بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


تورکیا بۆ خۆی راستەو خۆپرسەکان چارەسەردەکا!!

Thursday, 10/07/2014, 12:00



ئەو رستەیەی سەروو گوتنی من نییە. تەنانەت باوەڕیشم پێی نییە. ئەو گوتنی ئەیاغ مەغول وپاشماوەی سەرتەریدەی کورد کوژێکە بەناوی / بەشیر ئاتالای /جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیایە. واوێدەچێ هەمیسان مێژوومان بۆ دووپات کەنەوە. ئەو فاشیستانە ئاوا بە کوردی هەژار ڕادەگەیەنن: وەرن با پێکەوە بۆ(لەراستیدا هەر بۆ خۆیان) خۆمان کێشەکان چارەسەر بکەین وپرسی کورد لە تورکیا بەرەو ئاشتی پێش بەرین.
لە ئاست ئەو سیاسەتە کورد مێژوویەکی تاڵ وپڕ لە لە ئازاری چێشتووە. هەر کات دۆزی کورد گەیشتۆتە قۆناغێکی بڵند ودوژمنی وادار کردووە وتووێژی لە گەڵ بکا سەر لە نوێ فێل وتەڵەکەی سیاسی لە لایان نەیارەکانی بۆتە سیاسەتێکی نەهێنی وبنەڕەتی بۆ لە ناو بردنی سەرهەڵدانەکانی مێژوویی کورد. شێخ سەعید، رەزا دێرسیمی، موحەممەد خانی لەپ زێڕین،بارزانی،قازی موحەممەد، قاسملو، شەڕەفکەندی ودەیان نمانەی دیکەی مێژوویی کە هەر هەموویان بە یەک سیاسەتو یەک ئامانج فریوکارانە توانیویانە کڵاوی شەرعی سیاسیمان لەسەر نێن و لە ماوەیەکی کورتدا بە نەهێنی وبە پلانی نێونەتەوەیی لە بارمان بەرن.
هەموومان دەزانین کە سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئامریکا/ جان ئێف کەنەدی / موهەندسی پڕۆژەی دامەزراندنی پایەگای / ئینجرلیک / بوە لە تورکیا. راکێشانی دیوارێکی پۆڵایی بۆ بەرژەوەندی سیاسی وئابوری ئامریکا لە جەغڕافیایەکی هەستیاری وەکو تورکیە لە بەرانبەر سۆڤیەتی پێشووکە تائەوڕۆش بەردەوامە. ئەو پێگەیە بوو بە هۆی ئەوەی کە ناتۆ ئەو وڵاتە وەک ئەندامی خۆی وەربگرێ وبەرواڵەت لە ئورووپای نزیک کاتەوە.هۆی دووهەم دوای شەڕی دووهەم یارمەتی ئامریکا بۆ دووبارە ساز بونەوەی وێرانی شەڕ لە وڵاتانی ئەرووپی بووە.پڕۆژەی / ماڕشاڵ / یەک لەو پڕۆژانەیە کە توانی ئاسەواری شەڕی دووهەم لە و وڵاتانە هێدی هێدی بسڕێتەوە.
ئەو دەهٶڵو زوڕنایەی کە ئورووپیەکان بۆ دێمۆکڕاسی تێێدەتوڕێنن و رۆژانە تیف تیفەی دەدەن لە حاند کێشەی کورددەنگی لێوە نایە. وڵات هەیە رێژەی دانیشتوانی ناگاتە ٥٠ هەزار کە چی رێزی یاسایی لێ دەگێرێ ووەک ئەندام وەرگیراوەلەحاڵێکدا نەتەوەیەکت ٥٠ میلیونی یالە لیستەی ترۆری ئیمپریالیزمی هاردایە یانژی ئوورووپیەکان مامڵەی بازەرگانی پێوە دەکەن. ئەوەی کە رێبەرایەتی کورد لە باکوری وڵات چەندە چاوی لە بڕیاری گەورەهێزەکان بێ تا بەرهەمی خەباتی بۆ بدوورنەوە من قسەی لەسەر ناکەم با مێژووی ئەو چەند ساڵەی رابوردوو بڕیار بدا. ئەوەی کە جێگای داخە هەڵویستی سەرکردەی حیزبەکانی دیکەیە کە هەر چەند ساڵێک توێشووی بەرهەمی خوێنی شەهیدەکانمان دەدەنە بەر باو بۆرانی نەزانی وباوەڕی وڵاتانی دیکە ئەوانیش زۆر بەهاسانی پشتمان تێدەکەن وبە جێمان دەهێڵن.
ئەگەر وەکی کوردێکی دەمار گرژ نەیەمە حێسێب کردن دەتوانم بڵێم لە مێژووی ٢٩ سەرهەڵدانی هەتا ئەو ڕۆ، شۆڕشی کورد بە رێبەرایەتی ،، پاڕتی کرێکارانی کورد،، جیاوازیەکی تەواوی لە گەڵ ئەوانی دی هەیە. لە دەست پێکی ئەو رێبازەدا هەتا ئەو ڕۆ توانراوە زاڵ بێ بەسەر کەمو کورتی ورەخنەو هەڵەو پلانە یەک لەدوای یەکەکانی دا تا ١٥ هەمین ساڵی زیندانی بونی رێبەر / ئاپۆ / . ئەوانەی کە جیاوازی دەخوڵقێنن چن؟ سیستمی ئابوری، شێوەی شەڕی پاراستن، دامەزراندنی دەیان سازی ورێکخستن، بەستنی کۆنفڕانس وکۆنگرەی سەر کەوتوو، درێژکردنی دەستی دۆستی بۆ هەر کوردێکی دڵسۆز، دامەزراندنی هێزی خاوەن پڕنسیب لە بەشیکانی دیکەی وڵات، تی،ڤی، رادیۆ، رۆژنامەو... .،.
لە دەسەڵاتی کوردکوژی داگیرکاریدا دوو سیستمی جیاواز بڕیاری هەستیارو مێژوویی دەدەن بەرانبەر بە کورد.یەکیان / وەزارەتی ناوخۆ / ئەوی دی وەزارەتی / دەرەوەی / ئەو دەسەڵاتەیە. ئەوەی کە جێگای سەرسووڕ مانە داییم وڵاتانی دژە کورد لە حاند ئەو دوو رێکخراوەیەدا بێ دەنگیان هەڵبژاردووە بە کێشەیەکی ناوخۆیی وبابەتێکی بەرژەوەندخوازی لێی نەڕیون. لەو قۆناغە ئاڵۆزەدا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی هاتووە تورکیە بە یارمەتی دونیای کەڕو کوێری زلهێزەکان خەریکە کڵاوی شەرعی سیاسیمان بۆ دەدوورن. چون کۆنە مەغولی کوردکوژ بە بێ ئیزنی ئەربابەکانی وتار نادا.
رێبەر ئاپۆ رادەست کرا دەیانخواست لە سێدارەی بدەن.چون ئامریکاو ئاڵمان رازی نەبون ئەو کارە کرا بە زیندانی هەتاهەتایی. خاوەن دەرکەوتنی کورد رۆڵی سەرکی گێڕاو پاشی چەند ساڵ ئەوڕۆکە رێگای دیدارو وتووێژ بۆ چارەسەی لەگۆڕێدایە. ئەو هاتوچوویانە بە کوێ دەگەن ئاکامی چۆن دەبێ پەیوەندی بە وشیاری شۆڕشی کورد هەیە. کات بەفیڕۆدان وچاوەڕوانی رووداوەکان بون بۆتە سیاسەتی سەرەکی دەوڵەتی تورکیە.
بۆ کورد زەحمەتە کە بتوانێ بەدونیا بڵێ مافی خۆیەتی لە نەتەوەیەکگرتوەکاندا بۆ یاسایی کردنی ئەو قۆناغە دەبێ کورد نوێنەری لە نەتەوەیەکگرتوەکاندا هەبێ.بەڵام ئەو کارەش گوناح نییە ومافی کوردە. تەنیا سێ گۆشەی / ئیمڕاڵی وقەندیل ووڵات / بەو زوانە رێگای چارەسەری ناکاتەوە.ئەدی چارە چییە؟خاپاندنی کوردە؟ رەخساندنی کاتە بۆ دوژمن؟ هەر کات هەڵبژاردنیێکی نوێی سەراسەری هاتە گۆرێ هیندێک یاسای مەغول ئێسا دێنە سەر ماسەو قسەی لەسەر دەکرێ! پاشێن دەدرێتە بەر باو باهۆزی زەمان.! بۆ ؟ مەگەر قەرار وایە بەرێز ئاپۆ ١٥ ساڵی دیش لە زیندان بمێنێتەوە تا دەسەڵاتی تورک دەبنە مرۆڤ وڕوحممان پێدەکەن؟!
لە بەرانبەر ئەو گوتنانەی کە / ئاتالای / کاوێژیان دەکاتەوە پێشنیاری من بۆ رێبەرایەتی کورد ئەوەیە کە بە راشکاوی جوابیان بدەنەوە. بەو واتایە کە ئێمە وەکو خاوەنی ئەو دۆزە پیرۆزە لە هۆدە تاریکەکاندا لە چارەسەری ناگەرێین ورۆژانە بە ئاشکرا سات بە سات خەباتی خۆمان لە گەڵ تاک تاکی نەتەوەکەمان شرۆڤە دەکەین و بێ پرسی گەل بڕیار نادەین. ئەو گوتنانەی ئاتالاش کە دەڵی ،، بۆخۆمان،، کێشەکان چارەسەر دەکەین کاتێک بەڕاست دەزانین کە هەنگاوی مەزنی لە گەڵ خۆییدا بێنێ ئازادی رێبەر ئاپۆ بۆ مەشاندنی چارەسەری یەکێک لەو هەنگاوانەیە کە دەبێ زووتر بێتە جێ بەچی کردن. با ئەو جارەش بە بیانووی ئەوەی بەخۆمان ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەی کڵاوی سیاسی وشەرعیمان بۆ دروست نەکەن .
جەعفەر کەریمی
١٠/٧/٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە