گەراكانى میت و ئیتڵاعات لە هەولێر ئاشكرادەكەم
Thursday, 04/02/2010, 12:00
لە ئێستادا هەولێر پڕە لە سیخوڕى بێگانەو زۆر بە ئاسوودەییش خەریكى كارى خۆیانن، بەجۆرێك ئەم لەشكرە سیخوڕە چوونەتە ناو سەرجەم جومگە حەساسەكانى كۆمەڵگەوە، ئاسانترین رێگەش كە دەزگاكانى جاسووسى ئیتڵاعات و میت گرتوویانەتەبەر ناردنى هەزارەها خوێندكارە بۆ خوێندن لە زانكۆكانى هەرێم. ئەوەى زیاتر جێگەى نیگەرانیشە زۆرێك لەم خوێندكارانە تەنانەت بڕوانامەى دیبلۆمى ئامادەییشیان نییە كەچى لە كۆڵێژى ئەندازیارى دەخوێنن، هەندێكیش لەم خوێنكارانە كە بۆ خوێندنى زمانى ئینگلیزى هاتوون چوارساڵى زانكۆیان بە نۆ ساڵ بۆ تەواوناكرێت و تا ئێستاش ماونەتەوە.
میت و ئیتڵاعات چووەنەتە ناو گرنگترین دەزگاى حكومى و حیزبى وڵاتەوە، لە ئەنجومەنى وەزیران و فڕۆكەخانە و كۆمپانیاى كۆڕەك تیلیكۆم و سەتەلایتە كوردییەكانى پارتى و لقەكانەوە تا زۆرێك لە ماركێتەكانى وەك نیو ستى و مۆدێرن ستییەوە، یەكێك لە لەكارمەندەكانى فڕۆكەخانەى هەولێر كە ئێستا بەهۆى لێشاوى ئەم ژمارە زۆرەى كارمەندە ئێرانییەكانەوە كارەكەى لەدەستداوە پێیگوتم"ئەگەر لە فڕۆكەخانەى هەولێر داببەزیت سەرەتا وا هەستدەكەیت لە تاران نیشتوویتەوە، چونكە هەر هەمووى بە فارسى قسە دەكەن، لە یەكێك لە دانیشتنەكانیشدا بێژەرێكى ناسراوى زاگرۆس تیڤى بەپێكەنینەوە پێیگوتم كە لەوانەیە چەند مانگێكى دیكە زاگرۆس تیڤى ببێت بە كەناڵێكى فارسى، چونكە ئەوانەى ئەوان دەسەڵاتیان هەیەو قسەیان دەخوا نیو بەقەد ئەوەندە من گوێم بۆناگیرێت كە لەسەرەتاى دامەزراندنى ئەم كەناڵەوە من لەگەڵیانم. یەكێك لە كارمەنەكانى كۆڕەك تیلیكۆم كە ئەویش لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە و بەقسەى خۆیبێت كە تەنیا بۆ كارى بژێوى خۆى چووەتە كۆڕەك وتى زۆرێك لە فەرمانبەرەكانى كۆڕەك كە ئێرانین لە بەشى چاودێرى پەیوەندییەكان كاردەكەن كە پێشتر ئەم بەشە بوونى نەبوو و بەپێى یاساش قەدەغەیە.
ئەوەى خوێنكارانى زانكۆى تووشى شۆك كردووە ئەوەیە كە چۆن لەماوەى چەند ساڵێكدا خوێنكارە توركەكان بوون بە خاوەنى ئەم هەموو سامانەو نوێترین مۆدێڵى ئۆتۆمۆبیل لێدەخوڕن، تەنانەت ئەم خوێنكارانە ناڕۆن بۆ بەشە ناوخۆییەكانى زانكۆش و بەتەنیا خانوویان لە جواترین شارى هەولێر(بەختیارى) گرتووە كە كرێى مانگانەى زیاتر لە 15 گەڵایە، ئەم خوێنكارانە ئاساییە تا كاتژمێر دووى شەویش هاتووچۆبكەن و سەردانى یەكتر بكەن، كەچى بۆ خوێنكارە كچەكانى بەشى ناوخۆیی لە سەعات 8ى ئێوارە ئیدى نەكەس بۆى نییە بڕواتە دەرەوە یان بێتە ژوورەوە، بەڵام ئەم خانوانەى خوێنكارە توركەكان لە تەنیشتى یەكەوەن و زۆر ئاساییە ئەگەر تەنانەت زۆر درەنگى شەویش لەدەرەوەبن، ئەوەى جێگەى سەرنجە كە ئەم خوێنكارە تورك و فارسانە دەستیان دەگات بە سەختترین شوێنى ئەم وڵاتە، لەزۆر كاتدا ئەوان زۆر لە رۆژنامەنووسەكان زیاتر نهێنى بەرپرسەكان دەزانن، تەنانەت زۆرێك لە خوێنكارە كچەكان لەلایەن بەرپرسەكانەوە كاریان بۆ دەدۆزرێتەوە و كارئاسانییان بۆ دەكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست