با سەرۆكى هەرێم لە رێى پەرلەمانى كوردستانەوە هەڵبژێردرێت..
Saturday, 16/05/2009, 12:00
1439 بینراوە
سیستمى فەرمانڕەوایى لەعێراقدا سیستمێكى پەرلەمانییە، لە ڕێى پەرلەمانەوە سەرۆك كۆمارو سەرۆكى حكومەت هەڵدەبژێردرێ، لە هەرێمى كوردستانیش بە هەمانشێوە سەرۆكى هەرێمو سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران لەلایەن پەرلەمانى كوردستانەوە دەستنیشانكرانو هەڵبژێران. بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنەى داهاتوو، لەناكاو هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم خرایە پالأ هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستانو ئەو دەسەڵاتە لەپەرلەمانى كوردستان سەندرایەوە، هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەلایەن خەڵكەوە لەلایەكەوە پێشێلكردنى دەستورو سیستمى حكومڕانییە لە عێراقداو لە لایەكى دیكەشەوە، دەسەڵاتێكە لەسەرو دەسەڵاتى پەرلەمانەوە، كە ئەمەش دیموكراسی لە كوردستان دەخاتە بەردەم مەترسی تاكڕەویى سەرۆكى هەرێمو دەسەڵاتى پەرلەمانیش لاواز دەكات، ئەم حاڵەتە ئەزمونێكە لەگەلأ ئاستى گەشەى ژیانى سیاسىو كۆمەڵایەتى هەرێمدا ناگونجێت.
نامانەوێ بەدەستى خۆمان دەنگ بدەین بە تاكەكەسێك كە لەباتى هەموومان بیربكاتەوەو بڕیار بدات، لە كاتێكدا گەلى كورد بەدەست ئەم جۆرە كەلتورە سیاسییەوە دەناڵێنێو بەمەش ئێمە لەڕێى هەڵبژاردنەوە شەرعییەتی دەدەینێ.
لەهەركاتێك زیاتر كوردستان پێویستى بەدیموكراسیو كارو بڕیارى بەكۆمەڵە، دەمێكە تەنها كەسێك لەباتى ئەم میللەتە بیردەكاتەوەو بڕیاردەدات، ئەمەش بۆتەهۆى ئەوەى بەردەوام دۆزى كوردى بەدۆڕاندن داوەو چارەنوسى ئەم گەلەشى بەرەو نادیار بردووە.
بۆ ئەوەى پەرلەمانى داهاتوو پەرلەمانێكى چالاكو داكۆكیكار بێت لەبەرژەوەندییەكانى ئەم گەلە، بۆ ئەوەى سەرۆكى هەرێم نەبێت بەدكتاتۆرو لەسەرو پەرلەمانەوە بێتو بەدەستى خۆمان پەرلەمانێكى بێدەسەڵاتو لاواز هەڵنەبژێرین، هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم با لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەوەشى دەترسێ ئەو پەرلەمانەى لە دەست بچێ با خزمەتى خەڵك بكات، ئیدى دەسەڵات لە كوردستان تاپۆ ناكرێ لەسەر هیچ كەسو لایەنێك، كاتى ئەوە هاتووە گەل خۆى بڕیار بدات، سندوقەكانى دەنگدانیش دەبنە سەنگى مەحەك، سەركەوتنى دۆزى ئەم گەلە پەیوەستە بەدیموكراسییەوە. تاكڕەوىو دیكتاتۆرىو ترسو تۆقاندن دۆزى كورد سەرناخات، ئەزمونەكانى لەوەپێشیش ئەوەمان پێدەڵێن كە تاكڕەوىو نەگەڕانەوە بۆ راى گشتى، زەرەرو زیانى گەورەى لەكێشە رەواكەى گەلەكەمان داوە. لێرەوە داوا لە پەرلەمانى كوردستانو سەرجەم خەڵكى كوردستان دەكەین دەنگدانى سەرۆكى هەرێم لەڕێى خەڵكەوە رەتبكەنەوەو پرۆتستۆى بكەن.