کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ خاوه‌نی ماڵپه‌ڕی کوردستان نێت!

Monday, 10/05/2010, 12:00


به‌ڕێز کاک عومه‌ر فارس، خاوه‌نی ماڵپه‌ڕی کوردستان نێت..!
که‌سێک به‌ناوی ئه‌ڤین عومه‌ر له‌ رۆژی 20 / 12 / 2009 له‌ نووسینێکدا، که‌ له‌ لای ئێوه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ به‌ناونیشانی (وه‌ڵامێك بۆ نوسه‌ره‌ جنێوفرۆشه‌كه‌ی كوردستان پۆست) داوا له‌ په‌یامنیرمان (زه‌رده‌شت عوسمان) ده‌کات، ناوی خۆی و وێنه‌ی خۆی بڵاوبکاته‌وه‌. کاکه‌ زه‌رده‌شت عوسمانیش له‌ وه‌ڵامی ئه‌و که‌سه‌دا، به‌ناونیشانی (نه‌ سه‌رۆک خوایه‌ و نه‌ کچه‌که‌ی) به‌ وێنه‌وه‌ ناوی خۆشی ئاشکراکردووه‌.
ئه‌و نووسینه‌ رۆژێک پێشتر بۆ ئێمه‌ نێردرابوو، به‌ڵام بۆ پاراستنی گیانی زه‌رده‌شت عوسمان، بڵاومان نه‌کرده‌وه‌، ‌لێ ئێوه‌ به‌ وێنه‌ی خۆیه‌وه‌ بڵاوتان کرده‌وه‌، پاش چه‌ند کاتژمێرێکیش نووسینه‌که‌تان لابرد، دوای ئه‌وه‌، کاتێک زانیمان ناو و وێنه‌که‌ی لای ئێوه‌ ئاشکرابووه‌‌، ئه‌وسا به‌ناچاریی  وتاره‌که‌مان لای خۆمان بڵاوکرده‌وه‌.
ئه‌م نامه‌یه‌ی، که‌ ئیستا ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزتانی ده‌که‌ین، به‌پێی رێنمایی پارێزه‌رێکه‌، وای به‌باش زانی راسته‌وخۆ ئه‌م نامه‌ کراوه‌یه‌ ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزتان بکه‌ین، هیوادارین هێمنانه‌ وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌، داواکارین هاریکارییمان بکه‌ن، وه‌ک ئه‌خلاقی کاریی رۆژنامه‌گه‌ریی ناوی راسته‌قینه‌ی ئه‌و ئه‌ڤین عومه‌ره‌ ئاشکرابکه‌ن، پێمان بڵێن کێیه‌؟ ده‌مانه‌وێت داوای یاسایی له‌سه‌ر تۆماربکه‌ین، ئێمه‌ گومانمان هه‌یه‌ ئه‌و که‌سه‌ سه‌ر به‌پاراستنه‌ و له‌ رێگای ئه‌وه‌وه‌ که‌سایه‌تیی زه‌رده‌شت ئاشکرا کرا، چونکه‌ پاراستن به‌دوایدا ده‌گه‌ڕا.
جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، که‌ ئێوه‌ی‌ به‌ڕێز، راتانگه‌یاندووه‌، هیچ نووسینێک بڵاوناکه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌که‌ ناو و وێنه‌‌ی خۆیتان بۆ نه‌نێرێت، واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌ڤینه‌ ‌ناوی خوازراویش بێت‌، که‌سێکه‌ لای ئێوه‌ ناسراوه‌ و ئێوه‌ ده‌یناسن.
له‌گه‌ڵ رێزمان، داواکاریین هاریکارییمان بکه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی، که‌ گومانمان هه‌یه‌ ده‌ستی له‌ تیرۆرکردنی زه‌رده‌شت عوسماندا هه‌بووه‌‌.

سه‌رکه‌وتوو بن و هه‌ربژین

کوردستانپۆست
10 / 05 / 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە