کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


بۆ رای گشتی: لەلایەن کەسوکاری شاعیری جوانەمەرگ "عیرفان ئەحمەد"ەوە

Thursday, 09/08/2012, 12:00


هەروەکو لە رێگای میدیاکانەوە ئاگادارن، رۆژی یەکشەممە ریکەوتی ٥-٨-٢٠١٢، عیرفان ئەحمەد لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن- بەشی چاودێری"عنایه‌ مرکزه‌"، گیانی لەدەستدا، بەڵام عیرفان رۆژی سێشەممە ٣١-٧-٢٠١٢ لەلایەن پۆلیسی فریاکەوتنەوە لە ئوتێلی سلێمانی پاڵاسەوە بە دەستگیرکراوی دەبرێتە پۆلیسی رزگاری‌. لەوێوە دەبرێتە لای دادوەر و ئەویش فەرمانی تەوقیف کردنی دەردەکات و رەوانەی زیندانی گواستنەوەی دەکەن. ئێوارەی رۆژی ١-٨-٢٠١٢ کاتژمێر ...... لەلایەن پۆلیسەوە دەبرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن‌/ بەشی عنایه‌ مرکزه‌. رۆژی ٢-٨-٢٠١٢ ئاگاداری ئێمە دەکرێ تا بچین بۆ خەستەخانە بۆلای.
کاتێك شێرکۆی برامان دەچێ بۆلای، عیرفان لە حالەتی بورانەوە(کۆما)دا دەبێت‌و لەلایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەوە پێی رادەگەیەنن کە عیرفان توشی خوێنبەربوونی ناوەکی (نزیف داخلی) بووە، کە هەر بەوهۆیەوە ئێوارەی ٥-٨-٢٠١٢ کاتژمێر٣:٠٥ گیانی لەدەستدا.
ئێمە بەو هۆیەوە کە گومانمان لە شێوازی مردنەکە هەبوو، بۆیە بڕیاری توێکاری تەرمەکەیمان دا. ئێستا چاوەرێی ئەوە دەکەین کە راپۆرتی پزیشکی دادوەری رەوانەی دادگا بکرێ‌ و لە زووترین کاتدا هۆکاری مردنەکەی‌ روون بێتەوە بۆمان.
بێگومان لە ماوەی ١-٢ رۆژی رابردوودا چەندین چیرۆك سەبارەت بە مردنی عیرفان لە میدیاکاندا بڵاوبۆتەوە و هەموو ئەوانە رەوابوونی گومانەکەی ئێمە زیاتر دەکەن. بۆیە ئێمە لە رێگای ئەم راگەیاندنەوە داوا لە دەزگا بەرپرسەکانی حکومەت‌و دادگای تاوانەکانی سلێمانی دەکەین کە ووردەکاری‌ و راستی هۆکاری مردنی عیرفان بۆ ئێمە و بۆ خەڵکی کوردستان روون بکەنەوە‌. ئەگەر کەسێك یان دەزگایەك لە هۆکاری مردنەکەیەوە تێوه‌گلاوە، دەبێ سزای یاسایی خۆیان وەربگرن‌ و ئەوەش بە ئاشکراو بە ئاگاداری‌ ئێمە و دەزگاکانی راگەیاندن بکرێ، تا ئیتر بوار بۆ کەسانێك نەمێنێتەوە کە بێ دەربەستانە مامەڵە لەگەڵ ژیان‌ و کەرامەتی هاوڵاتیانی کوردستاندا بکەن.
ئێمە ئامانجمان لەم کارە تۆڵە سەندنەوە نییە، بەڵکو وەرگرتنەوەی مافی مرۆڤ‌ و پاراستنی عەدالەت‌ و رێگرتنە لە تاوان.

سمکۆ ئەحمەد
لەجیاتی کەسوکاری عیرفان ئەحمەدی جوانەمەرگ
٧-٨-٢٠١٢

*********** (کوردستانپۆست) ***************

هۆنراوه‌ی ئه‌م گۆرانییه‌ی دیاری قه‌ره‌داغی، له‌ نووسینی عیرفان ئەحمەد

******

*******

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە