کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شکستی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان!

Saturday, 20/12/2014, 12:00


گۆڕان کە دروست بوو لەئەنجامی شکستی چەند ساڵەی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی حیزبایەتی کوردستانی باشورەوە بوو، لەئەنجامی بێ هیوا بوونی خەڵک بوو لە حیزب و دەستبەسەراگرتنی بنەماڵە بە سەر تەواوی جومگەکانی ئیداریی و حیزبییدا، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا هێواش هێواش گۆڕانیش چووە سەرهەمان ڕێچکەی کۆنی حیزبە شکست خواردوەکان و دەمامکی دروشمە گەورەکانی گۆڕان هەڵدرایەوە و روویان ئاشکرابوو، ئیستاش بەردەوام ڕاستیەکان بۆخەڵکی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باشتر ڕون دەبێتەوە، سەری زمان وبنی زمانی ڕیکخەری گشتی گۆڕان وهەمووئەوهەڵسوڕاوانەی توانای کردنی دوو قسەی ناتەواویشیان هەبوو باسی کاری دامەزراوەی وحوکـمڕانی ڕەشید وحیزبایەتی مۆدێرنیان دەکرد، حوکمڕانییەکەیان وشێوەی دەستنیشانکردنی وەزیر و نوێنەرەکانی گۆڕان لە حکومەتدا هیچی لەخراپییەکانی یەکێتی وپارتی لەڕابردودا باشتر نەبوو، بگرە بەهۆی ڕەخنەکانی چوارساڵی ڕابردوی ئۆپۆزسیۆنەوە لەپارتی ویەکێتی ئەوان زۆر باشترو سەرکەوتوتر لەگۆڕان نوێنەرەکانی خۆیان دیاری کر دو یاریان بەکارتە سیاسیەکانی دەستیان کرد، کەسە خۆسەپێنەرەکانی دەوروبەری ڕێکخەری گشتی گۆڕان چوارساڵ دەستکەوت وهەڵوێستیان لەبازاڕی لیخنی سیاسەتدا هەڕاج کرد و ڕەنج وماندوبونی هەزاران مرۆڤی لە خۆبردویان کردە قوربانی قاچی کۆمەڵێ لەتە کورسی بۆ کۆمەڵێک سیاسی کە هەندێکیان لە سیاسەتدا دەست و پێ سپی ڕابردون وئەوانی دیکەشیان کوڕە دەستەمۆکانی ماڵی کاکە گردنشینەکانن! کەبێگومانم ئەوانیش لەکۆتایی ئەم چوارساڵەدا دنیایەک لەکاری چەوت وشەرمهێنەر بۆگۆڕان ودەنگدەرەکانی کۆدەکەنەوە.

بەپێی دەستوری پەسەندکراوی کۆنگرەکەی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان، هەردوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن لەسەرتاسەری کوردستان لەهەموو ئەوشارو شارۆچکانەی ڕێکستنی گۆڕان بونیان هەیە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت بۆهەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردنی بازنەو ڕایەڵە و دەستەی بەڕێوەبردنی مەکۆکان ونوێنەری تەواوکاری جڤاتی نیشتیمانی لەوقەزایانەی کەئەندامی تەواوکاریان بەردەکەوێت، بەڵام لەسایەیی ئەو بەڕێزانەی بەبێ هیچ هەڵبژاردن و پرەنسیپ و بنەمایەکی کاری حیزبایەتی ماوەی پێنج ساڵ زیاترە دەستیان بەسەر بزوتنەوەی گۆڕاندا گرتوەو دەوری ئەم جەماعەتە هیچی کەمتر نیە لەدەوروبەرەکەی مام جەلال وسەردەمی باڵێ ریفۆرمی ناو یەکێتی، ئەم لێپرسراوە سەپێنراوانەی گردەکە کاریگەری تەواویان لەسەربڕیارەکانی نەوشیروان مستەفا داناوەو لەبەردەم ڕێکخەری گشتی گۆڕندا تەنها ئامادەی بەڵێ کردنن و لەخواری ئەویشەوە خەریکی دروست کردنی پێڕ وتەکەتولی خۆیانن و بەشی زۆرینەشیان خەریکی گرێدانی گرێی بەرژەوەندین لەگەڵ یەکترو ئەوانیتردا! لەهەموو کوردستاندا تاکە بازنەیەک، تاکە ڕایەڵەیەک، تاکەمەکۆیەک نیە لەلایەن ئەم پێڕەوە دەستی تێوەرنەدرابێت و کێشەیان بۆدروست نەکرابێت و دوبەرەکی نەخرابێتە نێوان هەڵسوڕاوەکانیەوە، ئەم پێرە سیاسیە کەبەشی زۆریان لەچەندین بواردا تاقیکراونەتەوەو شکستیان خواردوە ئێستا حاڵی ڕێکخستنی گۆڕانیان بەدەردێک بردوە جێگەی بەخیڵی بردنی نەیارەکانیشی نیە.

لەدواین هەڵبژاردندا کەرۆژی ١٩-١٢-٢٠١٤بەڕێوەچو تەنها ناوی هەڵبژاردن بوو، ئەگەرنا لەبنەڕەتدا دوور بوو لەهەموو بنەماکانی هەڵبژاردن وڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆسەرجەم دەنگدەرو هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان، سەرەتا پێش هەڵبژاردن بەئارەزوی ئەو دوو سێ کەسەی کەدەوری ڕێکخەری گشتیانداوە خۆیان ئاماریان بۆڕێکخستن نوێ کردەوەو بەئارەزوی خۆیان ناویان کەم وزیاد کردو لەزۆربەی شارەکانی کوردستان چەندین بازنەو ڕایەڵەی وەهمیان بەدروستکردندا بۆتێکدانی هاوسەنگی هەڵبژاردن لەسودی پێڕو تەکەتولەکانی خۆیان، لەهەرشوێنێکیش ڕێگەیان نەدرابێت بەئارەزوی خۆیان دەستە گوڵەکانی خۆیان بەناوی هەڵبژاردنەوە بسەپێنن، ئەوا هەڵبژاردنیان پەکخستوەو نەیان هێشتوە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
هەرێمی کوردستان لەچوار پارێزگا پێکهاتوە سەرەتا بەهۆی شکستی ئەم تاقمەوە لەئیدارەدان و بەڕێوەبردنی گۆڕان هەڵبژاردن لەبادینان دواخرا و هیچ هۆیەکی باوەرپێهێنەر نییە جگەلەشکستی ئەو چەند کەسە گردنشینە! لەکەرکوکی کوردستانیش کە لەوەتی گۆڕان هەیە لەکەرکوک شکستخواردوی دەستی ئەو کۆمەڵە سیاسیەیە کە نەهیچ لەسیاسەت وڕێکخستن دەزانن نەپەیوەندیشیان هەیە بەکاری حیزبایەتیەوە بەڵکو سەرلەقاندن بۆڕێکخەری گشتی گۆڕان کردونی بەسەربازی سەرتەختی شەترەنجەکە، لە سلێمانیش بەهۆی خەست بوونەوەی کێشەکانی ناو تەکەتولەکەی مەڵبەندی سلێمانی وجاران لەناوخۆیاندا، نەوشیروان مستەفا بڕیاری لادانی هەریەکە لەئاسۆ ڕەحیمی باژێڕەوان وبەختیاری ناهی داو ڕێگەی خۆکاندیدکردنیشی لێگرتن و کەسێکی نزیکی خۆی کردە باژێڕەوانی سلێمانی، هەندێک لەهەڵسوڕاوانی گۆڕان ئەم کارەی رێکخەری گشتی بەپاداشتێک دەزانن لەبەرامبەر ئەوگوێڕایەڵی و نزیکیەیی باژێڕەوانی تازە لەکوڕەکانی ڕێکخەری گشتی و ناونانی مناڵە تازەبوەکەی باژێڕەوانی نوێ بەناوی(نەوشیروان مستەفا ئەمین)وە، پاشان لەگەورەترین قەزای کوردستان کەلار کەقورسایی پارێزگایەکی هەیە هەڵبژاردنیان پێ ئەنجام نەدراو بەتەواوی شیرازەی ڕێکخستنی ئەوشارەیان هەڵوەشاند و یەکێک لەکاریگەرترین ناوچەکانی جێ نفوزی گۆڕانیان توشی شەلەل وئیفلیجی کرد! لەدەربەندیخان ئەو شارەی گۆڕان خاوەنی زیاتر لە١٣هەزاردەنگە بەهەمان دەردی کەلاریان بردو ڕێگەیان نەدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت وکێشەیان بۆمەکۆو هەڵسوڕاوەکانی ئەوشاری دەروازەی گۆڕانە خەست کردەوە بەجۆرێک، ئێستا نێوان هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان تەنها خوێنی ماوە تیایدا بڕژێت، لەقەزای شارەزوریش باژێڕەوانێکیان بۆجاری سێهەم سەپاندەوە کەزیاتر لە١٠ساڵە یەک ڕۆژ ماڵی لەوشارە نەبوەو هەرگیز لەخەمەکانی خەڵکی ئەوشارە نازانێت، سەرباری ئەوەی نەیانتوانی کێشەی بازنەی زەڕایەن چارەسەربکەن وپاش چەندین شەڕو دەستدانە یەخەی یەکتری بازنەوانی زەڕایەن وباژێڕەوانی هەڵەبجەی تازە، سەرئەنجام کێشەکەیان بەبنبەست گەیاندو ئێستا لەسایەیی فەیلسوفەکانی ڕێکخستنی گردەکەی گۆڕاندا ناحیەیی وارماوا(زەڕایەن) سەربەسلێمانیە!

لەسەیدسادقیش هەڵبژاردنیان پەکخست ونەیان هێشت بڕیاری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێ بکرێت وبەناڕەوا ویستیان بۆجاری سێیەم کەسێک کەخەڵکی پێنجوێنەو زیاتر لە١٥ساڵە ماڵی لەعەربەتە بیکەنەوە بەباژێڕەوانی ئەوقەزایە، ئەم هەوڵە ناڕەزایی گۆڕانخوازانی سەیدسادقی لێکەوتەوەو هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن دەکەن ئەگەر ئەم کارە نایاساییە بەسەر سەیدسادقدا بسەپینرێت، سەیدسادقیەکان ئەم هەوڵەی گردەکە بەسوکایەتی بەوهەزاران دەنگدەرەی گۆڕان دەزانن و لەڕێکخەری گشتی گۆڕان ئەپرسن ئایا شارێک ١٠٠هەزار کەس زیاتر ژمارەی دانیشتوانەکەی بێت بڵێی کەسێک تیانەبێت تاجێگەی کەسێکی ڕابردو خراپ بگرێتەوە کەنامەیەکی سەردەمی ڕابردوی ئەوبەڕێزە بڵاوکرایەوە کەداوای بردنی بەشە بەنزینی هاوڵاتیانی سەیدسادقی لەبەڕێوەبەری ناحیەیی سەیدسادقی ئەوکات کردبوو، هەرچەند گۆڕان لەسەرئەونامەیە ئەوباژێڕەوانەی بێبەری کرد لەمافی خۆپاڵاوتن بۆئەندامێتی پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئیستا وەک ئەوەی نەبای دیبێ ونەبۆران دەیانەوێت بۆدووساڵی داهاتوو بیسەپێننەوە بەسەر ئەوشارە ئازاو غەدر لێکراوەدا!

لەهەڵەبجەی تازە پارێزگاو پایتەختی ئاشتی هەرێمی کوردستان، ئەوشارەی شەرەفی یەکەم پارێزگار بەر بزوتنەوەی گۆڕان کەوتوە، تاقمی گردەکە وەک شارەکانی تری کوردستان هەوڵەکانیان خستوەتەگەڕ بۆسەپاندنی پێڕو تەکەتولەکانی خۆیان و دەیانەوێت لەوڕێگەیەوە دەست وپێوەندەکانی خۆیان لەناوئیدارەی ئەوتازە پارێزگایەدا جێگە بکەنەوەو لەم ڕوەوە بەڵێنی پۆستیان بەچەندین کەسی نزیک وئەحبابی خۆیانداوەو لەوپێناوەشدا هەڵبژاردنی مەکۆیان بەبێ هیچ هۆیەکی یاسایی وڕیکخراوەی دواخستوەو دەنگدەرەکانی گۆڕانیان لەوشارە بێهیوا کردوە، دەیانەوێت مەکۆی هەڵەبجە تەسلیمی داوا نایاساییەکانیان ببێت و بەدەرلەهەڵبژاردن ودەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان بەسەپاندن دەستەی بەڕیوەبردنی پاڕیزگا تازە شەهیدەکە دروست بکەن!
ئەم کورتە نووسینە مشتێکە لە خەرواری شکستی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵسەنگاندن بۆخوێنەر بەجێدەهێڵم کەئایا گۆڕان چۆن هەڵبژاردنێکی ئەنجامداوەو خاوەنی چۆن ڕێکخستنێکە، ئایا ئەوانەی گۆڕان بەڕێوەدەبەن لەئاست بەڕێوەبردنی ئەم بزوتنەوە گەورەیەدان کەپڕ بوو لەخەون وهیوای گەورە!
------------------------------------------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە