کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عەبدوڵا مەلا نورى : پێم شەرمە دەبیستم سەرۆكى حكومەت خەرجكردنى پارەى نەوتى گەرمیان بكاتە منەت بەسەر خەڵكەكەیەوە

Monday, 24/12/2012, 12:00






رایەڵ : گەرمیان عەزیز

لەمیانەى چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤارى رایەڵ، عەبدوڵا مەلا نورى ئەندامى پەرلەمانى كوردستان، باسلەوەدەكات ئەو بودجەیەى ساڵانە بۆ گەرمیان خەرج دەكرێت زۆر كەمترە لەژمارەى دانیشتوان و ئەمەش بەزوڵم ناودەبات لەخەڵكى دەڤەرەكە.
عەبدوڵا مەلا نورى، رەخنە لەسەرۆكى حكومەتیش دەگرێت بەوەى ناكرێت خەرجكردنى پارەى شیرینى نەوت بكاتە منەت بەسەر خەڵكى گەرمیانەوە، چونكە ئەوە پارەى خەڵك خۆیەتى نەك حكومەت.
پارەى شیرینى نەوت لەوە زیاترە كەبۆگەرمیان خەرج دەكرێت
عەبدوڵا مەلا نورى ئەندامى پەرلەمانى كوردستان، ئاماژەبەوەدەكات نابێت سەرۆكى حكومەت خەرجكردنى پارەى شیرینى نەوت بۆ گەرمیان بكاتە دەستكەوت و منەت و بەخەڵكى بفرۆشێتەوە، چونكە ئەو پارەیە پارەى نەوتى گەرمیانە نەك سەرۆكى حكومەت.
ئەو لێدوانەى عەبدوڵا مەلا نورى لەكاتێكدایە ماوەیەك لەمەوبەر نێچیرەڤان بارزانى سەرۆكى حكومەت سەردانى گەرمیانى كرد، لەو سەردانەدا بڕیاری ئەنجامدانى ژمارەیەك پرۆژە لەپارەى شیرینى نەوتدا.
عەبدوڵا مەلا نورى دەڵێت"پێم شەرمە دەبیستم سەرۆكى حكومەت خەرجكردنى پارەى نەوتى گەرمیان بكاتە منەت بەسەر خەڵكەكەیەوە و بڵێت پارەمان بۆ هێناون و لەپرۆژەى خزمەتگوزاریدا بۆتان خەرج دەكەین، لەكاتێكدا شیرینى نەوتى گەرمیان لەو پارەیە زیاترە كە بۆى خەرج دەكرێت".
ناوبراو كەئەندامى لیژنەى سامانە سروشتیەكانە، جەختیشیكردەوە"خەرجكردنى پارەى شیرینى نەوت بۆ گەرمیان پێویست بەهاتنى سەرۆكى حكومەت ناكات، چونكە ئەو پارەیە پارەى خەڵكى گەرمیانە و ناكرێت بكرێتە منەت بەسەر خەڵكەكەیەوە".
هەروەها وتیشى"ئەمە نەوتێكە خواى گەورە داویەتى بەخەڵكى ناوچەكە و دەبێت داهاتەكەشى بۆ خەڵك بێت".
لەداهاتى نەوت خەڵكى گەرمیان زەرەرمەندن

ئەندامەكەى لیژنەى سامانە سروشتیەكانى گەرمیان، جەخت لەسەرئەوەدەكاتەوە لەو نەوتەى كۆمپانیا نەوتیەكان لەگەرمیان دەریدەهێنن خەڵكى گەرمیان زەرەرمەند دەبن.
دەربارەى چۆنیەتى زەرەرمەندبوونى خەڵك، مەلا نورى وتى"لەرووى پیسبوونى ژینگە و تێكچوونى كەش و هەوا خەڵك زەرەرمەند دەبێت،چونكە پیسبوونى ژینگە كاریگەرى لەسەر تەندروستى خەڵك دەبێت".
پەرلەمان ئاگاى لەداهاتى نەوتى گەرمیان نییە
عەبدوڵا مەلا نورى، باسلەوەدەكات تائێستا وەكو داتاو ئامار لایان نییە كە رۆژانە بڕِى ئەو نەوتە چەندە كە لەچاڵە نەوتیەكانى گەرمیان بەرهەم دەهێنرێت، چونكە پرۆسەى نەوت لە كوردستان پرۆسەیەكى ناشەفاف و ناڕوونە.
ناوبراو وتى"ئەم ناشەفافیە وایكردووە نەزانرێت داهاتى نەوت بۆ كوێ دەڕوات، كەپێموایە خەڵك سودمەندى دەیەمیش نییە لەپرۆسەى نەوتیدا".
لەبەشێكى ترى چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ گۆڤارى رایەڵ، عەبدوڵا مەلا نورى روونیكردەوە نزیكەى حەڤدە هەزار خێزان لەگەرمیاندا و لەچوارچێوەى مادەى سەدوچلدا فۆرمەكانیان گواستووەتەوە بۆ خانەقین و كەركوك.
ئەندامەكەى پەرلەمانى كوردستان، وتى"ئەو خێزانانەى فۆرمیان گواستووەتەوە توشى گرفتى پێنەدانى سوتەمەنى و گرفتى تر بوون كەتائێستا گرفتەكانیان بۆچارەسەر نەكراوە".
هەروەها وتیشى"ئەو خێزانانەى فۆرمى مادەى سەدووچلیان گواستووەتەوە لەجێگەى خۆیان ماونەتەوە".
ناوبراو وتیشى"وەكو پەرلەمانتارێك چەند ساڵێكە كارلەسەرئەوەدەكەم ئەو خێزانانەى مادەى سەدووچلیان وەرگرتووە و بەو هۆیەوە بەشە نەوتیان وەرنەگرتووە نە لەسەر هەرێم و نەلەسەر ناوەند ئەو مافەیان پێبدرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوامكردووە بەشە خۆراكى مانگانەیان لەرێگەى بریكارەكانى شوێنى نیشتەجێبوونیانەوە پێبدرێت، بەڵام نە حكومەت و نە پەرلەمان هیچیان نەكرد".
قوربانیدان لەپێناو ناوچە دابڕاوەكان
ئەندامەكەى پەرلەمانى كوردستان، پێیوایە لەپێناو جێبەجێكردنى مادەى سەدووچل و گەڕاندنەوەى ناوچە دابڕاوەكان چەند قوربانى بدرێت هێشتا كەمە، چونكە مادەى سەدووچل مەسەلەیەكى نیشتیمانییە.
عەبدوڵا مەلا نورى باسلەوەشدەكات خەڵكى گەرمیان زەرەرمەندى یەكەمى مادەى سەدووچلن، چونكە بەشە بودجەى ساڵانە لەسەر بنەماى فۆرمى خۆراك دەدرێتە ناوچەكان، كەچى بەشێكى زۆر لەدانیشتوانى گەرمیان فۆرمەكانیان بۆكەركوك و خانەقین گواستووەتەوە.
ناوبراو وتى"ئەو خەڵكانە نیشتەجێى گەرمیانن ، بەڵام بەژمارە حیساب ناكرێن لەسەر گەرمیان تا بودجەى زیاتر بۆ ناوچەكە خەرج بكرێت".ئەو پەرلەمانتارە درێژەى بەقسەكانیداو، باسیلەوەشكرد ئەو پشكە بودجەیەى بۆ كەلار و كفرى خەرج دەكرێت كەمترە لەژمارەى دانیشتوان، بۆیە دەبێت حكومەت ئەوە لەبەرچاو بگرێت نابێت بۆ گەرمیان كۆبوونى خۆراك بكرێتە پێوەر چونكە ژمارەى دانیشتوانەكەى زۆر زیاترە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە