کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


پەشیمانى لە شانازییەكانى ساختەكاری بەرپرسى وێستگەیەكدا

Wednesday, 02/10/2013, 12:00

1672 بینراوە




ساختەكاری كارێكى ئەوەندە قێزەون و نەخوازراوە، مرۆڤ بەتێڕامان و وردبوونەوە لێی موچڕكى بەلەش دادەگەڕێ و نەشتەر ئاسا سەرتۆپی جەستەى بەنج دەكات، ساختەكاریەكان بێشومارن چ ئەوانەى لەڕێی دەمەوە ئەنجام دەدرێن وەك هەڵخەڵەتاندن و فریودانی ئەم و ئەو بەدرۆ و دەلەسە و قسەى فابریقە، یاخود لەڕێی دەستەوە بۆ سەرلەقوڕنان و هەڵكەندنی كەسی بەرامبەر بەڕاپۆرتى خەیاڵی و دوور لەڕاستى وەك دەستكاریكردنى دەنگى هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەكان كە ئەمە گەمەكە پتر گەرم و گۆمەكە زیاتر دەشڵەقێنێ، هەڵبەتە ویژدان هەمیشە دیفاكتۆی نزیك بوونەوە و خۆدوورخستنەوەیە لێی بەهەر دوو دیوى قبوڵكردن و ڕەتكردنەوەى.
شانۆگەریەكان نمایشی سەیر و عەنتیكەیان تێدا پیادە دەكرێ و ئەقڵەكان هەموویان بەیەك ئاڕاستە ناڕۆن و بەیەك شێوە بیر ناكەنەوە، لەوەشدا ئەوەى سەرنجى ڕاكێشام ئەو برادەرەم بوو كە دەمێكە یەكتر دەناسین و زۆر جار لەڕێی تەلەفۆنەوە قسە بۆ یەك دەكەین و ئەوەندەیشی بێتە شار بێ من بەهیچ لایەكدا ناڕوات، ئەو دڵی بەمن خۆشە و منیش دڵم بەدیدەنى دەكرێتەوە.. لەو ماوەیە هێشتا پرۆسەى هەڵبژاردن و بانگەشەى كاندید و بەربژێری پارتە سیاسیەكان دەستى پێ نەكردبوو، بەیەكەوە پیاسەیەكى بازاڕمان كرد، نازانم لەچیەوە باسم لەوە كرد وتم: ئەرێ پێت نەوتم خۆ ئەمساڵ بۆ ئەم هەڵبژاردنەیش هەمدیس نەبوویتەتەوە بەرپرسی وێستگە، شتێكى خراپ نییە بۆ چەند ڕۆژێ بۆ خۆت چەند وەرەقەیەك وەربگری؟
بەهەڵچوونەوە وتى: گوو بەپارەكەیان، من پارەى ئەوانم بۆ چیە.
بەم وەڵامە كت و پڕە چاوم زەق بۆوە، بەهەڵپەیەكەوە پێموت: ئەوەى یەعنى چی؟ هەر تۆ نەبووى واستەت دەكرد بەحزبەكەت تا بتكاتە نوێنەر و بەرپرسی وێستگە و هەر تۆ نەتدەوت: بانگیان كردووم و ڕوویان لێناوم چونكە دڵسۆزیانم بمكەنە بەرپرسی وێستگە و منیش نەمتوانى داواكەیان قەبوڵ نەكەم.
كە نەختێ لا شانی چەپەى هەڵتەكاند، درێژەى بەقسەكانیدا و وتى: ئەوە ناماقوڵیەك بوو پێشان كردن، چیتر بەحەیاتم كەرەتێكى دیكە كاری وا دووبارەى ناكەمەوە.
كە لێم پرسی: جا تۆ بۆ حزبەكەت زۆر دڵسۆز بووى، ئامادەبووى خۆتى بۆ بەكوژ بدەى، ئەوە شتە چییە وایلێكردى ئەئاوا پەژیوان ببیەوە؟
هەناسەیەكى قووڵی هەڵكێشا و وتى: خۆت دەزانى من بەرپرسی خوێندنگەیەك بووم لەشتێكى بچووكەوە نازانم چۆن بەرپرسی حزبیمان بە چ تێكە و لێكەیەك بەڵێنى بەئافرەتێكى جوان و بەرچاو دابوو بیكاتە بەڕێوەبەر و ئەو فرسەتەى قۆستەوە كاتێكم زانى بانگ كرام، وتیان تۆ بەكەڵكى ئیدارە نایەى؟
بەم هەواڵە خەریك بوو دڵم بوەستێ، كە بەهەڵچوونەوە وتم: چیە ئەوە چاكە و پاداشتى پیاوەتیەكانمە دەمیدەنەوە، فەرموو چیم بۆ نەكرد؟ لەهەڵبژاردنەكەى پێشوو بەس بەو دەستانەى خۆم یەك دەفتەری تەواوم بۆ بەرژەوەندی ئەو حزبەم پڕكردەوە و كردمە سندووقەوە، توخوا ئەوجا لەباتى ئەوەى پشتم بگرن و لێم ببوورن و پێم بڵێن چیتر كاری وا دووبارە مەكەوە ، كەچی بۆ هەڵەیەكی بچووك سیناریۆیەكی گەورە بۆ لابردنم دادەڕێژن؟ كەچی بەهەموو ئەقڵێكەوە پێم دەڵێن: تۆ كە تەزویرت بۆ كردین ئەمە مەكە منەت و ئێستاش پێت دەڵێین: هەزار جار دەستت خۆشبێ و كادیری حزب دەبێ ئاوابێ، بەڵام ئەوە پەیوەندى بە مەوزووعەوە نییە و تێكەڵ بەو مەوزووعەى مەكە...ئەوجا لەخۆم گەیشتم كەر لەكوێ تۆپیوە و كوندە لەكوێ دڕاوە، ناچارمام بێ منەتم كردن، وتم: چیتان لەدەستدێ بیكەن، من لەسبەى زووتر نیە ئیستیقالەیەك لەم حزبە دەنووسم و وازیش لە مودیری دێنم.
برادەرەكەم هەر بەدەم ئاه هەڵكێشانەوە وتى: حزب بێ وەفایە، تا ئیشی پێتبێ تۆ هەموو شتى كە ئیشی پێت نەما تۆ هیچ نی و هەر ناتناسێ، بەكوردیەكەى كەرت پێ ...دەكا و شەهادەشت پێ دێنێ.
كەپێموت: جا بەو قسانەى دەیكەى، ئەو هەڵسوكەوتەی بەرامبەرت كراوە وەكو شەخس كرداوە، نەك حزب.
بەدەم پێكەنینەوە وتى: ئەى ئەو كەسە نوێنەری قیادە نییە؟ ئەگەر حزب نەبێ و ئەو كەسە بەرپرس نەبێ چ حەددی هەیە بانگم بكات و پێمبڵێ: دەبێ دەست لەكار بكێشیەوە.
كە پێموت: لەوە گەڕێ، وەرە بزانم بۆ ئەوجارە بەتەمای دەنگ بدەیە كێ؟
زەردەخەنەیەكى نایە سەر لێو و وتى: هێشتا بڕیاری خۆم نەداوە، بەڵام دەبێ بەو پەنجەیەم بیگۆڕم.
كە لێم پرسی: ئەوە یەعنى چی؟
بە بزەیەكەوە وتى: یەعنى كە چوومە سەر سندوقی دەنگدان خۆم لەگوورە نابەم و بەو پەنجەیەم تۆڵەى خۆمیان لێ دەكەمەوە و زۆریش پەشیمانم بۆ ئەو ڕۆژانەى شانازیم بە ساختەكاری و ئەو سەد دەنگەوە دەكرد كە لەمەوایەكى كورت دا بەو دەستانەم تەزویرم بۆ كردن و خستمە سندووقەوە، بەڵام تۆبە جارێكى تر هەڵەى وا دووبارە ناكەمەوە، توخوا بەسە با واز لەو مەوزعە بێنین و بابەتێكى تر باس بكەین.
منیش مەوزووعم گۆڕی و تا وەختانێكى درەنگ بەیەكەوە پیاسەی ناو بازاڕمان كرد و پاشان گەڕاینەوە من بۆ ماڵی خۆم و ئەویش بەرەو ماڵی خۆیان كە زۆرم تەكلیف كرد ئەو شەوە لەلام بمێنێتەوە وەلێ كارەكەى وای دەخواست كە دەبێ بگەڕێتەوە و گەڕایەوە.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)