بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


دەسكەوتەكانى 17 شوبات و رۆژانى دوایى،نەك بەخشیشەكانى دەسەڵاتى هەرێم

Friday, 05/08/2011, 12:00


دواى نارەزایى و راپەرینەكانى تونس و میسر ولاتانى ترى ناوچەكە، رۆژى 17 شوباتى 2011،چەخماخەى نارازیى و راپەرینى خەڵكى هەرێمى كوردستان،بەرۆكى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستانى گرتەوە،لەگەڵ دەستپێكردنى كۆبونەوە و خۆپیشاندانەكانى خەڵكى نارازیدا، حزبە دەسەڵاتدارەكان و لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن هەر یەكەو بە شێوەیەك كەوتنە خۆ،نەك بۆ ئەوەى ئامانجى نارەزایى وخۆپیشاندانەكانى خەڵكى كوردستان بگەییەننە شوێن و مەبەستى خۆى،بەڵكوبۆ سودوەرگرتن لە نارەزایى خەڵك دژى ركەبەرەكانیان و بۆ ئەوەى خەڵكە چالاكەكانى خۆپیشاندان و نارەزاییەكان بۆ لاى خۆیان راكێشن و رێگە نەدەن خەڵكى نارازى لە دەرەوەى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن خۆیان رێكبخەن و ببنە خاوەن ئیرادەى سەربەخۆى خۆیان و ئامانجەكانیان بهێننە دى.
سەربارى پلان و تاكتیەكەكانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵلوشینى ورەى ئازادى خەڵكى نارازى، بۆ كۆكردنەوەى كەسە چالاكەكانى ناو خۆپیشاندان و كۆبونەوەكان،بۆ بە حزبیكردنى چالاكیە جەماوەریەكە،چالاكى نارەزایى خەڵك لە دەرەوەى ئیرادەى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەردەوام بو،خەڵكى نارازى بە هەمو شێوەیەك دەسەڵاتى وەلاوە ناو بایكۆتى كرد،بەڵام لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بە گومان و ئاگاییەوە پێوەندیەكى كار و خەباتى دروستكرد،دواى سەركوتكردنى خۆپیشاندان و نارەزایى دەربرینى خەڵكى كوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەكانى دەسەڵاتەوە،پێوەندى نێوان خەڵكى نارازى و ئۆپۆزسیۆنیش بەرەو ناكۆكى و بایكوتكردن چو، دەسەڵات ساردى نێوان خەڵكى نارازى و ئۆپۆزسیۆنى بە هەل زانى و هەوڵیدا لەگەڵ خەڵكى نارازى ئاشت ببێتەوە،بەڵام لەبەر ئەوەى هەوڵەكانى دەسەڵات جدى نەبون و تەنها بۆ دەستەمۆكردنى گروپى پێشەنگى خۆپیشاندان و نارەزاییەكانى هەرێمى كوردستان بو،خەڵكى نارازى كوردستان لەگەڵ دەسەلاتیش ئاشت نەبوە و تا ئەمرۆشى لەگەڵدا بێت ناكۆكى و ململانێ لە نێوان خەڵكى نارازى و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا بە شێوازى جیاواز بەردەوامە.
لە درێژەى ململانێكانى نێوان دەسەڵات و خەڵكى نارازى كوردستاندا،لە سایەى پوكانەوەى سیاسى ئۆپۆزسیۆندا،وا خەریكە دەسەلات رەنج و ماندوبونى خۆپیشاندەران و خوێنى شەهید و بریندەراكانى 17 شوبات و رۆژانى دوایى،دەكاتە پارویەك و قوتى دەدا،لە رێگەى هەندێك بریارى سەرەتایى و كارى بەرتیل دانەوە،خۆى لە گۆرینى سیستەمى حوكمرانى هەرێم دەدزێتەوە و بە دەسەڵاتێكى چاكساز و خەمخۆرى خەڵكى كوردستان خۆى نیشاندەدات،ئەو كەمە چاكسازیەى كە گێرانەوەى مافە زەوتكراوەكانى خەڵكى كوردستانە ولە ژێر فشارى خۆپیشانداندا ئەنجامدراوە،بە دەسكەوت وبەخشیشى حكومەتى هەریم و حزبە دەسەڵاتدارەكان نیشاندەدرێت و هیچ نرخێك بۆ خەبات و قوربانیەكانى خەڵكى نارازى كوردستان دانانرێت.
لە لایەكەوە دواى پێنج مانگ لە دەستپێكردنى خۆپیشاندانەكانى هەرێمى كوردستان تا ئەمرۆ تەقەكەرو بكوژانى شەهیدان و بریندارەكانى خۆپیشاندانەكان رادەستى دادگا نەكراون،لە لایەكى ترەوە دەسەڵات ئامادە نیە گۆرانكارى بنەرەتى لە سیستەمى حوكمرانى هەرێمى كوردستاندا بكات،وەك دەستكاریكردنى رەشنوسى دەستورى هەرێم،دەستكاریكردنى یاساى خۆپیشاندان،هەڵوەشاندنەوەى هێزى میلیشیاى حزب و بەرپرسە حزبیەكان،ئاشكراكردنى رێكەوتنە نەوتیەكان لەگەڵ كۆمپانیا بیگانەكان، رێگە گرتن لە پێوەندی نێوان حزبەكانى هەرێم و وڵاتانى داگیركەرى كوردستان و كۆمەڵێك پایەى ترى گەندەڵبونى سیستەمى حوكمرانى هەرێمى كوردستان.
ئەو هەنگاوە سەرەتاییانەى كە لە رۆژانى رابوردودا لە لایەن سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى كوردستانەوە،بە مەبەستى كەمكردنەوەى گەندەڵى و چاكسازیەوە هاوێژران،لە لایەكەوە ئەو كارانە ئەركى دەسەڵات بوە بەڵام لە كاتى خۆیدا ئەنجامى نەداون،دەسەڵات كەمتەرخەم بوە لە ئەنجامدانی ئەو كارانەدا، ئەگەر ئێستە دەسەڵات بە ئاراستەى كەمكردنەوەى گەندەڵى هەندێك كارى نیوەناچڵ ئەنجام دەدات، ئەوە شایانى ئەوە نیە خەڵك دەستخۆشى و پیرۆزبایى لێبكات،شایانى ئەوەیە خەڵك رەخنەى بكات كە بۆچى لە كاتى خۆیدا ئەو كارانە ئەنجام نەدراوە و بۆچى بە نیوەچڵ ئەنجام دەدرێت و بۆچى لە كاتى ئەنجامدانیدا ئاماژە بە فشارى خۆپیشاندانى خەڵكى نارازى كوردستان ناكرێت كە چۆن دەسەڵاتى لە خەوى قوڵى گەندەڵیدا راپەراند و ناچارى چاوهەڵگلۆفینى كرد،لە لایەكى ترەوە دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان لە رابوردودا كۆمەڵێك مافى تاك و پێكهاتەكانى هەرێمى كوردستانى زەوتكردبو،وەك دانەمەزراندنى ئەو كەسانەى كە سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەكان نەبون،هاوكارى نەكردنى ئەو كەسانەى بێ كارن،هاوكارینەكردنى ئەو گەنجانەى خێزان پێكەوە دەنێن و هى تر،ئەمرۆ لە ژێر فشارى خۆپیشاندانەكانى 17 شوبات و رۆژانى دواییدا، وا خەریكە دەسەڵات هەندێك لەو مافانەى خەڵك بە نیوەناچڵى بۆ خاوەنەكانى دەگێرَێتەوە،بەڵام بە شێوەیەكى تر مافى خەڵك پێشێلدەكات،گێرانەوى ئەو مافانە بۆ خاوەنەكینیان بە دەسكەوتێك بۆ حكومەتى هەرێم و بۆ حزبە دەسەلاتدارەكان هەژماردەكات، گوایە لە پێناوى خۆشگوزەرانى خەڵك و چاكسازى سیستەمى حوكمرانى هەرێمى كوردستان ئەنجامدراوە ،بەڵام لە راستیدا ئەو خۆشگوزەرانى و چاكسازیانە مافى زەوتكراوى خەڵكى كوردستانن كە ساڵانێكەوە لە لایەن دەسەڵاتى هەرێمەوە زەوتكراون، وە لە ژێر فشارى نارەزایەتى و خۆپیشاندانى خەڵكى هەرێمى كوردستاندا حكومەت ناچار كرا ئەو مافانە بۆ خەڵك بگێرێتەوە،كەوابو ئەو دەسكەوتانەى كە ئەمرۆ حكومەتى هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەكان خۆیانى پێوەهەڵدەكێشن و وەك دەسكەوتى خۆیان بە خەڵكى دەفرۆشن، ئەوە مافى سەرەتایى و زەوتكراوى خەڵكە و لە ژێر فشارى خۆپیشانداندا بۆ خەڵك گەراوەتەوە،نەك چاكسازى و دادپەروەرى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان.بۆ ئەوەى دەسەڵات ناچاربكرێت گۆرانكارى جدى لە سیستەمى حوكمرانى هەرێمى كوردستاندا بكات،پێویستە خەڵكى نارازى كوردستان لە چوراچێوەى رێكخستنێكى جەماوەرى كۆمەڵگاى مەدەیندا درێژە بە تێكۆشانى بەردەوامى خۆیان بدەن و رێگە نەدەن دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ئیرادەیان بشكێنن.
فائیق محەمەد گوڵپى 5-8-2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە