سەرۆكى شارەوانى كەلار ئاسانكارى بۆ ئەنجامدانى زیادەڕەویی كردووە
Wednesday, 18/05/2011, 12:00
كەسێكى نزیكى سەرۆكى شارەوانى كەلار،زیادەڕەوى كردۆتە سەر موڵكى گشتى و زیاتر لە هەزار مەتر زەویی داگیركردووە،بۆ بەدواداچونى ئەو حاڵەتەش،لیژنەیەك لە شارەوانییەكانى سلێمانی پێكهێنراوەو داواى روخاندنى ئەو زیادەڕەویە دەكەن.
رۆژنامەى ئاوێنە ئەوەى زانیوە كە دواى ئەوەى سەرۆكى شارەوانى بە گەشتێك لەماوەى رابردوودا چۆتە دەرەوەى وڵات، لەلایەن قایمقامى قەزاى كەلارەوە ئەو زیادەڕەوییە روخێنراوە،بەڵام دواى گەڕانەوەى سەروكى شارەوانى،"دووبارە زیادەڕەویەكە دروستكراوەتەوە".
سەرچاوەیەك لە شارەوانى كەلار كە نەویست ناوى بڵاوبكرێتەوە ئاماژەى بەوەدا،كە كەسێكى نزیكى سەرۆكى شارەوانى كەلار،بەناوى (س،ح) ،لە گەڕەكى حەمرینى كەلار،زیادەڕەوى كردۆتە سەر موڵكێكى گشتى و زیاتر لە هەزارمەتر زەوی داگیركردوە،هەر بۆیە"لیژنەیەك لە سەرۆكایەتی شارەوانییەكانى سلێمانى سەردانى شارەوانیی كەلاریان كردووە،بەمەبەستى بەدواداچوونى ئەو زیادەڕۆییە".سەرچاوەكە ئەوەیشی روونكردوە ئەو لیژنەیە،دوایكردوە"بەزوترین كات ئەو زیادەڕەوییە بڕوخێنرێ".
،، زیاتر لە 100 كەس هەیە كە لەگەڵ ئەوەى خانوى میرییان
وەرگرتووە،هاوكات لەباشترین شوێنى كەلاریش زەوییان پێدراوە
سەبارەت بە هەبونى ئەو زیادەڕەوییە،ئەندامى لیژنەی یاسای شارەوانییەكانى سلێمانى،یاسین مەحمەد باسی لەوەكرد كە لە نوسراوەێكاندا بۆ ئەنجومەنى وەزیران و شارەوانى كەلار،داواى روخاندنى ئەو زیادەڕوەیەیان كردوەو وتی" ئێمە وەكو لیژنەكە پێشنیارى ئەوەمان كردوە كە بەزوترین كات شاروانى زیادەڕوەیەكە بڕوخێنێت، دواتر بەكار بهێنرێت بۆ پرۆژەیەكى وەبەرهێنان، كە لەبەرژەوەندى هەموو خەڵكى ناوچەكەدا بێت،نەك تەنها كەسێك".
ناوبراو ئاماژەى بەوەشدا كە لەسەر ئەو زەویە،مۆلیدەیەكى ئەهلی و سۆپەرماركێتێك هەیە و شورایەكیش بەدوەری زەویەكەدا دروستكراوە،هەروەها وتیشی" لەلایەن قایمقامى قەزاكەوە ئەو شۆرایە روخێنرا،بەڵام دواتر دروستكرایەوە".
بەدەر لەوەو بەپێی زانیارییەكانى ئاوێنە، فەرمانگەى داواكارى گشتى لە گەرمیان، بەسێ نوسراوى جیا، داواى لەسەرۆكى شارەوانى كەلارى كردووە،بۆ ئەوەى پێداچونەوە بە گرێبەستى ئەو زەویانەى شارەوانیدا بكات كە دواێتى بە خەڵكى لەدەوروبەرى ناوچەى پیشەزاى كەلار،كە نزیكەى دوو ساڵە گرێبەستیان بۆ تازە نەكراوەتەوە،هەروەها لەنوسراوەكاندا باس لەوەشكراوە كە 250 دوكانى گەنم فرۆشەكان، گرێبەستیان تەواوبووە،بەڵام شارەوانى لەو بارەیەوە بێدەنگ بوو.هاوكات لەنوسراوێكى تردا، ناوى زیاتر لە 100 كەس هەیە كە لەگەڵ ئەوەى خانووى میرییان وەرگرتووە،هاوكات لەباشترین شوێنى كەلاریش زەوییان پێدراوە،واتە" دووجار سوودمەند بون"،هەر بۆیە داواى لێپرسینەوە دەكەن.
سەبارەت بەو زیادەڕەویانە،سەرۆكى شارەوانى كەلار،جەواد وادى رایدەگەیەنێ كە " هیچ زیادەڕەوییەكى نوێ،نەكراوە".
لەبارەى دوكانى گەنم فرۆشەكانیش كە گرێبەستیان تەواوبووە،وتى "راستە ئەو دوكانانە گرێبەستەیان تەواوبووە،ئەوانە موڵكى حكومەت و خەڵكە، دەبێت بگەڕێتەوە".
هەروەها سەبارەت بە ئەو كەسانەش كە دووجار سودمەندبوون لە وەرگرتنى خانوو زەویش،وتى"راستە خەڵك هەیە دووجار سودمەند بوو،بەڵام لە ڕێگاى داواكارى گشتییەوە داواكراوە كە یەك زەوییان بگەڕێنەوە".
لە ئاوێنەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست