لە توركیا كێ ئاشتی خوازە ؟!
Friday, 18/01/2013, 12:00
لە دوای تیرۆر كردنی سێ ژنەچالاكە سیاسیەكەی كورد لە پاریسی پایتەختی فەرنسا، چاوەڕوان دەكرا پرۆسەی دیالۆگ و گفتۆكردن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ئاریشەی كورد لە توركیا بە ئاراستەیەكی تردا بڕوات، هەڵبەتە سەنگ و قورسایی ئەو كردەوە تیرۆریستیە لە ئاستێكدا بوو كاردانەوەی زۆر گەورە لە بواری شەڕو تۆڵە سەندنەوە بە دوای خۆیدا بێنێت، هەرچەندە ئەنجامدەرانی ئەو كارە نامرۆڤانەیە تائێستاش ئاشكرا نەكراوە بەڵام بەرپەرسەباڵاكانی حكومەتی ئەكەپە وخودی ئەردۆغان نابەرپرسانە لێدوانیان داو گومانەكەیان خستەسەرخۆیان بەوەی راستەوخۆ بێ ئەوەی چاوەڕوانی لێكۆلێنەوەكانی حكومەتی فەرەنسا بكەن پەنجەی تۆمەتیان بۆ پەكەپە ڕاكێشا، لە كاتێدا دەبوو دەسەڵاتدارانی توركیا خۆیان تێوە نەگلێنن و كەس تۆمەتبارنەكەن تائەوكاتەی دەستە ڕەشەكە ئاشكرادەبێت، چونكە دەسەڵاتدارانی فەرنسا ئەو بەرپرسیاریەتیەیان لە ئەستۆدایە بۆئەوەی كەسانی ئەنجامدەرو ئەوانەی پشت كردەوە تیرۆریستییەكە ئاشكرابكەن، گومان لەوەدانیە هێزی شاراوەی ناو دەوڵەتی توركیا دەستێكی باڵایان هەیە هەوەك چۆن بە دەوڵەتی شاراوە پێناسە دەكرێن، ئەگەرچی وەك ڕابردوو خاوەنی هێزو توانیەكی ئەوتۆ نین كەجڵەوی دەسەڵات لە دەستیاندا بێت و بەخواستی خۆیان ئاراستەی بكەن، بەڵام هێشتا توانای ئەوەیان ماوە كارێكی تیرۆریستی وەك ئەوەی پاریس ئەنجام بدەن، كۆمەڵكوژیەكەی پاریس ئەگەر كاری گلادیوی توركیا بێت كە دەوڵەتی شاراوە بەڕێوەی دەبات، بۆ دەبێت دەسەڵاتدارانی ئەكەپە كە سەرجەم پایەكانی دەوڵەت ئێستا لە دەستی خۆیان دایە ڕووداوەكە پەردەپۆش بكەن و بە كێشەو تۆڵەكردنەوەی ناوخۆیی پەكەكە پێناسەی بكەن؟! لێرەوە گومان دەكرێت لەوەی ئەردۆغان و حكومەتەكەی نییەتێكی باش و ڕاستگۆیانەیان هەبێت بۆ چارەسەركردنی ڕیشەیی كێشەی كوردوسەقامگیر كردنی ئاشتی و پێكەو ژیان وتەبایی لەو وڵاتەدا، وەك ئاماژەم پێكرد لە دەستدانی ئەو سێ كەسایەتیە بۆ كورد گورزێكی زۆر كاریگەربوو لە بزاڤە ئازادیخوازەكەی كەوت، سەرە ڕای ئەوەش بزاڤی سیاسی و سەربازی و رێبەرایەتی كورد لە باكوری كوردستان دەستبەرداری ئاشتی نەبون وجەختیان كردەوە لە درێژەدان بە گفتوگۆی گەیشتن بەدوا وێسگەی چارەسەری پرسی كورد، گەڕانەوەی تەرمی قوربانیەكانی كارەساتی پاریس بۆ ئەستەمبوڵ و دواترلە رێورٍەسمێكی پڕشكۆی سەدان هەزاركەسی لە شاری ئامەد بە بەشداری بەرپرسانی پارتی ئاشتی و دیموكراتی و كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی و سەرجەم بەرپرسە باڵاكانی باكوری كوردستان پەیامێكی تری ئاشتخوازانەبوو گەلی كورد پێشانی هەموو جیهانیدا، هەڵبەتە حكومەتی توركیا چاوەڕەانی ئەوهێمنی و دان بەخۆداگرتنەی كوردی نەدەكرا كە لە ئامەد بینرا، چونكە بەرلەوەی تەرمەكان بگاتەوە توركیا چەند جارێك ئەردۆغان و بەرپرسەكانی ئەو وڵاتە هۆشداریان ئەدا لەوەی كاری توندو تیژی ئەنجام نەدرێت و بەئاشكرا ترسێكی زۆریان لێ نیشتبوو، بێگومان دان بەخۆداگرتنی كورد لە ڕۆژێكی وادا سەرچاوەی لە ترسەوە نەگرتبوو بەڵكو پێداگری بو بۆ بە ئەنجام گەیشتنی پرۆسەی ئاشتی و پوچەڵكردنەوەی ئەو پیلانەی لە دژی چارەسەركردنی ئاشتییانە كێشەی كوردنەخشەی بۆ كێشرابوو، ئەوەی ماوەتەوە بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕو خوێنڕشتن لە ئەستۆی حكومەتی ئەكەپەدایە، گەلی كورد هیچ نەماوە بێكات بۆ ئاشتی لەوە زیاتر قوربانیدان لەپێناو ئاشتیدا دەچێتە چواچێوەی تەسلیم بونەوە، بەهیوای ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا هەنگاوی مەزن لە حكومەتی توركیا ببینین
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست