سێیەمین فێستیڤاڵی داربەڕووى زێڕین دەستى پێكرد و بەردەوامیشە
Tuesday, 04/05/2010, 12:00
بە ئامادەبوونى هەریەك لە وەزیری رۆشنبیری و لاوان و وەزیری ئەوقاف و كۆمەڵێك لە هونەرمەندان و رۆشنبیران و سینەماكاران سێیەمین فێستیڤاڵی كورتە فیلمى هەولێر دەستى پێكرد.
لە دەستپێكى فێستیڤاڵەكەدا هەریەك لە هونەرمەندان "ئەنوەر شێخانى، موحسین محەمەد، رووپاك عەبدولقادر، سابیر عەبدولرەحمان، عەلى ئەحمەد، واحید مەرجان" گەڕانەوە بۆ مێژووى هونەرى هەولێر و دوو دیمەنیان لە شانۆگەرییەكانى لاس و خەزاڵ و هەبوو و نەبوو نمایشكرد.
دواتر شاخەوان ئیدریس بەڕێوەبەرى فێستیڤاڵەكەو بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى سینەماى هەولێر وتەیەكى پێشكەش كردو تێیدا باسی لە گرنگى سازكردنى ئەو فێستیڤاڵە كرد، هەروەك ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەو كورتە فیلمانەى لەو فێستیڤاڵەدا بەشدارن دابەش كراون بەسەر سێ بەشی سەرەكى، "كورتە فیلمە بەرهەمهاتووەكانى بەڕێوەبەرایەتى سینەما، فیلمە دیكۆمێنتییە بەرهەمهاتووەكانى بەڕێوەبەرایەتى سینەما، فیلمە دەرەكییەكان" كە سەرجەمى ئەو فیلمانە 41 فیلمەو پێشبڕكێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانى خەڵاتى داربەڕووى زێڕین".
دواتر "د. كاوە مەحمود" وەزیری رۆشنبیری و لاوان وتەیەكى پێشكەش كردو لە وتەكەیدا ئاماژەى بەوەكرد كە لە بەرنامەیاندایە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە سینەماكان كۆببنەوە و بەرنامەیەكى تۆكمە دابڕێژن بۆ كارى فیلمسازى و سینەمایی، هەروەها باسی لە سازكردنى سیمینارێكیش كرد، هەروەك بوونى ئەو جۆرە فێستیڤاڵانەى بە كارى گرنگ و پڕ بایەخ وەسف كرد".
دوابەدواى ئەوانە لە رۆژی یەكەمى فێستیڤاڵەدا حەوت كورتە فیلم نمایشكران، كە بریتى بوون لە: "فیلمى دیكۆمێنتى یەڵماز گۆناى لە دەرهێنانى چەكدار ئاریان، كورتە فیلمى ئەویدیكە لە دەرهێنانى رۆلف ڤان ئیك، كورتە فیلمى گوێز لە دەرهێنانى سۆران ئیبراهیم، كورتە فیلمى دەنگەكان فیلز یشك بود، كورتە فیلمى فڕۆكەى رەش و سپی لە دەرهێنانى حوسێن زارین، فیلمى دیكۆمێنتى بابا چاوش لە دەرهێنانى ئاسۆ حاجى، كورتە فیلمى بڕوانامە لە دەرهێنانى نەجات ناوى، كورتە فیلمى با بیگۆڕین لە دەرهێنانى ئاوات عوسمان".
شیاوى گوتنە رۆژانە لە كاتژمێر 10ى بەیانى سیمینار دەربارەى فیلمەكان و رەوشی سینەما بەڕێوە دەچێ، ئێوارانیش كاتژمێر 4 كورتە فیلمەكان نمایش دەكرێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست