سەبارەت بە کلایەنتەلیزم
Saturday, 29/06/2013, 12:00
1947 بینراوە
بەڕێز کاک مەریوان وریا لە کۆمینتێکدا لە فەیسبووکەکەی خۆی بێزاریی و سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەردەبڕێت کە دەسەڵاتدارانی هەرێم سەدان پەرلەمانتار و وەزیر و خەڵکی تریان لە تەمەنێکی گەنجدا خانەنشین کردووە. ئەو لەو کۆمێنتەیدا پرسیارێکی گرنگ دەکات و دەپرسێت ئەمە چی جۆرە وڵاتێکە؟.
من پێموایە کردنی ئەو پرسیارە بەو جۆرە تەنها لەکاتێکدا کافییە ئەگەر مەبەست تەنها ناڕەزاییدەربڕین و بێزارییدەربڕینێک بێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێت لەوە زیاتر بکەین و دوای ناڕەزاییدەربڕین، کارێکیش لەگەڵ ئەو دۆخە خراپەدا بکەین و شتێکی لێ بگۆڕین، ئەوا دەبێت ئەو پرسیارە ووردبکەینەوە بۆ چەند پرسیارێکی کۆنکرێتتر.
من پێموایە پرسیاری گرنگ لەم سیاقەدا ئەوەیە بپرسین:
- ئایا ئەو هەموو بەخشاندنەوەی پارە و ئیمتیازاتە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەسەر ئەم و ئەودا چییە، وە دەسەڵاتداران بە چی مەبەستێکەوە دەیکەن؟
- ئایا هۆکاری چییە دەسەڵاتداران وا بێمنەتن لە ڕەخنەی خەڵک، وە چۆنە ئەو هەموو ڕەخنە و تووڕەییەی لەناو خەڵکدا هەیە کارکردێکی ئەوتۆی لەسەر دۆخەکە نییە؟
- ئایا هەر تەنها دەسەڵاتداران بەرپرس و خەتابارن لە کەوتنەوەی ئەو دۆخەدا، وە ئایا ڕەخنەکردن و چارەسەرکردنی ئەو دۆخە خوێندنەوەیەکی تۆزێک لەوە ئاڵۆزتر ناخوازێت کە هەر تەنها دەسەڵاتداران بدەینە بەر ڕەخنە و هەموو دیاردەکە بە ئاکاری خراپی ئەوان لێکبدەینەوە؟
من لێرەدا هەوڵدەدەم پرسیاری یەکەم و دووهەم بەیەکەوە وەڵام بدەمەوە و، وەڵامەکانیان زەمینەسازییەک دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری سێهەم.
٭ ٭ ٭
بەکورتیی، ئەوەی کە لە کوردستاندا دەگوزەرێت و دەسەڵاتداران توانیویانە دەسەڵاتدارێتیی نادادپەروەرانە و گەندەڵانەی خۆیانی پێ فەرز بکەن بەسەر خەڵکدا، گرتنەبەری ئەو ستراتیجییەتەیە کە لە زانستە سیاسییەکاندا بە کلایەنتەلیزم - Clientelism ناودەبرێت.
لێرەدا پێویست دەکات بە کەمێک ووردەکارییەوە پێناسەیەکی کلایەنتەلیزم بکەم بۆ ئەوەی پیشانی بدەم کە بۆچی من پێموایە ئەمە دروستترین تەشخیسە بۆ ئەو دۆخەی کە لە کوردستان هەیە، وە بۆچی پێموایە ئەم تەشخیسە وەڵامی هەموو ووردەکارییەکانی ناو ئەو دوو پرسیارەی سەرەوە دەداتەوە.
کلایەنت بە مانای موشتەریی دێت، بۆیە دەکرێت چەمکی کلایەنتەلیزم بە چاولەدەستیی وەربگێڕینە سەر کوردیی. کلایەنتەلیزم بە مانای پەیوەندیی نێوان دوو تەرەف دێت کە تەرەفێکیان لەسەرەوەیە و ئەو دەسەڵاتەی هەیە کە ئیمتیازات بدات و، تەرەفێکیشیان لە خوارەوەیە و ئامادەیە لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو ئیمتیازاتەدا لایەنگریی و ملکەچیی خۆی بە تەرەفی بەرامبەر ببەخشێت. بە مانایەکی تر، پەیوەندییەکە بۆ گۆڕینەوەی ''ئیمتیاز'' لەبەرامبەر ''لایەنگریی''دا.
ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە کە ''ئیمتیازەکە'' مەرج نییە تەنها ئیمتیازی ماددی بێت، وە ''لایەنگرییەکە'' مەرج نییە ڕاگەیاندنێکی ئاشکرای لایەنگریی بێت بۆ ئەو تەرەفە، بەڵکو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەنها دەمداخستن و سەرکزکردنی تەرەفی دووەم بۆ تەرەفی یەکەم کافییە.
ئەم ستراتیجییەتەیە وادەکات دەسەڵات بتوانێت بەبێ بەکارهێنانی چەک و کوشتوبڕی زۆر، ڕەخنە لەبەرامبەر خۆیدا دەمکول بکات. ئێمە دەبینین ئێستا دەسەڵاتداران لەپاڵ ئەوەوەی کە بودجەی وڵات و پارەی نەوت و هەموو ئەرزی وڵاتیان کردە وەسیلەی کڕینەوەی ڕەخنەی خەڵک، تەنانەت دامەزراندن لە فەرمانگە حکومییەکاندا و بەخشینەوەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراشیان کردۆتە ماددەی چاولەدەستکردنی ئەم و ئەو و وەسیلەی لەڕەخنەخستنیان.
جاریش هەیە دەسەڵاتداران بۆ دەمبەستن یان ڕووگیرکردنی ئەو توێژەی کە مومکینە ڕەخنە بگرن و بە ''ڕۆشنبیر'' ناو دەبرێن، دەکەونە دابەشکردنی ئەرز و ئۆتۆمبیل و مووچەی ڕۆژنامەنووسیی و پلە و وەزیفە لە دەزگا ڕۆشنبیرییەکاندا و خانەنشینکردن بە پلەی ئەفسەر و وەزیر و چاپکردنی کتێب بەبەلاش و تەنانەت بەخشینی ''ژمارەی سپاردن'' بە مەرجی ڕەخنەنەکردن. بەڵێ دەسەڵاتداران تەنانەت ژمارەی سپاردنی کتێبیش دەکەنە دەستمایەی خۆیان و سەرکزکردنی ڕەخنەگرانی پێدەکڕن. من دۆستی نووسەرم هەیە کە ماوەی چەندین مانگ ''گەمارۆی ڕەخنە''ی خستبووە سەر خۆی چونکە بەڵێنی چاپکردنی کتێبێکی پێدرابوو و دەترسا بە ڕەخنەیەک لەخۆی تێکبدات و کتێبەکەی بۆ چاپ نەکرێت.
کلایەنتەلیزم ئاوا کەلەپچە دەخاتە دەستی ڕەخنە. بەمانایەکی تر، کلایەنتەلیزم ڕاستەوخۆ کارکردی سەلبیی لەسەر ئازادیی دەربڕین و دیموکراتییەت دەبێت لە وڵاتدا و دەسەڵات لە ڕەخنە پارێزراو دەکات.
ئەمەیە وادەکات هەم ڕەخنە کەم بێت و هەمیش دەسەڵات باکی بە ڕەخنە نەبێت، چونکە هەزاران هەزار کارمەند و نووسەر و ئەکادیمیکەر و بازرگان و چەکدار و ئەندام حیزبی خانەنشینکراوی بە مووچە و بە ئیمتیازات ''ماڵیی'' کردووە. ئەمەیە وادەکات سوودمەندبوون ببێتە ناوی ئەو کاڵایەی کە دەسەڵاتداران هەیانە و هەزاران هەزار کەس، لە وەزیرەوە تا هونەرمەند و چەکدار و کاسب و پیر و گەنج لە هەوڵی بەدەستهێنانیدا بن. ئێمە بینیمان لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی بەهاری ٢٠١١-دا سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لایەنگریی لە کوشتنی ئەو خەڵکە کرد، کەچی لەو سەدان ڕۆژنامەنووسەی بۆ مووچە و ئیمتیازات لەوێ خۆیان ناونووس کردووە، تەنها یەک کەسیان ئامادەبوو ڕەخنەی ئاشکرای خۆی بگەیەنێتە ئەوەی کە واز لە ئەندامەتیی سەندیکا بێنێت.
٭ ٭ ٭
گرنگە بووترێت کە ئەم پەیوەندیی ''چاولەدەستییە'' هەر تەنها لەنێوان دەسەڵات و خەڵکدا ناگوزەرێت، بەڵکو لەناو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و تەنانەت لەناو ناوەندی کار و ناوەندە ئەکادیمیی و ڕۆشنبیرییەکانیشدا دیاردەیەکی باوە و ڕۆڵی گەورەی هەیە لە خستنەوەی ئەو دۆخەدا کە هەموومان لێی ناڕازین.
بۆ نموونە ئەمڕۆژانە، دوای ئەوەی نەوشیروان موستەفا هەندێک فاکتی مێژوویی وەک سکانداڵی یەکێتیی و پارتیی کەشف کرد، مامۆستایەکی زانکۆ بۆ خۆشیرینکردن لای ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان و لەپێناو بوون بە کاندید لە هەڵبژاردنەکاندا، هاتبوو ئەو ڕەخنەیەی ئەوی لە پدک و ینک وەک نموونەیەکی عەقڵی ڕەخنەیی باس لێدەکرد و دەیووت ئەم کارەی کاک نەوشیروان ئەو عەقڵە ڕەخنەییەیە کە لە زانکۆکانی ڕۆژئاوادا خوێندوومە و دەخوێنرێت. دیارە لێکدانەوەیەکی وا هەر تەنها خۆزەلیلکردنی تەنانەت مامۆستایانی زانکۆشە لەبەردەستی خاوەنکاردا، ئەگینا ئاشکرایە کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەو ڕەخنەیەی ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان و چەمکی عەقڵی ڕەخنەییدا نییە و، مامۆستایەکیش کە بە حیساب مامۆستای بەشی فەلسەفەیە دەبێت ئەمە باش بزانێت. ئەمە هەمان ئەو ئێتیک و هەمان ئیغرابوون و بەکلایەنتبوونەیە کە ساڵانی هەشتاکان وایکرد دەیان دکتۆر ئامادە بن لە ئێتیکی پیشەیی و لە هەیبەتی ئەکادیمیی خۆیان ببوورن و، بۆ خۆشیرینکردن، لەخەستەخانەکاندا گوێی سەربازی هەڵهاتوو بۆ سەددام ببڕن. ئەم ڕیاییکردنەیە لەدرێژەدا سەرکوتکردنی ئێمە و بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکانی ئێمەی لێدەکەوێتەوە، تەنها لەپێناو ئەوەدا کە ئەو مامۆستایە خۆی لای سەرپەرشتیاری حیزبێک شیرین بکات کە نزیکی بیستوپێنج کورسییەکی پەرلەمانی هەیە و بەتەمایە بە مەرجی لایەنگریی و بێڕەخنەیی، پایزی داهاتوو بیدات بە ڕیاکارترین ئەندامانی ناو بزوتنەوەکەی خۆی. ئەم بەندوبەستە لەسەر حیسابی ئازادیی دەربڕینی من و تۆ دەکرێت، بۆیە گرنگە لەو مامۆستایانە نەبوورین و ئاوا ئیحراجیان بکەین.
لەناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی کوردییدا کەسێک دەتوانێت دیاردەی بەکلایەنتبوون لەوەدا ببینێت کە چۆن بۆ نموونە ڕۆژنامە و میدیا ئەهلییەکان و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و تەنانەت سایتە ئەلکترۆنییە ئەهلییەکانیش لەبەرامبەر ئەو ئیمتیازەدا کە دەیدەنە ڕۆشنبیرێک دەقێکی بۆ بڵاو بکەنەوە، چاوەڕوانیی ئەوەیان لێێ هەیە ئیتر ڕەخنەی خۆی بەرامبەریان بشارێتەوە. ئەمڕۆژانە ڕۆژنامەنووسێکم بینی ڕەخنەی جیددی لە بەڕیز کاک کەمالی میراودەلی ئەوەبوو کە دەیووت ئەوان لە ڕۆژنامەکەیاندا چەندین وتاریان لەسەریەک بۆ بڵاوکردەوە کەچی دوای ئەوە کاک کەمال چووبوو لە پاڵتۆڵک ڕێگەی بە خۆی دابوو ڕەخنەی میدیای ئەهلیی بکات. ئەم نموونەیە پیشانی دەدات کە چۆن تەنانەت ڕۆژنامەکانیش، (کە بڕیارە ئەرکیان زانیارییگەیاندن و دروستکردنی دێبات لەنێوان ڕا جیاوازەکاندا و داکۆکیی لە ئازادیی دەربڕین بێت)، چۆن بڵاوبوونەوەی دەقیان لەسەر لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکانیان کردۆتە ئیمتیازێک و دەیدەن بەوانەی کە ئامادەن ببن بە کلایەنت و ڕەخنە و تێبینیی خۆیان لەسەر کاری ڕۆژنامەوانیی ئەوان بشارنەوە.
٭ ٭ ٭
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە جۆرێک لە کلایەنتەلیزم هەیە کە هەردوو تەرەفی پەیوەندییەکە لەهەمانکاتدا هەم ''کلایەنت''ن و هەم ''پاترۆن''یش. بۆ نموونە، ڕۆژنامەیەک و چەند نووسەرێک دەچنە پەیماننامەیەکی ناڕەسمیی واوە کە ڕۆژنامەکە بە ئیهتیمامپێدانێکی زۆرەوە وتاریان بۆ بڵاوبکاتەوە و تەنانەت نەک ڕەخنە لە ڕاوبۆچوونەکانیان بڵاو نەکاتەوە، بەڵکو تەنانەت کۆمێنتی خوێنەرانیش لەژێر دەقەکانی ئەواندا ڕێگە پێنەدات نەبا ڕۆژێک دەرکەوێت لێکدانەوەیەکیان نادروستە. لەبەرامبەر ئەمەدا نووسەران هەم ڕەخنەی خۆیان لە ڕۆژنامەکە بۆ خۆیان هەڵدەگرن و هەمیش چەند بتوانن داکۆکیی لێدەکەن.
ئێمە بینیمان لە مانگی ڕابردوودا لەبەرامبەر ڕەخنەیەکدا کە نووسەرێک لە یەکێک لە ڕۆژنامە ئەهلییەکانی کرد و پێیوابوو کە ئەو ڕۆژنامەیە بۆ ئەوەی ئاسیاسێڵ ڕیکلامی لێنەبڕێت، ئامادە نییە ڕیپۆرتاژ و هەواڵ لەسەر ئەوە بڵاوبکاتەوە کە ئاسیاسێڵ چۆن گیرفانی خەڵکی کوردستانی تەکاندۆتەوە، یەکێک لە نووسەرە هاوپەیمانەکانی ئەو ڕۆژنامەیەی لێ هەڵکەوت و ئارگیومێنتی ئەوەی دەکرد کە گوایە پێویست ناکات ڕۆژنامە ڕەخنەی شتی وابکات چونکە داگرتنی نرخی قسەکردن بە تەلەفۆن گۆڕانکاریی ڕیشەیی و قوڵی ئابوریی دەوێت کە پەیوەندە بە ئابوریی نێودەوڵەتییەوە. لەبەرامبەر ئەم قسە بەتاڵەی ئەو نووسەرەدا و لەبەرامبەر ئەم وەلائەدا، ئەو ڕۆژنامەیە ئامادەیە ئەو نووسەرە هەرچییەک تەنانەت لە فەیسبووکیش بنووسێت، بۆی بکات بە ڕیکڵامەهەواڵ.
ڕێکڵامەهەواڵ دروستکردنی هەواڵە بەدەوری ڕای کەسێکدا. ڕۆژنامەنووسی ئەهلیی دەزانێت کە کردنی ڕای کەسێک بە هەواڵ بەبێئەوەی ڕای جیاوازی کەسی تری ڕووبەڕوو بکرێتەوە ئەخلاقێکی ڕۆژنامەوانیی نزمە، بەڵام زۆرجار لەپێناو پاڵپشتیی بۆ سیاسەتێکی دیارییکراو یان شۆرەتپەیداکردنی ڕەفیقێک یان هاوپەیمانێک دەیکەن. دیارە دروستکردنی هەواڵ بۆ ڕای دۆست و برادەر ئەخلاقێکە کە لە هەموو میساقێکی شەرەفی ڕۆژنامەنووسییدا جەخت لەسەر ناپەسەندیی کراوەتەوە، بەڵام ڕۆژنامە کوردییەکان دەیکەن چونکە تێپەڕاندنی نووسەرێکی هاوپەیمان وەک نووسەرێکی گرنگ بەسەر خوێنەری سادەدا، ئەو قازانجە بە ڕۆژنامەکە دەگەیەنێت خوێنەری بۆ زیاد بکات. بەمانایەکی تر، ڕۆژنامە و نووسەرەکەی دەچنە ڕێککەوتنێکی ستراتیجییەوە کە تیادا هەرکامیان شۆرەت پەیدا بکات، دەبێتە شۆرەت و قازانج بۆ ئەویتریان.
٭ ٭ ٭
مایەوە بڵێم کە ئەو کەسانە ئەم بەندوبەستانەیان لەسەر حیسابی خنکاندنی دێباتی ناو فەزای گشتیی و پشتگوێخستنی ڕای ئەو نووسەرە جیددیانە دەکەن کە ڕێگە نادەن کلایەنتەلیزم دەستیان ببەستێتەوە و ئامادە نین ڕەخنەی خۆیان لە هیچ تەرەفێک بشارنەوە.
بەم مانایەیە کە من پێموایە بۆ وەڵامی پرسیاری سێیەم دەبێت ئەو ڕاستییە پێ لێ بنێین کە دروست نییە هەر تەنها دەسەڵاتداران بە بەرپرس و خەتابار لە کەوتنەوەی ئەو دۆخەدا بزانین، وە ڕەخنەکردن و چارەسەرکردنی ئەو دۆخە خوێندنەوەیەکی تۆزێک لەوە ئاڵۆزتر دەخوازێت کە هەر تەنها دەسەڵاتداران بدەینە بەر ڕەخنە و هەموو دیاردەکە بە ئاکاری خراپی ئەوان لێک بدەینەوە.
٭ ٭ ٭
لەکۆتاییدا دەمەوێت دوو خاڵ سەبارەت بەو کلایەنتەلیزمە بڵێم کە کاک مەریوان وریا ڕەخنەی لێی هەیە و وەک ناڕەزاییەک دەپرسێت ئەمە چی جۆرە وڵاتێکە؟:
یەکەم: من پێموایە کاک مەریوان دەبێت لە دوایین کەسەکان بێت کە ڕووی بێت ناڕەزایی لەو دۆخە دەربڕێت و بێزاریی لەوە دەربڕێت کە بۆچی دەسەڵاتداران توانیویانە هەموو وڵات بە کلایەنتەلیزم کەلەپچە بکەن، چونکە ڕۆژانێک کە من هۆشداریی ئەوەم دا کە ئەرزوەگرتنی ئەو و چەند بەڕێزێکی تر و پێداگرییان لەسەر ئەوەی کە ئەوە مافی هەموو نووسەر و ڕۆشنبیرێکە، دەبێتە هۆی جێخستنی کلایەنتەلیزم و ناکارابوونی فەزای ڕەخنە لەناوەندی ڕۆشنبیریی و ئەکادیمیی و سیاسییدا، لەو کاتەدا ئەو تەبلیغی بۆ بەهایەکی وا دەکرد کە گوایە ڕابردووی خەبات و چالاکیی نووسین دەبێت بە پێدانی پارچەئەرز ڕێزی لێبنرێت. هەر بەدوای ئەو داکۆکییەدا سەدان نووسەر و ڕۆژنامەنووس بۆ وەرگرتنی پارچەئەرزێک ئامادە بوون بچنە ژێرباری ئەو چاوەڕوانییانەوە کە ئەو بەرپرسانە هەیانبوو لێیان کە مەعامەلەکانیان بۆ ڕێکدەخستن. ئەمە هۆکاری گرنگی ئەوە بوو کە ڕۆژنامە ئەهلییەکان و ناوەندی ڕۆشنبیریی لە پڕێکدا لە ''ڕەخنەی ڕاستەقینە'' کەوتن و تەنها کەوتنە یارییکردن و قسەکردن لەسەر ئەو خیلافاتانەی نێوان بەرپرسەکان کە بەرپرسەکان خۆیان ڕێگەیان دەدان یان پێیان باش بوو بڵاو بێتەوە و قسەی لەسەر بکرێت.
ئەوەی کە ئێستا ئاوا دەسەڵاتداران بەناوی ڕابردووی خەباتەوە قۆرخی هەموو وڵاتیان کردووە و بەدابەشکردنی ئیمتیازات، سەدان ڕۆشنبیری ڕەخنەگریان لە ڕەخنە خستووە، بەشێکی خەتای ئەو داکۆکییەی کاک مەریوان و بەڕێزان کاک بەختیار و کاک ئاراسی تیایە کە بە ڕۆشنبیرانیان دەووت دابەشکردنی ئەرز بەسەر نووسەراندا کارێکی باشی دەسەڵاتە و هەموو کەسێکی بەویژدان دەبێت پێی باش بێت. ئەوان دەیانووت ئەرزوەرگرتنی نووسەران مافێکی سروشتیی و بنەڕەتییە، بێئەوەی بڵێن یان بزانن ئایا بە چی مانایەک ئەوە مافە، وە بۆچی ئەرزوەرگرتن مافێکی سروشتیی و بنەڕەتییە. ئەم لێکدانەوە ڕوکەشانەیە بوو دوو ڕۆژنامەی ئەهلیی بۆ چەندین ڕۆژ وەک ڕیکلام لە سایتەکانیاندا هێشتیانەوە و لەبەرامبەردا ئامادە نەبوون یەک دێڕ لەسەر ئەوە بڵاوبکەنەوە کە ڕای ناکۆک بەو ڕایەش هەیە.
دووەم: وەک دەبینین گۆڕینی ئەو دۆخە ناپەسەندەی کە لە کوردستاندا هەیە هەر تەنها بە بێزارییدەربڕین و سەرکۆنەی دەسەڵات نابێت، بەڵکو خستنەوە و تۆکمەکردنی دیموکراتییەت و مافەکانی مرۆڤ و بنبڕکردنی گەندەڵیی، وەڵامدانەوە بە پرسیاری ئاڵۆزتر لەوە دەخوازێت هەر تەنها بپرسین ئەمە چی جۆرە وڵاتێکە؟. جار هەیە ئەمە وادەخوازێت جگە لە دەسەڵات، ڕەخنەی ئەوانەش بکەیت کە (بەبێئەوەی خۆیان بزانن) ڕۆڵێک دەبینن لە خستنەوە و جێگیرکردنی ئەو دۆخە ناپەسەندەدا. لێرەوەیە پێم باش بوو ئەم چەند دێڕە بنووسم.