کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چه‌ند لێدوان و هه‌واڵێک له‌سه‌ر هێرشه‌ تێکشکاوه‌کانی ئێران دژی په‌ژاک..

Thursday, 21/07/2011, 12:00


ئەمرۆ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان په‌ژاک ،ناسنامەی یەکێکی تری لەو گەریلایانە ڕاگەیاند کە لە بەرخۆدانی قەندیلدا گیانی بەخت کردووە.

بە گوێرەی لێدوانێکی فەرمی پژاک، گەریلا 'محەمەد بادوزادە' خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرخۆدانی سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە قەندیل گیانی بەخت کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی چاپەمەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک، بە لێدوانیکی فەرمی ناسنامەی گەریلایەکی تری ڕاگەیاند کە لە بەرخۆدانی 17ی جولایدا لە قەندیل گیانی بەخت کردووە.

پژاک ناسنامەی گەریلاکە وەها ڕادەگەیەنێ:
ناو و پاشناو: محەمەد بادوزادە
نازناو: عەگید مەهاباد
لەدایک بووی شاری مەهەبادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ساڵی 2010 بەشداری ڕیزەکانی پژاک بووە.
سەبارەت بە گیانبەختکردنی گەریلا عەگید، جەهانگیر بادوزادە، باوکی گەریلاکە لە زیندانی ئورمییەوە نامەیەکی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند کە تێدا هاتووە:
تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لە درێژایی تێکۆشان و خەباتی رەوای خۆی، بە بەرخۆدانی لاوانی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان پارێزەری دەستکەوتەکانی گەلی کورد بوو کە ئەوەش بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە. دوژمنانی گەلی کورد بە سیاسەتی کوشتن و لە ناوبردنی بنەماڵەی شۆرشگێرەکانی کوردستان، هەموو کات ویستوویانە تەسلیمیەت بەسەر ئەو بنەماڵانەدا داسەپێنن. من وەکوو باوکی شەهیدان رزگار، هەروەها لەو رۆژانەی دواییدا هەڤال عەگید و هاوسەری شەهیدم دایە توران و شەهید بوونی لاوانی خۆراگڕی کورد لە قەندیل سەرخۆشی خۆم ئاراستەی هەموو گەلی کورد و هاوسەنگەرانی دەکەم و بە دلنیایی پێشوازی لە شەهادەتی کوڕی قارەمانم دەکەم. ئەو وەکوو لاوێکی کورد رێگای برای قارەمانی خۆی هەڤاڵ رزگار، دایکی تێکۆشەری دایە تورانی هەڵبژاردووە.
هەروەها داوا لە لاوانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی مەهاباد دەکەم کە بە خاوەنداری لەو شەهێدانە درێژە پێدەری رێگایان بن
----------------------------
ئامانجی رژیم له‌ هێرشه‌کانی باشووری کوردستانه‌
كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاک سەبارەت بە هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر ناوچە سنوریەکانی باشووری کوردستان لێدوانێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.
پەژاک وشیاری ئه‌وه‌ی دا که‌ 'ئەو هێرشە بە تەنیا بۆ سەر گەریلا نییە، بەڵكو ئامانجی سه‌ره‌کی باشووری كوردستانە' .
كۆردیناسیۆنی پەژاك سەبارەت بە هێرشی هێزەکانی ڕژیمی ئێران بۆ سه‌ر باشووری کوردستان له‌ لێدوانی خۆیدا وتی:
رژیمی ئێران ماوەیەكە ئامادەكاری هێرش بۆ سەر باشووری كوردستان دەكات. هاوكات ماوەی چەند رۆژە دەیانەوەێت بە هێرش كردن، سنوورەكانی باشووری كوردستان تێپەرێنن. بۆ ئەم مەبەستەش هەموو چەشنە كەرەستەی سەربازی بەكار دێنێت. بەڵام بە رۆحێكی خۆراگڕ رووبەرووی بەرخۆدانی گەریلاكانی پارتیمان بوونەتەوە و لەم چەند رۆژەشدا گوڕزی كوشەندەیان بەركەوتووە.
په‌ژاک ڕایگه‌یاند باروودۆخی وڵاتانی هەرێمەكە، به‌ تایبه‌تی سوریە و هاوكات قۆناخێك كە گەلی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان پێیگەیشتووە، زۆر بەجدی ئێرانی نێگەرانی كردووە. هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانی کرد چونکه‌ ڕژیم هاوپه‌یمانێکی له‌ هه‌رێمه‌که‌ نه‌ماوه‌، ده‌یه‌وێ بە هەر شێوه‌یه‌ک خۆی وەك هێزێك بۆ رای گشتی نیشان بدات، بەداگیركردنی باشووری كوردستان به‌کارهێنانی وه‌کوو گۆڕەپانێكی شه‌ڕ، سیاسەتی خۆی لە هەرێمەكە داسەپێنێت، و به‌و شێوه‌یه‌ خۆی له‌ گۆڕانكاریەكان دوور بگرێ.
لەم پێناوەشدا بە پێی ئەو بەڵگانەی كە دەركەوتوون دەیهەویست لە گەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دژایەتی كردن لەگەڵ هێزی سەرەكی رۆژهەڵاتی كوردستان پەژاك بكەوێتە ناو هاوپەیمانی. بەڵام ئێستا بە هێرش كردن بۆ سەر باشووری كوردستان دەیهەوێت ڕێگریی لە پێشكەوتنی رۆحی نەتەوەیی و یەكگرتنی هەموو پارچەكانی كوردستان بەتایبەت باشوور بكات.
ئێستا بێدەنگ مانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر هێرشەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستكەوتەكانی باشوور و ئیرادەی حكومەتی هەرێم دەخاتە ژێر مەترسی. لەوانەیە كە هاوپەیمانیەك بەرلە ئێستا لەگەڵ رژیمی ئێراندا هەبووبێت، بەڵام ئێستا بەهۆی پێكنەهاتنی ئەو هاوپەیمانیە ئێران دەیهەوێت بەزۆر داگیركردنی باشوور ئەو هاوپەیمانیە بخاتە بواری كرداریەوە. هەر بەم بۆنەیەوە ئێستا پێویستە ئە‌و راستیە لەلایەن هەموو كەس بە تایبەت حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بزانرێت كە ئەو هێرشە بە تەنیا بۆ سەر گەریلا نییە و بەڵكو ئامانجی باشووری كوردستانە.
پژاک لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا تیشک دەخاتە سەر گواستنەوەی چەکی قورسی وەک موشەک و وەها دەنوسێت:
هێنانی موشەكی زەوی بە زەوی و بەجێ كردنی لە پیرانشار و بە ناوەند كردنی لەوێ، بۆ قەندیل و هەرێمی پارستنی میدیا نییە، بەڵكو مەبەستی دیكەی لە پێشتە. بۆیە پێویستە لە لایەكەوە ئەم قۆناخە كە گەلی كورد بە گشتی تێیدایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە لە بەرچاو گرتنی گەیشتنی گەلی كورد بە رۆحی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ كۆنفرانسی نەتەوەیی و لەلایەكی دیكەشەوە هێرش بۆ سەر دەستكەوتەكانی گەلی كورد، بەرپرسیارانە هەڵسوكەوت بكات.
ئێمە وەك پارتی ژیانی ئازاد كوردستان که‌ گەلێك جار هەوڵدانمان كردووە کە كێشەی كورد بە شێوازێكی ئاشتیانە چارەسەر بكەین. گەلێك جار بریاری بێ چالاكی یەك لایەنەمان راگەیاندووە كە هەرە دوایییش ماوەی 7 مانگە چالاكیمان نەكردووە، رادەگەیەنین كە ئەو هێرشە لەبەرامبەر پەژاك نییە. ئێمە هەتا ئێستا بە رۆحێكی خۆراگڕیانە رووبەرووی هێزەكانی رژیم بووینەتەوە و لەم پێناوەشدا بە رۆحی بەرخۆدان 7 هەڤاڵمان شەهید بوون. ئێستاش بە هەموو شێوازێك ئامادەیی ئەوەمان هەیە كە رووبەرووی هەموو چەشنە هێرشێك ببینەوە و ئیجازەش نادەین كە كەس دەستی خۆی درێژی دەستكەوتەكانی گەلی كورد بكات. گەریلاكانی پارتیمان نیشانیان داوە كە خاوەن هێز و رۆحی خۆراگرن. توانیومانه‌ و دەتوانین كە بەرگری لە هێرشە و دەسترێژی داگیركارانی كوردستان بكەین.
لێرەدا سەرەرای سەرەخۆشی لە سەرجەم گەلی كورد بە تایبەت بنەماڵەی شەهیدانی ئەم خۆڕاگریە داوا لە گەلی كورد بەتایبەت لە باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین كە بە خاوەندارێتی كردن لە دەستكەوتەكانی گەلی كورد و هاوكات لە رۆحی خۆڕاگری گەریلا، سیاسەتی دوژمنانی گەلی كورد پووچەڵ بكەنەوە. پێویستە رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بزانێت كە بەم هێرشە دەستی بۆ تێوەردانی هێزە دەرەكیەكان كردۆتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە