵ وێران كەریان بەرپاكرد كە هەزاران لاوی خۆشی نەدیوی كوردی تێدا كرا بە قوربانی،

ئێستا بیست و سێ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ڕاپەڕینە مەزن و شكۆدارەكەی بەهاری 1991دا ئەوەندە ساڵەش ئەگە دەسەڵاتدارێكی خەمخۆرو نیشتمان پەروەر و وڵاتپارێز فەرمانڕەوایەتی ئەم هەرێمەی بكردایە ، رەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵك لە ئاستێكی وەهادا دەبوو هیچ هەڕەشەیەك كاری تێ نەكات و خاوەن پێگەیەكی بەهێز دەبوو، ئەوەی جێی خەمو پەژارەیە رێك پێچەوانەكەی ئەو بۆچونە ڕاستە، هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە دوای بیست و سێ ساڵ لە ڕاپەڕین و دروستكردنی حەوت كابینەی حكومەت و چاوەڕوانی هەشتەم كابینە كە شەش مانگە خەڵك دەنگی داوەو حزبەكان رێك ناكەون لە سەردابەشكردنی پۆستەكان؟! هێشتا لە خاڵی سفردا لە چاوەڕوانی ژیانێكی شایستەو بێمەترسی سەقامگیرو ئارامدا وەستاون و چاوەڕوانی تەبایی حزبەكانن،

زۆر لە كاتی خۆی تێپەڕیوە بۆ ئەوەی لایەنەكان بە خۆیاندا بچنەوەو سەیرێكی ڕابردویان بكەن و چاوێك بگێڕن بەو هەموو قوربانیدانەدا كە گەل بۆ ئەم وڵاتە بەخشیوێتی، سەیرێكی كارو كردەوەی خۆیان بكەن لە ماوەی ساڵانی ڕابردووداچییان كردووە كاری خەراپیان چەندەو كاری باشیان لە چ ئاستێكدایە، پێویستە زۆر بەجدی هەڵوەستە لە سەر كردەوەكانیان بكەن، چونكە گەلێك بتوانێت ڕوبەڕوی تڕندەترین دەسەڵات ببێتەوەو ڕاپەڕینی شۆڕشگێرَی بەرپابكات، بێگومان دەتوانێت سەرهەڵدانێكی دیموكراسی ئەنجام بدات و هەروەكو چون ستەمكاروخوێن مژەكانی بەسزای گەل و شۆڕش گەیاند، گەندەڵ كارەكانیش بە سزای دادپەروەری و یەكسانی و دیموكراسی دەگەیەنێت،

هەموشێك سنوری خۆی هەیەو دەكات بە خاڵی كۆتایی، ئیتر رەوایەتی شۆڕشگیڕی لای هیچ هێزێكی سیاسی بونی نیەوكەس مافی ئەوەی نییە خۆی لە گەل بە پیرۆزتر بزانێت، ئەوەی خاوەنی بەهاو پیرۆزیەكانە تەنها خودی گەلە و هەرگەلیش خاوەندارێتی لە بەهاكانی خۆی دەكات، چیتر بێدەنگی ناكرێت لەو بێڕێزیەی بە قوربانیەكانی ئەم گەلەوە دەكرێت، ئەگەر سیاسەت بەو ئاراستەیەدا بەردەوام بێت كە ساڵانێكە لەم هەرێمەدا پەیڕو دەكرێت، ئەبێ سیاسیەكان بزانن كە ڕێگەكەیان كۆتایی هاتووە، ئیتر گەل دەبێت بە ڕێ نیشاندەری سیاسەتی راست و دروست،

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە