که‌یسی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال کۆمپانیای گه‌شتوگوزار نییه
Friday, 18/07/2014, 12:00
1879 بینراوە
رێکخراوێکی جیهانی هه‌یه به ناوی ده‌زگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ شاره‌زایانی جینۆساید (International Association of Genocide Scholars (IAGS)) که له ساڵی ١٩٩٤ دامه‌زراوه و هه‌موو دوو ساڵ جارێک کۆنفرانسێک، هه‌ر جاره و له وڵاتێک، ساز ده‌کات... بوون به ئه‌ندام له‌م رێکخراوه‌دا کارێکی ئاساییه و بێ هیچ مه‌رجێک، ته‌نها پڕکردنه‌وه‌ی فۆرمێک و پێدانی ئابوونه‌ی ساڵانه یان دوو ساڵ جارێک ده‌بیته ئه‌ندام تێیدا، به بوونیشت به ئه‌ندام بۆت هه‌یه به‌شداری کۆنفرانسه‌کانیان بکه‌یت له هه‌ر کوێیه‌کی جیهاندا بێت... رێکخراوی ناوبراو کۆنفرانسی یانزەهەمی خۆی لە زانستگەی مانیتۆبا لە وینیپیگ لە کەنەدا لە ١٦ ١٩ ی ئه‌م مانگه سازده‌کات. بۆ زانیاری زیاتر سه‌یری ئه‌م لینکه بکه‌ن:
http://www.genocidescholars.org/Winnipeg2014/
دەتوانن لەو رێکخراوەدا ببنە ئەندام لە رێگەی ئەو لینکەدا
http://www.genocidescholars.org/membership
دیاره بوون به ئه‌ندامێتی که‌سانی کوردی پسپۆری بواری جینۆساید و تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌م رێکخراوه‌دا کارێکی گرنگه، تا به پێشکه‌شکردنی لێکۆڵینه‌وه و په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ پسپۆران و ئه‌کادیمیکارانی جیهانیی ئه‌و بواره ، له گه‌لکوژیی و تاوانه گه‌وره‌کانی به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد کراوه، به پێوه‌ره یاسایی و ئه‌کادیمییه‌کان به جیهانی ده‌ره‌وه بناسێینن و له‌و رێگه‌یه‌وه خزمه‌ت به گه‌له‌که‌مان بکه‌ن.
چه‌ند ساڵێکه هه‌ندێک چالاکوانی کورد له باشوری کوردستانه‌وه بوونه‌ته ئه‌ندام و به‌شداری کۆنفرانسه‌کان ده‌که‌ن، ئه‌مساڵ گروپێک له باشوره‌وه چوون بۆ که‌نه‌دا بۆ به‌شداری کۆنفرانسه‌که‌یان. ئه‌وه‌ی سه‌یره له ئه‌و که‌سانه‌ی چوونه ته‌نها یه‌کێکیان نه‌بێت (مامۆستا محه‌مه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق) که لێکۆڵێنه‌وه‌یه‌ک به زمانی ئینگلیزی پێشکه‌ش ده‌کات، ئه‌وانی تر به‌داخه‌وه هیچیان ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان نییه، که به‌شداریی له کۆنفرانسه‌که‌دا بکه‌ن و وه‌ک میوانێک ده‌بێت عاقڵانه له دواوه دانیشن، بگره هه‌ندێکیان ناتوانن دوو رسته‌ش به زمانێکی زیندوی جیهان قسه بکه‌ن، (دیاره زمان نه‌زانین که‌مایه‌سی نییه، به‌ڵام خۆبردنه پێشه‌وه و به‌شداریکردن له کۆنفرانسێکدا که به هیچ له‌و زمانانه‌ی ده‌یزانیت بابه‌ته‌کان پێشکه‌ش ناکرێت، شتێکی نائاساییه). گه‌ر لێشیان بپرسیت، ده‌ڵێن: ئێمه ده‌چین کتێب و سیدی له‌گه‌ڵ خۆمان ده‌به‌ین و له هۆڵی کۆنفرانسه‌که‌دا دایده‌نێین بۆ ئاماده‌بووان، ئه‌مه‌ش پاساوێکی زۆر لاواز و بێ مانایه، چونکه ئه‌وه کارێکی زۆر ئاساییه و هه‌موو که‌س ده‌توانێت ئه‌نجامی بدات، ده‌کرێت هه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی لێکۆڵێنه‌وه‌ی هه‌یه و کاتی بۆ ته‌رخانکراوه، ئه‌و شتانه به‌رێت بۆ ئه‌وێ له‌گه‌ڵ خۆی، یان ده‌کرێت به پۆست‌دا، به چه‌ند سه‌د دۆلارێک سه‌دان کۆپی کتێب و سیدی بۆ کۆنفرانسه‌که بنێردرێن.
ئه‌م شتانه‌ی سه‌ره‌وه‌م بۆیه نوسی، چونکه ئه‌و چالاکوان یان به‌ناو چالاکوانانه، جگه له‌وه‌ی ناتوانن هیچ سودێک به دۆسیه‌ی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و بواری جینۆساید بگه‌یه‌نن، وه‌ک هه‌میشه‌ش راهاتوون، که بچنه به‌رده‌م ئه‌م وه‌زاره‌ت و ئه‌و لێپرسراوی حکومی و حزبی و به ته‌کلیف و تهکلیفکاری داوای پاره‌ی سه‌فه‌ره‌یان بکه‌ن وه‌ک کردوشیانه. گه‌ر مه‌سه‌له دڵسۆزی بۆ ئه‌و که‌یسه بێت، هیچیان تا ئێستا ته‌نها سه‌فه‌رێکیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌سه‌ر حسابی خۆیان ئه‌نجام نه‌داوه. واته له‌سه‌ر سامانی گشتی میلله‌ت ده‌چن و بۆ خۆیان ساڵانه یان دوو ساڵ جارێک گه‌شتوگوزارێک ده‌که‌ن، کورده‌واری گوته‌نی (بای بن باڵی خۆیان ده‌ده‌ن!)، بێ ئه‌وه‌ی هیچ سودێک به ئه‌و دۆسیه‌یه و گه‌له‌که‌یان بگه‌یه‌نن. سه‌یره‌که له‌وه‌دایه پار رێکخراوی ناوبراو کۆنفرانسێکی له ئیتالیا ساز کرد، ئه‌وه بوو چه‌ند که‌سێک له باشوره‌وه هاتن و به‌شداریان کرد و پاره‌که‌شیان بۆ سهرفکرایهوه، ته‌نها کوردێک بابه‌تی له‌وێ پێشکه‌ش کرد کاک شاخه‌وان شۆڕش بوو، که ناوبراو له‌سه‌ر حسابی خۆی چووبوو. ئه‌وکات هه‌ندێک له ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه ڤیزه‌که‌یان دواکه‌وت بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک دوای کۆنفرانسه‌که، واته نه‌یانتوانی به‌شداری کۆنفرانسه‌که‌ش بکه‌ن، که‌چی له‌به‌رئه‌وه‌ی له که‌ناڵێکی نیمچهحزبی و حکومییه‌وه هه‌ر که‌سه‌و سێ هه‌زار دۆلاریان بۆ سه‌رفکرابوو، هه‌ر سه‌فه‌ری خۆیان بۆ ئه‌وروپا کرد و له‌سه‌ر حسابی ئێسک وپروسکی ئه‌نفالکراوان چه‌ند وڵاتێک گه‌ڕان و سورانه‌وه.
حه‌ز ده‌که‌م خوێنه‌رانی به‌رێز ئه‌و که‌سانه به‌راورد بکه‌ن له‌گه‌ڵ که‌سێکی ئه‌کادیمی و شاره‌زا، که بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌و بواره و له ئه‌وروپا هه‌یه، وه‌ك (شاخه‌وان شۆرش)، ناوبراو چه‌ند کتێب و لێکۆڵینه‌وه‌ی به زمانی ئینگلیزی له‌سه‌ر جینۆسایدکردنی کورد هه‌یه، وه‌ک گوتمان ئه‌و ته‌نها کوردێک بوو پار له کۆنفرانسی ئیتالیای ئه‌و رێکخراوه‌دا بابه‌تی پێشکه‌ش کرد، که‌چی ئه‌مساڵ به هۆی تێچوونی سه‌فه‌ره‌که‌ی و باری دارایی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌شی ئاماده‌کردبوو، نه‌یتوانی به‌شداری بکات، وه‌ک ناوبراو پێش دوو هه‌فته‌یه‌ک له نامه‌یه‌کدا بۆ ده‌سته‌ی کارگێری چاودێری کوردۆساید - چاک نوسیبووی. که پێشنیازیشمان بۆی کرد له بودجه‌ی گشتی چاک تێچوونی سه‌فه‌ره‌که‌ی بده‌ینه‌وه، رازی نه‌بوو، چونکه گوتی: تازه به‌رنامه‌ی کۆنفرانسه‌که دانراوه و ناتوانم بابه‌ته‌که‌م پێشکه‌ش بکه‌م، ئیتر سودی چوونم چییه و بۆ بڕۆم؟؟
من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ساڵانه که‌سانی شاره‌زای بواری جینۆساید، وه‌ک به‌رێزان (شاخه‌وان شۆرش، محه‌مه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق، د. سالار باسیره، د. چۆمان هه‌ردی، ئاواره حسێن، حاکم ئاسۆسۆفی....هتد) یان که‌سانێک کتێبیان به زمانی ئینگلیزی له‌وبواره‌دا هه‌یه و نوسیوه، بچن و به‌شداری ئه‌و کۆنفرانسانه بکه‌ن، وه حکومه‌تی هه‌رێمیش له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشه‌نبیری یان وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان وئهنفالکراوانهوه ته‌واوی تێجوونی سه‌فه‌ره‌که‌یان له ئه‌ستۆ بگرێت، به‌ڵام چوونی چه‌ند که‌سێک له‌سه‌ر حسابی سامانی گشتی خه‌ڵک به ناوی شاره‌زایانی بواری ئه‌نفال!! جا با چالاکوانی ئه‌و بواره‌ش بن، یان که‌سوکاریشیان ئهنفالکرابێت، ته‌نها بۆ گه‌شت و گه‌ڕان و بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌کانیان له فه‌یسبوک و خۆهه‌ڵکێشان و پۆزلێدان به‌سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژار و که‌مده‌رامه‌تی کوردستاندا، به‌وه‌ی ده‌چن به‌شداری کۆنفرانسی جیهانی ده‌که‌ن و خه‌بات بۆ ئه‌و دۆسیه ده‌که‌ن له هه‌نده‌ران!! جگه له خۆڵکردنه چاوی خه‌ڵکه‌وه هیچی دی نییه.
دیاره ئه‌و به‌رێزانه مافی خۆیانه که گه‌شت و سه‌یران بکه‌ن، وێنه بگرن یان بچن به‌شداری کۆنفرانس و کۆبونه‌وه‌ی جیهانییش بکه‌ن، به‌ڵام مادام ئه‌و توانا ئه‌کادیمی و زمانهوانییهیان نییه، مافیان نییه له سه‌ر پاره‌ی میلله‌ت بچن و به ناوی خه‌بات بۆ دۆسیه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه پێمان بفرۆشنه‌وه، سبه‌ی لێره و له‌وێش بنوسن و بڵێن (به‌شداری چه‌ندین کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیمان کردوه).
ره‌نگه هه‌ندێک له‌و به‌رێزانه بڵێن، که ئێمه له‌سه‌ر حسابی خۆمان سه‌فه‌رمان کردوه! من لای خۆمه‌وه گومانم هه‌یه که ته‌واوی مهسرهفهکهیان بۆ سه‌رف ده‌کرێته‌وه و خۆشیان زۆر باش دڵنیان له‌وه، بۆیه سه‌فه‌ر ده‌که‌ن، ئاخر بلیتی فرۆکه له کوردستانه‌وه بۆ که‌نه‌دا و گه‌ڕانه‌وه نزیکی ٢٥٠٠ دۆلاره، خۆ گه‌ر مه‌سره‌فی چونی پێش مانگێکی ئه‌و هاورێیانهشی بخه‌ینه سه‌ر بۆ تورکیا یان ئوردون بۆ ڤیزه‌که‌یان که لای که‌می ٥٠٠ - ١٠٠٠دۆلارێکی تێچووه، ئه‌و کات زیاتر بۆمان روونده‌بێته‌وه، تێچوونی سه‌فه‌ره‌که‌یان چه‌نده. ته‌حه‌ددا ده‌که‌م هیچیان له‌سه‌ر حسابی خۆیان ئه‌و مه‌سره‌فه بکه‌ن. خه‌بات بۆ دۆسیه‌ی جینۆساید و ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژییه‌کان به گه‌نده‌ڵی و ده‌ستپانکردنه‌وه ناکرێت، به‌ڵکو ده‌بێت نهفسبهرزانه و شه‌فافانه کار بکه‌ین، گه‌ر ئه‌و هاورێیانه راست ده‌که‌ن، با له‌گه‌ڵ وێنه‌کانی له‌فه‌یسبوک بڵاوی ده‌که‌نه‌وه له‌هه‌نده‌ران و نێو پارک و ته‌نیشت باڵه‌خانه‌کاندا، یان دوای سه‌فه‌ره‌که‌یان بێن به شه‌فافی سه‌رچاوه‌ی دارایی سه‌فه‌ره‌که‌یان بۆ خه‌ڵک روون بکه‌نه‌وه، کێ کۆمه‌کی کردون، چونکه من دڵنیام پاره‌که وه‌رده‌گرنه‌وه وه‌ک چۆن بۆ سه‌فه‌ره‌کانی پێشووتریان وهریانگرتۆتهوه!! ئه‌و لایه‌ن و که‌سه‌ی پاره‌که‌شیان بۆ سه‌رف ده‌کاته‌وه، نیازی پێیانه‌و بۆ کرینی وه‌لائیان و بێدهنگکردنییانه به‌رامبه‌ر تاوانه‌کانی ئه‌وان ئه‌نجامیان داوه و ده‌ده‌ن.
ره‌نگه هه‌ندێک که‌س بڵێن تۆش وه‌ک (هیوا ناسیح) گه‌ر فرسه‌تێکی وات بۆ هه‌ڵبکه‌وێت، ئه‌وا له کیسی خۆتی ناده‌یت، وڵامی منیش ئه‌وه‌یه: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌سێکم نزیکی بیست ساڵه له‌و بواره‌دا (وه‌ک ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی مرۆڤانه و نیشتمانی) کار ده‌که‌م و به‌شداری چه‌ندان کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیم له سویسرا و باره‌گای نهتهوهیهکگرتوەکان کردوه و بابه‌تیشم پێشکه‌ش کردوه، ئاماده نیم کاری وابکه‌م، به‌ڵگه‌شم ئه‌وه‌یه، ناوه‌راستی مانگی دووی پار سه‌فیری عێراق له سویسرا د. پیرۆت محه‌مه‌د ته‌له‌فونی بۆ من و کاک کاردۆ سه‌رباز لێپرسراوی کۆمیته‌ی سویسرای (چاک)ه کرد، ئاگاداری کردین له زمانی مامۆستا ئارام ئه‌حمه‌د وه‌زیری شه‌هیدانه‌وه به فه‌رمی داوهتکراوین بۆ کۆنفرانسێکی نێوده‌وڵه‌تی له مانگی سێی هه‌مان ساڵدا، وه گوتیشی که مه‌سره‌فی بلیتی فرۆکه و مانه‌وه‌ی هه‌فته‌یه‌ک له ئوتێلێکی گرانبه‌های هه‌ولێرمان بۆ دابینکراوه، به‌ڵام من و کاک کاردۆ رازی نه‌بووین. دیاره نامه و به‌ڵگه‌کان ماون، ئه‌و کات ده‌سته‌ی کارگێری رێکخراوهکهمانم ئاگادارکرده‌وه، هه‌ندێک له هاورێیان رایان وابوو بچم و به ناوی چاکه‌وه بابه‌تێک یان وتارێک پێشکه‌ش بکه‌م، ئه‌وه بوو رێکه‌وتی ٢٦ی هه‌مان مانگ له نامه‌یه‌کدا بۆهاورێیانی ده‌سته‌ی کارگێرم نوسی:
((وه‌ک قه‌ناعه‌تی شه‌خسی حه‌ز ناکه‌م و ئاماده‌نیم، که له‌سه‌ر حسابی شه‌هیدانی کیمیاباران و ئێسک و پروسکی ئه‌نفالکراوان سه‌فه‌ر بکه‌مه‌وه، ................ پێم وایه به ئه‌و چه‌ند هه‌زار دۆلاره‌ی بۆ منی سه‌رف ده‌که‌ن، ده‌توانن لای که‌می گۆڕی ئه‌نفالکراوێکی پێ هه‌ڵبده‌نه‌وه و روفاته‌که‌ی بۆ که‌سوکاری بهێننه‌وه یان به‌و بڕه پاره‌یه بریندارێکی کیمیابارانی کوردستانی پێ بنێرنه هه‌نده‌ران بۆ چێرهسهر، ئه‌مه رای منه)).
دوا قسه‌م ئه‌وه‌یه، کارکردن بۆ جینۆساید و بواری مافی مرۆڤ کارێکی خۆبه‌خشانه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رێزانه کردویانه و ده‌یکه‌ن ده‌چێته چوارچێوه‌ی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی و گه‌نده‌ڵیه‌وه.. هه‌رگیز پاساوی گه‌نده‌ڵی بچوکیش به گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌تر نادرێته‌وه، که کراوه و ده‌کرێت له کوردستاندا، بابه‌تی جینۆساید و مافی مرۆڤیش زۆر له‌وه پیرۆزترن که مرۆڤ بێت و له‌سه‌ر حسابی سامانی گشتی کوردستان ساڵانه سه‌فه‌رێکی به‌لاشی هه‌نده‌رانی بۆ بکات، بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک پێشکه‌ش بکات، خۆشی به دڵسۆز و چالاکوانی ئه‌و بواره بژمێرێت، بگره لای من ئه‌وه تاوانه به‌رامبه‌ر به قوربانییانی جینۆساید نه‌ک کارکردن بێت بۆ ئه‌و بواره.
هیوا ناسیح
چالاکوانی بواری جینۆساید و مافی مرۆڤ