کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوێندنگای میدیای نمونەیی بەتەواوی دائەخرێ

Saturday, 21/04/2012, 12:00


خوا ئەڵێ: گەر بەدوامدا بگەڕێیت، ئەم دۆزیتەوە. کە دۆزیتمەوە؛ خۆشمت ئەوێ. کە خۆشمت ویست؛ ئەتکوژم.
نیکۆس کازانزاکی لەڕۆمانی(برا کوژی)

لە تازەترین هەواڵدا پێیان ڕاگەیاندم کە هەر ٣ مامۆستا ئەمریکیەکەی خوێندگای میدیای نمونەیی دوای ئەوەی هەڕەشەیان لێکراوە لەلایەن چەند پیاوێکی بەناو ئایین و دژە تیرۆر ، سلێمانیان جێهێشت و وا بڕایارە کۆتایی ئەم ساڵ دوا ساڵی خوێندن بێ لەم خوێندگایەدا.
دوای ڕووداوی کوشتنی مامۆستا جێرمایە سمۆڵ بەدەستی بەیار سەروار سەرەتای مانگی ٣، هەلێکی زێڕین هاتە ئاراوە بۆ ئەوەی دایکی بەیار وەك)مەزەر تریسا) و باوکیشی وەك(مارتن لوسەر کینج) هەڵبکەون. لەڕاستیدا ئەبوو دوای ئەوەی کە باوکی مامۆستاکە ئەوپەڕی دڵفراوانی نیشاندا و تەرمی کوڕکەشی لەسلێمانی بۆ خوێنداکاران و خەڵکی سلێمانی جێهێشت. ئەبو بنەماڵەی بەیار لەوە تێبگەیشتنایە کە لێبووردەیی گەورەترین و بەهێزترین چەکە نەك هەر بۆ تۆڵە کردنەوە، بەڵکە بۆ لەبیرچوونەوەی ئەو زیانە گەورەیەی کە لێیان کەوتوە. کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکا کە جەرگ سووتاندن کارێکی یەکجار قورسە و پیاوی خۆی ئەوێ. هەرچیەك بێ تازە ئەوان کوڕەکەیان لەکیس چوەو ناگەڕێتەوە ناویان،،، چی ئەبو گەر باوك و دایکی بانگەشەی لێبووردەییان بکردایەو شارەو شار، دێ بەدێ و گەڕەك بەگەڕەك خەڵکیان فێری وانەی لێبووردەیی و کاری وا بکردایە و لەکاتی لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان بەو جۆرە باس لێوە بکردایە کەوەك باوکی مامۆستا ئەمریکییەکە کردی.
ئاخر ئەمە ئەو هەنگاوە بوو کەئێمەمان چاوەڕوان بووین کە باوك و دایکی بەیار بیان کردایە، لێ سەد حەیف ، بۆ ئەو کەسانەی کەنایانەوێ شتی جوان فێر ببن و هەر لەسەر کەللە ڕەقی و بێ سەلیقەیی خۆیان ئەمێننەوە ولەسەر هەمان کەلتووری خێڵەکیانە و لووتبەرزیی بەردەوامن. هەرگیز باوەڕم نەئەکرد کە ئەو جۆرە لێدوانانە بۆ میدیا بدەن و قوربانی بکەن بە تاوانبار و بکوژ بکەن بە بێتاوان. ئەوان لە چاوپێکەوتنەکەیاندا لەگەڵ (nrt) وایان نیشانی هەموان دا کە ئەوە (مامۆستا)کەیە بۆتە هۆکاری ئەوەی(بەیار)هەستێ بەو کارە. مامۆستاکە کرا بە پیاو کوژ و پیاو کوژەکەش کرا بە پەپولە.. ئەمە لەکاتێکدا هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەوەی ژیانی کەسێك لەسەر بیروڕای جیاواز کۆتایی پێبهێنرێ.
دکتۆر سەروار باس لەژیانی پێشمەرگایەتی و دەربەدەری نێو شار و غەریبی ئەکا. کەچی هەر خۆی کاتێ کلینیکی لەسلێمانی دامەزراند، تەنها بۆ دان هەڵکێشانێك ٦٠ دۆلاری ئەمریکی لەخەڵکی هەژار و بێدەرەتان ئەسەند.ئەمە لەکاتێکدا لە ئەمریکا دانکێشانێك ناگاتە ٢٠ دۆلار.. جا ئەگەر ئەمە ویژدانی کەسێکی ئاوا بێ وەك خۆی وەسفی خۆی ئەکا، ئەبێ چۆن گلەیی ئەوەی لێبکرێ ئەو جۆرە لێدوانانە ئەدا کە هانی خەڵکی بدات ئەو خوێندگایە دابخرێ و هەروا بەهەوانتە ڕەنجی مناڵانێ کەچەند ساڵە لەو خوێندگایەدا ئەخوێنن بەفیڕۆ بڕوا؟؟؟!! وەیان پێمان ئەڵێ؛ کەکوڕەکەی نەیهێشت فیتنەیەك سلێمانی ژێراو ژێر پێبکا.. بەو مانایەی کە وەك دایکی ئەڵێ، بەیار قورئانی خوێندۆتەوە و خۆشەویستی بۆ ئیسلام هانی داوە کەنەیەڵێ ئەو مامۆستایە هەموو خوێنکارەکانی تر بکاتە مەسیحی و هەستا لەخاچی دا.. بۆیە دوای ئەو چاوپێکەوتنەتان دڵنیام نە دڵی کوڕەکەتان خۆش ئەکەن و نە دڵی خەڵکی سلێمانیش لەخۆتان نزیك ئەکەنەوە. ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و ڕەفتارانە نەك هەر گیانی کوڕەکەتان ئاسودە ناکەن، لێ دڵی خۆتان لەهەموو کەس زیاتر ئەڕەنجێنن و ئەوەندەی تر خۆتان ناشرین ئەکەن. بۆیە دواتان لێ ئەکەین بەخۆتانە بچنەوەو چی تر بەدوای سێبەری مردنی کوڕەکەتان مەکەون. گەر ئێوە بەڕاستی بەیارتان خۆش ئەوێ ، وانەی لێبووردەیی بەخەڵکی بدەن. هەموو ڕۆژێ گوڵی خۆشەویستی لەملی دایکانی جەرگ سووتاو بکەن. دار ونەمام بنێژن و ناوی کوڕەکەتانی لێبنێن. بیرتان نایە کە جاران ئەوەی لەسلێمانی جەرگی بسووتایە لەجیاتی ئەوە خێریان بۆ ئەکرد و مەرکانەیەکیان پڕ ئەکرد لەئاوی سارد و ڕێبوار و خەڵکی ڕەحمەتیان بۆ ئەناردن. تکایە واز لەشێوازی خراپ مەکەنەوە بەحوکمی نزیکیتان لەتاڵەبانی و پارەو پلەو پۆستی،، کورد وەتەنی، لەدوای مردن ڕەحمەت خۆشە. ئێستاش ئەتوانن تەنها بەکاری مرۆیی و دروست کردنی چەندین ڕێکخراوی مرۆیی و ئاژەڵی و ڕوەکی و ژینگەیی و زانستی ژیانی چەندین کەس و گەنج و لاوی کوردستان برەو پێبدەن و ناوی بەیار لە پیاو کوژەوە بگۆڕن بۆ نازناوی خۆشەویستی و لێبووردەیی و تەبایی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە