کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شێخە بێ تەریقەتەكەى وەزیرى پێشمەرگە چى دەوێت؟!

Wednesday, 11/05/2011, 12:00


لەڕاستیدا توشى شۆكبوم كاتێك لەسەردێڕى هەواڵێكدا بینیم نوسراوە (لەلایەن وەزیرێكى حكومەتى هەرێمەوە هەڕەشەى كوشتن لەسەرنوسەرى گۆڤارى لڤین دەكرێت), بەڵام كاتێك بیستم شێخ جەعفەر شێخ مستەفاى وەزیرى پێشمەرگەیە بەشتێكى زۆرئاساى وەرمگرت و تەنانەت چاوەڕێى بیستنى وەها هەواڵێكیشبوم كەجەنابیان ڕاستەوخۆ هەڵكوتنە سەر گۆڤارى لڤین وهەڕەشەكە جێبەجێ بكەن!.

چونكە ئەم وەزیرى پێشمەرگەیەى حكومەتەكەى لەمەڕخۆمان بەشى ئەوەندە كارى نایاساى كردوەو بەتایبەتیش لەدووسێ مانگى ڕابردوودا بەزمانێك شەرحى ئەتەكیەتى خۆى بۆكردین كەچاوەڕێى هەموو شتێكى لێبكرێت, هەرئەم وەزیرەبوو لەهەڵمەتى هەڵبژاردنەكاندا یەكەمین كەس بو كە سەروەرى یاسای پێشێل كردوو كەوتە وێزەى لایەنگرانى لیستەكانى ڕكابەرى لیستى هاوپەیمانى لەشەقامى توى مەلیك, هەر ئەم وەزیرى پێشمەرگەیەبوو كەرامەتى یاساى ڕوشاندوو بەنایاساى و بەئارەزوى ویستى خۆى هێزەكانى پێشمەرگەى بۆهەركوێ وبۆهەرشوێن بویستایە دەجوڵاندو زۆربەى جارەكانیش لەڕاگەیاندنەكانەوە بێ منەتى خۆى بەرامبەر هەركەسولایەنێك نیشان دەدا, هەرئەم وەزیرەش بوو وتەكانى بۆنى خوێنیان لێ دەهات و دەیگوت: هێزەكانمان ئەمرى تەقەكردنیان پێیەو پێویست بەئەمرناكات!, هەرەها لەدواى حەڤدەى شوباتەوە یەكەمین بەرپرسێك ئەگەر قسەكانى پێوانەبكرێن بۆتەشهیرو قسەى نابەجێ زۆرترین جوێن و سوكایەتى بەخۆپیشاندەراندا ئەم وەزیرى پێشمەرگەیەبوو, تائەوڕادەى بەچەقۆكێش و بەرەڵا ناوى بردن!.

لەچوارچێوەى ئەوباهۆزە دیموكراسیەى لەڕۆژهەڵاتى ناویندا هەڵیكردوە دەسەڵاتى سەرۆكایەتى دوو وڵات ڕوخاو چەندین ووڵاتى دیكە تائەمڕۆ جمەیان دێت لەخۆپیشاندان و ناڕەزاى, كەچى ڕاستەوخۆ لەشاشەى تیڤیەكانیانەوە نەمانبینى وەزیرێك, كاربەدەستێكى باڵاى دەولەت بەخۆپیشاندەران بڵێت چەقۆكێش وبەرەڵا بە(قەزافیشەوە!), نەمانبینى ونەمانبیست وەزیرێك ئەوەندە قسەى نەشیاوبكات كە میدیایەك نەتوانێت قسەكانى بڵاوبكاتەوە, بەپێچەوانەوە ڕۆڵى وەزیرو وەزارەتەكانى بەرگرى میسرو تونس, بەو وڵاتانەشەوە كەتائەمڕۆ ناڕەزاى وخۆپیشاندان تیایاندا بەردەوامە تاڕادەیەكى بەرچاو ڕوو لەخەڵك وپشت لەدەسەڵات بوو, كەچى لەسایەى كابینەى لیبڕاڵترین سەرۆك حكومەتەوە بینیمان وەزیرێك لەشاشەى تیڤیەكانەوە چى دەگوت وبەوەشەوە نەوەستا تادواجار بەموبایلى شەخسى كەوتە هەڕەشەى كوشتن لەسەرنوسەرى گۆڤارێك!.

وەزیرێك لەبەردەم یەكەمین دەسەڵاتدا كە پەڕلەمانە یەكبەخۆى هاواردەكات و سوێندبەگۆڕى شەهیدان دەخوات كەئەو دەبابانەى كوردستان كەدەبینیرێن, دەبابەنین و ناقیلەى ئەشخاسن!, وەزیرێك حاشا لەكارەساتە خوێناویەكەى حەڤدەى شوبات بكات و لەڕاگەیاندنەكانى حیزبەوە بڵێت:(ئەوەى تەقەى كردوە پاسەوانەكانى لقى چوار نەبون بەڵكو خەڵكى گێرەشێوێن بوون تەقەیان لەلقى چواركردوە!), وەزیرێك كاتێك ڕۆژنامەنوسێك پرسیارى ئەوەى لێ دەكات كەدوو فەوج موچەیان وەرنەگرتوە, ڕاستەوخۆ ئەم وەزیرە تەعریفى خۆى بۆڕۆژنامەنووسەكە دەكات و دەڵێت:(من زمانى سیاسى و دیبلۆماسى نازانم!) پاشان دەڵێت:چیت پێدەڵێم ئەوە بنوسە, (ئەوەى واى گوت پڕبەدەمى.......خوارد!), وەزیرێك لەیەكێك لەچاوپێكەوتنەكاندا بەزمانێكى ڕەق ودوور لەهەموو مەنتقێكى دیبلۆماسى و بەئاشكرا دەڵێت: بۆیە ئەوهێزەمان بردوە بۆ هەڵەبجە بۆئەوەى لەگەڵ حیزبەئیسلامیەكان ئەمجارە بەتەواوى یەكلاى بكەینەوە!, وەزیرێك هەڵەبجەیەكان بەپیاوكوژ لەقەڵەم بدات!, وەزیرێك وانیشان بدات وەك ئەوەى خۆپیشاندەر هەمووى كۆیلەى ژێردەستى جەنابیانبن و لەهەركات و زەمانێكدا چۆنى بوێت ئاوا تاروماریان بكات و تەنانەت ئەگەر پێویست بكات بشیانكوژێت!, وەزیرێك بەدەبابەو دۆشكەو بەوپەڕى بێ منەتى و ڕاستەوخۆ هەڕەشەى دەمكوتكردنى خۆپیشاندەران بكات!, دواجار وەزیرێك هیچ ئەتەكیەتیەكى قسەكردنى نەبێت!, ئیتر ئەمە هەڵسوكەوت و مامەڵەى وەزیرێك بێت, چى بمێنێتەوە بۆنیقاش وهەڵوەستە لەسەرچى شتێكى ئەم وەزیرە بكەین؟, ئەگەرجەنابیشیان پێیان وایە ئەمە ئازایەتى و مەردایەتیە, باجەسارەتى ئەوەى هەبێت بچێتە جەلەولاو حەمرین وناوچەدابڕاوەكانى دیكەو لەوێوە ئەو ئازاى وبوێریەى خۆى بەرامبەر عەرەبە شۆڤێنیەكان بنوێنێت نەك بەرامبەر ڕۆژنامەنوسێكى كوردى بێ پشت وپەنا كەلە فیكرو قەڵەمەكەى دەستى زیاتر هیچیدیكە شك نابات.

سەیرلەوەدایە ئەم وەزیرە لایەك لەخەڵكى هەرێم نەیدەزانى چكارەیەو ئەوەندە بێ ئیشبوو مانگى جارێك لەشاشەى تیڤیەكانەوە دەرنەدەكەوت, مەگەرجارجار لەڕاپۆرتە هەواڵێكى میدیا ئەهلیەكاندا لەسەركێشەى دواكەوتنى موچەى پێشمەرگە, یان دەركردن وگواستنەوەى فلان سریەو فەوج , فیسار ئەفسەرو پێشمەرگەدا ناویمان بەرچاو بكەوتایەو بیرمان بهاتایەوە كەسێك هەیە لەم هەرێمەدا بەناوى وەزیرى پێشمەرگە, دەنا لەكاتێكدا دەیان كێشمەكێشم و ململانێى سیاسى ناوچەسنووریەكان لەگۆڕێبوو كەچى ئەم هەرێمە وەك ئەوەى بڵێى تاكە ئەفسەرێكى تێدانەبوو نەك وەزیرى پێشمەرگە!, تۆپبارانى ناوچە سنووریەكان لەلایەن ئێرانەوە دەكرا وەزیر وونبو, دەیان كێشەى ناوچەدابڕاوەكان لەنێوان هەرێم وناوەنددا بەردەوام مانشێتى ڕۆژنامەو سەردێڕى هەواڵى تیڤیەكانبوو نەمانزانى وەزیر سەرقاڵى چیەو ئولفەتى بەچیەوە گرتوە, ئەوەباسى كێشە سنوریەكانى هەرێمى هەولێرو دهۆك ناكەین چونكە مەعلومە كەجەنابیان لەهەركەس باشتر دەزانن لەمەملەكەتى زەرددا هیچ ئیعتیبارێكیان نیە, بۆیە ڕەنگە ئەم وەزیرى پێشمەرگەیەى هەرێمەكەى ئێمە خودا خێرى شوهرەت وبەناوبانگ بونى لەگرژیەكانى ناوخۆدا لەچارە نوسیبێت!.

تائێرە بۆئێمە هەڵوێستى وەزیرێكى لەمجۆرە شتێكى تازەو نامۆو چاوەڕوان نەكراو نیە, وەلێ ئەوەى پێویستە بگوترێت كارەسات وماڵوێرانیەكە لەوڕۆژەوە بەرفراوانتربوو كاتێك لەكۆنگرەى سێى حیزبەكەى جەنابى وەزیردا بەرپرسانى سەربازى وئەمنی گەیشتنە ئاستى بەرپرسیاریەتى باڵاو بونە خاوەن بڕیارو مۆنۆپۆلى باڵە سیاسیەكەى یەكێتیان كردو دواجار كۆنگرەش بەچەپڵەڕێزان كۆتاى هات!, ئیدى هەر ئەوێ ڕۆژێ ئەوحیزبەى كەبەسكرتێرو تەواوى بەرپرس و تەنانەت جەماوەرەكەشیەوە شانازیان بە دیموكراسى و فرەدەنگى و هەروەها شانازیان بەئەندامبونى یەكێتییەكەیان دەكرد لەڕێكخراوى ئینتەر ناسیۆنالدا بەیەكجارى ڕووى ڕاستەقینەیان ئاشكرابوو, بینیمان لەهەموو تەنگژە سیاسیەكانداو بەتایبەتیش خۆپیشاندانەكانى ئەم دوایەى جەماوەر لەسنورى ئیدارەى سلێمانیدا, مەملەكەت بوو بەسەربازگەیەكى گەورەو چەندین هێزى سەربازى وئەمنى لەژێرچەندین ناوى جیاجیامان بۆیەكەمجار بیست, بەرپرسانى باڵاى سەربازى یەكێتى هەموو ڕێگەیەكى نەشیاو ناشارستانى و نامەدەنیان گرتەبەرو بەتەواوى كارەساتى بەمیلیتاریزم كردنى یەكێتى بۆ ڕاى گشتى ناوخۆو تەنانەت كۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش وەدەركەوت (ڕِِاپۆرتى ناوەندو ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەسە بۆ سەلماندنى ئەو ڕاستیە), ئەوەى لێرەشدا جێگەى ئاماژە پێكردنە یەكێك لەو بەرپرسە سەربازیە دیارانەش كەزۆرترین كات ولەبەرپرسە سیاسیەكانى یەكێتى زیاتر لەشاشەى تیڤیەكانەوە دەمانبینى بەباوەشێك هەڕەشەو دڵێكى پڕلەقینەوە دەبوە میوانى ماڵەكانمان ئەم ئەندام مەكتەب سیاسیەى یەكێتى و ئەم وەزیرى پێشمەرگەیەبوو.

لەدوایین جاریشدا جەنابى شێخ بەیەكجارى ڕووى ڕاستەقینەى ناشرینى خۆى و حیزبەكەشى بۆ ئێمەو كۆمەڵگەى نێودەوڵەتی هەڵماڵى, چونكە جگەلەوەى لە ووتارێكى توێژەرى سیاسى (مایكڵ ڕۆبن)دا بەئاشكرا باس لەهەڕەشەكانى جەنابى شێخ دەكرێت كەلەماڵپەڕى ئینترپرایسى بەناوبانگدا بڵاوكراوەتەوە و ڕێكخراوى پەیامنێرانى بێسنوریش كەڕێكخراوێكى نێودەوڵەتیەو لەسەرانسەرى جیهاندا پشتگیرى لەڕۆژنامەنووسان دەكات ڕاستەوخۆ كاربەدەستانى هەرێمى لەترسناكى هەڕەشەكانى وەزیرى پێشمەرگە ئاگادار كردۆتەوە, هاوكات بەپێى زانیاریەكى ووردو دروستیش كەبەمن گەیشتوە جگەلەو كونسوڵى و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیانەى كە گۆڤارى لڤین بەیاننامەكەى خۆیان ئاڕاستە كردوون هەڕەشەو جوێنەكانى وەزیرى پێشمەرگە گەیشتۆتە سەرۆكى پەڕلەمانى یەكێتى ئەوروپاو كۆشكى سپى و مەكتەبى تایبەتى ئۆباماش.

ئەم وەزیرى پێشمەرگەیە كەشێخە, وەلێ شێخێكى بێ تەریقەت, ئەوەى كەلەئێستادا ڕوونە تاكە تەریقەتێك كەلەسەر دەستى حیزبەكەی وەریگرتبێت تەریقەتى هەڕەشەو چاوسوركردنەوە و كوشتنە لە ڕۆژنامەنووسانى هەرێم و خەڵكانێك كەلەڕێگەى خۆپیشاندانەوە داواى مافو ئازادى وبەها ئەخلاقى و مرۆى و كۆمەڵایەتیەكان دەكەن, ئەگەر جەنابى شێخ لەسەردەستى حیزبەكەی ئەم تەریقەتەى پێ نەدرابێت و سەرپشك نەكرابێت لەبەرامبەر هەركارێكدا كەبیكات, خێرە هەتا ئەمڕۆ ڕاى گشتى ناوخۆو كۆمەڵگاى نێودەوڵەتیش لەهەڕەشەكانى جەنابى شێخ ئاگادار دەكرێتەوە كەچى نەحیزبەكەى شێخ و نەسەرۆك حكومەتە لیبڕاڵەكەى ئەوكابینەیەى كەجەنابى شێخ تێیدا وەزیرە خۆیان بێدەنگ كردوەو هیچ هێزو كەسێك نیە لێپرسینەوە لەجەنابى شێخ بكات؟!.

ئەم شێخە بێتەریقەتە چى دەوێت لەسەرنوسەرى گۆڤارێك كەنەچەك بەدەستەو نەبەردهاوێژوو نەهووتاف كێش, ئەى باشە بۆوا لێى بەسەرەوە بچێت لەكاتێكدا كەباس لەسەروەرى یاسا دەكرێت؟ ئەمە ئەو پرسیارە سادەیە كەلە هزرى هەموو تاكێكى ئەو هەرێمەدا ماخۆلانیەتى, ئەرێ گەلۆ ئەوە چى یاساى دارستانێكە ئەو هەرێمەى لەمەڕخۆمانى پێ بەڕێوە دەچێت وبیست ساڵە سەروەرى ئەو یاسایەمان لەسەرزارى سەرۆكەوە بەمەكرەمە پێ دەفرۆشن؟!.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە