کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێواره‌کۆڕێک بۆ ڕێبوار حه‌سه‌ن ... کاندیدی پارتی ژینگه‌ی سوێد بۆ پارله‌مانی ئه‌وروپا

Monday, 25/05/2009, 12:00


پاش نیوه‌ڕۆ‌ی رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 24/5/2009 له‌ شاری یۆتۆبۆری و به‌ ئاماده‌بوونی کۆمه‌ڵێک له‌ هاوڵاتیانی ڕه‌وه‌ندی کورد له‌و شاره‌دا، کۆڕێک بۆ خۆناساندنی به‌رێز ڕێبوار حه‌سه‌ن کاندیدی پارتی ژینگه‌ی سوێد بۆ پارله‌مانی ئه‌وروپا سازکرا. له‌ سه‌ره‌تای کۆڕه‌که‌دا به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان کرا و به‌ کورتی باس له‌م خولی هه‌ڵبژاردنه‌ی پارله‌مانی ئه‌وروپا که‌ بڕیاره‌ له 7 ی مانگی حوزه‌یرانی داهاتوودا ئه‌نجام بدرێ و کاندیدکردنی کاک رێبوار بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ کرا و گرنگیی به‌شداریی کردنی چالاکانه‌ی ڕه‌وه‌ندی کورد له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا خرایه‌ڕوو. دواتر کاک رێبوار خۆی به‌ ئاماده‌بووان ناساند و به‌خێری هێنان و سوپاسی ئاماده‌بوونیانی کرد. پاشان به‌ شێوه‌یه‌کی تێروته‌سه‌ل له‌ ستراتیژی کاندیدکردنی بۆ ئه‌و پۆسته‌ گرنگه‌ی نێو ده‌زگه‌ و پرۆژه‌یه‌کی گرنگی وه‌ک پارله‌مانی ئه‌وروپا ئاخافت و کارنامه‌ی ئیشکردنی خۆی له‌ ئه‌گه‌ری ده‌رچوونیدا وه‌ک پارله‌مانتارێکی کورد له‌ پارله‌مانی ئه‌روپادا باسکرد. ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵ و کاریگه‌ریی هه‌ناردن و پشتگیریی ڕه‌وه‌ندی کورد بۆ که‌سایه‌تییه‌ شیاو و چالاک و دڵسۆزه‌کانی خۆی له‌ ده‌زگه‌یه‌کی گرنگ و ناوه‌ندی بڕیاری وه‌ک پارله‌مانی ئه‌وروپادا دا. له‌ میانه‌ی قسه‌کانیدا کاک ڕێبوار باسی له‌وه‌ کرد که‌ ئێمه‌ی کورد له‌ مێژوودا به‌ زۆریی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی غه‌درلێکرا و مافخوراو و که‌رتو‌په‌رت، ته‌نها له‌ڕێی کاره‌سات و نسکۆ و ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌کانمانه‌وه‌ خۆمان به‌ دونیا ناساندووه‌ و له‌ مانشێت و ستوون وێنه‌ی ڕۆژنامه‌کاندا خۆمان به‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان ناساندووه‌ و جێگای خۆمان له‌ ویژدانی ده‌ره‌وه‌دا کردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئیدی له‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌دا، ده‌رفه‌تی تر له‌به‌رده‌مماندایه‌ که‌ له‌ڕێی که‌سایه‌تییه‌ به‌توانا و لێوه‌شاوه‌ و دڵسۆزه‌کانی خۆمانه‌‌وه‌، به‌ شێوه‌ی تر و له‌ڕێی که‌ناڵی تر و چوونه‌ نێو ناوه‌نده‌کانی بڕیاره‌وه‌ له‌ دونیادا، نه‌ک هه‌ر خۆمان و مێژووی پڕ له نسکۆ و قوربانیی و غه‌درلێکردنمان بناسێنین، به‌ڵکو ڕۆڵ و کاریگه‌ریشمان به‌ شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ له‌ دروستکردنی بڕیاردا هه‌بێت و کاری بۆ بکه‌ین. کاک رێبوار زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌یه‌‌ وه‌ستا و ڕوونی کرده‌وه‌ که‌ پلانی هه‌یه‌ و بگره‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوکارێکی یاساناس و پسپۆڕیدا له‌ پارله‌مانی ئه‌وروپا کاری بۆ کردووه‌ که‌ سه‌رله‌نوێ مێژوویه‌کی ته‌مه‌ن نه‌وه‌د ساڵه‌ی وه‌ک په‌یمانی سیڤه‌ر له‌ چه‌کمه‌چه‌کانی ناوه‌نده‌کانی بریاردا ده‌ربهێنێته‌وه‌ و تۆزوخۆڵی سه‌ری بته‌کێنێ و دیسان وه‌ک پرۆژه‌یه‌ک که‌ کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاینده‌ی ئێمه‌ وه‌ک نه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، بوروژێنێته‌وه‌ و زیندووی بکاته‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ بیخاته‌وه‌ سه‌ر مێزی باسوخواس و وتووێژ.
ته‌وه‌رێکی تری قسه‌کانی کاک رێبوار تایبه‌ت بوو به‌ گرنگیی دامه‌زراندن و ڕۆنانی سترکتورێکی کوردیی له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی هۆشیاریی له‌نێو ڕه‌وه‌ندیی کوردییدا بۆ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌شداریی کردنی چالاکانه‌ له‌ سه‌رخستن و پشتگیرییکردنی به‌رفراوانی که‌سایه‌تییه‌کانی خۆی و سه‌رخستنیان بۆ‌ پارله‌مانه‌کانی وڵاتان و پارله‌مانی ئه‌وروپا. له‌م ڕووه‌وه‌ ئاماژه‌یدا به‌ کۆمه‌ڵگای جووله‌که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ چۆن له‌و بۆنه‌ گرنگانه‌دا به‌ جیاوازیی بیروڕا و ئینتیمای ئایینی و سیاسیان هه‌ر هه‌موو ده‌نگی خۆیان ده‌که‌نه‌ یه‌ک بۆ سه‌رخستن و پشتگیریی کردنی کاندیده‌ شیاو و چالاکه‌کانی خۆیان.

ڕێبوار حه‌سه‌ن له‌ دایکبووی شاری سلێمانی له‌ کوردستانی باشووره‌. ساڵی 1981 زانکۆی سلێمانی به‌شی جیۆلۆجی به‌ پله‌یه‌کی به‌رز ته‌واو کردووه‌ و پاشان له‌هه‌مان زانکۆدا وه‌ک مامۆستای یاریده‌ده‌ر کاری کردووه‌. له‌ ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی هه‌شتا و به‌هۆی بارودۆخی سیاسییه‌وه‌ کوردستانی جێهێشتووه‌ و له‌ یه‌کێتی سۆڤێت گیرساوه‌ته‌وه‌. له‌وێ بڕوانامه‌ی ماجستێری له‌ بواری نه‌وت و ده‌رهێنانی نه‌وتدا وه‌رگرتووه‌. ساڵی 1991 هاتۆته‌ سوێد و له‌م وڵاته‌ش بڕوانامه‌ی ماجستێری له‌ بواری ژینگه‌ و ته‌ندروستیدا هێناوه‌. ماوه‌ی یازده‌ ساڵه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ستۆکهۆڵمه‌ و لێپرسراوی یه‌کێ له‌ هه‌ره‌گه‌وره‌ترین کۆمپانیاکانی ئاو و دابه‌شکردنی ئاوه‌ له‌ ستۆکهۆڵم و تا ئێستا دوو جار بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مانی سوێد له‌سه‌ر لیستی پارتی ژینگه‌ کاندید کراوه‌.

ڕێبوار حه‌سه‌ن کاندیدی پارتی ژینگه‌ی سوێد بۆ ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مانی ئه‌وروپا، دوازده‌یه‌مین کاندیدی ئه‌و پارته‌یه‌ و ته‌نها به‌ که‌متر له‌ هه‌شت هه‌زار ده‌نگ ده‌بێته‌ پارله‌مانتارێکی کوردی ئه‌و ده‌زگه‌ هه‌ستیار و ناوه‌نده گرنگه‌‌ی بڕیار‌.


 ‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە