کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نێچیرڤان بارزانی و ئازادى

Wednesday, 30/05/2012, 12:00




لەڕاستیدا بە هەموو سەرنج و تێبینیەكەوە لەسەر بارودۆخى كوردستان و نادادىو گەندەڵىو ناڕوونى، بەردەوام هیواخوازى ئەوەم حكومەتى كوردستان سەركەوتوو بێتو ئاڵاى كوردستان هەمیشە بە ئاسمانەوە بێت. لەناخەوە خوازیارم ئەم خودخاوەنیە نوخشە بێت لە پارچەكانى دیكەى كوردستانیش.
بەدەر لە ژماردنى كابینەكانیش حەزدەكەم نێچیرڤان بارزانى لە كارەكەیدا سەركەوتو بێت، لەگەڵ ئەوەش دەزانم لەمپەرو رێگرى زۆرى نەك لە ئۆپۆزسیۆنەوە بگرە لە پارتىو هاوپەیمانەكانیەوە دێتە رێگە. نمونەى دیارى ئەو كێشانە رووداوەكانى ئەم دوایەى هەولێر بوو، كە هەزارو یەك خوێندنەوە هەڵدەگرن.
ئەوەى بەلاى منەوە جێگاى سەرسوڕمان بوو، تێبینى نێچیرڤان بارزانى بوو لەسەر بەرفرەیى ئازادى! بەجۆرێك قسەى كرد كە پێویستە سنورێك دابنرێ بەتایبەتى بۆ ئازادى راگەیاندن، كە بەبڕواى من ئەوەیان پەیوەندى بە شەرەفى كارى رۆژنامەنووسى یان پەیماننامەى شەرەفى رۆژنامەنووسیەوە هەیە، نەك سنوردار كردن و یاسا دەركردن.
مەلاو زانا ئاینیەكان بەشێكى زۆریان لەسەر مینبەرەكانەوە هەرچى نەشیا بە ئازادیان كرد، كار گەیشتە ئەوەى ئەوەیان لەبیربچێت كە پێویستە زاناى ئاینى بەهیچ شێوەیەك جنێوو تانەو تەشەر نەبەخشێتەوە. دەبێت مەولەوى وتەنى "جگەلە عیلم، خاوەنى حیلمى زۆریش بن".
مەلاكان بەوتارێك كە بیروڕاى كەسێكەو دەكرێ وەك كەفوكوڵى گەنجانەو هەڵچونێكى دەروونى سەیرى بكرێت، بیانوویەكى گەورەیان دەسكەوت بۆ ئەوەى خەڵك بە"جاهیلو نەخوێنەوارو بێ رەوشتو كافرو یاخى...تاد" ناوبەرن. مەلاكان بەو زمانە زبرەوە، سەركەوتو نەبوون لەنیشاندنى وێنەیەكى دیكەى زانایانى ئاینى. ئەوان بیرچوو كە لەم كوردستانەدا زانایانى ئاینى وەك "مەلا محەمەدى كۆیە، عەلائەدینى سەجادى، شێخ محەمەدى خاڵ و مامۆستا عەبدولكەریمى مودەریس، رابەرو رێنیشاندەر بوونە.
مەلاكان بیریان چوو كە مامۆستا سەجادى رشتەى مروارى بۆ نوسیووین، مامۆستا مەلا عەبدولكەریمى مودەریس دیوانى شاعیرەكانى بۆ ساغ كردوینەتەوە، مەلاى گەورە بەر لەهەر كەس كچى خۆى ناوەتە بەر خوێندن. قوڕ بەسەر شێخ رەزاى تاڵەبانى مەزنە شاعیرى كورد، ئەگەر لەسەردەمى ئەم مەلایانەدا ژیابا. هەش بەسەر مامۆستا قانعى شاعیرو كوردپەروەرو خوادۆستو گەورە پیاوى ئاینى كورد، ئەگەر لەئێستادا ژیاباو بیگوتبا

ئەگەر مەڕنەموك بێتە سەرینم
بەزوانى كوردى نەدا تەڵقینم
ئەنەوم لەدار زۆر بەئاسانى
لیسێ لەپشتى دوان لەناو شانى
ئەڵێم مەڕنەموك خودام خودایە
پێغەمبەر گەورەى هەردوو دنیایە

* مامۆستا قانع مەبەستى لە "مەڕنەموك" دەستەواژەى "مەن رەبوكە"یە.

لە رۆژگارێكدا كە دڵدارى شاعیرى جوانەمەرگو خاوەنى سرودى نەتەوەیى ئەى رەقیب، وتى
گەر خودایەكى دى هەبایە لەدنیادا بەر قەرار
من دەچوم دەمگوت خوداى من سودى ئینسانى نییە

ئەودەم هیچ مەلایەك، هیچ زانایەكى ئاینى پەلامارى دڵدارى نەداو تەكفیریان نەكرد. كاتێ بێكەسى شاعیر وتى
خودا بۆچى لەدنیادا بەشى من شینو رۆ رۆ بێت
عەدەم لەم ژینە خۆشتربوو عەریزەم خۆ نەدابوو پێت

مەلاكان نەیانوت بێكەس یاخى بووە.

لەتیف هەڵمەتى شاعیرى شۆڕشو نیشتیمان كاتى خۆى وتویەتى
بووم بە تەمو چوومە ئاسمان
بەرۆكى خوام راتەكان
قۆپچەى نەبوو هەڵبوەرێ
دەمى نەبوو بێتە زمان
گەڕامەوەو
لقى دار بەڕوویەكى پیرم كردە
تیرو كەوان
سەرانسەرى گێتیم هەژان

ئەدى خەیام لەسەردەمى خۆیدا چى نەوتوە، مێژوو پڕە لە نمونەى جۆراوجۆرو جیاواز. ئەو هەرایە لەسەر وتارێك كە فڕى بە ئەدەب و نووسینەوە نییەو بگرە لەڕووى رێزمانیشەوە هەڵەى تیایە، سازاندنى دۆخێكە كە مرۆڤ لەبیرخستنەوە دەخاتو پێچەوانەى داواى خودایە لە بەندەكانى، تا ئازادانە بیربكەنەوە.
ئەوەى نێچیرڤان بارزانى كردى گەمەیەكى خراپە دەرهەق بە خەیاڵى مرۆڤەكان. برادەر لێگەڕێ با مرۆڤ دەسبەردارى خەیاڵەكەى نەبێت، بالەوێوە دەرگاكانى دنیابینى بكاتەوە. مرۆڤ ئازاد بكەو تواناكانى تاقى بكەرەوە، خودا لەو ئاسمانە بەرزەوە بەوتارێك عەرشەكەى نایەتە خوارەوە. كاتى خۆشى لەبەرنامەیەكى كەناڵى "پەیام"دا هەمان بۆچونم لەبەردەم بەڕێزان مامۆستا عەلى قەرەداغىو زانایانى ئاینى دیكەدا دەربڕیوە.
مرۆڤ پیرۆزترین دروستكراوى خوداوەندە، لێیگەڕێن باخۆى پەیوەندییەكەى لەگەڵ خواى خۆیدا گرێیداتو چۆنى دەوێت با بەو شێوەیە گفتوگۆى لەگەڵدا بكات. چما خودا مرۆڤى بەجوانترین شێوە دروستنەكردووە؟ سنور بەندكردنى ئازادى مرۆڤ، یاساى گەرەك نییە.
مامۆستاى ئاینى ئەگەر بەوتارێك دنیاى لێبێتەوە یەك، ناتوانێ لەڕووى ئاینیەوە رابەرایەتى نەوەیەكى تەندروست بكات. ملدانى سەرۆكى حكومەتیش بۆ ئەو شپرزەبوونە، كوشتنى جیاوازییەكانو یەك رەنگ كردنە. پێم سەیرە مامۆستایانى ئاینى كۆڵێ شاگەشكەبن بەوەى: هونەرمەندێ، نوسەرێ، بیریارێك دواى دەیان ساڵ بێ ئاینىو بێ باوەڕى كە بێتە سەر ئاینەكەیان، شانو باڵى بۆ دروستدەكەن. كەچى نوسەرێكى نێو ئاینەكە، ئەگەر شتێكى سادەو ساكارى نێو دڵى خۆى بنووسێت دنیاى لێ پڕدەكەن.
بەلامەوە سەیرە سەرۆكى حكومەت لەبرى راوێژكارە ئاینیەكەى ئەوەى كرد، كە نەدەبوو بیكات. پارلەمانیش لەڕێگەى لیژنەى ئەوقاف و كاروبارى ئاینیەوە، خێرا پڕۆژە یاساى بەها پیرۆزەكانیان نوسیەوە، كە هەموو ئەمانەش كاردانەوەى دۆخێكى راگوزەرن، پێویستە بەو شێوەیە پەلەیان لێ نەكرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە