کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە ماڵە بێ باوكەكە چی دەگوزەرێت

Monday, 20/05/2013, 12:00






نازانم لەبەر نەبوونی سەرۆكمان هەتیو بووین یان لەبەر سەرۆك زۆریمان!، ماوەی چەند مانگێكە عێراق لەنێو كێشە مەنگخواردواكانی رابردوویدا دەتلێتەوە و لە ئێستاشدا لەبەر خۆڕاوەشاندنی دەستەكان كێشەكانیش زیاتر لێڵی بەخۆیانەوە دەبینن و خەریكە عێراق دەخنكێنن.
دوژمنەكانی دوێنێ و برا درۆینەكانی ئەمڕۆ لەبەر پارە و سەروەت و سامان (بە كوردییەكەی نەوتە حەیاتەكە) خەریكە یەكتر لەناو دەبەن و پاشگری تیرۆر و تێكدەریش بێ منەتانە دەخەنە پاڵ یەكتری، ئەوەش تەنها بۆ بردنەوەی یارییەك كە تۆپەكەی لە پێی وڵاتانی دراوسێدایە.
لە پاش روخانی رژێمی پێشوو، خۆزگە و ئاواتەكانی گەلی عێراق زۆر زوو خرانە ژێر پێی دەسەلاتدارانی عێراقەوە بە گشتی و ئەوانیش بێ منەتانە سیاسەت و دارایی ئەم وڵاتەیان كردوەتە هۆكار بۆ بردنەوەی گرەوێك كە وڵاتان كردویانەو تەنانەت ئەم وڵاتە داگیركراوە وای لێهاتووە بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیش خۆپیشاندان دەكرێت بەڵام خۆپیشاندانەكانیش بە سیاسی دەكرێن و دەكوژرێیت و لەناو دەبرێیت.
لە ماوەی رابردوودا هاشمی جێگری سەرۆك كۆمار، وەك كلیكێك، كێشە كپكراوەكانی عێراقی كردەوەو لەوێوە سەرەداوەكانی كێشەكان كرانەوە، بەڵام وەك دەوترێ كلیلی چارەسەرەكانیش تووشی نەخۆشییەك بوو كە نەیتوانی كێشەكان چارەسەر بكات.
جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق، لەنێو چارەسەری كێشە تەمومژاوییەكانی عێراقدا بوو، بەڵام لەناكاو هەوڵەكانی وەستان و نەخۆشییەكەی نەیهێشت چارەسەرەكەی بەرەو لێواری یەكپارچەی عێراق ببات.
ئەوەی مەبەستمە بیخەمەڕوو، لەو ساتە وەخەتەی باوكی ئەم ماڵە (جەلال تاڵەبانی) لە ماڵەكەی نییە، لێرە و لەوێ روداوی عەجیب و تەقینەوەی خێرا و بڕیاری لەناكاو و خۆپیشاندانی هەژاران و خۆپیشاندانی تێكدەرانە‌و شەڕی ناوخۆ و چیتر بڵێم هەرچی قوڕ بەسەری رۆژهەلاتی ناوەراست و ئەمریكا و ئەوروپا هەیە كراوە بەسەر هاوڵاتیانی عێراقدا.
بەراست مام جەلال كلیلی چارەسەر یان كلیلی كێشە؟ لەوەتەی ئەو لێرە نییە براكان كەوتونەتە گیانی یەكتری، كورد لە قاچی كورد دەدات و ئەگەر بۆی بكرێت لە ملی برا شیعە و سونەكانی دەدات، سونەش بۆی بكرێت سەری برا شیعەو كوردەكانی دەكاتە ڤێلایەك بۆ سامانە نەوتیەكە و شیعەش لە ترسی برا ئەمریكیەكانی نەبێت سونە و كورد ئەكاتە قوربانی هەوڵەكانیان بۆ بردنەوەی یارییە سێ گۆڵیەكە.
نازانم ئێمەی مسكێن وریا و زیرەك بوویین كە پەی بە زۆربەی كارە نهێنیی و ئاشكراكانی سیاسییەكان دەبەین، هەرچەندە بەینی خۆشمان بێت ناوێرین زۆر قسە بكەین ئەگەرنا رەوانەمان ئەكەن و تۆمەتیشمان بۆ دروست ئەكەن، (زۆرجار لە مردن ناترسین بەڵام لەتۆمەت زۆر دەترسین)، یان سیاسەت بووەتە گاڵتەجاری سیاسییەكان.
جاران سیاسییەكان بۆ ئێمە بوون، بەڵام ئێستا بۆخۆیانن‌و ماوەی 10 ساڵ دەبێت هەر فیكلانكۆ دەكەن و كەسیان براوە نابێت، ئەوەش لەبەر ئەوە گەندەڵییانەی بۆ یەكتری دەپۆشن.
ئەوەتا سیاسییەكان باوەڕ بە یەكتر ناكەن، ئاگاداری كارەكانی یەكتر نین، شیعە رەفزێكی سێ بە چواری پێشكەش بە كورد كرد و دواتر سێ بەسێ تەڵاقیشی دا، بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ برا سوننەكان بەینی تێكچوو و كۆمەڵێكی لێ كوشتن، دووبارە خوازبێنی كوردی كردەوە و كوردیش پێش ئەوەی بێن بە شوێنیدا، خێرا و زۆر زوو خۆی رۆیشتەوە و دوای كۆمەڵێك كۆبوونەوە بڕیاری گەڕانەوەی بۆ ماڵە گەورەكە دایەوە.
كێ سەر لەم مەتەڵە ئاسانە دەرئەكات؟ كێ پەی بەنهێنی ئەم سیاسییە هەژارانە دەرئەكات؟ سەروبنی قسەو كرداریان بریتییە لە نەوت و پارە و پرۆژە یاسای نەوت و گاز و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمیش لە كولەكەی تەڕیش ناوی نابرێت‌و كەسیش گوێ بە رەخنەو پێشنیاری كەس نادات، جگە لە قسەی سیاسییە گەورەكان نەبێت!!




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە