کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


Thursday, 13/08/2009, 12:00


پاش خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌که‌ی کوردستانپۆست که‌ تێیدا هێرشی کردۆته‌ سه‌ر لیستی گۆڕان من وه‌ك خوێنه‌رێکی کوردستانپۆست و کوردێکی خه‌مخۆر حه‌ز ده‌که‌م چه‌ند سه‌رنجێکم هه‌یه‌ بۆتانی بنێرم و هیواشم وایه‌ بڵاوی بکه‌نه‌وه‌
یه‌که‌م شت ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌شتا دێ نه‌گه‌یشتوه‌ که‌چی دوکه‌ڵ گه‌یشت، یه‌کسه‌ر بۆچی لیستی گۆڕان بوو به‌ گه‌نده‌ڵ که‌ یه‌شتا هیچ کارێکمان لێ نه‌بینیوه‌؟ ئه‌گه‌ر لیستی گۆڕان به‌ یه‌ك‌دوو وه‌زاره‌ت ڕازی ببوایه‌ ئه‌وکاته‌ ده‌بونه‌ شه‌ریك ده‌سه‌ڵات‌و ناهه‌قیشتان نه‌بوو هه‌رچیه‌کتان پێ بوتنایه‌.
دووهه‌م ڕاسته‌ کوردستانپۆست یه‌که‌م سایت بوه‌ بۆ ده‌رخستنی هه‌موو گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و تا توانیویه‌تی نهێنی گه‌نده‌ڵه‌کانی ده‌رخستوه‌ و ئه‌م کاره‌ش لای هه‌موو کوردێکی دڵسۆز په‌سه‌ند بوه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانیشی سه‌غڵه‌ت کردوه‌ به‌ڵام ئه‌وان هێنده‌ بێشه‌رمن که‌ قسه‌ کاریان تێناکاو ته‌ڕ نابن، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ بینیمان جه‌لال تاڵه‌به‌نی سه‌رۆکی هه‌موو گه‌نده‌ڵه‌کان ده‌ڵێت من و هێرۆ پاره‌ی کفن‌ودفنیشمان نیه‌. که‌واته ته‌نها قسه‌ به‌س نیه‌ بۆ ڕسواکردنی ده‌سه‌ڵات و جێ پێیان پێ له‌ق ناکات.
که‌واته‌ ده‌بێت هێزێکی ناوخۆ هه‌بێت به‌رامبه‌ریان ڕابوه‌ستێت، ئه‌و هێزه‌ش وادروست بوه‌و ڕاسته‌ که‌مینه‌یه‌ به‌ڵام ده‌کرێت بکرێ به‌ نه‌واتێك بۆ ئۆپۆزسوێنێکی به‌هێز. که‌واته‌ بۆ هه‌مومان پشتی نه‌گرین و له‌ ئێسته‌وه‌ نه‌که‌وینه‌ تانه‌ لێدانی و خه‌ڵکانی لێ ته‌ره‌بکه‌ین.
هه‌ر که‌سێك چوه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌بێت سه‌رکه‌وتن و دۆڕانیشی له‌به‌ر چاو بێت و که‌ دۆڕاش نابێت یه‌کسه‌ر بیکات به‌ شه‌ڕ‌و ئاژاوه. لیستی گۆڕانیش هه‌مومان ده‌زانین که‌ نه‌دۆڕاوه‌و گه‌ر ساخته‌ نه‌بوایه‌ زۆر له‌و ڕێژه‌یه‌ی زیاتر ده‌هێنا به‌ڵام چی ده‌که‌یت له‌گه‌ڵ ‌ ده‌سه‌ڵاتدارانێك که‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان هه‌موو شتێك ده‌که‌ن و ئاماده‌ن به‌لێشاو خوێن بڕێژن. بۆیه‌ ئه‌و ڕازی بونه‌ی لیستی گۆڕان زۆر که‌س به‌ ئاقڵی ده‌زانێت و ئه‌وا چوار حزبه‌که‌و زۆرینه‌ی خه‌مخۆر و ڕۆشنبیری میلله‌ته‌که‌مانیان له‌گه‌ڵه‌.
لیستی گۆڕان له‌ گه‌وره‌ترین شاری کوردستان براوه‌یه‌و له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانیشدا گه‌ر بتوانێت ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌یه‌ ببات به‌ڕێوه‌ بۆ خراپه‌؟ به‌ڕای من کوردستانپۆست زۆر هه‌ڵه‌ ده‌کات گه‌ر هانی خه‌ڵك بدات که‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکان نه‌چن. ئه‌گه‌ر ئه‌وان حه‌زیان ده‌کرد وه‌ك ئێرانمان لێبهاتایه‌ که‌ وه‌کو ده‌بینین ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هه‌ر سه‌رۆکه‌، له‌ کوردستانیش گه‌نده‌ڵه‌کان هه‌ر له‌سه‌ر کورسیه‌کانیان ده‌مانه‌وه‌‌و ئه‌و کاته‌ هه‌لێکی چاکیان ده‌بوو بۆ ناو زڕاندنی لیستی گۆڕان و جگه‌ له‌وه‌ش ئێسته‌ له‌ سلێمانی سێ هه‌زار هێزی زێره‌ڤانی پارتی لێیه‌ که‌ وه‌ك قوات‌خاسه‌ی زه‌مانی به‌عس ئه‌م شاره‌یان سور ده‌کرد به‌ خوێن، ئه‌نجامه‌که‌شی بێسود ده‌بوو به‌ڵام ئێسته‌ گۆڕان به‌ ته‌نیا نیه‌و معاره‌زه‌ش دروست بوه‌‌و ده‌بێ بزانین هه‌موو شتێك به‌ شه‌و‌وڕۆژێك به‌ده‌ست نایه‌ت و باشتر وایه‌ به‌ سه‌بر و کات بتوانین ئه‌و سیسته‌مه‌ بگۆڕین نه‌ك دۆ‌ودۆشاو تێکه‌ڵ بکه‌ین.
به‌لای زۆر که‌سه‌وه‌ وایه‌ که‌ کوردستانپۆست له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی پێشودا ڕه‌وتێکی زۆر چاك‌وپیرۆزی گرتبوو وه‌ خوێنه‌رانیشی به‌ ده‌یان قات زیا‌دی کردبوو وه‌ ئه‌گه‌ر بچێته‌ سه‌ر ڕه‌وتی یاخی بوون و به‌که‌س ڕازی نه‌بوون ئه‌وه‌ زیان ده‌به‌خشێنێت به‌ سایته‌که‌ی خۆی. وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌موو که‌سێکیان لا خراپ بێت، ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵك نائومێد بێت و بڕوای به‌ هیچ نه‌مێنێت له‌ کاتێکدا که‌ خه‌ریکه‌ ئومێد له‌ ناخی زۆربه‌ماندا دروست ده‌بێته‌وه‌. هه‌ق وایه‌ کوردستانپۆست وه‌ك سایتێکی بوێر و ئازا بمێنێته‌وه‌ که‌ تا ئێستا هیچ سایتێك نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداران ڕسوابکات و هه‌قیش نیه‌ زه‌ڕبێك به‌ هه‌موو لایه‌ن و ده‌سته‌یه‌کدا بهێنێت و ته‌نها خۆی به‌ ڕاست بزانێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە