خاڵکوتان
Wednesday, 02/11/2011, 12:00
هەشتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو بوو، شاری سلێمانی سیمای له گوندێکی گه‌وره ده‌چوو، ئه‌وی ده‌م له قه‌راغ شار گه‌نم و جۆ و فه‌ریکه نۆک، باخچه‌ی پڕ له سه‌وزه، بره‌وی خۆی هەبوو، ئه‌وده‌مەی گونده‌کانیش داگیرابوون، سه‌دان گوێدرێژی نه‌جیب زاده ت ده‌دی بێ خودان .له‌وده‌شت و ده‌ره‌دا ده‌سوڕانه‌وه ، هێشتا شه‌قامی شێست مه‌تری هیچ پلانێکی بۆ دانه‌ڕێژرابوو. ژنان له سه‌ر ته‌نوور نانیان ده‌کرد،مامۆستا ی قوتابخانه‌کان سامی خۆیان هه بوو، چ قودره‌ت بوو بۆ ته‌نها جارێکیش به‌گژ چاودێری پۆلدا بچین، له‌کۆڵانه‌کانیش بۆنی مامۆستامان بکردایه ڕاست ده‌چوینه‌وه ماڵ نه‌با ئه‌و زاته بمابینێت و سبه‌ینێ به‌داربه‌ڵالوك لێمان بدات له‌هیچ و خۆرای یان به ڕاپۆرتی چاودێری پۆل .ئه‌و
ساڵه قه‌ره‌جه‌کان گۆڕه‌پانیێکی فتبۆلیان کرده جێگه‌ی نیشته‌ێی خۆیان و گوندێکیان له‌میهر دروست کرد ،ئه و قه‌ره‌جانه‌ی تاک و هه نوکه نازانم به چ زمانێ ده‌په‌یڤن، چه‌نده ئه‌و گوێ درێژانه‌یان ئازاد کرد که‌بێ خودان بوون ، فریشته بوون و بۆ ئه‌وان دابه‌زبوون، برینه‌کانی پشتیان تیمار کردن ،ئالیکی باشیان دانێ کورتانی نوێیان بۆ دورین گوێدرێژه‌کان بوون به‌به‌شێك له‌وان و بۆ هه تا هه تایه ئاسوده‌یان کردن، قه‌ره‌جه‌کان پیشه‌یان زۆر شتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌بوو ...
. شمشاڵی ئاسن ،قه‌ره‌جه‌کان به‌ماڵه‌کاندا ده‌سوڕانه‌وه، بێژه‌نگ ، ته‌پڵ،ئه‌نگوستیله،ددانی ئاڵتون ،مت و موریان ده‌فرۆشت،خاڵیان ده‌کوتا،خاڵ کوت بوون، ژنه‌کانیان ،که‌وای گه‌وره‌یان له‌به‌ردابوو .پیاوه‌کانیان شه‌رواڵی ته‌سک وناو ده‌میان پڕبوو له ددانی ئاڵتون. منداڵه‌کانیان چڵکن چاوه‌کانیان گه‌ش بوو.. به‌رگی هه موویان ڕه‌ش
ده‌چوه‌وه
ئه‌و دوا نیوه‌ڕۆدره‌نگه‌ی که چه‌ند خاڵێکیان بۆ کچه عازه‌به‌کانی گه‌ڕه‌ک کوتا،، ئێمه به‌دیاریانه‌وه بووین و هه ریه‌که‌مان نیگای نازدارێکی گه‌ڕه‌کمان ده‌کرد، کچه‌کانی گه‌ڕه‌ک قریوه‌یان ،ده‌گه‌شته عه‌رشی ئاسمان،،ئه‌و ژنانه‌ی خاڵیان بۆ ده‌کوتان سه‌ری لوتیان خاڵێکی سه‌وزی پێوه بوو .. ئه‌وژنانه ته‌نها هه ر خاڵیان نه‌ئه‌کوتا ،به‌ختیشیان ده‌گرته‌وه
په‌ته کورته‌کانیان درێژ ده‌کرد و سه‌یری ناو له‌پی کچه‌کانیان ده‌کرد و به‌چرپه باسی چاره‌نوسیانیان بۆ ده‌کردن ،قه‌ره‌جه‌کان هیوایان ده‌چاند له‌دڵی زۆری ژن وکچی گه‌ڕه‌که‌ماندا.. زۆر فه‌قیانه‌یان بۆکرایه‌وه مسته پاره‌ی زۆریان درایه ئه‌وانیش له‌گیرفانه قوڵه‌کانیان ده‌ئاخنین ، ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ چه‌ند پیکابی پۆلیس ها ت وئه‌و گونده تازه دروست کراوه‌یان ته‌فروو توناکرد،،ڕه‌شماڵه‌کانیان ئاور تێ
به‌ردا،،چراکانیان شکاندن ،ئاگر دانه‌کانیان پێ خامۆش کردن..منداڵه‌کان هه نسک و چڵمیان تێکه‌ڵ کرد.. ده‌نگی سه‌گوه‌ڕو زه‌ڕه‌ی که‌رو قاوقیژ ئه‌چوه که‌شکه‌لانی فه‌له‌ک ، ژنه‌کان به‌ده‌م گریانه‌وه نزایان ده‌کرد ،پیاوه‌کان توانای به‌رگریان نه‌بوو.منداڵه‌کان ده‌که‌وتن و بۆ ئامێزی دایکیان ڕایان ده‌کرد ، ئێواره‌یه‌کی چه‌ند پڕ تراژیدیا بوو،ئه و ده‌نگانه ئه‌و وێنانه بۆهه تا هه تا یه له‌لام وون نه‌بوون ، ئه‌و شه‌وه چه‌ند جار چومه سه‌ربان ، نه‌ژیله‌مۆی ئاگرم دی نه‌تێشکی چرا، نه‌گوێم له‌وه‌ڕه‌ی سه‌گ بوو.نه له‌زه‌ڕه‌ی گوێ درێژ،له‌جێگه‌که‌شما هه رته‌پاو تلم ده‌دا،ئاخر من قینم له پۆلیس نه‌بوو ، هه مووجارێ که پۆلیسه‌که‌ی دراوسێمان به ئه‌سپه سپێکه‌یه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه به‌خۆی و ئه‌سپه‌که یه‌وه ، ته‌نها من شه‌ره‌فی ئاودانی ئه‌سپه‌که‌م پێده‌بڕا، دوایش به‌دڵی خۆم سواری پشتی ئه‌سپه‌که ده‌بووم به‌گه‌ڕه‌کدا ده‌سورامه‌وه و خۆم به‌دنیا نه‌ده‌گۆڕێوه منداڵانی گه‌ڕه‌کیش به‌تۆپه‌ڵ به‌دوامانه‌وه بوون ، ئای که خۆم به‌گه‌وره ده‌زانی له‌و کاته‌دا .
،هاوڕێکانم ئیره‌یان به‌من ده‌هات ،که‌ده‌توانم جڵه‌وی ئه‌سپه‌که به‌کێش بکه‌م و به‌گه‌ڕه‌کدا بیگه‌ڕێنم، لێ له‌و ئێواره یه وه له‌ناخه‌وه قینی دنیام له پۆلیس ده‌بۆوه ،چونکه زانیم ئه‌وانیش به‌شێکن له تێکدانی گونده بچکۆله‌که‌ی قه‌ره‌جه‌کان ، قه‌ره‌جه‌کانی که هه‌موو ئێوارانێک دایکم قاپێک شۆربای ده‌دامێ بۆم ده‌بردن ،هه‌ر ئێمه نا له‌هه‌موو ماڵه‌کانه‌وه خۆراکیان بۆ ده‌چوو ، ئه‌وان به‌شێک بوون له ئێمه .
له‌و ماوه‌که‌مه‌دا ببوون به‌به‌شێک له‌ئێمه ، ئه‌گه‌ر چی سه‌ره‌تا ده‌یان ووت قه‌ره‌جه‌کان منداڵ ده‌فڕێنن ، به‌ڵام ئێمه‌ی چه‌توون به‌وان نه‌ده‌فڕاین ، ئه‌وان خواخوایان بوو ئێمه ئازاریان نه‌ده‌ین و به‌رد بارانیان نه‌که‌ین .
، بۆ سپێده زوو که‌رۆژ هه‌ڵهات چومه شوێن هه واری قه‌ره‌جه‌کان، جگه له چه‌ند خڕکه به‌ردێک که کرد وبیانه ئاگردان و چه‌ند دارێکی نیوه سوتاو خۆڵیه‌مێشێکی سارده‌وه بوو په‌ڕۆو پاتاڵ ته نه‌که هیچم نه‌دی، دوای ئه‌وه تامن له‌شار بووم ئیتر بۆ هه تا هه تا قه‌ره‌جم له‌وشاره نه‌دیه‌وه ، چێشت هه‌نگاوێک
من وحه‌مه و فه‌ره‌یدوون که هاوڕێ یه‌کبووین له‌بن سێبه‌رێک له‌سه‌ر پێ ڕێگه‌که دانیشتبووین ،باسمان له قه‌ره‌جه‌کان ده‌کرد، باسمان ده‌کرد چۆن پۆلیسه‌کان به‌زۆر گونده‌که‌یان پێ چۆڵ کردن ، ده‌مان ووت ئه‌ی بۆ کوێ‌یان بردن؟ دوای قسه‌کانمان باس هاته سه‌ر خاڵ کوتان ،بۆیه ئێمه بڕیارمان دا وه‌ک ئه‌وان ئێمه‌ش خاڵ بکوتین، حه‌مه چوو لاستیک و شقارته‌و چه‌ند ده‌رزی هێنا،،سه‌ره‌تا ده‌ستی فه‌ره‌یدوونمان کوتا،،دڵێک و پیتێکی(ئێف) چونکه کچێکی خۆش ده‌وێست که زۆر جار به‌رگێکی مۆری له‌به‌ردابوو، خه‌ریکی کوتانی ده‌ستی حه‌مه بووین فه‌تاح هات که ئێمه‌ی دی ووتی ده‌ستی منیش بکوتن،،فه‌تاح له ئێمه منداڵ تر بوو ڕاستی هاوڕێمان نه‌بوو، فه‌تاح کوردستانی به‌گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌پی نووسی ، منیش و حه‌مه‌ش بۆمان کوتا. بۆ خۆشم ته‌نها (ئاخ) ێکم کوتا،، ئاخ له‌چی خۆشم نه‌مزانی ، من هه رچه‌ند ده‌که‌م بیرم نایه‌ت چیمان بۆ حه‌مه کوتا به‌ڵام ده‌زانم هه مووله فه‌نتازیای هه رزه‌یمانا دڵدارێکی شه‌رمن بووین.کۆمه‌ڵێ خه‌ونی په‌مه‌یمان هه بوو..ئێستا که سه‌یری باڵی چه‌پم ده‌که‌م شه‌رم دام ده‌گرێ ده‌گرێت، ئاخر چۆن شه‌رمه‌زار نه‌بم ،فه‌تاح باڵیان له‌سه‌ر کورستان بڕیه‌وه . له ئاسایشی سلێمانی دوایش له جاده‌ی قه‌نات له‌گه‌ڵ چه‌ند گه‌نجی تری سلێمانیدا ، گوله بارانیان کردن ، به‌زۆریش چه‌پڵه‌یان به خه‌ڵک لێ ده‌دا، خۆشبه‌ختانه ، من شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێ بڕا که‌سێ له‌تاوانبارانه له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی چیامدا له‌شه‌وێکی ئه‌نگوسته شه‌ودا بێنینه‌شاخ چونکه ئه‌و پیاوه به‌زۆر چه‌پڵه‌ی به‌خه‌ڵک لێ ده‌دا . ووتم با
.هاوڕی ده‌ست کوتراوه‌که‌م ئاسوده بێت و دڵنیا بێت که‌من ته‌نها ده‌ستیم نه‌کوتیوه و لێ ی گه‌ڕێم . فه‌ره‌یدوونیش له شه‌ڕێکی قاره‌مانانه‌دا له‌لای که‌نه سوره
** شه‌هید بوو،ئه‌وده‌م فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه بوو له که‌رتی یه‌کی بازیان له تیپی 57 سه‌گرمه.
حه‌مه‌ش که به حه‌مه (بی کی سی) ناسرابوو له دووهه‌م ڕۆژی ئه‌نفالدا له قه‌ڵه‌م پاشاله گوندی قه‌ره‌نگوێ*** شه‌هید بوو. که جێگری که‌رت بوو له تیپی 57سه‌گرمه.
که دوای ئه‌نفال خه‌ڵکی قه‌ره‌نگوێم دی له‌قاسمه ڕه‌ش ، ووتیان ئه‌گه‌ر گه‌ڕاینه‌وه سه‌ر زێدی خۆمان .قه‌ڵه‌م پاشا ناو ده‌نێین شه‌هید حه‌مه (بی کی سی) ئێستا دوای ئه‌و هه موو سا ڵه که له قۆڵی چه‌پم ده‌ڕوانم .شه‌رمه‌زار ده‌بم هه ست ده‌که‌م تاوانێکم ئه‌نجام داوه ، ئاخر هاوڕێکانی ترم که قۆڵیان کوتا هه‌موویان جێیان هیشتم ، بمبوورن که دوا که‌وتم له‌و کاروانه‌ی ها وڕێکانم پێش من ڕۆشتن.
من له ڕۆژه سه‌خته‌کا نی قه‌ده‌را له‌وێ بووم چ بکه‌م؟ مه‌رگ نه‌یتوانی زه‌فه‌رم پێ بێنێ ،ببورن لێم هاوڕێ بێ گۆڕه‌کانم، هاوڕێ ده‌ست کوتراوه‌کانم .
** که‌نه‌سوره گوندێکی نزیکی لای ڕوباری تانجه‌رۆیه
*** قه‌ره‌نگوێ گوندێکی له دۆڵی جافایه‌تی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست