مه‌ترسی ده‌ره‌کی بۆ سه‌ر ئه‌زمونه‌که، به‌هانه‌یه‌کی تری ده‌سه‌ڵات
Tuesday, 03/03/2009, 12:00
1659 بینراوە
له هه‌موو ووڵاتانی دیمو‌کراتی دونیادا، که هه‌ڵبژاردن دێته پێشێ و نزیک ده‌بێته‌وه، هه‌موو گروپ و حزب و کۆمه‌ڵه‌یه‌ک، چه‌ندین تاکتیک و سترایژ بۆ هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده ده‌که‌نه دروشم وکه‌موکه‌ڕی سیاسی لایه‌نه دژه‌کانیان ده‌خه‌نه به‌رچاوی خه‌ڵک و له شێوه‌ی نوسین وڕیکلامدا بڵاوی ده‌که‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌ی ده‌نگداران متمانه‌ی خۆیانیان پێ ببه‌خشن، ئه‌مه‌ش ململانێیه‌کی ته‌ندروست و شه‌ریفانه‌یه، وه یه‌که‌م لایه‌نیش که‌زۆرترین سوود له‌م حاڵه‌ته ببنینێ هه‌ووڵاتیان و جه‌ماوه‌رن، چونکه هه‌م ده‌سه‌ڵاتداران وحوکمڕان و خاوه‌نی حکومه‌ت ده‌ترسن له به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات به خراپی وکه‌مته‌رخه‌می، گه‌نده‌ڵی، چونکه ده‌زانن هه‌رکه‌مته‌رخه‌مییه‌ک ده‌بێته هۆی به‌هانه دان به‌ده‌ست نه‌یاره‌سیاسیه‌کانیانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بخه‌نه ژێر ڕه‌خنه‌وه، تاکو بتوانن دڵی جه‌ماوه‌ریان لێساردبکه‌نه‌وه. به هه‌مان شێوه‌ش نه‌یاره سیاسیه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات(ئۆپۆزسیۆن) ده‌ترسێ له‌وه‌ی که هه‌ڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات، که ئه‌م ناڕازییه لێی، که خۆی کاتێک هاته ده‌سه‌ڵاته‌وه، دووباره‌ی بکاته‌وه، هه‌مان پرۆسه‌ی نه‌یاری سیاسی ڕوبه‌ڕوی خۆی ببێته‌وه. ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ئاسایی‌ترین و ته‌ندروستترین گه‌مه‌ی دیموکراتیه، که داتوانرێ بێ شومار نمونه له‌سه‌ر ئه‌م گه‌مه دیموکراتییه بخرێته به‌ر چاو.
ئه‌مڕو که ده‌نگۆی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له19/5 له ئارادایه(هه‌رچه‌ند هه‌تا کاتی نو‌سینی ئه‌م تێکسته دیار نییه به ڕوونی که هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت یان نا)گه‌وره‌ترین کێشمه‌کێشی سیاسی له نێوان ته‌یاره سیاسیه‌کان دابه‌دی ده‌کرێ، له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر، هه‌موو گروپ ولیسته‌کان ده‌یانه‌وێت زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنن بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین کورسییه‌کانی په‌رله‌مان، دیاره ووڵاتی ئێمه ده‌ریایه‌که پڕ له نێچیر بۆ ڕاوچیانی سیاسی، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت باسی که‌موکوڕییه‌کانی میلله‌ت وخراپی ئه‌دای حکومه‌تی ئه‌م هه‌رێمه بکه‌ن، هه‌ر له پاوان‌کردنی ده‌سه‌ڵات وخراپبه‌کارهێنانی پاره و سامانی ووڵات، پشت‌کردن له میلله‌ت و خزمخزمێنه‌و، ده‌ستخستنه ناو هه‌موو جومگه کانی‌داموده‌زگاکانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتوری،دادگا، نه‌قابه‌یی،ڕاگه‌یاندن، گه‌نج و لاوان، ژنان و ئافره‌تان، بازاڕوسه‌رمایه..هتد، وه له‌بیرکردن ودڵشکاندنی به‌شێک له‌و توانایانه‌ی، که‌ئومێدی گۆڕان و پێشخستنی ئه‌م هه‌رێمه‌یان لێداکرا، ئه‌مانه به هه‌موویان(ئه‌گه‌ر ئۆپۆزشیۆنێکی جدی هه‌بێت) ده‌کرێت بکرێنه ئه‌جندای سیاسی بۆ نه‌یارانی سیاسی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش مافێکی سه‌ره‌تایی دیمو‌کراتی هه‌ر گروپ ولیستێکه که به‌ژداری هه‌ڵبژاردن بکات. به‌هه‌مان شێوه‌ش مافێکی سروشتی ده‌سه‌ڵاته که به‌رگری له خۆی بکات، به‌ڵام ده‌رکه‌وته پێشبینیکراوه‌کان له ململانێی سیاسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی کوردستاندا وا ده‌رده‌که‌وێت که ده‌سه‌ڵات بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسی بیه‌وێت دوو شت، که به‌ڕای من به‌هانه‌یه‌کی ساخته‌یه، بخاته پێش چاوی میلله‌ت تاوه‌کو بتوانێت ده‌نگه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی پێبێده‌نگ بکات، ئه‌ویش
یه‌که‌م فرۆشتنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌ند ساله‌یان
دووه‌م بوونی مه‌ترسی ده‌ره‌کی له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌که
فرۆشتنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌ند ساڵه
بۆ نیشاندانی ڕاستی ده‌سه‌ڵاتداران به وه‌ی که پێمان ده‌ڵێن ئێمه خه‌باتمان کردووه، و تاڵی و سوێریمان چه‌شتوه، ساردی و گه‌رمیمان بینیوه، ئه‌م جۆره له به‌هانه‌ی سیاسی ئه‌گه‌ر بۆ 18ساڵی ڕابردوو توانرابێت متمانه‌ی خه‌ڵکی پێبه‌ده‌ستهێنرابێت، پێگه‌ی سیاسی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراو بێت، ئه‌گه‌ر توانرابێت خه‌ڵک و ده‌نگه جیاوازه‌کانی پێ ده‌مکوت کرابێت، ئه‌وا بۆ ئه‌مڕۆ به‌تاڵه ومانایه‌کی ئه‌وتۆ نادا به‌ده‌سته‌وه، چونکه ئه‌مڕۆ چه‌ندێک ده‌توانین ئاوڕ بۆ ڕابردوبه‌ینه‌وه‌و سه‌یری ڕابردووبکه‌ین، دوو هێنده پێویستمان به‌وه‌یه که سه‌یری به‌رده‌می خۆمان و داهاتوو بکه‌ین، وه‌ک چۆن ناتوانین داهاتوو بنبه‌ست بکه‌ین به ڕابردوویه‌ک، که ده‌شێت وه‌ک هه‌موو گریمانه‌کان ئیشاره‌ی پێده‌که‌ن که سه‌رده‌می شۆڕشی چه‌کداری بۆ ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان کۆتایی پێهاتبێت له‌م ده‌یه‌یه‌ی سه‌ده‌ی بیست ویه‌ک دا، ئاوه‌هاش ناکرێت خۆمان به ڕێگه‌یه‌کی داخراو ونادیاردابه‌رین و چاو پۆشی له مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی تاکی کورد و بنه‌ما ساده‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیمو‌کراتی بکه‌ین، ته‌نها له‌به‌ر خاتری ئه‌وانه‌ی که خه‌باتیان کردووه(له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و ئیحتیراممان بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که ڕۆژێک له ڕۆژان ئێخه‌ی کراسه‌که‌یان له‌سه‌ر کورد پیسبووه تا پێشمه‌رگه ئازیزه‌کان)، ئه‌وه‌هاش ناکرێت قه‌ده‌ری ووڵاتێک، ده‌ڤه‌رێک به ناسه‌قامگیری بدرێته ده‌ست که‌سانێک، که که‌فائه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و توانا و لێ‌هاتوویی بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێسته، که به‌سه‌رده‌می عه‌وله‌مه و کرانه‌وه ناسراوه، بنوێنرێن به کورسی ده‌سه‌ڵاته‌وه.
مه‌ترسی ده‌ره‌کی له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌که
دووم به‌هانه و ده‌ستکه‌لای ده‌ستی ده‌سه‌ڵات که له به‌هانه‌ی "بوونی مه‌ترسی ده‌ره‌کی له‌سه‌ر ئه‌زمونی کوردستان" خۆی ده‌بینێته‌وه، وه‌ک ڕۆژانه له ڕۆژنامه‌و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندندا به شێوه‌یه‌کی به‌ر چاو به‌دی ده‌کرێت. ئه‌م به‌هانه‌یه‌ش به هه‌موو پێوه‌رێکی سیاسی و عه‌قڵانی به‌تاڵه یه‌که‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی که له ئێستادا هیچ مه‌ترسییه‌کی حه‌یاتی و بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌که نییه، که بتوانێت توانای خوانه‌کرده له‌ناو بردن و تێکدانی کۆی گشتی ئه‌زمونه‌که بێت. هه‌ر له ده‌وڵه‌تی عێراق و ووڵاتانی دراوسێوه تا ده‌گاته کۆی گشتی ووڵاتانی ناوچه‌که‌وه و زلهێزه‌کانی دونیا و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا،هیچ یه‌کێک له ئاماژه‌کان ئاماژه به‌وه ناکات، که کاسیان بتوانن کۆی ئه‌زمونه‌که تێک بده‌ن.
دووه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر وه‌ک گریمانه‌یه‌کی سیاسی شیمانه‌یه‌ک دانێین که‌وا پێمان بڵێت که مه‌ترسی ده‌ره‌کی هێشتا زیندووه ئه‌گه‌رێکی دوور نییه، ئه‌وا له‌مه‌شیاندا ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات یه‌که‌مین به‌رپرس و که‌مته‌رخه‌من له بوونی مه‌ترسی ده‌ره‌کی، چونکه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک له 18 ساڵی ڕابردوودا نه‌یتوانی بێت زه‌مانه‌ت و ئیمکانیاتی سیاسی وا بخوڵقێنێت که مه‌ترسی ده‌ره‌کی نه‌مێنێت له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌که، ئه‌ی که‌واته ئه‌م ده‌سه‌ڵاته چه‌ند ساڵی تری پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی که زه‌مانه‌تی نه‌مانی ترسی ده‌ره‌کی بۆسه‌ر ئه‌زمونه‌که دابین بکات؟؟. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن هه‌لومه‌رجی ده‌ولی ڕێگره یا خود ده‌سه‌ڵاتی ئێستا توانای خوڵقاندنی زه‌مانه‌تی نییه بۆ ئه‌زمونه‌که، خۆ له که‌مترین به‌رپرسیارێتییاندا ده‌توانن واز بهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت ئۆباڵی هه‌ر شکستێک که خودا نه‌کرده رووبدات نه‌که‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌مان، یان به‌دیوێکی تردا به‌ڵکو که‌سانێک هه‌بن له جێی ئه‌مان بتوانن ئه‌و ترسه ده‌ره‌کییه بڕه‌وێننه‌وه.
سێیه‌م ئه‌گه‌ر به‌هانه‌ی مه‌ترسی ده‌ره‌کی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کانی کوردستان بێت، ئه‌وا به‌داخه‌وه له‌مه‌شیاندا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا خۆی به‌رپرسی یه‌که‌م و کۆتاییه، چونکه ئه‌وانن که خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات بوون و وه توانای گێڕانه‌وه و ته‌تبیق کردنی مادده‌ی 140 یان ئیفلیج کرد، له‌کاتێک دا بۆ بودجه شه‌ڕ و هه‌ڕه‌شه‌یان له حکوومه‌تی عێراق ده‌کرد، که‌چی به بڕیارێکی ساده، په‌رله‌مانی کوردستان، واده‌ی مادده‌ی 140ی درێژکرده‌وه بۆ کاتێکی نادیار، له‌کاتێکدا که سه‌رۆک کۆماری عێراق، جێگری یه‌که‌می سه‌رۆک وه‌زیران، وه‌زیری ده‌ره‌وه کوردن، که هه‌رسێ پۆسته‌که هه‌ستیارن و توانای هه‌موو جۆرێک له فشاریان هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌رسێ حکوومه‌تی یه‌ک له‌دووای یه‌کی عێراقی، عه‌للاوی، جه‌عفه‌ری و مالکی، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان، به‌ڵام نه‌یانکرد، که ده‌سه‌ڵاتیان له ترۆپکه‌یا بوو له 5 ساڵی رابردوودا.
له کۆتاییدا ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی که ده‌سه‌ڵات پێویسته ئه‌جێندای سیاسی خۆی بخاته به‌رده‌ستی میلله‌ت، یا به‌هانه‌کانیان بۆ ده‌مکوتکردنی نه‌یارانی سیاسی بگۆڕن به شتگه‌لێک که توانای چونه ناو ڕۆحی جه‌ماوه‌ری هه‌بێت.
/دانیمارک
[email protected]