کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پێشبینیەکی ترسناك بۆ یەکێتی

Wednesday, 22/05/2013, 12:00








یەکێتی لەم قۆناغەدا بەرەو هەڵوەشاندنەوەو پووکانەوەی تەواو مل ئەنێ و هێز نیە ڕێگری لەو داچوون و ڕاچوونە خێرایە بکا کە دەستەو تاقم و کوتەلەکانی نێو یەکێتی تیایدا تووشی هەزار مەراق و قەیران بوونەتەوە کەوا گەڕانەوە و ئەندوویان گەلێ ئەستەمە.
با پێشەکی بزانین لەم ئان و ساتەدا یەکێتی لە کێ پێك دێ؛ وەیان باشتر وایە بزانین کەوا چەند باڵ و کوتلەن. حەتمەن لەوەتەی یەکێتی هەیە وەك هەنووکە نەبۆتە ئەو ژمارە زۆرە لە تاقم و گروپ و دەستەی جیاواز کەوا لە ڕاستیدا هیچیان لەگەڵ ئەوی تردا لەیەك مەنجەڵدا ناکوڵێن و هەریەکەیان دان لەوی تر جیڕ ئەکاتەوە. ئەم دیاردەیە گەیشتۆتە ئاستێك کەوا مەحاڵە نەدۆست و نەدوژمن بتوانێ بیانکاتەوە یەکێتیەکەی جاران وەیان لانی کەم یەکیتی پێش ساڵی ٢٠٠٩.
دیارە ئەم دیاردەی هەڵبەز و دابەزەی نێو یەکێتی بەشێوەیەکی زەقتر دوای نەخۆشیەکەی ئەم جارەی گەورە مافیا دەرکەوت کەوا جارێکی تر مەگەر بەخەونی شاعیرانە بتوانێ بپەیڤێ و بتوانێ یەك هانگاو بڕوا. ئەم نەخۆشیەی تاڵەبانی بۆتە هۆی دەرکەوتنی خێرای کیشەو قەیرانەکانی یەکێتی کەوا وەك مانگە شەو دیارەو چی تر پینەو پەڕۆ ناکرێ و پەنچەری سارد و گەرمیش دادیان نادا. بەجۆرێك ، ئەو کێشمەکیش و ڕاکێش ڕاکێشانە وای لێهاتوە کەوا هەر یەکەو لەئاوازێ بخوێنێ و کەس بەکڵاوی کەسی تر هیچ ناپێوێ.
باڵەکان هێندە زۆرن کە تا ئاستی بچووك و خوارەش ڕۆچووە. لێ ئەوەی گرنگە و کاریگەری حەتمەن نێگەتیڤانەی لەم هەڵوەشاندوەیەدا هەیە ، ئەو چەند باڵەن کەوا لێرەدا ئاماژەیان پێئەدەین. سەرەتا یەکیتیە پارتیە نوێکان کەبریتین لە هەریەك لە(کۆسرەت ڕەسوڵ، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد) ئەمانە بەتەواوی بوونەتە پارتی و تەنها ئەوە ماوە بەسەرو جامانەیەکی سوورەوە بیان بینین، دەنا شتیك نەماوە ئەمانە بەیەکێتیەوە ببەستێتەوە. لێدوان و هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانیان هیچ لەوانەی پارتی جیاواز تر نیە. بۆ نمونە هیچ کام لەم چوار کەسە دژی هاوپەیمانی نین لەگەڵ پارتی و نایشارنەوە کەوا کاتەکە پێوستی بە بەردەوام بوونی بەناو هاوپەیمانی ستراتیژی هەیە.
باڵی دووەم کەخۆی لەهێرۆ و مەلا بەختیاردا بەرجەستە ئەکا، ئەمانیش تا ئێستا بەتەواوەتی خۆیان ساغ نەکردۆتەوە کەئایا بەرەو پارتی بچن و وەیان خۆیان ئەو توانایەیان هەیە کەلەسەر پێی خۆیان بوەستن بەبێ ئەوەی ڕەشەبای سلێمانی بیان جوڵێنێ. خۆ ئەم باڵەش لەڕاستیدا لەگەڵ یەکتر پاك نین و ئەوەتا هێرۆ خەونی ئەوەی هەیە کە لانی کەم یەکێ لەکوڕەکانی ئامادە بکا بۆ ئەوەی ڕەشمەی یەکێتی بداتە دەست و عەرەبانە شڕەکە لێبخوڕێ. ئەمە لەکاتێکدا مەلا بەختیاریش خەونی ئەوەی هەیە کەوا یەکیتی بەتەواوی ببێ بەهی خۆی و نەك هەر سکرتێر بەڵکە ببێتە ڕیش سپی و مەرجەع و شتی لەو جۆرە. وەیان بەکوردیەکەی کەچۆن سەدام خەونی سەرکردەی هەموو عەرەبی هەبوو، وەیان هیتلەر خەونی داگیرکردنی هەموو جیهانی هەبوو. ئەوا ئەمیش خەونی ئەوەی هەیە کەوا تاپۆی یەکیتی بخاتە سەر خۆی.
باڵی سێیەم، هەریەکە لە (فەرەیدوون عەبدول قادر، حاکم قادری حەمە جان، عومەر فەتاح و بەرهەم ساڵح)ن. کەئەمانە ئەگەر چی هەریەکەیان خۆی بەفیەل تەن ناگۆڕێتەوەو لەئاست خەڵکیدا ئارەقەی ماندووبوون و شۆڕشگێڕی ئەڕێژن و هەموو ڕۆژ و سەعاتێکی شاخیان بە چەند قات لە دلێری سەید مەجید وەرگرتۆتەوە، لێ هەریەکەیان لایەنگری باڵێکن و کێ زیاتر بات ئەچنە لای ئەو. بۆ نمونە فەرەیدون ئەگەر چی لەدەرەوەی یەکێتیە بەڵام بەلای هێرۆو کوڕەکانیەوە دایئەشکێنێ و حسابی چڵە پووشێك بۆ باڵەکانی تر ناکا. حاکم قادر لەوەتەی هەیە پشیلە خنجیلانەکەی تاڵەبانیەو ئێستاش بەلایەوە گرنگە هەر لای ماڵی هێرۆ خیوەتەکەی هەڵباو لەخۆی تێك نەدا.
بەهەمان شێوە عومەر مورتاح و شێخ جەعفەر و دکتۆر کردار شەرتە. پێیان باشە زیاتر خۆیان بەرەو بەغدا و ئێران تاو بدەن ، بەڵکە لەڕێی خوا مالکی و ئێران دەرگایەکی بەڕەحمەتیان بەسەرا بکەنەوەو لەم بردەو بەردەی ئێستای یەکێتی ڕزگاریان ببێ.
یەکێتی قەت بەقەت ئێستا بێ کاریگەر نەبوە. ئەو لێدوانانەی ئێستا هەر یەکەیان ئەیدەن گەواهیدەی ئەوەیە کەئەوا کەس گوێ لەکەس ناگرێ و هەریەکە ئەیەوێ داشی خۆی لەسەر ئەوانی تر سوارکا. ڕۆژێك دێن و ئەڵێن مەسعود کاندیدی ئێمەیە، ڕۆژێكی تر ئەڵێن پێوستە دەستوور هەموار بکرێتەوە. ڕۆژێكی تر ئەڵێن پێوستە ئیتفاقیەی ستراتیرژی بەردەوام بێ، ڕۆژیكی تر ئەڵێن لێكتێگەیشتنی دەباشان بەهەند وەرئەگرین ، ڕۆژێکی تر ئەڵێن ئۆپۆزیسیۆن مافی خۆیانە دەسەڵات وەربگرن . کاتیكی تر دێن و ئەڵێن پێوستە پارتی و یەکێتی وا بیرنەکەنەوە کەوا هەتا هەتایە ئەوان لەدەسەڵاتدا ئەبن. جا گەر سەیری ئەم بێ سەرو بەریە بکەیت ئەوا بۆمان دەر ئەکەوێ کەوا چۆن لەناو یەکێتیدا هەموو داوەکان ئاڵۆسکاون و زۆر زەحمەتە لەیەکتر جیاکردنەوەیان.
بۆیە پێشبینی ئەکرێ ئەم جۆرە کێشە و قەیرانانە لەناو حزبێکی پڕ میلیشیایی وەك یەکێتی کەوا لەکۆتاییدا پەنا ببرێتە بەر چەك و هێزی مافیا و بەکارهێنانی دژە تیرۆر بۆ سەرکوت کردنی باڵەکانی تر. ئەم قەیرانە قووڵەی یەکیتی تێی کەوتوە ، جگە لەبەکارهێنانی تفەنگ ، هیچ هەڵبژاردەیەکی تر وەدەست ناکەوێ بۆ ئەوەی ناکۆکیەکان ساف بکرێن. بۆیە پێم وایە پێش وادەی دیاری کراوی هەڵبژاردنەکان ، یەکێتیەکان بکەونە گیانی یەکتری و ئەوەی زیاترین میلیشیاو پارەی لابێ حەتمەن براوەی یەکەمە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە