یەکێتی ئەندازیاری دروستکەری وردە قەیرانەکانە
Friday, 26/09/2014, 12:00
یەکێتی ئەو هێزە یە لە پێناو تێپەڕاندنی قەیرانە ئەزەلییە ناوخۆییەکانیدا هەردەم ئامادە بووە قەیران لە دوای قەیران
بئەفرێنێت هەتا باری سەرنجی باڵە ناکۆکە ناوخۆییەکانی و باری سەرنجی نەیارە ڕکەبەرەکان و ڕەعیەتە ستەم لێکراوەکەی بن دەستی خەریك بکات بە گرفت و قەیرانە لابەلاکانەوە، ئەمەش بووە بە یەکێك لەو سیماو تایبەتمەندییانەی زیاتر لە هەر سیمایەکی تر ئەم هێزە سەیرەی پێ دەناسرێتەوە ، لەمەشدا دەستێکی باڵایان هەیە و میدیاکانیان هەردەم تەژین بە خەڵکانێك کە نان و ڕۆزییان پەیوەستە بە خۆشکردنی ئاگری ناکۆکییە نەتەوەییەکانەوە، سەردەمانێك ئەم هێزە عەنتیکەو سەیرە بۆ پێشگرتن بە تەشەنە سەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی لە هێزە نیشتیمانی و هێزە چەپگەراو هێزە نەتەوەییەکانی پارچەکانی تری دەدا، ئەم هێزە لە ماوەی ئەو سی و چەند ساڵەی تەمەنیدا هێزی سیاسی کوردستان نەماوە جەنگی لە گەڵدا نەکات ، سۆسیالیست ، شیوعی ، پارتی ، بزوتنەوەی بەناو ئیسلامی ، پەکەکە ، گۆڕان ، پاسۆك ، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هتد٠٠٠٠٠
هەمو جاریش پاساوی ئامادەو دەستبەجێی بەدەستەوە بووەو لە میدیاکانییەوە جاڕی ڕەوابونی خۆیی ناڕەوایی دژبەرەکانی داوە.
ئەم هێزە هێندە لە سای دروستکردنی قەیراندا گەشە دەکات و خۆی دەپارێزێت نیو هێندە لە سای ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتیدا نا توانێت پەرە بسێنێت و پێش بکەوێت ، کاتێك یەکێتی لە لایەن دژ بەرو نەیارەکانییەوە یان لە لایەن میللەتەوە دوچاری فشارو پاڵە پەستۆی مەدەنی دەبێتەوە دەسبەجێ بۆ دەربازکردنی ئەو قەیرانانە هەڵدەستێت بە ئەفراندنی وردە قەیرانی دارایی - سەربازیی- میدیایی و باری سەرنجی خەڵکی
دەگۆڕێت لە سەر پرسە جدی و گرنگەکان کە تیایاندا خەمێکی قوڵی خەڵکی تێدا هەڵگیراوە، بۆ نمونە کاتێك پرسی دادگەری لە گۆڕێدا بو لە ڕێگەی دێواندن و قەبە کردنی زەیدییەوە باری سەرنجی خەڵکی گۆڕی ، کاتێك پرسی پێکنەهاتنی یەکێتی و نەهاتنە ژێر باری یەکێتی لە مەسئەلەی تەداولی دەسڵاتدا دەبێت بە مایەی نیگەرانی خەڵکی و خەڵکی نیگەران دەبێت بۆ گۆڕینی باری سەرنجی خەڵکی یەکێتی خۆنیشاندانەکانی پرۆتیستۆ کردن لە دژی گرانکردنی نرخی سوتەمەنی ڕێکدەخات و هانی خەڵکی لە دژی ئەو سیاسەتە دەدات کە خۆشی ئەندازیارێکی داڕێژەری ئەو پلان و سیاسەتە نەوتییە بووە، ئەمەو هەزارو یەك تەلیسم و فێڵی دیکەی ئاشکراو شاراوەی ئەم هێزە ، بۆیە هەر کاتێك قەیرانێك هەڵتۆقی یان گرژییەك لە شەقام، بازاڕ، موچە، مزگەوت هتد....
دروست بو پێش ئەوەی لە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و دروست بونی لە ڕوی ئەکادیمییەوە بکۆڵنەوە چاوتان و فۆکەستان بخەنە سەر یەکێتی بزانن لە قەیرانی ناوخۆیدایە یان نا؟
ئەگەر قەیرانی ناوخۆیی هەبو، ئەوا بزانن فاکتەرەکە یەکێتییە ، کەواتە دەتوانین لە ڕێی تەماشا کردنی یەکێتییەوە هۆکاری هەمو قەیرانەکان و میکانیزمەکانی چارە سەریشیان بدۆزینەوە بێ ماندو بون.
بابان بریزی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست