مەكتەب سیاسیەكەى كەمال شاكر تا قورمیش نەكرێت هەڵوێست وەرناگرێت!!
Thursday, 07/10/2010, 12:00
بۆ یەكەمجار لە دواى ڕاپەڕین كاتێك كاسێتە بە ڤیدیۆ گیراوەكەى خۆفرۆش (قاسماغەى كۆیە) م بینى كەلەسەر تەرمى دوو شەهیدى حزبى شیوعى وەستاوەو سوكایەتیان پێ دەكات وە پێشمەرگەیەكیش بە سەختى بریندارەو بە ئاستەم نوزەى لێوە دێت پاشان بە دەیان جار لە تەلەفزیۆنەكانى حزب ئەو كاسێتە لێدرایەوەو زۆریشى لەسەر نوسراو قاعیدەى حزب و جەماوەریش ڕۆژ لە دواى ڕۆژ زیاتر ڕق ئەستور دەبون بەرامبەر ئەو تاوانبارە كەبە دەیان ڕۆڵەى بێ تاوانى شەهید كردوە, ڕۆژ هات و ڕۆژ رۆیشت ئەوەندەم زانى هەواڵى گەڕانەوەى ئەو تاوانبارەم بیست بەراستى تا ئەو كاتەش بڕوام وابو سەركردایەتى حزبى شیوعى كوردستان بێ دەنگ نابێت بەرامبەر ئەو تاوانبارەو لایەنى كەم بە مانشێتێكى گەورە لە رَۆژنامەى (ڕێگاى كوردستان) بە توندى هەڕەشە لەو تاوانبارە دەكرێت و لە دادگا سكاڵاى لەسەر تۆمار دەكەن بۆ دەسگیر كردنى وە هەڵمەتێكى گەورەش بەرێوە دەبەن تا بە سزاى خۆى دەگەیەنن... بەڵام سەد ئەفسوس ئەو بڕوایەم بە قیادەى ئەو حزبە نەك هەرلەجێگاى خۆى نەبو بەڵكو ئەوپەڕى گەوجى خۆم هاتە بەر چاو كەچۆن تا ئێستا ئامادەبوم لە ژێر سێبەرى ئەو جۆرە كەسانە درێژە بە كارى حزبى بدەم !! لەوەش زۆر خراپتر تا ئەو كاتەش قڕە قڕو گفتوگۆى توندم دەكرد لەگەڵ ئەوانەى كە بیانگوتایە پشتى چاوى ئەو قیادەیە دوو برۆى لەسەرە .
كاتێك لە هەواڵەكان باس لەوە كرا كە قاسماغە لەلایەن كوڕەكانى (شێمەى هاروون) داڵدە دراوەو ئەو شوێنەش دەكەوێتە ژێربەرزاییەكانى هاوینە هەوارى (پیرمام)و (سەرى رەش) ئیتر (م.س) ە كەى كەمال شاكر وەك ووشتر مرخ سەریان خستە ناو خۆڵ بەو نیازەى كە ئەوان كەسیان نەدى كەسیش ئەوان نابینى ! وایان زانى ئەو پێشمەرگانەى كە لەو بەرەنگاریە بوون و بە شێكیان ئێستا لە ژیان ماون ئەو رۆژەیان بیرچۆتەوە وایان زانى خانەوادەى سەربەرزى هەردوو شەهید لە خوێنى رۆڵەكانیان خۆشبونە ... بەداخەوە و سەدجار بەداخەوە .... قیادەیەك بێ جورئەتى بگاتە ڕادەیەك نەتوانێ بەرگرى لە شەهیدەكانى خۆى بكات و نەوێرێ بە دوو دێر لە رۆژنامەكەى یان لە رادیۆو تەلەفزیۆنەكانى گلەیى نامەیەك بەرز كاتەوە دەبێت گەیشتبێتە چ ئاستێك لە ژێرى هەرە ژێرەوە !! قیادەیەك ئەگەر بیرلە هەرجۆرە هەڵوێست وەرگرتنێك بكاتەوە ئەوا دەبێت سەیرى باكورى رۆژهەڵاتى شارى هەولێر بكات (هەروەك ئاكۆى ووتە بێژى مەكتەب سیاسیەكەى كەمال شاكر ووتەنى) ئینجا ناوى خواى لێبێنێ بە (ئا) یان (نا) دەبێت چى بەبەر وە مابێت ؟ !! لەهەمووى گاڵتە جارى تر كە ئاستى ئەو سەركردایەتیە نیشان دەدات ئەوەیە پاش ئەوەى كە قاسماغا موعەزەز موكەرەم كوردستانى جێهێشت و قیادەى حشك تەواو دڵنیا بون كە ئەو تاوانبارە بە سەلامەتى گەیشتەوە شوێنى خۆى ئینجا تەلەفزیۆنەكانى حزب و رۆژنامەى رێگاى كوردستان دەستیان كرد بە هەڵوێست وەرگرتن و نیشان دانى كاسێتە ڤیدیۆییەكە ؟!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست