چەتری ئازادی دوو ئێوارەکۆڕ لەگەڵ رەوەندی کوردی لەبەریتانیا سازدەکات
Tuesday, 05/04/2011, 12:00
چەتری ئازادی لەندەن
ئەمڕۆ ٣/٤/٢٠٢٢ "چەتری ئازادی" لە بەریتانیا لەدرێژەی ئامادەکاریەکانیدا بۆ خۆپیشاندانی فراوانی رەوەندی کوردی رۆژی ٩/٤/٢٠١١ کەلەبەردەم ئۆفیسی حکومەتی هەرێم لەلەندەن سازی دەکات، دوو ئێوارەکۆڕی لەگەڵ رەوەندی کوردی لە شارەکانی بێرمنگهامو مانچستەر سازکرد.
دوو گروپی هەڵسوڕاوانی چەتری ئازادی سەردانی هەردوو شارەکەیان کرد. پێشەوا مەجید، فوئاد سەلام، دەشتی جەمالو عوسمان فەتاح سەردانی مانچستەرو عەدنان کۆچەر، سیروان محمد کەرکوکی، فەرهاد مارفو رێبوار حەمید سەردانی بێرمنگهامیان کرد.
ئامانجی کۆبونەوەکانی چەتری ئازادی لەگەڵ ئەندامانی رەوەندی کوردی لەوشارانە بۆئەوەبوو کە ئامانجەکانی چەتری ئازادی، پێکهاتەی،کارو هەڵسوڕانەکانی تائێستایو بەرنامەی کاری داهاتوی بۆ ئامادەبوان روون بکەنەوەو گوێبیستی پێشنیارو سەرنجەکانیان بن، هاوکات بانگەوازیان بکەن بۆبەشداربوون لە خۆپیشاندانی رۆژی ٩ی مانگ کە لەلایەن چەتری ئازادیەوە بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستانو داواکاریەکانی خۆپیشاندەرانو هەروەها بۆ هەڵگرتنی ئابڵوقەی ئازادی لەسەر هەولێر لەلایەن پارتیەوە، لەبەردەم ئۆفیسی حکومەتی هەرێم لە لەندەن سازدەکرێ.
لە قسەکانیاندا ئەندامانی چەتری ئازادی باسیان لەوەکرد کە چەتری ئازادی دوای تیرۆری سەردەشت عوسمان بۆ پشتیوانی لە ماف وئازادیەکانی خەڵکی کوردستان دروست بوەو خەڵکی جیاواز بە بۆچوونی سیاسیو فکری جیاوازەوە تێیدا کاردەکەن، تائێستا چەندین کاری سەرکەوتوی بۆ پشتیگیری لە خەباتی رەوای خەڵکو گەیاندنی دەنگیان بەرای گشتیو رەسمی بەریتانیا بەئەنجام گەیاندوە. داواشیان لە ئامادەبوان کر دکە ئەوانیش هەوڵ بدەن چەتری ئازادی لە شوێنە جیاوازەکان دروست بکەنو پێکەوە کاربکەن بۆ دانانی فشار لەسەر دەسەڵات کە وەڵامی خواستو داواکانی خەڵك بداتەوەو رێز لە ئازادیەکانیان بگرن. هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستانو زمینە سیاسیو کۆمەلایەتیەکانی ئەو نارەزایەتیانەی کوردستان قسەیان کردو ئاماژەیان بەوەکرد کە ئەم نارەزایەتیانە ئاکامی ٢٠ ساڵ لە زوڵـم و نایەکسانیو نەبونی خزمەتگوزاریو سەرکوتی ئازادیە لەلایەن دوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستانەوە.
لەبەشێکی دیکەی قسەکاندا ئاماژەیان بە پیلانەکانی دەسەڵات بۆ شکست هێنان بە خۆپیشاندانەکان کرد هەر لە گوێ خەواندن لە خواستەکانی جەماوەری خۆپیشاندەر تا گەمارۆی شاری هەولێرو داسەپاندنی کەشوهەوای میلیتاریستیو بڵاوکردنەوەی ئاسایشو دەزگا سەرکوتگەرەکان بۆ رێگاگرتن لە نارەزایەتی خەڵك تا ناردنی بەڵتەجی بۆناو خۆپیشاندانەکانی سلێمانیو کەلارو هەوڵدان بۆ نائەمنکردنی خۆپیشاندانەکانو لەورێگایەشەوە سەرکوتکردنی خەڵك. هەروەکو باسیان لە راوەستاویو جورئەتی خۆپیشاندەران کرد لەبەرامبەر دەسەڵاتداو داواشیان لە رەوەندی کوردی کرد کە لێبڕاوانەو بەهەموو رێگایەک کە پێیان دەکرێ هاوکاریو پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانو خواستەکانیان بکەن.
جێی ئاماژەیە کە ژمارەیەك خوێندکاری کورد کە بۆ خوێندن لە کوردستانەوە هاتونە بەریتانیا لەشاری شفیڵدەوە بەهاوکاری ئەحمەد سەلیم لە کۆبونەوەی مانچستەردا بەشداربوون. لە کۆبونەوەی بێرمنگهام دڵشاد کە یەکێك بوو لە بریندارەکانی بەردەرکی سەرا کە بۆمبی دەنگیان بۆدانرابوو، سەبارەت بە مامەڵەی ئاسایشو هەندێ کارمەندی سەر بەدەسەڵات قسەی بۆ ئامادەبوان کردو باسی لەوەکرد کە پێیان وتون ئێوە ئاژاوەگێڕن و بڕۆن چۆن چارەسەری خۆتان دەکەن بیکەن!
شایانی ئاماژەیە بەشداربوان هەردوو کۆبونەوەکە زۆر بەگەرمی بەشداریان لە قسەوباسەکاندا کردو پێشنیاری گونجاویان خستە بەردەم هەڵسوڕاوانی چەتری ئازادیو بەڵینیشیان دا کە هەوڵ دەدەن کاری جدی بکەن بۆ ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپیشاندانی ٩/٤ی لەندەن دا بەشداری بکەن.
چەتری ئازادی لەندەن
4/4/2011
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست