داواكارییەكەی بهناو سەرۆكی هەرێم تەنها 50000 هەزار كەسە بۆ دەست لە كاركێشانەوەی
Sunday, 06/03/2011, 12:00
زۆر ئەستەمە بتوانرێت لەگەل عەقلێكی لێوان لێو لە تیتالۆتارییەتی چەقخواردوو لە بەرێوە بردنوو حوكمرانی كردنی سیستەمی سیاسی وەلاتدا گفتوگۆو دیالۆگی هەرسكردنی فەزایەكی ئازاد چاوەرێ بكرێت .لەوەش ئەستەمتر ئەوەیە كە سەركردە وادار بووەكانی دەسەلات بە پەتای گەندەلی لە مۆتەكەی خەوی لە دەست دانی دەسەلات خەبەریان نابێنتەوە و چاویان هەلنایەت بە هەبوونی هۆشیاری ئەمرۆی شەقامی كوردی لەژێر ساییەی نەوەیەكی نوێی خاوەن لۆژیكێكی سەردەمیانەی خوازیاری فەراهەم بوونی ئازادی تاك بە هەموو جوومگەكانیەوە.سەرۆكی بەرێز لەوانەش ئەستەم تر ئەوەیە كە تۆ وەكو سەرۆكی هەرێم نازانێت چۆن هاتوویتە سەر كورسی دەسەلات, لەوەشدا ناحەقت ناگرم چونكە دەزگا راگەینەرە سەر لێشێوێنەرەكانتان تەنها سەریان لە كۆمەلانی خەلك نەشێواندوە بەلكو راستیەكانییان لە تۆش شاردۆتەوە, كارەساتە گەورەكە لێرەدایە كە تۆش بروات بە ئەو ژمارە ناراستانەی كە لە دەرئەنجامی هەلبژاردنەكان دەردەچێت كردوە.پێت وانییە ئەوە بەرهەمی دنیایەك تەزویرو بەشینەوەی سەروەت و سامانی ئەم گەلەیە , پێت وانییە ئەوە دەرئەنجامی ئەو هەموو سەر كوتكاری و هەرەشەی نان برین و دەركردنی كارمەندان لە وەزیفەكانیانْْە.تۆ پێت وانیە كە هەمیشە دۆراو بوویت بەلام خۆت سەپاندوە.زۆر پێویستە ئەو راستیانە بزانیت كە:
لەو كاتەوە كە گەلتان دابەش كرد پێمان ووتن, برۆن نامانەوێن, بەلام بەزۆر خۆتان بەسەرمانا سەپاند, لەو كاتەوە گەر وەلاتان دابەش كرد بەسەر خۆتاندا, وتمان برۆن لێتان بێ بەرین بەلام سەركوتتان كردین و دیسانەوە خۆتان سەپاند.هەر دوا بە دوای راپەرینە مەزنە جەماوەریەكەی بەهاری 1991كاتێك دەستان كرد بە فەرهود كردن و تالان كردنی سەروەت و سامانی وەلاتەكەمان و ئەودیوی ئێرانتان كرد و تۆوی پەتای گەندەلیتان ناشت بۆ بەهێز كردنی دەسەلاتە دیكتاتۆریەكەتان, پێتان رازی نەبووین بەلام قبولمان كردن لەبەر ئەزموونە تازەكەی وەلاتەكەمان.لەو رۆژەوە كە شەری براكوژیتان دروست كرد لە پێناوی قۆرغ كردن و دەست بەسەرداگرتنی سەرچاوە ئابووریەكانی وەلاتەكەمان, پێمان ووتن برۆن حاشا لە خۆتان و لە رابوردوتان, بەلام درندە ئاسا ئاورتان لێداینەوەو بە زنجیری دەبابە و پۆستالی رەشی فاشیەكان سینگی لاوانی گەلتان شێلاو بە ناحەق خوێنتان رشتن و جارێكیتر خۆتان سەپاندەوە.
ئەم گەلە زۆر دەمێكە بریاری داوە كە ئێوەی قبول نیییە, لەو رۆژەوە كە ئازادیتان خنكاند, مافی تاكتان پێشێل كرد, دەنگی قەلەمی ئازادتان شەهید كرد, سیاسەت و بازارتان قۆرغ كرد,سەدان گوند و دێهاتی ئەم وەلاتەتان وێران كرد, شارەكانتان كرد بە دوژمنی یەكتر, براتان بە برا دابەكوشت.سەدان هەزار گەنجی ئەم وەلاتەتان ئاوارەی هەندەران كرد, بەوەشەوە نەوەستان و جارێكیتر شەقامەكانی شارتان بە خوێنی لاوان سور كردەوە. بەسە, بەسە چیتر, فەرمان مەدەن بە مافیا دەمانچە و بیكیسی بەدەستەكانتان بۆ رشتنی خوێنی لاوانی رۆشنبیرو شۆرشگێری مەیدانی چاكخوازی و بە دیموكراتی كردنی وەلات.
ئێوە سەرانی دەسەلات داری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی سەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان خۆتان لە هۆشیاری شەقامی كوردی گێل دەكەن و پێتان وایە سەرهەلدانی كلپەی شۆرشی ئازادی و دیموكراسی خوازیانەی ناو دلی لاوانی گەل بە دەستپێشخەری كردنی نواندنی زەبروزەنگی كوشتن و برینداركردنی خەلكی بێ تاوانی شاری سلێمانی, شاری رۆشنبیری و شاری سەركردەی شۆریگێرو چاو نەترسی مەیدانی دیموكراسی و ئازادی و سەرجەم شارو شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان دادەمركێنەوە .بەلام شەقامی كوردی زۆر لەوە زیاترو هۆشیارترە كە زۆرێك لە سەرانی دەسەلاتی كودی مەزەندەیان كردوە.
شۆرشی سپی مەیدانی ئازادی دەنگی سەدان هەزار كوردی نارازییە, دەنگی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانە ,دەنگی رۆشنبیران و چلاكەوانانی بواری سیاسی و رێكخراوە مەدنیەكانە,دەنگی كوران و كچانی ئەو پێشمەرگە و سەركردە قارەمانەن كە مێژووی پر لە شانازی و سەروەری سالانێكی دورو درێژی خەباتیان لە لایەن حیزبەكانەوە داگیر كراوە.دەنگی ئەو هەژارو بێكارانەیە كە لە ژێر سیستەمە گەندەلەكەی یەكیەتی و پارتیدا بیست سالە بەدەست دەردی بێكاری و نەبوونیەوە دەتلێنەوە,دەنگی دەیان هەزار كوردی ئاوارەبووی هەندەرانی دەستی ئێوەیە.ئەو دەنگانە بەسن بۆ دەست لە كاركێشانەوەی نەك تەنها سەرۆكی هەرێم بەلكو سەرۆكی حوكمەت و پەرلەمانیش.
سەرانی دەسەلات, پێویستە ژیرانە مامەلە لەگەل هۆشیاری شەقام و داخوازییەكانی گەل بكەن, ئەگەر رادەست كردنی دەسەلاتیش بێت. چونكە گۆرینی بنچینەیی و ریشەیی لە سیستەمی بەرێوەبردنی حوكمرانی كوردستان داخوازییەكی رەوای كۆمەلانی خەلكە بە ووشەی بریقەدارو داتاشراو سازشی لەسەر ناكرێت.وە رێگەش نادرێت بە هیچ حیزب و لایەنێك بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە لە ژورە تاریكەكانی حیزبەكاندا سازش لە سەر داخوازیە رەواكانی كۆمەلگای كوردی بكرێت. چالاكییە هێمنانە و مەدنییانەكەی هاوەڵاتیانی هەرێمی كوردستان وخوازیارانی دیموكراسی و چاكسازی ریشەیی و بنەبركردنی گەندەلی پیرۆزدەكەین و هەموو جۆرە توندو تیژی و سەركوتكاریەك رەتدەكەینەوە.
داوا لە دەسەلات دەكەین بۆ تەنها ساتێك چاو بخشێننەوە بە رابوردووی خۆتان و ئەو گەلە خۆشی لەخۆنەدیوەی كە زیاتر لە بیست سالە بەدەست سەركردەی گەندەلەوە دەنالێنێت و هاواردەكات بۆ ئازادی بۆ نان بۆ هەلی كار بۆ راپێچكردنی گەندەڵان بۆ بەردەم دادگا و لێپرسینەوە لە بكوژانی ئازادی. ئێوە گوێچكەتان بە دۆلار ئاخنیبوو چاوەكانتان بە دینار بۆیە نەتان بیست و نەتان بینی و ئێستاش نابینن و نابیستن. هەرگیز پێتان وانەبوو رەشەبای رق و كینەی پەنگخواردوی بیست سالەی ناو دلی گەلە ژێردەستەكەی دەسەڵاتە دیكتاتۆریەكەتان هەلدەكات و كۆشكو تەلاری گەندەلیتان دەروخێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست