گرنگى گوێگرتن لە تاوانبار
Sunday, 23/03/2014, 12:00
زۆر لە تاوانباران هەست ناکەن یاخود بیر لەوە ناکەنەوە کە خۆیان بەشێوەیەکی هەڵە کردار دەکەن، لەکاتی ئەنجامدانی کردارێکدا یاخود تاوانێکدا هەست بە ململانێ ناکەن لە ناوه‌رۆکدا، هەست دەکەن لەکۆتایی تاوانەکەدا ئامانجێکی باش بەدەست دێنن، بێ ئاگا له‌وه‌ى دواتر وەک فڕێدراوی ناو کۆمەڵگا سه‌یر دەکرێن. بۆیە لەکۆتایدا هەست بە تەنهایی و گۆشەگيری دەکەن و توشی قه‌فه‌سى زیندانی نهێنیه‌کانی خۆیان دەبن. پاشان دەکەونە ململانێی ئەوەی کە بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان پاک بکەنەوە، بۆئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا.
یەک لەم نمونانە (قاسم ئاغاى کۆیە)یە، ئەمرۆ دەیەوێت بە دەرکەوتنی لەیەکێک لە شاشەی تەلەفیزیۆنەکان بەشێوەیەک بگەرێتەوە ناو کۆمەڵگای کوردی.
ئه‌و راستيە ناشاردرێته‌وه كه قاسم ئاغا هەتا ئەمرۆ دادگايى نه‌كراوه‌و سزا نەدراوە، بەڵکو ئازادانەش دەسوڕێتەوە، خۆى و خێزانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئه‌وان به‌پێى بڕياری مەسعود بارزانی دەسورێنەوە.
من لێرە نامەوێت لێکۆڵێنەوە بکەم لەسەر ئەم بڕياره‌ى مه‌سعود بارزانى کە ناچێته چوارچێوه‌ى هيچ پێوه‌رێكى مۆراڵ و مۆراڵی نی یە، بەڵکو بەرژەوەندی حزبی یە، ئێمە باس لە گۆڕينى هەلومەرج دەکەین لەگەڵ ئه‌نجامدانى تاوانێک لەلایه‌ن کەسێکه‌وه لەسەردەمێکدا، کە لەئەنجامدا به‌پێى ئه‌و ده‌ستورو ياسايانه‌ى وڵات كه ناراسته‌وخۆ له‌لايه‌ن گه‌له‌وه دانراون، داوا دەکرێت تاوانبار سزا بدرێت یاخود زیندانى بکرێت، ئه‌م داوايه‌ى گه‌ل لەترسی ئەوەيه کە جارێکی تر تاوانبار تاوان ئه‌نجام نه‌داته‌وه‌و چاوترسێنيش بێت بۆ كه‌سانى تر‌ى ناو كۆمه‌ڵگا بۆئه‌وه‌ى بزانن كه بۆ هه‌ر تاوانێك سزا هه‌يه، چونکە ئازادكردنى كه‌سانى تاوانبار و سزانه‌دانيان مەترسی هەیە بۆ سەر کۆمەڵگا لەوه‌ى کە جارێکی تر تاوان دوبارەبکەنەوە. لە هەندێک حاڵەتدا هەلومەرج وا لە مرۆڤ دەکات کە تاوان ئه‌نجام بدات و سووديش له‌تاوانه‌كه‌ى وه‌ربگرێت به‌بێ ئه‌وه‌ى سزاش بدرێت. بەڵام به‌گۆڕينى هه‌لومه‌رجه‌كه ئەو تاوانبارە جارێكى تر دەرفەتی بۆ ناڕه‌خسێت بۆئەوەی تاوانێکی تر دوبارەبکاتەوە. وەک ئەمرۆی هەلومەرجی کوردستان کە جارێکی تر بۆ قاسم ئاغا ڕێ ناکەوێتەوە کە تاوان دووبارە بکاتەوە. بەڵام ئەمەوێ ئەوە دووپات بکەمەوە کە راستە هەلومەرجەكە بۆ خەڵکی کوردستان و قوربانى و کەسوکاری قوربانی گۆڕاوە، بەڵام بۆ تاوانبارێک هەمان پێگەیە کە هەیبووە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەی، ئەویش ئەوەیە کە پێگەیەکی هەیە بەرامبەر بە ئەو کومەڵگایەی کە كه‌سى تاوانبار پەسەند ناکات، به‌مه‌ش هه‌موو ده‌رگاكانى هاتنه ناوه‌وه‌ى دووباره‌ى ئه‌م جۆره تاوانبارانه بۆ ناو كۆمه‌ڵگا داخراون. به‌نمونه پارێزگاری هەولێر له‌ماوه‌ى ڕابردوودا ئەوەی رەتکردەوە کە قاسم ئاغا لە هەولێر نيشتەجێ بێت.
سەبارەت بە دەرکەوتنی ئەم تاوانبارە لەسه‌ر شاشەی تەلەفزیۆن، گەرچی زۆر لەچالاكوانان و کەسوکاری قوربانی دژ بەدەرکەوتنی دەوەستنەوە، چونکە هیچ کەس لەو کەسانەی کە بەبۆنيش ئەگەنە قوربانیه‌کانى ئه‌نفال نايانه‌وێ ڕووبەڕووی سيماو ده‌نگى ئه‌و تاوانباره و سێبەری ببنەوە، دەرکەوتنی خۆی لەخۆیدا شێوە رووبەرووبوونەوەیەکە کە چەندين پرسیاری رۆحی قوڵ ئاراستە دەکات كه بە زمانی وشه شی ناکرێنەوە. بەمانایەکی تر ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ى به‌هه‌وڵێك ده‌بيندرێت بۆئه‌وه‌ى تاوانبار خۆى له‌تاوانه‌كانى پاك بكاته‌وه‌و دووباره بێته‌وه ناو كۆمه‌ڵگاكه‌ى و ژيانێكى ئاسايى وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكى تر‌ى ئاسايى ناو كۆمه‌ڵگاكه‌ى بژيه‌ت.
گەر ئێمە بمانەوێت ناوبراو سزا بدرێت، دەبێت پێ بە دڵى خۆماندا بنێين و رێگا بەوە بدەین کە ناوبراو لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەربکەوێت، پێموايه ئەوە تەنها رێگایەکە کە بەرەو راستيه‌کانمان بەرێت، گەرچی هەندێک پراگماتیە. هەر وەک چۆن ئەوەی "دافید فرۆست" یەکێک بوو لەهەره رۆژنامه‌نووسه باشه ئينگلیزەكان کە توانی لەچەندەها چاوپێکەوتنی تەلەفزيۆنی لەگەڵ "ریتشارد نیکسونی" سەرۆکی ئەمه‌ریکا، بیخاتە ژێر فشار و وایلێبکات کە دان بە فەزاحەتەکانی دا بنێت لەبەردەم رای گشتی ئەوەش بووە فشارێكی نوێ لەپاڵ فەزاحەتەکانی دا کە نیکسون دوائەنجام واز لە دەسەڵات بهێنێ. گەرچی ئەم دوو كه‌سايه‌تيه لە تاواندا زۆر دوور و جياوازن لەیەکتر، بەڵام لەسەر ئاستی بەدواداچوون و گه‌ڕان بەدوای راستيدا بۆ دوو كه‌يسى جياواز هه‌ر وه‌ك يه‌كن.
ئەمەش خۆی لەخۆیدا وا دەکات کە فشارێکی کۆمەڵایەتی دروست ببێت ئەو تاوانانەی کاتی خۆی ئەنجام دراون بخرێنەوه بیر ده‌سه‌ڵات و بتوانرێت كاريان له‌سه‌ر بكرێت، لەهەمان کاتیش‌دا گەر هاتوو ناوبراو نکۆڵی لەتاوانەکانی کرد ئەمە خۆی لە خۆیدا تاوانێکی ديکەشی بۆ كه‌يسى تاوانه‌كه‌ى زیاد دەکات، ئەویش درۆکردن و په‌شيمانى ده‌رنه‌بڕينه له‌ئه‌نجامدانى تاوان، ئه‌مه‌ش مانای ئەوەیە کە تاوانەکانی دووپاتدەبێتەوە و نایەوێت پەشیمانی پيشان بدات بۆئەوەی سزای خۆی وەربگرێت و لە ئەنجامدا بگەرێتەوە ناو کۆمەڵگا.
دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە هەر وشەیەک لە زاری ناوبراو بێته‌ده‌ره‌وه بایەخی هەیە بۆ كه‌يسى ئه‌نفال، لەبەر ئەوە ئێمە پێويسته لە هه‌وڵدابين بۆئەوەی بە هەموو شێوەیەک ئەوپەری زانیاری کۆ بکەینەوە بۆ مێژووی جينۆسایدى كورد، هەموو شێوە هەنگاوێک بەکار بهێنین بۆئەوەی زانیاری زیاتر کۆ بکەینەوە لەسەر ئەو تاوانانەی کە به‌رامبه‌ر به كورد ئه‌نجام دراون، به‌نمونه گەر مناڵێك لەلایه‌ن تاوانبارێکەوە بکوژرێت، دایک و باوکی ئەو منداڵە زۆر بە پەرۆشه‌وه‌ن بۆ بينينى تاوانباره‌كه بۆئەوەی بزانن پێش مردنی منداڵەکەیان دواين وشە چى بووه بە تاوانبارەکەى وتووه. ئێمەش بەهەمان شێوە دەمانەوێت بزانین تاوانبار چی دەڵێت سەبارەت بە هه‌ر زانياريه‌ك كه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌يسه هه‌بێت و تاكه رێگاش بۆ كۆكردنه‌وه‌و زانينى ئه‌و زانياريانه له‌ئێستادا جاش و موسته‌شاره كورده‌كانى سه‌رده‌مى رژێمى به‌عسن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست