مامەڵە كردنی حكومەتی هەرێم و ئەمریكا
Tuesday, 24/02/2015, 12:00
كەس گومانی لەوەدا نیە كە تەرازوی هێز لەرووی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابووریەوە لە نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان بە پێوەری هاوكێشە نێودەوڵەتیەكان بە هیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێت، كە هۆكارەكانی روونە لای هەموان پێویست ناكات بیخەینە روو، بەڵام ئەوەی دەكرێت حكومەتی هەرێم بیخوێنێتەوە و ئەو دەرچانەی كە دەتوانێت تێیدا بە شێوەیەكی ئاسایی و ئازاد بەكاری بێنێت و پشتی پێ ببسەتێت لە ولاتێكی سەربەخۆ كەمتر نیە . بەڵام پێش هەر یاریەك كە بیەوێت لەگەڵ ئەمریكادا بیكات پێویستە زەمینەی نێوخۆی كوردستان لە رووی یەك هەڵوێستی و متمانەپێ كردن و توانای سیاسی و دیبلوماسی و نەبونی گەندەڵی و كۆدەنگی سەرجەم لایەنەكان و فەراهەمبونی ئارامی ئابوری و سیاسی ئامادەباشی تێدا كرابێت . واتە، زەمینەی لەباری نێوخۆیی بۆ ململانێی سیاسی هەبێت و كۆمەڵیك كارتی گشتی وەك پێگەی ستراتیجی و یاریكردنی نێوان توركیا و عیراق و ئێران بە شێوەیەك بەكار بێنێت كە ئەمریكا ناچار بكات مامەڵەی جدیتر لەگەڵیدا بكات نەك وەك تا ئێستا دەیكات بێ منەت بێت لێی . پرسیارەكە لەوێدایە چۆن ؟بۆ سەركەوتن لەم ئامانجە دەبێت :
یەكەم : دەبێت وا پیشانی ئەمریكا بدرێت كە كورد روحی سەركێشی تێدایە و سەرەرای لاوازی هەڵوێستی بەڵام دتوانێت هەنگاوی وا بهاوێژێت كە زەرەر لە ستراتیژیەتی ئەمریكا لەناوچەكە دەدات، ئەگەر ئەمریكا بەم شێوەیە لەم سیاسەتەیدا بەردەوام بێت و لەو رووەوە لەسەر ئەرز هەنگاو بنێت .
دووەم : دەبێت كورد وەك یەك تیم بە سەرجەم حزبەكانەوە بە نوێنەرایەتی حكومەت ، یان پاش پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای سیاسەتی ستراتیژی هەرێم، وەك ئەمرۆ بەسەر هەردوو میحوەری سونە شیعە دابەش نەبن، بەڵكو لەو نێوانەدا بە پێی خوێندنەوەی سیاسەتی رۆژانە و بەرژەوەندیەكانی مامەڵە لە گەڵ هەردوو میحوەر بكات . واتە هەموو سەلاحیەتێك بداتە دەست لیژنەی باڵا بۆ ئەوەی هیچ حزبێك تۆمەتبار نەكرێت بە پەیمان شكێن لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە و دەرەوەدا، ئەو لیژنەیە لە رەسمی مامەڵە لەگەڵ دەرەوە و ململانێی ناوچەكە و میحوەربەندیەكان بەرپرسیار بێت و، چی بەباش بزانێت لە هەڵوێستی راست و دروست لە ئاست وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتی ئەمریكا پێنیاری رۆژانەی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم هەبێت و بینوێنێت، واتە، لەو خاڵە لاوازە زۆرانەی كە لە سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكە بەدیدەكرێت كاریگەری خۆی هەبێت و، بتوانێت لە موقایەزەی سیاسی لەگەڵ هەموو لایەك قازانجی خۆی بكات .
سێیەم : كورد لە سیاسەتەكانی دەكرێت كاری وابكات و رەفتاری وا بنوێنێت كە هەنگاوەكانی هاوتەریبی هەڵوێستەكانی نەبن ئەگەر پێویست بكات و، لە مامەڵەی لەگەل توركیا و ئێران لە روانگەی فشارخستنە سەر ئەمریكا یاری بكات .
چوارەم : تا ئێستا كورد لە رووی سیاسی و دیبۆماسیەوە قازانجی لە راگەیاندن نەكردووە، كەچی وڵاتان لە یەكلاییكردنەوەی زۆرێك لە پرس و كێشە گەورەكان پێش هەر هەنگاوێكی سیاسی، چ بە رێنمایی یان بە هسەتكردنی بەرپرسیارانەی دەزگا راگەیاندنەكان، ئەوان بە جوانی رۆڵی خۆیان بینیوە . بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە پلانێكی گەورەی هاوبەشی دەزگاكانی راگەیاندن و لێژنەی باڵای سیاسەتی هەرێم هەبێت و هەنگاوێكی چر بگرنە بەر و، بەپێی پێویستی هەر ئەركێكی سیاسی هەنگاوێك بنێن و ئامنجێك بپێكن كە یارمەتیدەر بێت لە دروستكردنی قورسایی لەسەر لایەنە كاریگەرەكانی ناوچەكە و بەشێك لە پلانە هەمەگیرەكە جێبەجێ بكەن .
پێنجەم : تا ئێستا رای گشتی نێوخۆی كوردستان بە شێوەیەك تەیار نەكراوە كە لە قازانجی ئامانجە سەرەكیەكانی خەڵكی كوردستان بێت، لە بەر نەبونی راستگۆیی و گەندەڵی و هەڵەی گەورەی بەرپرسان و نەبونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، هەڵچون و داواكاری وردی بەرژەوەندخوازانەی تاكی كۆمەڵگەی كوردەواری كاری زیاتری كردۆتە سەر رای گشتی نەك هەنگاونانی ستراتیژی بۆ گەیشتن بە ئامانجە گشتیەكان .
شەشەم: ئەگەر لە سیاسەتی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندا، بەرژەوەندی حزبی و شەخسی بنبر نەكرێت، دەبێت لێرەدا بەراشكاوی خەڵكی كوردستان ئاگادار بكەینەوە كە سەركەوتنمان لە هەوڵەكانمان لە پێناو پەرینەوە لەم قۆناغەدا تەنانەت بە رێژەیەكی كەمیش مسۆگەر نابێت .
حەوتەم : كاردنی چر ِ و پر لەماوەیەكی كورتدا لەوبارەوە كە بتوانرێت متمانە لەنێوان دەسەڵات و خەڵك بگەرێتەوە، لە رێگەی باسكردنی پرس و كێشە و گیروگرفتە گەورەكان بە راستگۆیانە و خەڵك لە بەربەستەكان ئاگادار بكرێنەوە، خەڵكیش گەر باوەری پێكردن و راستگۆیی دەسەڵاتی بۆ دەركەوت ئەوە قوربانی زیاتر دەدات .
هەشتەم : دەبێت لە سیاسەتی درەوەماندا، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریكا، هەمیشە تا حەدێكی باش بە سەركێشیەكی وا مامەڵە بكەین كە قەناعەت بكات بەزەرەری ئەو دەكەوێتەوە و، لەوێشدا پێوستە بە دیقەت بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا وەك خۆی بخوێنینەوە و هەنگاوی لەو جۆرە بنێین یان بە راگەیاندن ئەو مەرامە دەربخەین، لەم كاتەدا كە داعش زەفەری بردوە دەبێت خاڵە لاوازەكانی ناوچەكە بدۆزینەوە و هەنگاو لە ئاستیدا بنێین،نەك وەك باوەگەورە و فریادرەس تەماشای ئەمریكا بكەین . زۆر پێویستە دوور بین لە پارانەوە، چونكە هەمووان دەزانن سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر سۆز و عاتیفە بنیاتنانرێت و تەنهاو تەنها لەسەر راگرتنی بەرژەوەندیەكانی خۆی وەستاوە .
نۆیەم : گرنگترین هەنگاو بۆ سەركەوتنمان لە قازانج كردن لە سیاسەتەكانمان لەگەڵ ئەمریكادا ئەوەیە بە فیعلی بۆیان بسەلمێنین كە رێژەیەكی باش لە بەرژەوەندیەكانیان لە ناوچەكە لەسەر هەنگاو و هەڵوێستی كورد بەندە و بێ كورد هەنگاوی گەورەیان پێ نانرێت، لە ئەمریكاش وا تێبگەیەنرێت كە كوردیش بۆ گەیشتن بە دوا ئامانجی خۆی سەد جاری تر شۆرش دەكات و قوربانی دەدات و كۆرەو دەكات و لەو كاتەشدا راستگۆیی ئەمریكا لە رووی مرۆڤایەتی و سیاسیەوە دەخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە .
بۆیە، گەر دەسەڵاتی هەرێم بیەوێت لەم قەیرانانە دەربچێت، دەبێت ریفۆرمێكی گەورە و بە خۆداچونێكی هەمەلایەن لە خۆیدا بكات و، دان بەوەدا بنێت كەلە سیاسەتی دەرەوەیشیدا شكستی هێناوە، لەبەر ئەوەی بە چاوی حزبیانە سەیری سەرجەم پرسەكانی كردووە . بۆ دووركەوتنەوە لەم سیفەتە، پێویستی بە خەڵكی پرۆفیشناڵ و سەربەخۆ هەیە نەك كەسی حزبی بەرژەوەندخواز، ئەمەش قوربانی دەوێت لەلایەن حزبەكانی دەسەڵاتەوە .
ئەگەر دیبلۆماسیەتی كورد لەئاست پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەمریكا پێش ناوچەكە خوێندەوەی خۆی هەبێت و رۆڵێكی كاریگەری گێرابێت لەوبارەوە، بێگومان ئەمەش رەنگدانەوەی گەورەی دەبێت لەسەر سیاسەتەكانی لەناوچەكە و، هەموو لایەك، دەوڵەتی عیراق لەپێشەوەیاندا حیسابی تایبەتی بۆ دەكەن .
لە لایەكی ترەوە كە باسی زۆر هەڵدەگرێت و ئێرە جێگەی ئەوە نیە، دەكرێت دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بەو لێژنەیەی كە زۆر پێویستە پێكی بهێنێت و مۆركی حزبی تێدا كەم بكاتەوە، دەتوانێت یاریەكی باش لە نێوان جەمسەرە جیهانیەكان بكات، ئەگەر رۆڵ و هەڵوێستەكان لەمەر پێشهاتەكانی ناوچەكە بە دابەشكردنی رۆڵ لە نێوخۆ دا دەربخات و ململانێی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی جیهان دیراسەت بكات و راو بۆچونی خۆی دەربرێت و هەنگاوی پێویست لە جموجوڵی دیبلۆماسی لەو بوارەدا بنێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست