تەوقەیەك لەگەڵ ئۆباما ،بە 18 هەزار دۆلارە
Monday, 20/02/2012, 12:00
نوکتەیەکی سیاسی: ئەڵێن ئۆباما لەکاتی کرا بەسەرۆکی ئەمریکا و چوونی بۆ (کۆشکی سپی)، یەکەمین کاری ئەوەبو هەستا بە بۆیاخ کردنی (کۆشکی سپی و گۆڕینی بەڕەنگی ڕەش).
ڕۆژانی هەینی و شەممەی ڕابردوو، سەرۆك ئۆباما هاتە شاری (مەداینە)ی سەر بەویلایەتی واشنتۆن ستەیت و دواتر لەکارگەی دروست کردنی فڕۆکەی(بۆینگ) هەستا بە کۆکردنەوەی پارە بۆ کامپەینی جارێکی تری هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆکی ئەمریکا.وا چاوەڕوان ئەکرێ بۆ ئەم جارەی نزیکەی 2 بلێۆن دۆلار کۆبکاتەوە. دیارە لەشاری(مەداینە) کە ماڵی (بیڵ گەیتس)ی خاوەنی کۆمپانیای(مایکرۆ سۆفتی)لێیە، یەکێکە لەشوێنە هەرە گرانەکان و زۆرترین دەوڵەمەندی تریشی لێ ئەژی، کامپەینەکەی دەست پێکرد. ئەوەی سەیرە نرخی بلیتی چونە ژوورەوەو نانخواردنێك لەگەڵ تەوقەکردنێکی سەرۆك ئۆباما بە 18 هەزار دۆلار بوو.
دیارە باسەکەمان هەر بەوە ناوەستێ بزانین کەچۆن مرۆڤێك لای چەندین خەڵکی ئەم گەردوونە پێیان وابوو کەئەم زاتە وەك (مەسیح)وایە و ئەوەی نامەو پەیامەی (دکتۆر مارتن لۆسەر کینگ)تەواوی نەکرد ، ئەم تەواوی ئەکاو جیهان بەگشتی گۆڕانکاری بەسەردا دێ و سیستمە چەوت و دیکتاتۆرەکان بەرەو خەزان و نەمان ئەچن، کەم نین ئەوانەی پێیان وایە ، کە ئۆباما پاڵپشتی شۆڕشی بەهاری عەرەبیەو دەستی هەیە لە ڕوخاندنی هەریەکە ،لە (بن عەلی، مبارەک، قەزافی) و پەلکێشکردنی (عەلیەکەی یەمەن) و وا ئێستاش سەرۆکی سوریای مرۆڤکوژ.
لەڕاستیدا، ئەوە هیچ ئەمریکا و ئۆباما نیە کەبەو شێوەیە پشتگیری خۆیان بۆ بەهارەکان دەربڕیبێ، ئەوە تەنها کاتێکە کە ئەزانن چی تر ئەو تاقم و ڕژێمە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرانە ناتوانن بەرەنگاری گەلەکانیان ببنەوە و لەلێواری ڕووخاندن نزیك بوونەتەوە، لێ بۆیە ئەمریکاش دێتە سەرخەت و ناچار پشتیوانی لەڕاپەڕیوان و شۆڕشەکانی بەهارەکان ئەکاو دواتریش هەوڵی ئەوە ئەدا کە لەجێگای دیکتاتۆرە ڕوخاوەکان سیستمی ئیسلامی و دواکەوتوو دابنرێن.
گەلێ باش بیرمان دێ، کاتێ کە سەرەتای بەهاری عەرەبی لەتونس دەستی پێکرد، ئەمریکا هەر باوەڕی نەکرد کەبەو زووییە بن عەلی دەستبەرداری کورسیەکی بێ و دواتر هەڵبێ،، پاشان گەلێ پشتگیری لە مبارەك کرد و دواتر زانیان شەپۆلی ناڕەزایی تا دێ زیاتر ئەبێ و دەسەڵاتە هەر ڕائەماڵێ، ئێدی ئەمانیش پاڵپشتیان لێ کرد. بەهەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵ بەهاری لیبیا و یەمەن کرد و وا تازە بەتازە خەریکن پشت ئەکەنە ڕژێمەکەی سوریا و پاڵپشتی لە ئۆپۆزیسۆن ئەکەن.
گەر بگەڕێنەوە بۆ ڕاپەڕینەکان و بەهاری کوردی دژی هەردوو بنەمەڵە تاڵانچیەکەی لەمەڕ خۆمان، ئەوە باش ئەزانین کە ئەمریکا پاڵپشتی لەو دوو مافیا کردوو لەژێر پەردەو گڵۆپی سەوزی ئۆبامادا توانیان کپی بکەنەوەو سەرکوتی بکەن. تەنها یەك ڕۆژ دوای دامرکاندنەوەی بەهاری کوردی، شێخ جەعفەری تیرۆریست لەگەڵ ئەمریکیەکان بەناو شاری سلێمانی گەشتێکی سازدا و ماسجێکی دا بەگوێی خەڵکی ، کەبزانن ئەوەی ئەم ئەیکا بەپاڵپشتی ئەمریکا بوە. ئەوە نابێ بیرمان بچێ کە ئۆباما هەر لەسەرەتاوە پشتی کردە بەهاری ئێرانی و خەڵکەکەی بەشوو دا.
جا براینە گەر سەرۆکێ کەخۆی بە مەزلوم و چینی فلیقاوە بزانێ و لێرەو لەوێ بانگەشەی نەمانی جیاوازی ئاینەکان و رەگەزەکان بکات و وا خۆی دەربخا بەتەنگ چینی هەژارانەوەیە، ئەبێ ئەوە بزانێ کەوا ئەم سەرۆکەی ئەمریکا هیچی لەوانی پێشی خۆی و دوای خۆی جوێ تر نیە. ئەگینا بۆ ئەبێ وێنەگرتنێك لەگەڵ سەرۆکێکدا 18 هەزار دۆلاری تێبچێ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست