کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پڕۆژەكانى ئۆپۆزسیۆن و دەوڵەتى ئیسراتین

Tuesday, 28/06/2011, 12:00


دەسەڵاتى تۆتالیتاری كورد كە بە زەبرى هێز خۆپیشاندەرانى بڵاوەپێكرد، هەستا بە رازیكردنى ئۆپۆزسیۆن بۆ دانیشتن لە سەر مێزى گفتوگۆ و خاوكردنەوەى ئەو بارودۆخەى كە دوو مانگى خایاند، ئەو كۆبوونەوانەى لە نێوان هەردوو بەرەدا كراوە، تا ئێستا بێ ئاكام بووە، واتە بەرهەمێكى ئەوتۆى نەبووە ببێتە جێى دڵ خۆشى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان! هەربۆیە دەبینین لایەنى ئۆپۆزسیۆن دەڵێن: "گەر كۆبوونەوەكان ئەنجامێكیان نەبوو، دەگەڕێینەوە بۆ لاى شەقام"، دەكرێت ئەمە ئاماژەیەكى ناڕاستەوخۆ بێت بۆ راى گشتى لە بە ئەنجام نەگەیشتنیان لەگەڵ لایەنى دەسەڵات!
بە كۆى گشتى، خاڵەكانى ئۆپۆزسیۆن بۆ دەسەڵات لەمەڕ گۆڕانكاری و چاكسازى ریشەیى لە دام و دەزگاكانى كوردستان، چ دەسەڵاتى یاسادانان و جێبەجێ كار و دادوەرى، واتاى نەمانى هەیمەنى هەردوو حیزب (یەكێتى و پارتى) دەگەیەنێت، ئەمەش لە روانگەى ئەو دوو پارتەوە، لێ بۆ بەڕێوەبردنى حوكمڕانى لە هەرێمى كورستان، مایەى خۆشگوزەرانى و هاتنە كایەى دادپەروەریە لە تەواوى كایەكانى كۆمەڵگا بۆ گشت خەڵكى كوردستان.
لە كاتێكدا ئێمە دەسەڵاتى كوردى بە تۆتالیتار و فیوداڵ لە جوڵانەوەیان ناو دەبەین، تۆمەت نییە، بەڵكو ئەو واقیعەیە خۆیان داهێنەر و پیادەكارین، دەسەڵات تەواوى جومگەكانى كۆمەڵگاى دەس بەسەردا گرتووە و خۆى هەڵسوڕێنەریەتى، لەسەر و هەمووشیانەوە بوونى بیرۆكراتیەتێكى بنەماڵەیى و رەنگدانەوەى بە ناو تەواوى كایەكانى كوردستاندا، لینین دەڵێت: "دەتوانى بە ماوەیەكى كورت دسەڵاتێك بگۆڕیت، بەڵام زۆرى دەوێت تاكو عەقڵیەتێك دەگۆڕیت"، جڵەوى حوكمڕانى لە هەرێمدا بە دەست بنەماڵەیەكەوەیە، ئەو بنەماڵەش خاوەنى عەقڵیەتێكى محافزكارن، هاوكات خۆپارێزن لە هەر گۆڕانكاری و پێشكەوتنێك، پێیانوایە هەر كرانەوەیەكى كۆمەڵگا زیان بە پێگەیان دەگەیەنێت، ئەم فكرە چەق بەستووە لە پاڵ هێز و پارە، هۆكارە بۆ خۆپەرستى دەسەڵاتى كوردى و حیساب نەكردن بۆ لایەنی دووەم و شەقام، جیا لە بوونى بەربەستى تر، وەك نەبوونى متمانە بە یەكتر، واتە ئۆپۆزسیۆن چەندین پڕۆژە بخاتە بەردەم ئەو عەقڵیەتەى كە چارەنووسى میللەتێكى لە بەردەستدایە، بێ ئاكامە، لێرەشدا دەبێت خاڵى یەكەمى وتەكەى (لینین) پیادە بكرێت! چۆن و كەى؟! ئەوەش دەكەوێتە سەر ئۆپۆزسیۆنێكى بوێر بە تایبەتى، بە گشتیش كۆمەڵگا.
لە كتێبی (سەوز)دا (قەزافى) سەرۆكى لیبیا باس لە چارەسەركردنى كێشەى (فەلەستین، ئیسرائیل) دەكات، پێى وایە، ئەو دوو وڵاتە ببنە یەك، دەڵێت ئیسرائیلیەكان یەك مناڵ یاخود دوو مناڵ زیاتریان نابێت و حەز بە بوونى مناڵ زۆرى ناكەن، پێچەوانە، فەلەستینیەكان حەز بە بوونى زۆرى وەچە دەكەن، لە میانەى هەڵبژاردنەكانى ئەو وڵاتە دەبینین زۆرینەى دەنگ فەلەستینیەكان دەبن و لە پەرلەمانى ئەو وڵاتە زۆرینە دەبن...هتد، هاوكات دەشڵێت ئەو وڵاتە ناو لێ بنرێت (ئیسراتین)! بۆیە ئەم نموونەم هێنایەوە، چونكە نە ئیسرائیل ئەوەى پێ قبوڵە و نە فەلەستین! واتە ئەو پڕۆژەى كە ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان داویەتییە دەسەڵات قبوڵى نییە، چونكە پێیوایە ئۆپۆزسیۆن مێش كوژێكى بۆ یەكێتى و پارتى حازركردووە، دیارە نەمانى دەستوەردانى حیزب لە كاروبارى حكومەت، ئەو دوو حیزبە واى دەبینن! هاوكات دەسەڵاتیش دەیەوێت لایەنى ئۆپۆزسیۆن بەشدار پێ بكات لە حوكمڕانى كوردستان، دیسان ئەمانیش قبوڵیان نییە، ئاشكرایە ئەوكاتیش هەموو پێكڕا بەشدارن لە بوونى گەندەڵى و كەموكورتیەكان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە