داعش قڕانە... داعش قڕان!
Sunday, 19/10/2014, 12:00
دوای ساڵی ١٩٨٨ و کۆتایی پێهێنانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران، بەبێ براوەو دۆڕاو. عێراق کەوتە وێزەی گەلانی خۆی و کوردستانی لەڕێگای پرۆسەی بەدناوی ئەنفالەوە تەواو لاواز کردو کۆتایی بەو هێزانەش هێنا کە بەناوی کوردایەتی و خەباتی چەکداری و پێشمەرگایەتیەوە دژی ئەجەنگان. لەو کاتەدا کێرڤی هێزی سوپای عێراقی ئەوەندە لەهەلکشاندا بوو کە ڕەنگە داگیرکاری ووڵاتی کوێت نەبوایە ، ئەوا ئەگەری نەمانی کوردانی باشوور گەلێ نزیك بوو.
ئەو هەڵە مێژووییەی سەدام لە کوێت کردی،ئێدی بوە خاڵی وەرچەرخان بۆ دابەزین و تلۆربوونەوەی ئەو کێرڤە سەربازیەی لەناوچەکە هەیبو. سەدام لەو ڕۆژەوە ئێدی هەستی بەلاوازی و ووردە ووردە نەمان کرد، هێواش هێواش هێزەکانی بەهۆی گەمارۆی نێو دەوڵەوتی و هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق ئێدی بەتەواوی سوپاو سەربازگەکانی خامۆش و بێ هێز بوون، تا وای لێهات دەرفەتێ بۆ کورد هەڵکەوت کە ڕاپەڕێ و کۆتایی بە سەدام و هێزەکانی لەکوردستان بدا.
داعش دوای ئەوەی لەلایەن چەندین ووڵاتی عەرەبی سوننە مەزهەب لەڕێگای مەسعود و نێچێر بارزانی پشتگیری کران و بەیارمەتی لۆجیستیکی تورکیا ڕاهێنانیان پێکرا و مەشقی سەربازیان وەرگرت، توانیان بەهۆی بیروباوەڕی کۆنگەرایی ئیسلامی چەندین خەڵکی فریو بدەن و بیانهێننە نێو ڕیزەکانیان و ئامادەیان بکەن بۆ هەر پیلانێکی سەربازی. ئەوەبوو لەماوەیەکی گەلێ کورتدا چەندین شار و شوێنی گرنگیان گرت و دەستیان گرت بەسەر چەندین هێزی سوپایی و چەك و تەقەمەنی پێشکەوتوو. ئەمان لە پڕدا کێرڤی سەربازیان بەرەو لووتکە هەڵکشا، هەروەك چۆن جێرمەنەکان لە جەنگی جیهان دووەمدا لەماوەی تەنها ٥٢ ڕۆژدا نیوەی ئەوروپایان داگیر کرد. ئاوهاش داعش لەماوەیەکی کەمدا بەهەزارەها کیلۆمەتر لە داگیرکاری نەوەستان. ئەمەش بوە هۆکاری ئەوەی کەلەهیچ سڵ نەکەنەوەو بەبێ پیلان و بەرنامە وەك تەتەر ومەغۆلەکان لە پێشڕەویدا بن. تا وای لێهات جگە لەگرتنی شار و شارۆچکە، کەوتنە گرتن و بەتاڵان بردنی ماڵی خەڵکی و بەوەشەوە نەوەستان و کەوتنە پەلاماری ژن و کیژانی کورد . واتە ئەوەی ئەوان بەتەمابوون لەو دونیا دەستیان بکەوێ لەڕێگای جیهادەوە. ئەوە ئێستا لەم سەر زەمینە بۆیان کرا و کەوتە بەر دەستیان.
ڕەنگە زۆربەمان ئەو ڕۆژانەمان لەیاد مابێ لەدوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ کە ئەوترا(بەعسی قڕانە ئەی کوردینە ئەوڕۆ بەعسی قڕانە). وا ئەمڕۆ لە کۆبانی هەمان شت دووبارە بۆتەوە. کوڕان و کیژانی گەلەکەمان کۆڵان بە کۆڵان و جادە بەجادە بەدوای داعشەوەن و خەریکی قڕکردنیانن. شار و گوندەکانیان لێ پاککردونەتەوە و شار بەدەریان کردون. ئەمڕۆ لەوێ تەنها گوێبەندی ئەوەین کە داعش قڕانە و لێرەوە کێرڤی ئەو چەتانە بەرەو خوار تلۆر ئەبێتەوەو کۆتاییان نزیکە. کۆبانی و دەستە خوشکەکەی لە ڕانیە و سلێمانی پێکەوە مێژووی قڕکردنی داگیرکەران ئەنووسنەوە. چەند سەروەریە بۆ ئەوانەی بەشداری ئەو مێژووە گرنگەن کە گەلی کورد شانازی پێوە ئەکا.
من دڵنیام چەتەکانی داعش بەرەو نەمان ئەچن و ئەو لوتشکاندنەی لە کۆبانی بینیان تازە ناتوانن بالانسی خۆیان بگرن و بۆیە چاوەڕوانی نەمانی حەتمی لێ ئەکەین و مێژووش خۆی لەبەڵایەکی تر ڕزگار ئەکا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست