بەڵێ! سولەیمانی وەک هەرێمێکی سەربەخۆ بە کارێکی رەوای دەزانم!
Saturday, 12/11/2011, 12:00
ماوەیەک لەمەوبەر و بەردەوام ئێستاش بەشێوەیەکی دیارو ئاشکرا دەنگۆی بیرۆکەی داواکردنی بە هەرێم بونی سەربەخۆی سولەیمانی بە شێوەیەکی بەربڵاو باس و لێدوانی لەبارەوە دەکرێت. هەیە ڕاستەوخۆ هەیە ناڕاستەوخۆ دەربڕینی بۆ دەکات، جار جارێکیش ئەو بیرۆکەیە لە نوسینی هەندێ لە نوسەرانیش ڕەنگدانەوەی بەرچاوی پێوەدیارە. بۆ ئەم مەبەستەش کوردستانپۆست وەک دەسپێشخەریەك و بەدەنگەوە چونی ئەو بیرۆکەیە هەر لە مەکۆی کوردستانپۆست خۆیەوە لەڕێی دەنگدانی ئەلکترۆنی ڕاپرسیەکی خستە بەردەم خۆێنەران و میوانانی بەردەوامی ئەم ماڵبادە بۆ ئەوەی پانتاییەکی زێدەتر بە بیرو بۆچونە جیاوازەکان بدات، هەر کەسە بەئازادی راوبۆچونی خۆی دەربڕێ. خۆشبەختانە لەو ڕاپرسیە ئەلکترۆنیەدا توانی سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنی ڕێژەیەکی بەرز لەو دەنگانە بەشێوەیەکی دابەشکراو بەسەر چوار خاڵ دەربڕینی بۆچونەکان کۆبکاتەوە . شێوازی دەربڕێنی ڕاوبۆچونەکەش لەسەر ئەم پرسیارە ڕاگیر کرابو..؟
(ئەگەر سولەیمانی وەك هەرێمێکی سەربەخۆ جیا ببێتەوە پشتگیری دەکەیت ؟).
(% ٤٧) بەڵێ من پێم باشە .
(% ٤٢) نەخێر پێم باشنیە.
(% ٩) بۆ من هیچ فەرق ناکات .
(% ٢) نازانم.
ئەنجامی ئاماری ڕاپرسیەکە دو بۆچونیان ڕێژەی بەرزو دوانیش وەڵامی لاواز خاڵی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە، دو بۆچونە ڕێژە بەرزەکە وەك ڕێژەیەکی سەرەکی دو بیرو بۆچونی جیاواز دژ بەیەك وەستاونەتەوە زۆر ترین ڕێژەی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە.! یەکەمیان دەڵی: بەڵێ پێم باشەو ڕێژەی % ٤٧ ی دەنگەکانی کۆکردۆتەوە واتە ئەو بە ئیجابی یاخود بە باشی دەیبینێ، دوەمیشیان پێی باش نیە ڕێژەی % ٤٢ ی دەنگەکانی کۆکردۆتەوە واتە ئەمیان پێچەوانە دەبێتەوە بە سلبی وەیان بەخراپ دەیبینێ. دیارە لە دەربڕینی دو بیرو بۆچونە جیاوازەکە هەر کەسەو لە ڕوانگەی دیدو بۆچونی خۆیەوە بەپێی ئایدیاو جوگرافیاو واقیعی زاتی و هەندێك جاریش بەپێی بەرژەوەندی شەخسی وەیان زەرەرمەندی و دڵشکاوی ، وەیاخود خۆشەویستیەکی خۆڕسکی بۆ شارەکەی خۆی، وەیان خۆشەویستیەکی ڕواو لەناخدا بۆ تەواوی نیشتمانەکەی لێکدانەوەی بۆ دەکات، هزرو خوێندنەوە و دەربڕینەکانی بە دروشمەکانەوە گرێ دەدات. لێرەدا نابێ ئەوەش لەیاد بکەین ئەوانەی کە لە ڕوانگەی ئالودەبونی دروشمیەوە ڕاوبۆچونەکانی خۆیان دەردەبڕن گومان لەوەدا نیە کە بەوەڵامی توندڕەوانەی دەمارگیرانە بەزمانێکی هار مامەڵە لەگەڵ دەربڕینەکان دەکەن.
باشتر وایە ماف بەهەردو بۆچونە جیاوازە پێچەوانەکە بدرێت بەهەر دولایەنی هێوەر و توندڕەوەکانیشەوە ، لە نێوەندیانا لێکدانەوەیەکی واقیعی وردو وریا لەسەر هەردو بۆچونەکە زیاد بکرێت، لە دوتای میزانی دادوەری هاوبەش دیاریکردنی قورسایی لای تای هەر دوبۆچونەکان یەکلایی بکرێتەوە...!!
لێرەش لەبری راو بۆچونی یەکەم لە دوەمین ڕاوبۆچونەوە دەست پێدەکەین و لەتای یەکێك لە میزانەکەدا دایدەنێین ..!
ڕاو بۆچونی دوەم: وەڵامی نەخێری پێیە هارانە بەتوندی بەگژ بیرۆکەی بەهەرێم بونی سەربەخۆی سولەیمانیدا دەچێتەوە، بەخراپی دەزانێت ،! چونکە ئەو لە ڕاو بۆچونەکانیدا پێیوایە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە زیان بە پرسە نەتەوەییەکان دەگەیەنێت، یەکخستنی ڕیزەکانی میللی پەکدەخات و یەکپارچەیی خاکی کوردستان لەیەك دەترازێنێ، خەونە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان لەبیردەباتەوە، ئەو لەهەمانکاتدا پێیوایە گەر زێدەتر هەوڵی یەکبون و یەکگرتویی بدرێت باشترە، پێویستە هەمو یەکدەنگ و هاوڕابین، بیروبۆچونەکانمان لەیەك سەرچاوەدا کۆبکەینەوە، هەر ترازاندن و کارکردنێکی جدی لەسەر مەسەلەی بەهەرێمبونی سەربەخۆ بۆ سولەیمانی تەواوی پارچەکانی تر زەرەرمەند دەبن چونکە شاری سولەیمان پێشڕە وکوانوی گشت شۆڕشەکان بوە لە ڕابوردو ئێستا و داهاتوشی پێوە بێت .!
لە خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی ڕاو بۆچونەی دوەم بە ئاشکرا هەست دەکەیت کە بیرو بۆچونێکە تەواو بەرگی سیاسی و حزبی لەخۆگرتوە، تێزێکی نەتەوەگەری سەرفی پێوەیە، وە هەندێکیش لە ئاکامی دەربڕینی عاتفەیەکی تێنەگەیشتوانەی سەرمەستانە ڕاوبۆچونەکان ئەدات بەدەستەوە ، دەرهەق بەکاتو حەدەس دەریدەبڕێت، ئەمجۆرە بیرۆبۆچونە تەمەندارە،میژوەکەی دەیان ساڵە و هەمان ڕیتمە کۆنەکەیە، دروشمە نەبەراتیەکانی حزبە یەك لەدوای یەکەکانە ، زیاتر بۆ ئارایشتکردنی حزبی بەکار دێت. بەردەوام لەگەڵ تێپەڕینی زەمەنەکاندا دوبارە دەکرێتەوە بەبێ ئەوەی بایەخ بە تەرجومەکردنی دەستەواژەکانی بدرێت لەگەڵ ئەرزی واقیع یەکبخرێت .زیاتر ئەوانەی کە بە وەڵامی نەخێرو نابێ وەڵام دەدەنەوە زۆرینەیان خەڵکی سولەیمانی نین بێئاگان لە واقیعی ئەو شارە، وەیاخود سەر بەحزبەکانن ئەوانەی سودمەنیە شەخسیەکانیان لەوێدایە. هەندێکیش لەناو دەزگا سیخوڕی وچەکدارە سەرکوتکارەکان و هێزەکانی زێرەڤان ئاسان چونکە لایان ڕونە بەهەر ترزاندنێکی سولەیمانی ئەوان کارەکان و بەرژەوەندیەکانیان کۆتایی پێدێت.
ڕاو بۆچونی یەکەم: لە ڕاو بۆچونی دوەم بەرفراوان تر دەنواڕێ، لە تێڕوانینی ئەمدا بەپێیی واقیع و ڕەفتارەکان دەدوێ لە چەند لایەن و بەشی جیاوازدا دوربینانەتر دەربڕینەکانی خۆی دەدات بەدەستەوە لێ بەشێوەی هێوەر. پێیوایە پێویستە سنوری دنیای سیاسەتی حزبی و هزری نەتەوەگەری دیوە دروشمیەکان بەجێبێڵرێ بخرێتە بەردەم لێکۆڵینەوەیەکی سەردەمیانە لەوێوە بەناو فلتەری پاڵاوگەی فیکریدا ببرێت، دەستەواژە خێزانە دروشمیەکان یەك بەیەك شیتەڵ بکرێنەوە لەگەڵ واقیعدا بەراورد بکرێن . لەوێوە دەستنیشانی گونجاو نەگونجاو بکرێت ، چونکە لە هزری ڕاو بۆچونی یەکەمدا وایە ئەگەر دەستەواژەیەك نەتوانێت لەگەڵ واقیعدا یەکبگرێت ئیدی پێویست ناکات دەرببڕینی بۆ بکرێت کاری فیعلی لەسەر ئەنجام بدرێت، ببێتە مایەی سەرقاڵی کردن و فریودانی تاکەکانی کۆمەڵگە ، تێڕوانینیەکانی خەڵکی بشێوێنێ تێکەڵ بە دنیای وەهمی بکات.
لەهەمان کاتدا پێیوایە پێویستە ڕو لە هەڵئاوسانی فیکری تێگەیشتنەکان بنرێت ئامڕازە پرسیارە وروژێنەرەکان بجوڵێنرێ . وەك ئەوەی دەبێت بپرسرێت.. ! ئایا کوردبون و کوردیەت و نەتەوەو نیشتمان و خاکو یەکپارچەیی خاکی کوردستان لە ڕابوردودا چی بوە؟ چۆن بوە؟ چۆن کاری لەسەر کراوە ؟..! وەیاخود لەداهاتودا دەبێت چی و چۆن بێت ؟.. وەیان چۆن کاری لەسەر بکرێت؟ تەواوی پرسیارەکانیش دەبێت لەگەڵ هەردو لایەنی ناوخۆ و ئیقلیمیدا ڕێکبخرێت ...! ئەم پێوایە کاتی ئەوە هاتوە کە تەواو فایلی ئەزمونەکان دەربهێنرێ پێداچونەوە بەناو بەندو ڕیشاڵەکانیدا بکرێت..! بزانرێت کێ زەرەرمەندو کێ سودمەندە، کێ پێی سەردەکەوێت وکێ پێی دادەچێت!...
ڕاوبۆچونی یەکەم: کە زۆرترین ڕێژەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە واتە (سولەیمانچێتیەکان) دەڵێن ! ئەگەر بەپێی تێڕوانین و جەردکردنەوەی ئەزمونەکان بێت.. ئەوا ئێمەی سولەیمانی هەنوکە زۆرترین کوردبون و کوردایەتی و نیشتمان پەروەری، قورسترین جەنگی پیرۆزی خاکی کوردستانمان کردوە هەمیشە لەڕیزەکانی پێشەوە گڕی هەمو شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی چوار پارچە بوین داهێنەرو دروستکار بوین، سەدان هەزاران قوربانی و دەریای خوێنمان ڕشتوە، لەهەر شوێنێ دوژمنێك هەبوبێ دەست و مەچەکو سنگ و قەڵەم و وشەی کوڕێکی سولەیمانیش لەوێ بوە ...! ئەوان دەڵێن ئێمەی سولەیمانی فەخر دەکەین بەوەی کردومانە، بۆ پاداشت و پێزانین نەمان کردوە ئەوە ئەرکی خۆمان بوە لێ لەهەمان کاتدا بۆ ئەوەش نەمان کردوە کە خۆمان جیا بکرێینەوە تەنیا لەبەشە دروشمیەکانا بماهێڵنەوە بەرەو داچون شۆڕمان بکەنەوە، لەدوای ئەوەشەوە بمان پوکێننەوە و دامانبڕزێنن، شارو شاخ و گوندو شارۆچکەمان لەت لەت و داگیر بکرێت ، سەروەت و سامان و سروشتمان بنبڕ بکرێت، ڕەگەزی هونەرو ئەدەب و مەعریفەو ڕەسەنایەتی ، وەرزش و کەلتوری ناوچەیی و گەروەپیاوانمان بسڕنەوە . ئەم دەڵێت؛ ناکرێت چارەنوسمان لە قەفەسی حزبایەتیەکاندا بەندکرێت..!
سولەیمان چێتیەکان دەڵێن ئێمە خوازیار نین هزری هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ سولەیمانی بەربڵاو بکەین ، لێ ئەو دەمەی بەکارو کردەوە لەسەر ئەرزی واقیع لە نێوان جیاوازیدا دەمانپەستێنن ... ئێمەش بەڕەوای دەزانین بۆ قۆناغی بەرەو بەهەرێم بونی سەربەخۆی سولەیمانی هەنگاو بنێین ...!
ئەم نوسینە لەبەشێکی تردا زیاتر بەوردی چڕی دەکەمەوە بەردەوام دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست