بارزانی باوکی من نییه
Tuesday, 19/02/2013, 12:00
ئەمە ئەو دەربڕینە کە ڕۆژانە لەسەر دەمی زۆربەی زۆری ئەو گەنجە یاخی بوانەیە کە دژ بە سیستەمی خێڵەکی وئاغایەتی حزبەکان دەجەنگن، بەڵی بارزانی باوکی من نیە ئیتر باوکی کێیە با ئەو چەپڵە بۆ بارزانی و پارتیە چڵکاوخۆرەکان لێبا.
لە مێژووی بەشەریەتدا وەزیفەی باوک جۆراوجۆرن و ئاڵۆز و سادەشن لەیەک کاتدا، ئەگەر سەیرێکی دواوە بکەین باوک بوون ڕەهەندی تری بەخۆیەوە بینیوە بۆ نمونە لە شەقڵاوە مەسیحیەکان بە ڕەبەن بۆیە دەڵین باوکی ئاشتەوایی وەک کلتورێکی لۆکاڵی، کاتێک بەهار دێت زۆربەی زۆری ژنە مەسیحیەکان ئەوانەی مناڵیان نابێت سەردانی دەکەن و بە پێی نەریتێ ئەوێش سکیان لەبەردێک دەخشێنن بۆ ئەوەی مناڵیان بێت،ڕەبەن بۆیە لە ترسی مسڵمان بون هەڵاتۆتە ناو قەدی چیای سەفین لەوێ بونی خۆی پاراستوە،ئەم باوکی ئاشتەواییە نەبۆتە گرفت بۆ مەسیحیەکانی بەغداد یان موسڵ یان دهۆک،یان لە کەهڕەمان مەڕەشی کوردستانی تورکیا بە ئاگر دەڵین باوکی ڕووناکی،
ئەمانەش ئەو (ئەلڤی)یانەن کە دەربڕینیان بە جۆرێکە نزیکە لە عەلەویەوە بەڵام ئەوان مسڵمان نین و بڕوایان بە هیچ پێغەمبەرێک نیە،بۆیە ئاگر وەک ڕەمزی ڕووناکی یان باوکی ڕووناکی دەبینن،
کاتێکیش دێین قسە لەسەر باوکی میللەتێک دەکەین کە ئەم دەربڕینە زیاتر بۆنی تۆتالیتاری وتیرانیزمی لێدێت،دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم میللەت چەندە ئەم باوکەیان پەسندە؟ یان ئەم باوکە چی بۆ ئەو میللەت کردووە تا پێی بوترێت باوک،
مەلیک محمەدی مەغریب ساڵی ٢٠٠٧ لەچەند جێگایەک باسی لەوە کرد کە بە باوکی مەلیک حەسەن بوترێت باوکی مەرۆکیەکان،بەڵام ئەمازیغی و بەربەریەکانی مەغریب و پۆلیساریۆی جوداخواز هەر زوو ڕەتیان کردەوەو لەوکاتەوە باسی لیوەنەکراوە،
بەڵام لە کوردستان لە میدیاکانی پارتی هەموو ڕۆژێک باس لە باوکی نەتەوەیی کورد دەکرێت،بە پێی قسەی بنەماڵەی بارزانی و ڕاگەیاندنەکانی پارتی،مەلا مستەفا باوکی کوردە.
دیارە فەلسەفەی حزبایەتی لای پارتی لەو دیدەوە خۆی دەیبنێت کە ئەوەی دەسەڵاتی بنەماڵە بە ڕاستی بزانێت ئەبێ میللەت قبوڵی بکات، هەر شتێک ئەوان بە سپییان زانی میللەت وەک مێگەل دوای ئەوان بەڕاستی بزانێت بڵیت سپییە، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لەناو فەرهەنگی سیاسی پارتیدا تازە نیەو لەوەتەی پارتی هەیە بونی هەیە بەڵام بە مرورەتی زەمەن ئەوان کار بۆ ئەوە دەکەن کە کلتوری بارزانیزم و پارتیزم لە کوردستاندا پتەوبکەن و خەڵکی بخەنە ژێر کێفی خۆیانەوە،شتێکی نامۆ نیە ئەگەر پارتی هەموو ئەو بیرکردنەوانە لەناو بەرێت کە لەدەرەوەی بازنەی بیرکردنەوەی ئەواندان،بەڵام پرسیاری من ئەمەیە ئایا بەم حاڵەی ئێستا پارتی دەگاتە کوێ؟
ڕۆژانە ڕاگەیاندنەکانی پارتی کار لەسەر ئەو پرەنسیپە دەکەن کە کەسەکانی بنەماڵە گەورە زل دەکەن لەبەر چاوی خەڵک و وا پیشانی خەڵک دەدەن ئەگەر ئەوان نەبن ئەوا میللەت لە برسان دەمرێت یان ئەگەر ئەوان نەبن کورد بونی نامێنێت، بۆیەش ئەم ڕوانگەیە وای کردووە کە بنەماڵەی بارزانی پارتی وەک وەسیلەیەک بەکار بێنن بۆ مۆنۆپۆلیزەکردنی کوردستان و بە سمبول کردنی ئەوکەسانەی ئەوان دەیانەوێ،
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە ئەبێت ئەو پرسیارە بکەین کە بۆ بە بارزانی بڵێین باوک؟
لە سایەی بارزانی ئایا دەوڵەتی کوردیمان هەیە ؟
لە سایەی بارزانی ئایا یەکڕیزیەکی پتەو و ئایندەیەکی گەشمان هەیە ؟
لە سایەی بارزانی ئایا ئابوریەکی بەهێز و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتومان هەیە ؟
لە سایەی بارزانی ئایا مێژوویەکی بێگەرد و پاکمان هەیە ؟
چیمان هەیە؟
وەڵامی هەموو ئەمانە لە تاکێکی کوردی بپرسە پێت دەڵیت نەخێر نیمانە ، کەوایە باوکایەتی بارزانی لە چی وبۆچی و لە پێناوی چی ؟
شاراوە نییە کە پارتی بۆ قۆرغکردنی هەموو ئەو سامان و داهاتەی هەیە هەموو ئەو دەسەڵاتەی کە هەیە هەموو ئەو ڕێگایانە ئەگرێتە بەر کە هەن،لە کوشتن چەوساندنەوە برسی کردنی میللەت،دەستدرێژی کردن،تیرۆر کردن، هەر بۆیەش بۆ باوک کردنی بارزانی ئامادەیە دەیان حەڤدەی شوباتی تردروست بکا و دەیان کەناڵی ئێن ئاڕتیش کاول بکا
هاوڕێ ڕەش
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست