نوێژە بەموچە
Sunday, 26/01/2014, 12:00
جاران لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ئەو ساڵەی باران نەباریایە و بۆنی وشکەساڵیان بکردایە بەتایبەتی لەلادێکان، هەڵئەستان بە دروستکردنی بوكێك و ماڵ بەماڵ ئەگەڕان و گۆرانی (بوکێ بەبارانیان ئەووت)، هەرکەسەش لای خۆیەوە جامێ ئاویان ئەکرد بەسەر بوکەکەدا و وەك نزایەك لە خوا ئەپاڕانەوە بۆ ئەوەی باران ببارێ و پەڵە بدا.
ئێستا لەکوردستان ڕۆژ نیە خەڵکی نەچێ بۆ بەردەمی فەرمانگا و بانکەکان بۆ مەبەستی مووچە وەرگرتن. کار گەیشتۆتە ئەوەی خەڵکی هەمان شت بکەن بەڵکە خوا دڵی ئەو مەنسولانە نەرم بێ و سەرو مووچە بدەن بەخەلکی قوڕبەسەر و بەش مەینەت.
لەدوای ڕاپەڕینەوە خەڵکی ئەوەی هەیبو هەراجی کرد و خۆیان پێ ژیان و گوزەرانیان کرد. هەر لە پیخەفەی شەو و راخەری هەیوان و بوتڵی غاز و هەرچی پارەی بکردایە خەڵکی ئامادە بوو بەپارەیەکی کەم بیفرۆشێ و خۆی و ماڵ و مناڵی لەبرسێتی رزگار بکا، بەس بۆ ئەوەی جارێکی تر نەچێتەوە ژێر دەستی ڕژێمی بەعس. کەچی لەم لاشەوە کوڕانی شاخ و پێشمەرگەی دێرین کەوتنە وێزەی هەر شتێك ئاسن و قوڕوقشم و فافۆن و ئەلەمنیۆم و ئاودیوی ئێرانیان کرد و پارەکەیان ئەخستە تەنکەی باخەڵیانەوە و ئەوەی گلەییەکی بکردایە ، ئەوا تابووری پێنج و حەوت تەختی ناوچەوانی ئەگرتەوە. کەچی ئەو کارەی ئەوانیش ئەبوایە وەك خەبات و دەستکەوتی میللی و نەتەوەیی بناسرایە. ئەم جۆرە لە ڕاوو ڕووتەی ئەوان کردیان ئەمڕۆشی لەسەر بێ هەر بەردەوامە و لەجیاتی ئاسن و شێلمان و تەل، نەوت و داتاشراوەکانی فەرهود و هەراج ئەکەن.
دەسەڵاتی بەزۆر خۆسەپێنێ پارتی و یەکێتی هەروەك چۆن قاچ و قووچ لەو بودجەیەی کەلە بەغداوە دێت و بەناوی ١٧% و پەڕو باڵی ئەکەن بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان، کەچی ئەوەی لەناوەوەی کوردستانیشە هەر هەمووی لرف لێ ئەدەن و بێ ئەوەی حساب بۆ کەسێ بکەن. تەماشا بکەن ئەو هەموو پارەی کە لەکوردستان دروست ئەبێ لە گومرگەکان، باجی خانوبەرە و دوکان و کۆمپانیاکان، بەرهەم هێنانی ناوخۆ، پشك و شیرینی کۆمپانیا دەرەکی و ناوەکیەکان و ئەو پارەیەیەی لەشێوەی یارمەتی و هاریکاری ڕێکخراوە بەناو دەرەکییەکان دێت کەچی ئێشتا تێرناخۆن و گیرفانە چوار بەچوارەکانیان پڕ نابێ. تۆ وەرە تو مەرقەدی کاکە ئەحمەدی شێخ زەرب و تەقسیمێك بکە و بزانە ئەو ١٧% و ئەوانی تر کەڕەنگە بکاتە چەند ملیارێك دۆلار ، کەچی هێشتا مووچە نیە و ئەو هەموو داماو و لێقەوماوانە دەستی دەستیان پێئەکەن و هەر ڕۆژەی بەیت و بالورەیەك دێننە گۆڕ. ئاخر گەر بەو هەموو بودجەیە نەتوانن مووچە دابین بکەن، خۆ بانکەکانی سویسراش لەژێر دەستیاندابێ هەر بەشیان ناکا و هەر خەریکی کڕووزانەوەن.
مەسعود لەداڤۆس ئەڵێ؛ داهاتی تاکی کورد ٥ هەزار دۆلاری تێپەڕاند . کەچی سوپا و زێڕەڤانیەکەی لەساڵێکدا ٩ مووچەیان پێئەدا. ئەوە حاڵی خانەنشینی ٢٠٠ هەزاری و خاوەن پێداویستی ٢٥٠ هەزاری و ئەنفالی دوای ڕاگواستن و کیمیاوی باران هەر ئەبێ چاویان بزەی بێ بۆ ئەو مووچە جوانەی ئەم دەسەڵاتە فوول دیموکراسی و سۆشیاڵ دیموکراتە.
ئەو بودجەیەی لەبەغداو ئەو داهاتەی نێوخۆ ئەتوانێ هەموو کوردستانی گەورەی پێ بەڕێوەببرێ، نەك تەنها بەشێکی. بەڵام دەسەڵات لەبەرئەوەی وامان فێر کردن لەدوای ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ وە بۆیە هەروا لێمان ئەخۆڕن و ئەزانن خەلکی لە دژیان هیچ ناکات. بۆیە پێوستە لەسەر میللەتەکەمان کەوا چیتر بە درۆی ئەمانە هەڵنەخەڵتێ و سنوورێك بۆ ئەم دزانە دابنین و شار بەدەریان بکەن و گروپیك دروست بکەن لەژێر ناوی(ئێرە چۆڵکەن و مل بشکێنن).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست