بۆچی ئەمریکا جەخت لە سەر یەکپارچەیی عێراق ئەکاتەوە
Wednesday, 15/10/2014, 12:00
ڕەنگە زۆربەری هاوڵاتیانی کوردستانی باشوور گلەیی و گازندە لە ئەمریکا بکەن بەوەی کە نایەوێ کوردستانی باشوور لە عێراق جیابێتەوە. یان ڕەخنە لە ئەمریکا ئەگەرن سەبارەت بەوەی کە کورد پێوستە لەچوار چێوەی عێراقدا بمێنێتەوە.
لەڕاستیدا گەر خەڵکی ئا بەم شێوەیە لەپەیامی ئەمریکا تێگەیشتبێ، ئەوا گەلێ بەهەڵەدا چوون و پێویستە بەجۆرێکی تر لەم پەیامەی ئەمریکا تێبگەن و بزانن ئاخۆ هۆکاری سەرەکی چییە ئەمریکا تا هەنووکەش لەگەڵ دابەشکردنی عێراقدا نییە و پێی باشە کورد لە عێراق بمێنێتەوە. بۆ ئەمریکا گەلێ باشترە لەجیاتی عێراق وەك دەوڵەوتێك دابەش ببێ بۆ چەند دەوڵەوتێکی سەربەخۆ و هەر یەکەیان بتوانێ بەشێوەیەکی ئازادانە و سەربەخۆیانە لەتەك یەکەوە بژین. ئەمریکا تا بتوانێ هەوڵ ئەدا ئاشتی لەناوچەیەدا بەرقەرار بکا، لەبەرئەوەی تەنها لەڕێگای ئاشتیەوەیە ئەتوانێ زۆرترین بەرژەوەندی ئابووری خۆی گەشە پێبدا.
ئەوەندەی ئاشتی گرنگە بۆ پێکەوە ژیانی گەلان، دە ئەوەندە گرنگە بۆ گەشەی ئابووری و سەقامگیری بازار. بڕوانە ئەو ووڵاتانەی کە کێشەی سیاسی و شەڕو شۆیان تیا نییە وەك ئەمریکا، کەنەدا، ئەوروپا و چین و ژاپۆن. تەماشا ئەکەی ئەم ووڵاتانە خاوەن ئابووری بەهێز و سێرپلاسن. واتە بازاری جێگیر و گەشەی خێرا. بۆیە ئەو بۆچوونە هەڵەیە کە خەڵکی پییان وایە ئەمریکا خەریکی ئاژاوە نانەوەیە لە عێراق و ناوچەکانی تر. گەر بەخواستی ئەمریکا بێ، ئەوا ڕێگەی ئاشتی و تەبایی گەلان باشترین هەڵبژاردەیە بۆ جیهان و سیستمی سەرمایەداری و بازاڕی ئازاد. ڕەنگە هەندێ پێیان وابێ لە جەنگدا چەك و تفاقی سەربازی ئەفرۆشرێ و بازاڕی گەرم ئەبێ، بەڵێ ئەمە ڕاستە بەڵام بۆ کاتێکی کەم و دیاری کراو، لێ ئەوەی زیاتر پێوستە بۆ ئەم جۆرە بازاڕەی ئەمڕۆ تەنها ئاشتی و پێکەوە ژیانە بەشیوەکی یەکسان.
ئەی کەواتە هۆکار چیە ئەمریکای خستۆتە سەر ئاو باوەڕەی کە پێوستە کورد لەناو عێراقدا لەتەك شیعە و سوننەدا بژی؟ ئەمە ئەو پرسیارە ئاسانەیە کە سەرکردەکانی کورد وەڵامەکەی لەخەڵکی کوردستان ئەشارنەوە و نایانەوێ خەڵکی لەڕاستیەکەی تێبگات: جا بۆ ئەوەی هەتا هەتایە سەرشێت و نەزان نەبین ئەوا ئەبێ بەهەردوو چاو تەماشای دۆزەکە بکەین و پاشان ئەزانین کەوا ئەمریکا بۆچی بەو شێوەیە بڕیار ئەدا لەعێراقدا خەڵکی چۆن چۆن بژین.
ئەوەی ئاشکرایە عێراق ئەگەرچی لەژێر بەندی ٧ هاتۆتە دەرێ بەڵام هێشتا بەتەواوی ڕزگاری نەبوە. واتە عێراق هێشتا ووڵاتێکی نیمچە داگیر کراوە. هەر بۆیە ئەبێ تا ساڵی ٢٠١٥ ئەو قەرزانەی خۆی کە لە سەرێتی بیان داتەوە. ڕەنگە ئەمە هۆکارێکی گشتی بێ بۆ گشت عێراق، لێ ئەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کوردەوە هەیە ئەوەیە کە سەرانی کورد بەهۆی ئەو تاڵان و فەرهود نەوتەی کوردستانەوە بەتەواوی بونەتە مایەی سەریەشە بۆ عێراق و گەلی کورد بە گشتی و دروست کردنی چەندین تاقی تیرۆریستی وەك قاعیدە و داعش لەڕێگای ئەمانەوە. چۆن؟
کاتێ هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی نەوتی کوردستان ئەدزن و لەڕێگای قاچاخ و بەبێ بوونی چاودێری وەزارەتی نەوتی عێراقی ئەو نەوتە بەرەو ئێران و تورکیا هەناردە ئەکرێ، بڕی ئەو پارەیەی لەو نەوتە دەست ئەکەوێ ڕاستەوخۆ ئەچێتە دەست ئێران و تورکیا. کاتێ ئەم پارەیە بەو شێوەیە ئەچێتە دەست ئەو دوو ووڵاتە، ئێدی ئەوان بەو پارەیە چەندین ڕێکخراوی وەك (حزب اڵلە)ی لوبنانی و (داعش)ی پێئەکەن و لەم و لەوی بەرئەدەن. واتە ئەوە بەپارەی نەوتی کوردستانە ئەو تیرۆریستانە هەن. بەمانایەکەی دی؛ کوردستان بەهۆی نەوتەوە بەرهەمی تیرۆر و تیرۆریستان دروست ئەکات. جا کاتێ ئەمریکا داوا ئەکات کە کوردستانی باشوور لە عێراق جیا نەبێتەوە ، مەبەستی ئەوەیە کەوا ئەو نەوت و گازە سروشتیانە لەڕێگای بەغداوە و بەچاودێری وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتیەکان بێت. ئەو کات بۆ عێراق و ئەمریکا باشتر و ئاسانترە تا کۆنترۆڵ بکرێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست