نامەیەک لە کاوە گەرمیانیەوە بۆ خێزانەکەی
Friday, 21/03/2014, 12:00
1805 بینراوە
سەرنج: نووسەری ئەم بابەتە، کاوە ئەمینی دەزگای رووداو نییە، کە ئیستا لە کوردستانە، بەڵکو ئەمە کەسێکی ترە، کە هەمان ناوی هەیە.
*********************************
ئای سەرم زۆر دێشێ شیرین گیان چیت لێکردم، ئەی تۆ کاروان، ئەی بۆ تۆ دایە گیان بۆ؟
من لەو ڕۆژوەوە دونیام بۆ ئێوە بەجێ هێشت لە مردنێکی پڕلە ئاسوودە دابووم، هەموو ڕۆژ دەهاتمە لاتانو سەرم لێدەدان، ڕۆژی لە داییک بوونی ئامەد لەلات بووم شیرین، لەگەڵ ئازارەکانت بووم، من فرمێسکەکانتم بۆ دەسڕیتەوە، من ئامەدم گرت لە باوەشمو لە سەرسینگتم دانا. بەڵام من هەرهاوسەری تۆش نەبووم، من هەرنوسەرێکیش نەبووم، من کوڕێکی شەهیدێکی هەژاربووم و ووڵاتەکەم خۆشدەویست، لە بەردەرگای شارەوانی بە تەنیایی و بە سەرمایی ووتارم دەخوێندەوە، لە سەر کارتۆنی دڕاو ناڕەزایی خۆمو گەلەکەم بە گەورەیی دەنوسیەوەو بە خۆمەوەم هەڵدەواسی، کە ئێوارەش دادەهات دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوەو بە چرە نۆکاوێک تێردەبوومو پێنوسەکەم تیژدەکردەوە بۆ نوسینی ئازارێکی تر.
"ئای سەرم شیرین، کەس نیە بگاتە فریام سەرم دەستی بە ئازارکردوە!"
خۆ تۆ منت دەناسی، شەوانە دڵم بۆ تۆ دەکردەوە، ئەی بۆ ئەو کارەت کرد؟ من پێم ووتی مەڕۆ بە جێم مەهێڵە. باشە شیرین چیت دی لەوێ؟ فەرشی سوورو کورسی پاشا؟ ڤێڵای دڕندەکان؟ یان سەیارە جامڕەشەکان؟ یان سەردەشت کوژەکان؟ تکایە نا نا بۆم مەگێڕەوە با زیاتر ئازارنەکێشم، من دەزانم چیت دیوە شیرین، ئەی ئەو پەیامانەی من بۆ چی بوو؟ ئەی ئامەدیان بۆ بێ باووک کرد؟ ئەی تۆیان بۆ بێ هاوسەر کرد؟ باشە خۆ ئامەد هیچ تاوانێکی نەبوو شیرێن چۆن توانیت بخەیتە باوەشی جەلادێکەوە؟ بۆ وات لێ کردم؟
"ئای سەرم، کەس نیە بگاتە فریام سەرم دەستی بە ئازار کردوە! "
من دوای ماڵ ئاواییشم هەموو کات لەگەڵ میللەتەکم بووم، لە پشتو لەپێشی ڕێپێوانەکانی رۆژنامەنوسەرەکانم بووم، من ووتارم دەخستە ناو دڵی هاوسۆزەکانی نیشتمانەکەمەوە، من بەدنگێکی بەرزوەوە لە دەمی ئێوەوە هاوارم دەکرد،، ئازادی ئازادی خوێنی کاوەمان دەوێ،، باشە بۆ واتان لێکردم؟ تۆ،، کاروانی برام، تۆخۆت لە پێشی پێشەوەی کاروانەکان بوویت، منیش لەگەڵت بووم، لە ناو دڵت بووم، ئەی چۆن ملت کەچکرد بۆ سەردەشت کوژان، خۆ هەر خۆتان ووتان لە مێدیاکان کە کاوە هەرهاوسەرو برای ئێمە نەبوو کاوە برای هەمو کوردێکی دڵسۆز بوو!.
"ئای سەرم، کەس نیە بگاتە فریام سەرم دەستی بە ئازار کردوە! "
کاروان، کەیسی من کەیسی میللەتێکە. من هەر دادگایی کردنی بکوژانی خۆمم لا گرنگ نەبوو من داوای دادگایی کردنی هەموو بکوژانی ڕۆژنامە نوسەرەکانی کوردستانەکەم دەکرد، من هاوارم بۆ گەلێک بوو کە وەکو گەلانی جیهان بژیت، من هاوارم بۆ مناڵێک بوو لە جگەرە فرۆشتن ڕزگاری بێت من هاوارم بۆ دادگایەک بوو کە داد بپارێزێت. باشە کاروان، پاشا چی بۆ کردن؟ ئەوجارەش بەڵێنی چی پێدان؟ بەڵێنی ئەوەی پێدان کە ئیتر واز لە تێرۆر کردنی ئازادیخوازان دێنن؟ بەڵێنی ئەوەی پێدان کە سەردەشتکوژانیش دەدەن بە دادگا؟ کاروان بۆ واتکرد؟ بۆ گەنجانی ئەم ووڵاتەت بێ هیواکرد، بڕۆ ئیتر تۆ برای من نیت من هەر برای نۆکاو خۆرەکانی نیشتمانەکەم!.
"ئای سەرم، کەس نیە بگاتە فریام سەرم دەستی بە ئازار کردوە!"
لە هەندەران لە ناو پەرڵەمانانی بیانان دەهاتن پۆل بە پۆل بۆ لای ئێوە بۆ سەرەخۆشی، وێنەیان لەگەڵ دەگرتن، وێنەی منیان لە سەر دەموچاوی خۆیان دادەناو بە ئاواتەوە بوون کە ئەوان وەکومن بونایە،، وەکو کاوە گەرمیانی،،
ماڵەکەمان،،، جێگای خەوتنوو خەونەکانم پەخشکرا لە مێدیای جیهانی، نۆکاوی ئەو ئێوارە یەمان بووە بە سیمبۆڵی خواردنی هەژاران، من دڵم زۆر خۆش بوو دایە گیان بۆ واتان لێکردم بۆ؟
"ئای سەرم، کەس نیە بگاتە فریام سەرم دەستی بە ئازار کردوە! "
بە پێنوسی کاوە ئەمین لە سویدەوە