کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دکتۆر رۆژ .. تۆ قومارچییەكى باشی چۆن ئەم مەتەڵەى مالیكیت پێ هەڵنایەت؟

Wednesday, 26/02/2014, 12:00


گەورە ترین كێشەو نەخۆشی كە بەرۆكى میللەتى كوردى گرتووە، ئەو بەرپرسە حزبیانەن كە خۆیان بە پیاوى سیاسی دادەنێن و سەر لەهیچ سیاسەتێكیش دەرناكەن، نمونەیان وەكو رۆژ نورى شاوێس. چەند ساڵێكە هەرێم كێشەى لەگەڵ حكومەتەكەى مالیكى هەیەو خۆشی بەشێكە لەو حكومەتە، پارتى و یەكێتى لە حكومەتى عێراقى كۆمەڵە پۆستێكیان پێدراوە، ئەگەر لەهەر وڵاتێكى تر بوایە، لەوەها كێشەو قەیرانێكدا ئەم دەسەڵاتانە كوداتایان پێدەكرا و حكومەتێكى پێ بەڕێوە دەبرا. مەبەستم نیە بڵێم پێویستە ئەوانە كودەتا بكەن و دەسەڵات لەمالیكەى وەربگرن، مەبەستمە بڵێم، هیچ هۆكارێك نییە بۆ بێدەسەڵاتییتان لەبەرامبەر مالیكى تەنها ئەوە نەبێ كە ڕۆژ نورى شاوێس دەڵێت ئێمە ناشارەزاین.
ئەو پۆستانەن كە پارتى و یەكێتى پێیاندراوە لەبەغدا:
جێگرى سەرۆك حكومەتى عێراق: د. رۆژ نورى شاوەیس.
جێگرى سەرۆكى پەرلەمانى عێراق: عارف تەیفور.
وەزیرى دەرەوەى عێراق: هۆشیار زێبارى.
وەزیرى بازرگانى عێراق: د. خیروالله حسن بابەكر.
سوپا سالارى عێراق: بابەكر زێبارى.
جێگرى وەزیرى دارایی: فازل نەبى.
جگە لەوەزیرى كۆچ و كۆچبەران و وەزیرى تەندروستى، كەئەم دوو وەزارەتە لەبێكەسی دراونەتە كورد و گلەیی لەبێ دەسەڵاتیان ناكرێت. چونكە وەزارەتى خزمەتگوزارین.

رۆژ نورى شاوێس. لە دوا لێدوانى بۆ دەنگى ئەمریكا دەڵێت : ((ئەم هەڵوێستانەى مالیكى مەتەڵێكە پێویستى بە خەڵكى شارەزا هەیە، چارە سەرى بكات یان هەڵیبێنێت)).
جەنابی دختۆر ساڵانێكە بەشدارە لە بەڕیوەبردنى حكومەتەكەى بارزانی و چەندین ساڵیشە دەرگەوانی مالیكیە. كەچی پێی وایە ئەو سیاسەتانەى مالیكى لەبەرامبەر حكومەتى هەرێم دەیكات مەتەڵێكەو پیاوى ژیرى دەوێت هەڵیبێنێت.
ساڵانێكە سەركردە حزبیەكانى كورد سیاسەت كردنى حەكیمانەو خزمەتگوزارى و دیموكراتییەت بە بەغدا دەفرۆشنەوە، كەچى ناتوان بەهەر هەموویان ڕێگا چارەیەك دادنێن بۆ ئەو بەربەستانەى مالیكى بۆیان دروست دەكات، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە هەموو سەركردەو بەرپرسە حكومیە كوردەكانى هەرێم و بەغدا كۆبكەیتەوە بەقەد دوو دەقیقەى مالیكى سیاسەتیان پێناكرێت.
ئەگەر هاوڵاتیەكى ئاسایی ئەم وڵاتە بڵێت ئێوە سیاسى نینەو وازبێنن، ئەوە قوڕبەسەرى، بەڵام شكور غوڵامەكەى بارزانى (رۆژ نورى شاوێس) بە ئاشكرا لە ڕاگەیاندنێكى جیهانى دەڵێت : ئەم هەڵوێستانەى مالیكى مەتەڵێكە پێویستى بە خەڵكى شارەزا هەیە، كەواتە: ئەو كەسێكە نەشارەزایە.
ئێمەى هاوڵاتى ئەم مەملەكەتە ساڵانێكە دەزانیین ئەوان ناشارەزان و حكومەتدارى دەكەن، ناسیاسین و سیاسەت دەكەن، (نەخوێندەوارن) و دكتۆرن. بەڵام ئەوان دانى پێدا نانێن و خۆیان لێمان كردۆتە نمونەى كەسی سیاسی لە عێراق.
ئەوەى جێگاى پرسیارە، ڕۆژ نورى شاوەیس كە جێگرى سەرۆك حكومەت و لەئاست مالیكى دەستە وەستانەو سیاسەتى مالیكى لێ بۆتە مەتەڵ و پێ ى هەڵنایەت، ئەى چاوەڕێ ى چى لە بەرپرسەكانى تر بكرێت؟
لەكۆتاییدا دەبێ ئەوەش لەبیر نەكەین ئەم ناشارەزایە، كوڕى نورى شاوەیسە، كە لە شەستەكان لەكاتى دروست بوونى كێشە لە نێوان مەلا مستەفاو مەكتەبى سیاسی پارتى، ئەوكاتە مەكتەبى سیاسی، تالەبانى و برایم ئەحمەد و ئەوانى تر لەگەل نورى شاوەیس لە ماوەت دەبن، بارزانیش بۆ ئەوەى تۆڵەى خۆی لە مەكتەبی سیاسی و جەماعەتى تاڵەبانى و برایم ئەحمەد بكاتەوە لەسەر ئەوەى دژى بارزانى خەریكى بەستنى كۆنگرەن و دەیانەوێت بارزانى لەپارتى دەربكەن، هێزێكى بارزانییەكان دەنێرێتـە ماوەت بۆ لەناو بردنى جەماعەتى مەكتبى سیاسی، نورى شاوێس بە تاَلەبانى و هاوڕێكانى دەڵێت: من بەخۆم و برنۆیەكەم لە شوێن خۆم هەڵناستم، تا كۆتا فیشەك دەنێم بەسەرى جامانە سورەكانەوە. بەڵام هەركە هێزى بارزانییەكان نزیك دەبنەوە، هەڵدێت و خۆى نابێتە خاوەنى خۆى.
*بۆ دیمانەكەى د. رۆژ سەیرى رۆژنامەى هەولێر بكە/ ژمارە (1848)ى 25/2/2014. لاپەرە (2).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە