پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ دهنگدان مهچۆ، ئهو دهنگهی تۆ! رهوادانه به خیانهت و فهسادیی و ناپاکیی
Friday, 26/04/2013, 12:00
بەشی یەکەم :
کوردستانپۆست بە ڕەنگی سوور پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان کردوە کەڕەنگە تاکاتی دیاریکراوی هەڵبژاردن لەکوردستانی باشوور بمێنێتەوە. ڕەنگە لەتەك ئەم پەیامەشدا ڕاپرسیەك لەلای چەپی وێبەکەدا دابنرێ تا بزانرێ کەوا چەند کەس بەشداری ئەم هەڵبژاردنە ئەکەن و چەندیش بەتەواوەتی بایکۆتی ئەکەن. حەتمەن کوردستان پۆست لەخۆوە نەهاتوەو ئاوا بەوشێوەیە داوا لەخەڵکی کوردستان بکا کە دەنگ دان و بەشداری کردن ڕەوا دانە بە زیاتر بەتاڵان بردنی ووڵات لەلایەن دوو بنەماڵەی چەتەیی و مافاییی و بەبەشداری چەند دوکانێکی بەناو سیاسی کەخۆی لە ئۆپۆزیسیۆندا ئەبینێتەوە. داخۆ مافی خۆمانە لەم پەیامە بڕوانین و بزانین تا چەند ئەو ئامانجانەی پێکاوە کەلەخزمەت هاوڵاتیانی باشووردایەو لەهەوڵی ئەوەدایە کەچی تر کۆمەڵگای ئێمەش لەخەون و بێئاگاییدا درێژە بەژیان نەدا.
وەك ئاشکرایە کەئاکامی بنەڕەتی وسەرەکی هەر هەڵبژاردنێك لەهەر کوێیەك بکرێ پێوستی گرنگی بە ڕەوایەتی هەیە، بۆ ئەم بەڕەوابینیەش پێوستی بەبەشداری زۆرینەی دەنگدەران هەیە تا جۆرێك لە ڕەوابینی یاسایی(شەرعیەتدان) بۆ خۆی پەیدا بکا. بەمانایەکی تر، تا هەڵبژاردن ڕادەی بەشداربوان تیایدا زۆرتر بێ، زیاتر ڕەوایەتی بۆ خۆی دابین ئەکا.. وە بۆ ئەوەی زیاتر بتوانێ ئەم ڕەوابوونە پەیدا بکا،پێوستی بە لانی کەم دوو وەیان یەك خاڵی جەوهەری هەیە کەوا لەدەنگدەران بکا تامەزرۆی ئەو بەشداری کردنە بکەن و ڕیز ببەستن و دەنگی خۆیان بخەنە سندووقی دەنگدانەوە.
بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی هەندێ نمونەی ئەو خاڵە سەرەکی و بنەرەتیە باس ئەکەین کە لەووڵاتی ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەنگدەر زیاتر بەدەم پەیامی هەڵبژاردنەوە بچێ، کاندیدەکان خاڵی سەرەکی گەڕانەوەی شاری قودس وەك پایتەختی ئەبەدی ئیسرائیل ئەکەنە مەرجی سەرکەوتنی کەمپینەکەیان و ئەوەی زیاتر جەخت لەم خاڵە بکاتەوە ، دیارە شانسی بردنەوەی هەیەو زۆرترین دەنگدەر ئەچن بەدەم پەیامەکەی و دواتر ڕێژەیەکی بەرز لەدەنگدەر ، دەنگ ئەدەن و ڕەوایەتی ئەو هەڵبژاردنە پێك دێت. هەمان شت ڕاستە بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٨ وە تووشی قەیرانی ئابووری بوونەوە وەك یۆنان, قوبرس،ئیرلەندا،ئیتالیا،ئیسپانیاو پورتۆگال. ئەم ووڵاتانە بەگشتی تووشی داڕمانی ئابووری هاتن و پەنایان بۆ ئەڵمانیا هێنا تا لەو قەیرانە ئابووریە ڕزگاریان بکا. بۆیە ئەڵمان و فەرەنسیەکان هەستان بە سەپاندنی یاسای (Austerity) وەیان یاسای تەقەشف. کەوا لەو ووڵاتانە ئەکا بەپێ ئەم جۆرە یاسایانە ئابووری خۆیان باش بکەن، دیارە کاتی هەڵبژاردن لەم ووڵاتانەی کە ئەو جۆرە قەیرانە ئابوورییانەیان تووش بوبو، کاندید تەنها جەختی لەسەر ئەوە ئەکردەوە کەوا چۆن ئامادەیە ووڵات لەو قەیرانە دەربکاو کاری ئیش و کار بۆ هاوڵاتیانی دابین بکا، بەو هۆیەشەوە خەڵکی زۆری لەخۆی و پەیامەکەی کۆئەکردەوەو دەنگی زۆرینەی وەدست ئەهێنا، واتە ڕەوایەتی زیاتری بۆ هەڵبژاردن دابین ئەکرد.. هەمان نمونە لەهەلبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بەتەواوەتی ڕەنگی دایەوە کاتێ ،ئۆباما زیاترین پەیامی ئەوەبوو کەوا چۆن ئەمریکا لە داتەپینی ئابووری ساڵی 2008 ڕزگاربکاو ڕادەی بێکاری کەخۆی لەسەرو 15% بوو کەمی کردوە بۆ 8%. بۆیە ئەم خاڵەی ئۆباما زۆرترین کەسانی لەکەمپینەکەی کۆکردەوەو ڕێژەی دەنگدانی بردە ئاستی 78%، کەئەمەش ئاستێکە بۆ دابین کردنی ڕەوایەتی.
بەپێچەوانەوە لەهەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی بەشێك لە عێراق کە ڕێژەی بەشداربوان نەگەیشتە ئاستێکی وا ڕەوایەتی بۆ خۆی دابین بکا، عێراق کەوتەوە گێژاوێکی تری ناکۆکی و شەڕو شۆ کەوا خەریکە بەتەواوەتی تەشەنە ئەسەنێ و ووشك و تەڕ بەیەکەوە کڵپە ئەگرێ. بەشێوەیەك کەدەنگدان و پرۆسەکە کەمترین بەشداری تیا تۆمار کرا کەوا لەئاستی خوار40% بوو.
ئەم هەڵبژاردنەی کوردستانی باشوور کەوا دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەیانەوێ ڕەوایەتی بۆ پەیدا بکەن ، ئەبێ خاڵێکی وا بهێنە کایەوە بۆ ئەوەی زیاترین دەنگدەری لێ کۆبێتەوەو ڕوو بکەنە سندووقەکانی دەنگدان، ئەم خاڵە سەرەکیەش (کاندید کردنەوەی مەسعودە)، جگە لەمە هیچ شتێکی وایان بەدەستەوە نیە بۆ ئەوەی جۆش و خرۆشی بدەنە ئەو پرۆسەیەو دۆزینەوەی ڕەوایەتی پێی.. جا بۆیە لەئێستاوە بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن وای نیشان ئەدەن کەئەم هەڵبژاردنە خاڵی یەکلاییکەرەیەو شەڕی مان و نەمانە، هەردوولا وایان لەخەڵکی کردوە کە هەندێکیان زۆر لەمەسعود بکەن کەخۆی جارێکی تر کاندید بکاتەوەو هەندێکی تریش لەبەرەکەی تر، داوا لە سەرانی ئۆپۆزیسیۆن ئەکەن کەوا کاندیدیان هەبێ . ئەم جۆرە لەشیرین کردنە تەنها بۆ ئەوەیە خەڵکی جارێکی تر لەسەرەی دەنگداندانە بوەستێنن و زوومی کامێراکانیان تیژ بکەنەوەو ڕەوایەتی بەهەڵبژاردن بدەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست