له جه‌ژنی جیهانیی ئافره‌تاندا ئافره‌تانی کوردستان له کوێی هاوکێشه‌کاندان؟
Sunday, 08/03/2009, 12:00
1976 بینراوە
هه‌موو ساڵێک ڕێکخراو و لایه‌نه‌کانی ئافره‌تان و چه‌پ و پێشکه‌وتنخوازه‌کان ، له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ، یادی خه‌بات و تێکۆشانه سه‌ره‌تاییه‌کانی ئافره‌تان ئه‌که‌نه‌وه که ژیانی خۆیان به‌خشی له‌پێناوی دابینکردنی مافه سه‌ره‌تاییه‌کانیان له کارکردن‌دا و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانیی.
له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کاندا ، یه‌کسانیی و به‌یاساییکردنی مافه‌کانی ئافره‌تان و داڕشتنیان له ده‌ستوردا ، به خه‌بات و تێکۆشان و قوربانییدانێکی زۆری ڕێکخراوه‌کانی ئافره‌تان و چه‌پ و پێشکه‌وتنخوازه‌کان دابینکراون.
ئه‌مڕۆ و له کاتێکدا که له‌و وڵاتانه‌دا ئافره‌تان به خۆشییه‌وه ئه‌و یاده‌ئه‌که‌نه‌وه ، له هه‌مان کاتدا ئافره‌تانی کوردستانیش که زیادترن له نیوه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌مان ، نه‌ک هه‌ر له‌ژێر باری بێ دادپه‌روه‌رییدا ئه‌ناڵێنن ، ته‌نانه‌ت پارله‌مانه خێڵه‌کییه‌که‌ی کوردستانیش وه‌ک مرۆڤ سه‌یریان ناکات و هه‌ر وه‌ک کاڵایه‌ک ، ڕێ به پیاوان ئه‌دات که بۆیان هه‌بێت چه‌ند "دانه‌یه‌کیان" له ماڵه‌وه هه‌بێت! ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین سوکایه‌تییه به مرۆڤ ، به پیاوان خۆیان ، به‌رله ئافره‌تان.
ئه‌مڕۆ که گه‌رده‌لولی گۆڕانکاریی و دیموکراتیی له کوردستاندا له هه‌ڵکردندایه ، ئه‌رکی هه‌موو لایه‌نه چه‌پ و پێشکه‌وتنخواز و ڕێکخراوه شارستانییه‌کانه که له بازنه کلاسیکییه‌کان ده‌ربچن و به کرده‌وه هه‌نگاوبنێن بۆ ئازادکردنی نیوه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌مان ، مێژووی مرۆڤایه‌تی ئه‌و ڕاستییه‌شی سه‌لماندووه که کۆمه‌ڵگا هه‌رگیز ئازاد نابێت ، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی چه‌وساوه بێت.
به‌م بۆنه‌یه‌وه پیرۆزبایی له ئافره‌تانی به‌شمه‌ینه‌تی کوردستان ئه‌که‌ین و له هه‌مان کاتیش‌دا داوا له ده‌سه‌ڵاتدارنی کوردستان ئه‌که‌ین که:
- به شێوه‌یه‌کی مرۆڤانه و دادپه‌روه‌رییانه سه‌یری نیوه‌که‌ی تری کۆمه‌ڵ بکه‌ن.
- داموده‌زگاکانی حکومه‌ت و دادگاکان ، کار به‌و یاسا و ڕێسا کۆنه‌په‌رستیی و نامرۆڤایه‌تییانه نه‌که‌ن که بێڕێزیی و سوکایه‌تی به ئافره‌ت ئه‌که‌ن و مافه‌کانیان پێشێلئه‌که‌ن.
- ئه‌و که‌سانه‌ی که به ناوی (شه‌ره‌ف) و بیانووی هه‌مه‌جۆره‌وه ، توندوتیژیی به هه‌ر ڕاده‌یه‌ک بێت ، به‌رامبه‌ر به ئافره‌تان به‌کارئه‌هێنن ، سه‌ختترین سزابدرێن.
- گۆڕینی یاسا نامرۆڤایه‌تییه‌کان له بواره هه‌مه‌جۆره‌کانی ژیاندا و به‌تایبه‌تیی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به باری که‌سێتی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کارکردن و ئازادییه‌کانه‌وه هه‌یه ، به یاسای سه‌رده‌مییانه که مافه‌کانی ئافره‌تان دابینبکه‌ن و هه‌موو داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تیش به یاسا به‌رپرسیاربن له جێبه‌جێکردنی ئه‌و یاسا نوێیانه‌دا.
- قه‌ده‌غه‌کردنی خه‌ته‌نه‌کردنی کچان به یاسا و سزادانی سه‌ختی ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و کاره نامرۆڤایه‌تییه ئه‌که‌ن. هه‌روه‌ها به‌رپاکردنی هه‌ڵمه‌تێکی هۆشیاریی له‌و ڕووه‌وه و دابینکردنی پشتگیریی ته‌واوی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی به‌و کارانه هه‌ڵئه‌ستن.
- گرنگییدان به ته‌ندروستیی ئافره‌تانی دووگیان و دایکان و مناڵان و کردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تیی بۆیان ، له هه‌موو شار و شارۆچکه‌کاندا.
- دابینکردنی کار بۆ ئافره‌تان و پاراستنی مافه پیشه‌یی و سه‌ندیکایی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان ، هاوتا له‌گه‌ڵ پیاواندا و له هه‌مان شوێنی کاردا و یه‌کسانیی له ماف و موچه‌دا له هه‌مان جۆری کاردا.
- دروستکردنی داموده‌زگای حکومیی و جه‌ماوه‌ریی تایبه‌ت ، بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌مه‌جۆره‌کان که له ئه‌نجامی گه‌نده‌ڵیی و بارودۆخی ئاڵۆزی ئه‌مڕۆی کوردستانه‌وه په‌یدابوون و یارمه‌تیدان و پشتگیریی لاوان به هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌که‌وه ، بۆ که‌مکردنه‌وه و نه‌هێشتنی قه‌یره‌یی.
- کردنه‌وه‌ی ده‌رگای داموده‌زگا هه‌مه‌جۆره‌کانی ده‌وڵه‌ت به ڕووی ئافره‌تاندا و هاندانیان بۆ کارکردن تیایاندا و پاراستنیان له‌و ڕێگرانه‌ی که له‌و بوارانه‌دا بۆیان دروستئه‌کرێت.
- بواردان به ئافره‌تان له به‌شدارییکردن له کابینه‌ی حکومه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌کان و سه‌رکردایه‌تی حیزب و ڕێکخراوه‌کاندا.
- ڕێزگرتن و پشتگیریی له ڕێکخراوه‌کانی ئافره‌تان و ڕێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانییه‌کان و دورکه‌وتنه‌وه له ده‌ستتێوه‌ردانی حیزبیی و حکومیی له کاره‌کانیاندا.
بێگومان مافه‌کان و پێویستییه‌کانی نیوه‌ی کۆمه‌ڵ زۆر له‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه زیادترن ، به‌ڵام ئه‌وانه که‌مترین و ساکارترین مافه ڕه‌واکانی ئافره‌تانی کوردستانن که ئه‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان بۆیان دابینبکه‌ن.
ئافره‌تانی قوربانییده‌ر و ئه‌نفالکراو و کیمیاییبارانکراو و که‌سوکار بێسه‌روشوێنکراوی کـوردســتان ، جگه له مافه ڕه‌واکانیان ، زۆر شایسته‌ی له‌و داواکارییانه‌ی سه‌ره‌وه زیادترن و ئه‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆ و ئاینده‌ی کوردستان خۆیان به به‌خته‌وه‌ر بزانن که خزمه‌تی ئه‌و نیوه‌یه‌ی کۆمه‌ڵ بکه‌ن که هێناونیانه‌ته دنیاوه و په‌روه‌رده‌یان کردوون و له هه‌موو کۆڵه‌وه‌رییه‌کان و کاره‌ساته خوێناوییه‌کاندا که به‌سه‌ر گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ماندا تێپه‌ڕیوه ، به سه‌ربه‌رزیی و قاره‌مانانه‌وه پشتگیریی و خزمه‌تی شۆڕشه‌کان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانیان کردووه و هه‌میشه هانده‌ربوون له به‌رده‌وامیی خه‌باتی گه‌له‌که‌ماندا.
نه‌مریی و سه‌ربه‌رزیی بۆ شه‌هیدانی ئافره‌تان و فادیمه ، پێلا ، دوعا و ئه‌و ده‌یان هه‌زار ئافره‌تانه‌ی کوردستان که به ناوی (شه‌ره‌ف)ـه‌وه ، به‌وپه‌ڕی (بێشه‌ره‌فیی)ـه‌وه زوڵمیان لێئه‌کرێت و مافی ژیانیان لێ زه‌وتئه‌کرێت.
ده‌سته‌ی کارگێڕی
پارتی چه‌پی کوردستان
08-03-2009