کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ره‌شه‌ و چاوسورکردنه‌وه‌ به‌ هه‌ر بیانویه‌که‌وه‌ له‌ ئه‌ندامانمان له‌ قاوده‌ده‌ین

Sunday, 07/02/2010, 12:00


له‌ کاتێکدا رۆژ به‌ ڕۆژ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق نزیکده‌بینه‌وه‌ و سه‌رتاپای ئه‌و وڵاته‌ به‌ هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌ ده‌یه‌وێت نمونه‌یه‌كی مۆدێرن و دیموکرات له‌ که‌لتوری سیاسی پیشانی جیهانی ده‌ره‌وه‌ و ناوچه‌که‌ بدات. به‌ داخه‌وه‌ ده‌بینین لێره‌ و له‌وێ له‌ بری قه‌بوڵکردنی گیانی ره‌خنه‌ و گله‌یی له‌ لایه‌ن حزبه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی کوردستانه‌وه‌، که‌چی تێرۆر و تۆقاندن ده‌بێته‌ وه‌ڵامی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ گله‌یی و ره‌خنه‌کانیان ڕاشکاوانه‌‌ ده‌رده‌بڕن و به‌ دڵی ئه‌و حزبانه‌ نابێت...
هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌‌ی پێشودا دوو ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕی چاودێری کوردۆساید چاک و هاوکات هه‌ردووکیان نوسه‌ر و رۆژنامه‌ نووسن ڕووبه‌ڕوی کاری ناشارستانی بوونه‌وه، که‌ دووره‌ له‌ هه‌موو پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤ و دیموکراتییه‌ت و ئازادی بیروڕا و دیالۆگ. قادر نادر له‌وڵاتی سوید باژێڕی ستۆکهۆڵم له‌ به‌رواری17.1.2010 دا و له‌میانه‌ی کۆڕێکی به‌رێز مه‌لابه‌ختیار کارگێری م.س ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی له‌ ده‌سته‌ڵاتی کوردی ده‌گرێت، رووبه‌رووی هه‌ره‌شه‌ ده‌بێته‌وه‌ و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ناوبراو سکاڵا له‌سه‌ر چه‌ند که‌سێکی کۆمیته‌ی سویدی یه‌کێتی تۆمار ده‌کات. سه‌باح عه‌لی قاره‌مان له‌ له‌ئێواره‌ی رۆژی 18.1.2010 له‌ باژێڕی کفری له‌کرده‌وه‌یه‌کی قێزه‌وندا له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکی سه‌ر به‌ ده‌سته‌ڵاته‌وه‌، که‌ یه‌کێکیان ناسراوه‌ هه‌وڵی رفاندنی ده‌درێت و پاشان کاک سه‌باح له‌ ئاسایشی ئه‌و شاره‌ سکاڵا تۆمار ده‌کات، که‌ تا ئێستاش به‌ داخه‌وه‌ که‌سی تۆمه‌تبار ده‌سگیر نه‌کراوه‌. دیاره‌ ئه‌و کارانه‌ زه‌نگێکی ترسناکه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ ماف و ئازادییه‌کانی تاکی کۆمه‌ڵگای کوردیی.
ئێمه‌ لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین، که‌ ئه‌و دوو که‌سه‌ دوو کادر و ئه‌ندامی دڵسۆز و چالاکی رێکخراوه‌که‌مانن و هه‌ر جۆره‌ هه‌ره‌شه‌ و چاوسورکردنه‌وه و هه‌وڵی رفاندنێک به‌ هه‌ر بیانویه‌که‌وه‌ بێت له‌ قاوده‌ده‌ین و دژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندان رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی و جیهانیمان له‌و کارانه‌ ئاگادار کردۆته‌وه. به‌ هیواشین، که‌ یاسا له‌ کوردستان دادوه‌ر بێت و تۆمه‌تبارانی ئه‌و رووداوه‌ ده‌سگیر بکرێن‌. ده‌سته‌ڵاتی کوردیش ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ له‌ کاتی روودانی هه‌ر کارێکی نابه‌جێ و چاوه‌رواننه‌کراو به‌سه‌ر ئه‌و دوو کادر و هاوڕێیانه‌ماندا، دوو حزبه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی کوردستان‌، به‌تایبه‌ت یه‌کێتی نیشتیمانی به ‌به‌رپرس ده‌زانین.

هیوادارین حزبه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی کوردستان کارێک نه‌که‌ن، که‌ خودی خۆیان پێش هه‌موو که‌س لێی زه‌ره‌رمه‌ند بن ده‌نگ و سه‌دای کورد له‌ نێو کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا زیاتر له‌که‌دار بکه‌ن.



چاودێری کوردۆساید چاک
ده‌سته‌ی کارگێڕ
3.2.2010


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە