کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاوانی له‌خوێن هه‌ڵکێشانی خه‌ڵکی ناڕازی ‌، هه‌رگیز په‌رده‌پۆش ناکرێ! ‌‌

Friday, 29/04/2011, 12:00


سه‌ره‌نجام لیژنەی لێکۆڵینەوە لەڕوادوەکەی ١٧/٢ی شاری سلێمانی کە لەلایەن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ گوایە بۆ به‌دواداچوونی ڕاستیه‌کان پێکهێنرابوو و ئه‌نجامه‌کانی خۆی له‌ڕاپۆرتێکدا ئاشکرا کرد. ئەگەرچی لیژنەکە هه‌وڵیداوه‌، وا ئه‌نجام بگرێ که‌وه‌ک لیژنه‌یه‌کی پرۆفیشناڵ و بێلایه‌نانه‌ له‌ڕوداوه‌کانی کۆڵیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام خودی ئه‌وه‌ی که‌ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ری پێکه‌وه‌ له‌ژیر چه‌تری"لیکۆڵینه‌وه‌ له‌ڕوداوه‌کانی توندوتیژ"دا هاوتاکردووه‌، ته‌نها ئه‌و ئه‌نجامه‌ی لێ ڕه‌چاوده‌کرێ که ‌به‌قازانجی ده‌سه‌ڵات و په‌رده‌پۆش کردنی تاوانه‌کانی، جه‌لاد و قوربانی بخاته‌ به‌رده‌م حوکمی دادگاوه‌. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات هاوڵاتیانی خۆی له‌سه‌رو یاساوه‌ و به‌حوکمی هێز و میلیشیای چه‌کداری حزبه‌کانی هاوڵاتیانی ناڕازی و به‌رهه‌قی خۆی دایه‌ به‌رگولله ‌و سه‌دان که‌سی کوشت و بریندار کرد و خستیه‌ به‌ر ڕه‌حمه‌تی گروپه‌ مافیایی و ده‌موچاو هه‌ڵپێچراوه‌کانی خۆیه‌وه‌. تا به‌کوشتن و هێزی چه‌کی سه‌روو یاسا، چاو تر‌سێنیان بکا و ده‌نگی ئازادیان بخنکێنێ. 
ئەم لیژنەیە و ڕاپۆرتەکەی‌ کاتێک لای خەڵك بڕوای پێدەکرا کە له‌پسپۆڕان و دەزگایەکی بێلایەن و به‌چاودێری نوێنه‌رانی جه‌ماوه‌ر پێکبهاتایه‌، نه‌ک له‌دەزگاکانی حکومەت و ئه‌و لایەن و به‌رپرسیاره‌ پۆلیسیانه‌ پێکهێنرا بێت که‌خۆیان ته‌ره‌فێکی تاوانبارن و ده‌ستیان سوره‌ به‌خوێنی خه‌ڵک و هه‌ر خۆشیان هۆکار و سه‌رچاوه‌ی توندوتیژیه‌کان بوون ‌له‌دژی هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌نجامه‌کانی لێکوڵینه‌وه‌یه‌ک که ‌لیژنه‌ی ناوبراو له‌ڕاپۆرته‌که‌یدا ڕایگه‌یاندووه‌، جگه‌ له‌ ڕیوایه‌تی درۆ و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان به‌قازانجی به‌رائه‌ت نێشاندانی ده‌سه‌ڵات و تۆمه‌تبارکردنی جه‌ماوه‌ری ناڕازی، شتێکی تر نییه‌. خەڵکی کوردستان که ‌نمونه‌کانی لیژنە پێکهێنراوه‌کانی پێشووی ده‌سه‌ڵاتیان له‌مه‌ڕ لێکۆڵینەوە لەکەیسه‌کانی سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و سەردەشت عوسمانیان له‌به‌رده‌ستدایه‌، بینیان که‌ چۆن قوربانیان کردە تاوانبار و تیرۆریست!، ئاوه‌هاش ئه‌م لیژنه‌یه‌ و ئه‌نجامه‌کانی شتێکی زیاتر نابێت. 
لیژنه‌یه‌ک که ‌به‌ ڕۆشنی ده‌بینێ ڕووداوه‌کانی 17ی شوبات که‌ له ‌ته‌ره‌فێکیدا جەماوەرێکی خۆپیشاندەر ڕاوه‌ستاوه‌، کە بۆ خواستی ڕەوای خۆیان لەدژی دەسەڵاتێکی گەندەڵ ‌و نایەکسان ‌و پێشێلکەری ئازادی هاتونەتە مەیدان‌ و داوای ئازادی، خزمەتگوزاری، فرسەتی یەکسانی کار بۆلاوان‌ و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی کوردستان دەکەن‌ و له ‌ته‌ره‌فی به‌رامبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتێک هه‌یه‌ که‌ هێزە سەرکوتگەرەکانی ئاسایش‌ و پۆلیس ‌و هێزە تایبەتە مافیاییەکانی به‌فیشەك ‌و کوتەک ‌و کێبڵ ‌و چەقۆ و کەتەر، بەڵتەجیەکانی خۆی به‌رداوه‌ته‌ گیانی خۆپیشاندەران‌ و تاوانی کوشتن و گرتن و لێدان و سوکایه‌تی له‌سه‌رو یاسا و مافی هاوڵاتایانه‌وه‌ ‌به‌ڕێوه بردووه‌، ته‌نها به‌ردی ده‌ستی خۆپیشانده‌ران ده‌کاته‌ به‌ڵگه‌ بۆ هاوتاکردنی تاوانبار و قوربانی ئه‌توانێ چ ڕاستیه‌ک له‌م ڕووداوانه‌دا بدا به‌ده‌سته‌وه‌ جگه‌ له‌ په‌رده‌پۆشکردنی تاوانه‌کان به‌قازانجی ده‌سه‌ڵات؟ ته‌نانه‌ت لیژنەی ناوبراو بۆئه‌وه‌ی ئه‌رکی لایه‌نگری خۆی بۆده‌سه‌ڵات و سیناریۆی پێچه‌وانه‌کردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان بگرێته‌به‌ر په‌نای بۆ ئیفاده‌ی به‌ته‌نهای ده‌زگاکانی ئاسایش و به‌رپرسیارانی حکومه‌ت و ئه‌و بەڵگانە بردووه‌ کە لەلایەن خەڵکەوە و لەدەزگاکانی راگەیاندندا بلاوکراوەتەوە و به‌یه‌کجاریش خۆی لاداوه‌ لەو تاوانبارانەی که‌سەر بەدەزگا ئەمنیەکان‌ و چەکدارانی پارتین، کە بەئاشکرا تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە ‌و وێنە و زانیاریەکانیان لە کەسێك شاراوەنیە، ئەمەش بەئاشکرا پاکانەکردن و داپۆشینی تاوانه‌کانی هێزە نهێنیە مافیاییەکانی دەسەڵات وچه‌کداری حزبه‌کانی ده‌سه‌لمێنێ. 
لیژنەی ناوبراو دەسەڵات وەکو لایەنی پەلاماردەر بۆسەر خەڵك‌و بۆسەر ئازادی‌و مافەکانیان ناسەلمێنێ. نەك ئەوە بەڵکو بەئاشکرا بەرگری لە یاسای ناوزڕاوی "رێکخستنی خۆپیشاندان" دەکات‌ و خۆپیشاندەران بە پێشێلکەری ئەو یاسایە ناوزەد دەکات، کە ئەمە ڕاستەوخۆ هەمان پەیامی دەسەڵات‌ و مەسعود بارزانیە بۆ ڕاپێچکردنی کەسایەتیە بەرجەستە و ناسراوەکانی خۆپیشاندانەکان بۆ بەردەم دادگا و سزا دانیان بەبیانوی سەرپێچیکردنی یاسای خۆپیشاندانەوە. ڕاپۆرتەکە دەسەڵات‌ و حکومەت وەکو غەدرلێکراوێك نیشان دەدات کە دەبێ خۆپیشاندەران لەگەڵیدا ئاشت ببنەوە و چاوەڕێی مەرحەمەتی حکومەت‌ و سەرۆکی هەرێم بن کە دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان‌‌ و نارەزایەتیەکانیانی بەهێزی میلیشیا و داگیرکردنی سەربازی شارەکان کۆتایی پێهێنا و دوای ئەوەی سەرجەم هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکانی لە زیندانەکاندا یەخسیرکرد، ئەوسا هەندێ لە خواستەکانیان جێبەجێ بکات! 
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ڕاستیانه‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ نه‌ده‌توانێ لیژنه‌یه‌کی شەرعی بێ و نه ‌ئه‌نجامه‌کانیشی به‌لای خه‌ڵکه‌وه‌ ئیعتباریان هه‌یه‌.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وێڕای ئه‌وه‌ی که ‌ئه‌م لیژنه‌یه ‌و ئه‌نجامه‌کانی به‌ سیناریۆیه‌کی سیاسی له‌دژی خه‌ڵکی ناڕازی و هه‌قخوازی کوردستان ده‌زانێ، هاوکات داوا له‌جه‌ماوه‌ر ده‌کات که‌له‌سه‌ر داوای ئاشکراکردنی تاوانبارانی ڕووداوه‌کانی دوو مانگی ڕابردوو وه‌سپاردنیان به‌دادگا، سوربن و به‌ته‌واوی تواناوه‌ بۆ به‌کرده‌وه‌ ده‌رهێنانی خواستی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هێزی چه‌کدار و دەزگاکانی پاراستن و زانیاری و گروپه‌ مافیاییه‌کانی ده‌سەڵات درێژه ‌به‌خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خۆیان بده‌ن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە