ئه‌گه‌ر لیستی (گۆڕان) یان(هاوپه‌یمانی) یان(ئیسلامی یه‌کان) بیبه‌نه‌وه، له کێ و بۆ کێ ی ده‌به‌نه‌وه؟
Saturday, 13/02/2010, 12:00
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێ‌بکات و هه‌ر لیسته بکه‌وێته ئه‌وه‌ی چۆن زۆرترین خه‌ڵک فریوبدات و وای نیشان بدات، ئه‌گه‌ر ئه‌و بیباته‌وه، ئه‌وا به‌شی خه‌ڵک له ژیان و ئازادی و دڵنیایی زیاد ده‌کات. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له ئێستاوه ئه‌م درۆیانه بکه‌ینه کون و ماناکانیان له ئه‌رزی واقعدا ڕونبکه‌ینه‌وه و ویست و توانای ئه‌م لیستانه له به‌دیهێنانی به‌شێکی زیاتری ئازادی و ژیاندا هه‌ڵبسه‌نگێنین، وا باشه سه‌ره‌تا هه‌ندێک پرسیار بکه‌ین، که ڕوون و ئاشکرایی وه‌ڵامه‌کانیان، هه‌م ده‌توانن یارمه‌تیمان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێکی مه‌نتقی و ڕۆشن به‌و پرسیارانه‌ی ناونیشانه‌که بده‌ینه‌وه و هه‌م ئاوێنه‌یه‌کیش بده‌ینه ده‌ست ئه‌وانه‌ی که به‌مه‌به‌ستی تایبه‌ت و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان جورئه‌ت ده‌که‌ن و نکولی له‌و وه‌ڵامانه ده‌که‌ن، تا وێنه‌ی(عه‌لی کیمیاوی) ببینن، که چۆن نکولی له تاوانه‌کانی ده‌کرد!
به‌شی یه‌که‌م: تێبینی یه‌کان
ـ ئایا له دوای ده‌رکردنی هێزه سه‌رکوتگه‌ره‌کانی ڕژێمی به‌عسه‌وه، سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان به یه‌کسانی دابه‌شده‌کرێت؟ یان به لاسه‌نگی؟
ـ ئایا ئه‌م لاسه‌نگی یه تا دێت و پێ به پێی به‌هێز بوونی ینک و پ‌د‌ک و حکومه‌ته‌که‌یان و داموده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و جاسوسی و سه‌رکوت زیادی نه‌کردووه؟ ساده‌ترین نمونه ئه‌وه‌یه که سه‌ره‌تا ژماره‌یه‌ک له خه‌ڵک توانی یان به زۆر زه‌وی نیشته‌جێبوون داگیر بکه‌ن، ئایا ورده ورده ئه‌م فرسه‌ته‌یان بۆ چینه نه‌داره‌کان نه‌کرد به سفر و چینه داراکانیش به ئاره‌زووی خۆیان لێی نابه‌ن؟
ـ ئایا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه به‌ر سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌دار و کاربه‌ده‌سته گه‌وره‌کان و سه‌رمایه‌داره ناوخۆیی و ناوچه‌یی و جیهانی یه‌کان نه‌که‌وتووه؟
ـ ئایا ینک و پ‌د‌ک زۆر به توندی و تا ڕاده‌ی کوشتن دژی ئه‌و که‌سانه نه‌وه‌ستانه‌وه که داوای ئازادی یه‌کی زیاتر و به‌شێکی زیاتریان بۆ چینه نه‌داره‌کان ده‌کرد؟
ـ ئایا ینک و پ‌د‌ک به‌و زه‌وتکردنه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا و زیاتر هه‌ژار کردنی چینه نه‌داره‌کان، به‌شێک له چینه نه‌داره‌کانیان نه‌کرد به نێچیرێکی بێده‌سه‌ڵات له‌به‌رده‌م حزبه دینی یه‌کان(به‌تایبه‌تی یه‌کگرتوو)، که به پاره‌ی سعودیه و وڵاته کۆنه‌په‌رسته‌کانی ناوچه‌که، توانی به ئاسانی مێشکیان کیمیاباران بکات و بیانگێڕیته‌وه بۆ تێگه‌یشتن و کێشه‌کانی هه‌زارو چوارسه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و بیانکات به دوژمنی ئازادی یه ئینسانی یه‌کان و ئامانجه ئینسانی و یه‌کسانیخوازانه‌کانی چینه نه‌داره‌کان؟
ـ ئایا که حکومه‌تیان دروست کرد و چه‌ندین داموده‌زگای ڕاگه‌یاندن و فریودان و سه‌ربازی و جاسوسی و سه‌رکوتیان دروست کرد، جددی تر و ئاشکراتر و دڕندانه تر دژایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی چینه نه‌داره‌کان و لایه‌نگری چینه داراکانیان نه‌کرد؟
ـ ئایا ینک و پ‌د‌ک به‌شداری یه‌کی جددی یان نه‌کرد له پشتگرتن و به‌هێز کردنی ئه‌و هه‌موو هێزه دژی ئینسانی یه‌ی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق، که مایه‌ی مه‌ترسی جددین بۆ سه‌ر زۆربه‌ی خه‌ڵکی عێراق، به کوردستانیشه‌وه؟
ـ ئایا سه‌رجه‌م ئه‌و یاسا و ڕێسا و پلانانه‌ی که ئه‌و حکومه‌ته تا ئێستا دایڕشتوون، له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داراندا نی یه؟ بۆ نمونه زه‌وی ده‌دات به سه‌رمایه‌داران و پاره‌شیان ده‌خاته به‌رده‌ست تا شوقه دروست بکه‌ن و دواتر چینه نه‌داره‌کان بکه‌نه (کرێچی) خۆیان!!!
ـ ئایا ئێستا ئه‌و حکومه‌ته خه‌ڵکی کوردستانی نه‌خستوه‌ته ناو چه‌ندین گه‌مه‌ی ئابوری و سیاسی واوه که نه‌ک ته‌نیا داهاتووی خه‌ڵک به‌گشتی، به‌ڵکو پاروه نانه‌که‌ی خه‌ڵکیش خراوه‌ته ناو گه‌مه‌ی ئابووری و سیاسی چینه دارا‌کان و بزوتنه‌وه کۆنه‌په‌رسته‌کانی ناوچه‌که و جیهانه‌وه؟
به‌شی دووه‌م: ئه‌نجامگیری یه‌کان
ـ ئایا وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌م ئه‌وه ڕوون ناکاته‌وه، که ینک و پ‌د‌ک دوای ده‌رپه‌ڕاندنی هێزه سه‌رکوتگه‌ره‌کانی به‌عس(با واش دابنێین که ئه‌وان ده‌وری سه‌ره‌کی یان تیا بینیبێت) به چنگ و ددان هه‌وڵیاندا که سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا(که هی هه‌موانه) ناعادیلانه دابه‌ش بکه‌ن و هه‌رچی زیاتر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بۆ دوو چینی سه‌ره‌کی دارا و نه‌دار دابه‌ش بکه‌ن و چینه نهدارهکهش سه‌رکوت بکه‌ن و بیانکه‌نه نێچیری حزبه ئیسلامی یه‌کان؟
ـ ئایا ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که ئه‌وان هه‌ر له‌و کاته‌وه که (کۆمه‌ڵێک چه‌کدار) بوون و جێپێیان قایم نه‌بوبو، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی (به‌شێک) له خه‌ڵک و بێبه‌شکردنی به‌شه‌که‌ی تر و سه‌رکوتکردنیان کاریان کردووه و زه‌مینه‌یان خۆش کرد تا حزبه دینی یه‌کان ببن به هێزی ده‌خاله‌تگه‌ر له ژیان و بیرکردنه‌وه و چاره‌نوسی خه‌ڵکدا؟ دواتریش که حکومه‌تیان دروست کرد هه‌ر هه‌مان کاریان درێژه پێنه‌دا؟
ـ ئایا ئه‌و حکومه‌ته‌ی دروستیان کردووه ورده ورده نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی که هه‌موو جۆره سات و سه‌ودایه‌ک به سامانی خه‌ڵک و چاره‌نوسیانه‌وه بکات و چه‌ندین به‌ندوبه‌ستی له‌گه‌ڵ کۆمپانیا و هێز و ده‌وڵه‌ته‌کانی ناوچه‌که و دنیادا ئیمزا نه‌کردووه؟
ـ ئایا مانای عه‌مه‌لی یاساکان و ده‌وری داموده‌زگاکانی حکومه‌ت بێجگه له ڕاگرتنی ئه‌و وه‌زعه‌ی که چینێک چینێکی تر بچه‌وسێنێته‌وه، شتێکی تر نیشانده‌دات؟
ـ ئایا هه‌موو ئه‌وانه ئه‌وه ناگه‌یه‌نن که ئه‌وه‌ی ناوی حکومه‌ته(به تێکڕای یاسا و داموده‌زگا و ئیتفاقاته ناوخۆیی و ناوچه‌یی و جیهانی یه‌کانیه‌وه، شتێک نی یه جگه له ئامرازێک بۆ فریودان و ترساندن و سه‌رکوتی چینه نه‌داره‌کان و یاری کردن به چاره‌نوسی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی کوردستان، به‌قازانجی چینه داراکانی ناوخۆ و عێراق و ناوچه‌که و جیهان و بزوتنه‌وه کۆنه‌په‌رسته‌کان؟
به‌شی سێیه‌م: ئه‌گه‌ر
ـ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره هه‌رکام له‌و لیستانه له هه‌ڵبژاردندا بیباته‌وه، ده‌بێته لایه‌نگری چینه نه‌داره‌کان و چۆنێتی دابه‌شکردنی سه‌روه‌ت و سامان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه؟
ـ ئایا ده‌چێت به عه‌قڵی که‌سدا تا کاتێک چینه‌کان دابه‌ش بووبن به سه‌ر دوو چیندا سیاسه‌تمه‌دارێک، حزبێک، حکومه‌تێک، که کارنامه‌ی پڕ بێت له فریودان و ترساندن و سه‌رکوتکردنی چینه نه‌داره‌که و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی چینه دارا‌کان، ئێستا بێت له‌وپه‌ڕی دهسڵاتیدا و دوای ئه‌وه‌ی دیسان له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنێکه‌وه شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێته‌وه، خۆی و هاوسه‌ر و مناڵ و که‌سوکاری بخاته ڕیزی چینه نه‌داره‌که؟
ـ ئایا ئه‌و هه‌موو داموده‌زگایانه‌ی که بۆ فریودان و ترساندن و سه‌رکوتی چینه نه‌داره‌کان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی چینه دارا‌کان دانراون، هه‌ڵیانده‌وه‌شێنێته‌وه؟
ـ ئایا ئه‌و هه‌موو یاسایه‌ی که بۆ هاوکاری و ده‌سئاوه‌ڵایی چینه دارا‌کان دانراون و زیاتر چینه نه‌داره‌کان ده‌که‌ن به کۆیله، هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه؟
ـ ئایا سنورێک بۆ ده‌خاله‌تی هێزه دینی یه‌کان له ژیان و چاره‌نوسی خه‌ڵکدا داده‌نرێت؟
ـ ئایا ئه‌و هه‌موو ڕێکه‌وتن و به‌ندوبه‌سته‌ی که له ئاستی عێراق و ناوچه‌که و دنیادا ئه‌نجامی داون، هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه؟
ئه‌نجامگیری کۆتایی: لیستی براوه، له کێ و بۆ کێ ی ده‌باته‌وه؟
به‌و پێ یه ده‌بینین لیستی براوه،:
ـ نایه‌وێت و ناتوانێت به‌شی خه‌ڵک تا ئه‌و جێگایه زیاد بکات که ئیتر کێشه‌کانی ژیانیان نه‌بێت، چونکه با بشتوانێت په‌رله‌مانتاری خۆشه‌ویست و ده‌ست و داوێن پاک و سه‌ر به چینه نه‌داره‌کان و چی و چی بخاته په‌رله‌مان و حکومه‌تێکیش دروست بکات، که وه‌زیره‌کانی له که‌سانی ته‌کنۆکرات و بێلایه‌ن و ده‌ستپاک و چی و چی پێکهاتبن، به‌ڵام به‌مانه ماهیه‌ت و ده‌وری ئه‌و ده‌زگایانه ناگۆڕێت و ئه‌وه ئه‌م که‌سانه‌ن که گۆڕانێکیان تیا دروست ده‌کرێت و له‌و بینایانه‌ی که ئه‌وانیش هه‌ر موڵکی چینه داراکانن، وه‌زیفه‌یه‌کی نوێ وه‌رده‌گرن، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که ده‌سڵاتی چینه دارا‌کان ته‌نیا له‌و چه‌ند په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌دا نی یه، به‌ڵکو له‌و باڵاده‌ستی یه ئابووری یه‌دایه که ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگه‌و هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا، هه‌رچیشی هه‌یه و هه‌رچیش دروستده‌کات ته‌نیا بۆ پاراستنی ئه‌و باڵاده‌ستی یه‌ی خۆیی و بۆ فریودان و ترساندن و سه‌رکوتی چینه نه‌داره‌کانه، له‌و باڵاده‌ستی یه سیاسی یه‌دایه که هه‌ر چوار ساڵ جارێک ئه‌م یاری یه دروستده‌کات و به‌خه‌ڵک ده‌ڵێت ده‌توانن ده‌خاله‌ت له به‌ش و چاره‌نوسی خۆتاندا بکه‌ن، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که ته‌نیا گۆڕینی هه‌ندێک ده‌موچاوه و هیچی تر. لێره‌شه‌وه ناتوانێت به‌شی خه‌ڵک له ئازادی و ژیان زیاد بکات. چونکه جیاوازبوون و دژی یه‌ک بوونی به‌شی ئه‌و دوو چینه له مه‌وقعیه‌ت و ئازادی و ژیان، پێویستی یه‌کی مانه‌وه‌ی سیسته‌می چینایه‌تی یه و هه‌ر لیستێک ئیدعای ئه‌وه بکات که ده‌یه‌وێت به‌بێ دابینکردنی پێداویستی یه‌کانی دیفاع له‌خۆ کردنی چینه نه‌داره‌کان(وشیاری و حه‌ساسیه‌تی چینایه‌تی، ڕێکخراوبوون، ..)، بێجگه له فریودان و هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به شوێنێک که ئه‌ویش بتوانێت به‌شێک له سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگه و ڕه‌نجی چێنه نه‌داره‌کان بدزێت بۆ خۆی مه‌به‌ستێکی تری نی یه.
ـ نایه‌وێت و ناتوانێت ئازادی یه ئینسانی یه‌کانی ژنان، مناڵان، لاوان فه‌راهه‌م بکات. هه‌ر لیستێک ئیدعای ئه‌وه بکات که ده‌یه‌وێت ئینسانه‌کان به گشتی و ژنان و مناڵان و لاوان بگه‌ن به ئازادی یه ئینسانی یه‌کانیان، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدات سه‌رچاوه‌ی هه‌یمه‌نه و کاریگه‌ری ئه‌و هێزه دینی یانه که‌م بکاته‌وه(که ئه‌ویش بریتی یه له هه‌بوونی سیسته‌می چینایه‌تی و ته‌بدیل بوونی دین و حزب و بزوتنه‌وه دینی یه‌کان به پێداویستی یه‌کی مانه‌وه‌ی سیسته‌می چینایه‌تی و به‌شداری کردنی کارایان له فریودان و ترساندن و سه‌رکوتی چینه نه‌داره‌کاندا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چینه دارا‌کان) ته‌نیا دروستکردنی وه‌همێکه و هیچی تر.
ـ نایه‌وێت و ناتوانێت ئه‌و داموده‌زگا جۆراوجۆرانه‌ی که بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی چینه دارا‌کان و ده‌سته‌مۆ کردنی چینه نه‌داره‌کان دایمه‌زراندوون، هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، به‌مه‌ش یانی فریودان، ترساندن، سه‌رکوت هه ردهمێننهوه و هه‌ر لیستێک ئیدیعای ئه‌وه بکات که به‌بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌زگایانه ده‌یه‌وێت ئه‌و دیاردانه به‌سه‌ر سه‌ری چینه نه‌داره‌کانه‌وه نه‌مێنن، بێجگه له فریودان کارێکی تر ناکات.
ـ نایه‌وێت و ناتوانێت خه‌ڵکی کوردستان له‌و به‌ندوبه‌ست و ئیتفاقات و گه‌مه ئابوری و سیاسی یانه ده‌ربێنێت، که له پارووه نانێکه‌وه قۆرخی کردووه تا داهاتووی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵک. هه‌ر لیستێک ئیدعای ئه‌وه بکات، که ده‌یه‌وێت به‌بێ هه‌وڵدان بۆ وشیاربوونه‌وه و ڕێکخراوبوونی چینه نه‌داره‌کانی کوردستان و هاوپشتی و هاوکاری و هاتنه‌مه‌یدانی چینه نه‌داره‌کانی عێراق، ته‌نیا به به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند کورسی یه‌کی په‌رله‌مانی و ده‌رکردنی چه‌ند یاسایه‌ک و هه‌ندێک گه‌مه‌ی سیاسی ئه‌و کاره بکات، ته‌نیا ده‌یه‌وێت فرسه‌تێکی تر بدات به چینه دارا‌کان بۆ ئه‌وه‌ی کۆڵه‌که‌کانی سیسته‌مه‌که‌یان باشتر بچه‌سپێنن.
که‌واته له‌م بردنه‌وه و جێگۆڕکێ یه‌دا ئه‌وه چینه نهدارهکانن ده‌دۆڕێن و ئه‌وه چینه داراکانن ده‌یبه‌نه‌وه و هه‌ر لیستێک که ده‌یباته‌وه(له چینه نه‌داره‌کان) ی ده‌باته‌وه و(بۆ چینه دراکان) ی ده‌باته‌وه!
ته‌نیا حه‌ساسیه‌تی چینایه‌تی و وشیاری و ڕێکخراوبوون، هاوپشتی چینه نه‌داره‌کانی ناوچه‌که له‌لایه‌ک و شپرزه‌کردنی چینه نه‌داره‌کان و پارێزه‌ره ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌کانیان، ده‌توانن ئه‌و زه‌مانه‌ته بۆ چینه نه‌داره‌کان دابین بکه‌ن که به‌شێکی زیاتریان له ئازادی و ژیان به‌رده‌که‌وێت و ئه‌و سه‌نگه‌رانه به‌ده‌ست دێنن که شه‌ڕی دیفاع له‌خۆکردن بگۆڕن به شه‌ڕی یه‌کجاره‌کی کۆتایی هێنان به سیسته‌مێک که له‌سه‌ر ئه‌ساسی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینێک له لایه‌ن چینێکی تره‌وه دامه‌زرابێت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست