لەچاوەڕوانی کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکەی گۆڕان ویەکێتی وپارتی
Tuesday, 22/03/2011, 12:00
لەبەر ڕۆشنایی دووکۆبوونەوەکەی یەکێتی وگۆڕان بڕیارە بەم نزیکانە بەپێی لێدوانی سەرکردەکانی گۆڕان ویەکێتی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی ئەنجام بدرێ،لەسەرئاستی مەکتە سیاسی هەرسێ لایەنی یەکێتی وپارتی وگۆڕان ئەمەش وەك زەمینە خۆشکردنێك بۆ کۆبوونەوەی سەرانی هەرسێ لایەن دیارە هەرلایەنەو بەداواکاری خۆی وپێشنیارەکانی چاکسازی دەچێتە ناو ئەوگفتوگۆیەوە،بەهۆی ئەوەی لەناوهەردووحیزبی دەسەڵاتدار تاکەبڕیاردەر تاڵەبانی وبارزانین چاوەڕێ ناکرێ یەکەم کۆبوونەوە هیچ ئاکامێکی هەبێ وبۆ وەڵام وپێشنیارەکانی لایەنی گۆڕان یادرێژە بەکۆبوونەوەکان دەدرێ یا ئەوەتا دوابەدوای ئەوە هەرسێ سەرانی یەکێتی وگۆڕان وپارتی کۆدەبنەوە،ئەوەی لێرەدا جێگەی پرسیار وتێڕامانە هیچ ئاماژەیەك بە بەشداری نوێنەرانی خۆپیشاندەران نەکراوە لەوکۆبوونەوەیەدا باوەڕیشم وایە کەوەفدەکەی گۆڕان تەنها نوێنەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات.بەپێی زانیاریەکان تەوەری سەرەکی گفتوگۆ کەوەك چارەسەر پێشنیارکراوە لەلایەن مسعود بارزانیەوە بەشداریکردنی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنە لەحکومەتێکی بنکە فراواندا تاهەموان نەخشەڕێگاکەی مسعود بەئەنجام بگەیەنن.دیارە هەرلەیەکەم کۆبوونەوەی یەکێتی وگۆڕان ئەم پێشنیارەکراوە
دەسەڵاتی ستەمکاری هەردووبنەماڵە بیست ساڵە کار بۆ دەست گرتن بەسەر هەمووکایەکانی ژیانی کۆمەڵگادەکەن تالەڕێگەیەوە میللەت بکەنە پاشکۆی خۆیان وهەمیشە چاویان لەدەستی دەسەڵات بێت،دەسەڵاتی هەردووبنەماڵە لەبری بەکارهێنانی سەروەت وسامانی میللەت بۆ ئاوەدانی وخۆشگوزەرانی وبنیادنانی ئابووریەکی بەهێز بۆ پاشەڕۆژی نەتەوەکەمان بانکەکانی دەرەوەیان پڕ کردووەو هێزی ئەمنی تایبەتیان بۆپارێزگاری هەردووبنەماڵە بەپارەی میللەت بنیاد ناوە تاڵەڕێگەیەوە بەبەکارهێنانی هێزوو زەبرووزەنگ وچاوسوورکردنەوە خەڵکی ناڕازی لەسیاسەتی چەوتیان بێدەنگ بکەن،خانەوادەی هەردووبنەماڵە هەرگیزلەخەمی نیشتماندا نەبوون وبەدەمیشیەوە نین تابۆشیان بکرێ بەزەبری هێز درێژە بەپاوانخوازی وتاڵانکاری دەدەن،هەروەك ڕۆژانە هەمووومان دەبینین چۆن بەربوونەتە گیانی خەڵکی خۆپیشاندەر
بزووتنەوەی گۆڕان تائێستا سیاسەتێکی ڕوون وئاشکرای نەگرتۆتە بەر سەبارەت بەوباروودۆخەی هاتۆتە ئاراوە هەمیشە سیاسەتی نەشیش بسووتێ ونەکەباب پەیڕەو دەکەن لەلایەکەوە پشتیوانی خۆپیشاندەران دەکەن لەلایەکی ترەوە بێ بەشداری پێکردنی نوێنەرانی خەڵک لەهەوڵی گفت وگۆدان لەگەڵ دەسەڵات لەگەڵ ئەوەی لێیان ڕوونە دەسەڵات هەرگیز بەدەم داواکاریەکانەوە نایەن وتابۆیان بکرێ لەڕێگەی دانوستانەوە درێژە بەو وەزعە دەدەن وهەوڵ دەدەن درز بخەنە نێوان دژەکانی دەسەڵات تادواجار بەسوودی دەسەڵات دەگەڕێتەوە.دەسەڵاتی بنەماڵە بیست ساڵە لەسەر حسابی میللەت لەخۆشگوزەرانی وبێباکیدا ژیان دەگوزەرێنن بەدەیان کۆمپانیای بەرهەمهێنەری پارەیان لەسەر سکی برسی گەل دروست کردووە بینیمان چۆن لەبەرامبەر تەنها شکاندنی چەند شوشەیەکدا چەند گەنجیان خەڵتانی خوێن کرد ،دەبینین وبینیمان چۆن لەشکرێكی بەپارە ڕاگیراویان بەرداوەتە گیانی خەڵکی ولەبری وەڵامی داواکاریەکان چۆن گاڵتە بە میللەت ئەکەن وبەبەکرێگیراوییان لەقەڵەم ئەدەن ،بینیمان چۆن جامانەیەکی سووری ڕەمزی بەعسیەکان بەموقەدەستر دەزانن لەخوێنی گەنجەکانمان.دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان چاوەڕێێ چی لەدەسەڵاتێکی خێڵەکی بێ عەقلی بارزانی بکا جگە لەخۆبەزل زانینی زیاترو بەڕەعیە تاماشکردنی کۆمەڵگا نەبێت
ئەوەی جێگەی داخو نیگەرانی وگومانە لەگەڵ هەمووهەڵچوونێکی شەقامدا باس وخواسی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەکەنە مانشێتی سایتەکانی دەسەڵات وهەڵسوڕاوانی گۆڕان لەڕێگەی سایتەکانی ترەوە باسی ئەم کۆبوونەوانە دەکەن نازانین بۆ لەڕاگەیاندنەکانی خۆیانەوە باسی ناکەن گەر بەڕاستی دەسەڵات نیەتی چاکسازی وجێبەجێکردنی داواکاریەکانی خەڵکی هەیە ئەی بۆ باس لەو داواکاریانە ناکەن کەبەنیازن بیخەنە سەرمێزی گفتو گۆ لەگەڵ دەسەڵاتداران،هەقە بزووتنەوەی گۆڕان بەڕاستی واز لەم سیاسەتی یاریکردن بەعەقڵە بهێنێ کەپیادەی دەکەن(دیارە ئەم سیاسەتە نوێیە هەر سەرکردەکانی گۆڕان دەیزانن)لەبری ئەوە بەشێوەیەکی ڕوون نیەتی گۆڕان لەم جۆرە دانوستانانە بۆ میللەت بخەنە ڕوو لەهەمان کاتیشدا بۆ هەموولایەکی بەیان کەن تاچەند متمانەیان بە دەسەڵات هەیە تا بەپیر داخوازیەکانەوە بێت ولەکاتی شکستهێنانی گفت وگۆکاندا هەڵوێستیان چی دەبێت؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست