چەند سەرەقەلەَمێك لە پەراوێزی داڕووخانی دۆخی رۆشنبیریی كەركوك!!
Friday, 28/06/2013, 12:00
1697 بینراوە
رابەر رەشید- پردێ
(تكایە هەر كەسێك بیەوێت بە چاوێكی حزبییانە ئەم چەند سەرەقەڵەمە بخوێنێتەوە، با دایخاتەوەو بەلایدا نەچێت، چونكە چاوی حزبییانەی ئەمڕۆمان تەڵخ دەوروبەری خۆی دەبینێت).
مالینۆڤسكی لەم چوارچێوەیەدا پێناسەی رۆشنبیری دەكات و دەڵێت: (رۆشنبیری، ئەو دەزگا كاریگەرو ئەرێنییەیە كە مرۆڤ لە دۆخێكەوە بەرەو دۆخێكی باش و باڵاتر دەگوازێتەوە، دۆخێك كە هاوشانی ئەو كێشەو داخوازی و پێشنیارە تایبەتییانە بێت كە لە كۆمەڵگادا رووبەڕووی دابینكردنی پێداویستییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ دەبنەوە...تاد).
بەپێی ئەم پێناسەیەی "مالینۆڤسكی" بێت، كەواتە رەوشی رۆشنبیری ئێمەی كەركوكی وەكو تاكو وەكو گشتیش- لە كوێی دابینكردنی پێداویستییە بنەڕەتییەكانی تاكی كەركوكیدایە؟
ئەوەی من لێرەدا دەمەوێ تیشكی بخەمەسەرو ئاماژەی پێبكەم، كەسێك، دەزگایەك، ناوەندێك، كۆمەڵەو سەندیكاو رێكخراوێكی رۆشنبیری و هونەری و ئەدەبی و رۆژنامەنووسیی تایبەت و دیاریكراو ناگرێتەوە، بەڵكو كۆی ئەوانەو ئەوانەیتریش دەگرێتەوە كە لەژێر ئەو چەترانەوە دەیانەوێ هەبن و درێژەش بە بوون و مانەوەی خۆیان بدەن.
كاتێك باس لە دۆخی رۆشنبیری كەركوك دەكرێت، دیارە مەبەست لەو رەوش و دۆخەیە كە مرۆڤە رۆشنبیرەكانی گەیاندۆتە چ ئاستێك و چۆن دەتوانن رووبەڕووی سیاسەت و هەنگاوە چەوت و نا لۆژیكییەكانی بازرگانانی سیاسەت ببنەوەو سەنگەری درێژەدان بەو بەرخودانە چۆڵ نەكەن. بۆیە من وەكو كۆلكە خوێندەوارێك دۆخەكە وا دەبینم كە هەلومەرجو هۆكارگەلێكی بابەتی و خودی زۆر هەن بۆ قەتیسمانی رەوشەكە لە دۆخێكدا كە ئیتر پێویست بەوە دەكات، هەموومان راشكاوانە قسەی لەسەر بكەین و ئازادانەش دەنگ هەڵبڕین و خاتری كەسیش نەگرین، چونكە خاترگرتن لە مامەڵەكردن لەگەڵ رەوشی رۆشنبیریدا دەچێتە خانەی گەندەڵییەوە، گەندەڵیش لە هەموو كایەكاندا پاساوی خۆی هەبێت، لە رۆشنبیریدا هیچ پاساوێك هەڵناگرێت، چونكە ئەوكاتە دۆخەكە دەگوازێتەوە بۆ خانەی تاریكبینی و شتێك ناهێڵێتەوە بەناوی رۆشنبیرییەوە.
وەكو كۆلكە خوێندەوارێك هەر لەدوای 2003وە تاكو ئێستاو بەبەردەوامی لە چەندین وتارو دیمانەی تەلەفزیۆنی و رادیۆیی و نووسیندا راشكاوانەو ئازادانە رای خۆم لەسەر دۆخەكە دەربڕیوەو ئێستاش وا وەكو پاڵپشتییەك بۆ دەنگی ئەو دڵسۆزانەی ئێستا خەریكی گفتوگۆكردنن لەسەر رەوشی رۆشنبیریی كەركوك دەردەبڕمەوە. كاتێك باس لە رەوشی رۆشنبیری دەكرێت، ئەمەشیان دوولایەنەیە، یەكەمیان وەكو ژێرخانو دووەمیشیان وەكو سەرخانەكەی كە خودی رۆشنبیریی مرۆڤەكانە وەكو زانین. ئێمە هەمیشە دەرئەنجامەكان دەخوێنینەوەو زۆر بە دەگمەن ئاماژە بۆ هۆكارەكان دەكەین كە گومان لەوەدا نییە، هیچ دەرئەنجامێك بەبێ بوونی هۆكارگەلێك بوونی نییەو نابێ بە دەرئەنجام. كەواتە دەمەوێ بڵێم: تاوانباری سەرەكی لە دۆخی نائاسایی دواكەوتوویی دۆخی رۆشنبیریی كەركوك خودی ئەو سیستەمی فەرمانڕەوایەتییە سەقەتە حزبایەتییەیە كە لە كەركوكدا باڵادەستی رەهایەو ئامێرێكی بكوژی خودی هزرو ئاوەزو كایە هەستیارەكانی دیكەی ژیانی تاك و كۆمەڵگایە. سیستەمێكی سیاسەتیی حزبایەتیی سەقەت كە هەموو شتێك لە چاویلكەی بەرژەوەندییە ژەنگنەكانی خۆیەوە دەبینێت و لەخەمی رەنگاندنی سەرجەم كایەكانە بە بۆیە تەڵخەكانی خۆی و هەر لەم چوارچێوەیەشدا سوپایەك خەڵكی لە دەنگوڕەنگی تایبەت بەخۆی كۆكردۆتەوەو بەسەر لایەنە ژێرخانەكەی رۆشنبیریدا دابەشیكردوون و ئەوانیش بوونەتەوە ئامرازێكی پیادەكاری خواستەكانی هەمان سیستەمی فەرمانڕەوایی، رەنگە لەنێو ئەو سوپا زۆروزەبەندەشدا تاكوتەرایەك هەبن، بە حیساب سەربەخۆو ئازادن، لێ ئازادی ئەوانیش بەخودی خۆیشمەوە- تا ئەو شوێنە بڕدەكات كە لە بەرژەوەندیی خودی سیستەمە حزبییەكەدایە، بەدەر لەوە هەموو دەنگ و رەنگێك بڤەیەو دەستبۆبردنێكیش دەستبڕینەوەی لەدوایە.
كەواتە گلەیی ئێمە لە كێ بێت، لە خودی خۆمانی كۆلكە خوێندەوار؟، یان لەو سیستەمەی كە دەستەمۆی كردووین و بووكەڵەئاسا گەمەمان پێدەكات؟!
وەڵام: دیارە بەبێ سەرەوژێركردنی ئەو سیستەمی فەرمانڕەوایەتییە حزبییە سەقەتە بەرژەوەندخوازەی كە لە كەركوكدا باڵادەستەو حاكمی موتڵەقە، هەر نووزەو دەنگێكی لەمەڕ ئەمەی ئێستا لە ئارادایە، جگە لە درێژەدان بە تەمەنی ئەم سیستەمەو جوانكردنی قەدوباڵا رووكەشەكەی بەولاوە هیچیتر نییە، چونكە ناكرێ من وەكو منی من، نوێنەری حزبێكی دیاریكراوی ناو سەندیكایەك بم و ژێراوژێر، یان بە ئاشكرا هۆكارو بەشێكی دانەبڕاوی ئەو كەموكووڕی و رەوشە زۆر خەراپەی دۆخی رۆشنبیری بم لە كەركوكدا، كەچی خۆیشم گلەیی لە كەسانی دیكە بكەم و بە كەمتەرخەم و گەندەڵ و نەزان و خۆپەرست تاوانباریان بكەم!!.
بۆیە تا ئەوپەڕی راشكاوی و تا ئەوسەری ئازادیی مرۆڤە ئازادەكان وەكو ناڕەزایەتییەك دژی ئەم سیستەمی فەرمانڕەوایەتییە حزبایەتییە نەزۆك و سەقەتەی كە ئەمڕۆكە دۆخی رۆشنبیری لە كەركوك ئیفلیج كردووەو زۆربەی خاوەن دەنگەكانیشی خەساندووە دەڵێم: بەڵێ، هەموومان بەخودی خۆیشمەوە- لەم دۆخە ترسناكەی رەوشی رۆشنبیری لە كەركوك بەرپرسیارین و با كەسیشمان خۆمان بە بێ تاوان نمایش نەكەین و پاساو بۆ كلكایەتی و قەڵەمفرۆشی خۆمان بۆ ئەم سیستەمی حزبایەتییە سەقەتەی شار نەهێنینەوەو چیتریش گلەیی لە خەڵكانی شارەكانی دیكەش نەكەین كە چیمان پێدەڵێن و چۆنمان هەڵدەسەنگێنن، چونكە ئەگەر خودی خۆمان پابەندو پەیوەست و گرێدراوی ئەو سیستەمی فەرمانڕەوایەتییە بین و توانای خۆدەربازكردنمان لەو قەفەسی تاوانبارییە نەبێت، ئەوا خەڵكی دیكە چیمان لێبكەن و چۆنمان پێناسە بكەن؟!