مایكڵ ڕۆبن: كورد لە 5ساڵى داهاتوودا پشتیوانى ئهمهریکا لەدەستدەدات
Tuesday, 21/12/2010, 12:00
توێژەر و ڕۆژنامەنووسى ناسراوى ئەمەریكى (مایكڵ ڕۆبن) ڕایدەگەیەنێت كورد لەماوەى 5ساڵى داهاتوودا لەپەیوەندییەكانى لەگەڵ ئەمەریكا شكستدەهێنێت و بەمەش پشتیوانى ئەمەریكا لەدەستدەدات.
دوێنێ دووشەممە 18/12/2010 گۆڤارى لڤین لەهۆڵى هۆتێل پەرێژ لەشارى سلێمانى هەستا بەسازدانى سیمینارێك بۆ توێژەر و ڕۆژنامەنووسى ناسراوى ئەمەریكى (مایكڵ ڕۆبن) بەناونیشانى (هەڵسەنگاندنێك بۆ دیبلۆماسیەتى كوردى).
مایكڵ ڕۆبن لەسەرەتا قسەكانیدا ووتى: "من شانازى دەكەم بەوەى لەلایەن گۆڤارێكى ئەهلى ــیەوە بانگهێشتكراوم بۆ پێشەكەشكردنى سیمینارێك نەك لەلایەن حكومەتى هەرێمى كوردستان ــەوە".
ڕۆبن هەڵسەنگاندنێكى واقیعیانەى كرد بۆ ڕەوشى دیبلۆماسییەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانى كورد و لەمڕووانگەیەشەوە ئاماژەى بەوەدا: "دیبلۆماسیەتى كوردى و پەیوەندییەكانى سەكردایەتى سیاسى كورد زۆر لاوازە" ووتیشى: "كورد زیاتر گرنگى و بایەخ بە ژەنەڕاڵە خانەنشینكراوەكانى ئەمەریكا دەدات و داوەتیان دەكات و خواردن كوردى ـــیان پێشكەشدەكات!" ڕۆبن ئەمەشى وەك پێوەندییەكى ڕاستەقینە چاولێنەكرد.
هەروەها مایكڵ پێشبینى ئەوەشى كرد كورد لە 5ساڵى داهاتوودا پشتیوانى ئەمەریكا لەدەستبدات، لەمبارەیەشەوە ووتى: "پێشبینى دەكەم كورد لەماوەى نێوان ساڵانى 2012 بۆ 2016 واتە لە 5ساڵى داهاتوودا پیشتیوانى ئەمەریكا لەدەستبدات".
لەلایەكى ترەوە دەربارەى سازدانى سیمینارەكە، (ئەحمەد میرە) خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەرى گۆڤارى لڤین، ڕایگەیاند: "ڕۆبن ڕۆڵێكى بەرچاوى هەبووە لەهەڵسەنگاندنى سیاسەتى كوردیدا و ئێمەش ویستمان ئەو ڕۆڵە تەنیا لەچوارچێوەى نووسین و ڕووپەڕى ڕۆژنامەكان نەمێنێتەوە بۆیە ئەم سیمینارەمان بۆ سازدا" ووتیشى: "ویستیشمان بیسەلمێنین كە ڕۆبن توێژەرە نەك سیخوڕ وەك ئەوەى ڕاگەیاندنى حیزبى باسى دەكات".
(مایكڵ ڕۆبن) توێژەر و ڕۆژنامەنووسێكى بەناوبانگى ئەمەریكییە و لەماوەى ڕابوردووشدا لەبارەى سیاسەتى سەركردایەتى سیاسى كورد و پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانى كورد و زۆر بابەتى ترى پەیوەست بەسیاسەتى كوردییەوە قسە و نووسینى هەبووە بەمەش بووە هۆى قەڵسبوونى دوو حیزبە دەسەڵاتدارەكەى كوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست