کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ ده‌نگدان مه‌چۆ، ئه‌و ده‌نگه‌ی تۆ! ره‌وادانه‌ به‌ خیانه‌ت و فه‌سادیی و ناپاکیی - بەشی چواردە

Sunday, 28/07/2013, 12:00







هەڵبژاردن و شەپازلەکەی مەسیح

دوای ئەوەی ڕێژەیەکی کەمی هاوڵاتیان ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمار کرد ، پارتەکان بەگشتی و ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی ماکینەی ڕاگەیاندنی خۆی خستە کار. دیارە ئەبوو ئەم کارە بکەن، لەبەرئەوەی کەس چی دی بەزوڕناو دەهۆڵی دەسەڵات دەست ناگرێ و شایی و لۆغان ناگێڕێ. لێرەدا ئۆپۆزیسیۆن و گۆڕان وەك ئەوەی کێچ کەوتێبتە کەوڵیانەوە، هەستان بە ڕووماڵکردنی هەرچی هەیەو نیە لەسەر هەڵبژاردن و چۆنێتی بەشداری کردن تیایداو ناوی کاندیدەکانیان بۆ پەرلەمان. ئەم کارەی گۆڕان هەندێ لەکادیرەکانی دڵخۆش کرد بەوەی کاندیدن بۆ پەرلەمانە پڕ ناز و نیعەمەت و پارەو پلەو پاسەوان و دواتریش خەونی خانەنشینی پێش وەخت.

دیارە هەندێکی تریشی تووشی ناڕەزایی و چیکڵدان تەسکی کردەوە و ووردە ووردە وازیان لەگۆڕان و گردەکە کردو لەهەوڵی ئەوەدان بەخت یاوەریان بێت لای لایەنێکی تر، جا ئیتر ئەو لایەنە هەرکەس و هەر گروپێك بێ، کێشە نیە،تاقی بکەنەوە.

گۆڕان لە ڕاگەیاندنەکانیاوە، ئەوەندە پەیام و زانیاریان لەسەر کۆی گشتی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە کەوا، بەدەستێك هۆشداری ئەوە ئەدەن کەگوایا ئەم هەڵبژاردنە هیچ لەوانەی پێشوو ناچێ و چەندین ڕێوشوێن گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی کەمترین ساختە و یاریکردن بەدەنگ بکرێ، لەلایەکی تریشەوە ، ئەوەمان پێڕائەگەیەنن کە زیاتر لە سەرو سەد هەزار دەنگێکی مردوو هەن کەوا تا ئێستا نەسڕدراونەتەوانێ و بۆ جارێکی تر، دەسەڵات بەکاریان دێنێ. بەم پێیە بێ دەسەڵات پێش چوونی بۆ هەڵبژاردن چەندین کورسی بۆ خۆی دابین و مسۆگەر کردوە، هەر لەکورسی پارتە بچوکەکان و (کۆتا)کان، و دواتر دەنگی مردوەکان کەڕەنگە ئەویش ٦ کورسی تر بێت، ئەمە بێجگە لەو چەند سەد هەزارەی کەوا لەهەولێر و دهۆك بەشێوەیەکی زیاتر دەنگی زیاد کردوەو کەوا ئەوەش ڕەنگە ٦ کورسی تر بۆ دەسەڵات مسۆگەر بکا. واتە بەمانا ماتماتیکیەکەی، دەسەڵات پێش ئەوەی هەڵبژاردن بکرێ خاوەنی ١٨ کورسیە.

گۆڕان دێت و ئەم ڕاستیانە بەخەڵکی ئەڵێ و کەچی لەم لاشەوە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادەکردوەو چەندین کاندیدی بۆ تەرخان کردوە، پرسیارەکە لێرەدە بۆ خەڵکی ئەوەیە، کەئایا ئەو هەموو ڕاستیە هەیە ئێدی چۆن ئەتەوێ بچیتە ناو هەڵبژاردنێکەوە کەپێشوەختە دەرئەنجامەکانی دیارە؟؟ با خەڵکی خۆی ئەو پرسیارە وەڵام بداتەوە و پاشان قەزاوەت لەسەر کۆی پرۆسەکە بدا. ئەڵبەتە گۆڕان کاتێ ئەو زانیاریانە ئەدا بەخەڵکی مەبەستی شاراوەی ئەوەیە ؛ هۆ خەڵکی دوای هەڵبژاردن ئێوەش ئەم فرت و فێڵانەی دەسەڵاتان زانیبوو، ئێ ئیتر هەر ئەوە بەشمانەو ئەبێ پێی ڕازیبین.

ناشبێ ئەوەمان لەیادچێ کەوا دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنانەش کەوا گەر بکرێ، هیچی نوێ نایەتە کایەوەو هەمان شتە قێزەوەنەکانی ڕابردوو دووبارەو سێبارە ئەبنەوە. گۆڕان بەخانەنشین کردنی ئەندام پەرلەمانەکانی پێشوو هیچ کارێکی نوێ و تازە بەرهەم ناهێنێ، جگە لەوەی ئەو خێرو بێرەی پەرلەمان لەسامان و پلەو پایەو پارە هیچی تر نابن و ئەم جارەش تەنها کۆمەڵێكی تر خێرمەند ئەبن و خۆیان دەوڵەمەندن ئەکەن.

ڕەنگە هەندێ پێیان وابوبێ کەوا ئەوە نمەك سوێری و بێ ویژدانیە دەرهەق بەم ئەندام پەرلەمانانەی ئێستای گۆڕان ئەوترێ، ڕەنگە هەبن پێیان وابێ کەوا ئەو چەند ئەندامە خەڵکی ئازاو جوامێرو کۆڵنەدەربوبن و داکۆکیان لەخەڵکی کردبێ. لێ نابێ ئەوەمان لەیاد چی، کەوا ئەو ئەندامانە لەژێر وێنەیەکی سەرکردەیەکی خێڵەکی نەخوێنەواری ئاشبەتاڵچی ڕۆژانە سوێندیان ئەخوارد و درێژەیان بەدەسەڵات دا. ئەو ئەندامانە پێیان خۆش بێ و وەیان نا، دەست سپی و سفرە ڕاخەری بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بوون. نابێ بەچەند جارێ تەپڵە لێدان و بتڵ هاویشتن و چوونە دەرەوە سەرسام بوبین و لێمان بوبن بەقارەمان... نەخێرو سەد نەخێر، بۆ ئەو ئەندامە نوێیانەش کەوا رەنگە بچنە ئەو تەمەڵخانەیەوە، تەنها ئەبێ لەژێر وێنەی مەلا مستەفای ئاشبەتاڵچی و پشتێکەری گەلەکەی ، ڕۆژانە بەناوی بەرژەوەندی گەل و خزمەتکاری هاوڵاتیان و ئەم قسە باق و بریقانە ، درێژە بە تەمەنی دەسەڵات بدەن و دڵی سەرۆکی گۆڕان و ئیسلامیەکان بگرن تا تیکێ نانی ماڵی بارزانیان بەقوڕقڕاگەدا بچێتە خوارێ.

بۆیە ئەبێ خەڵکی کوردستان خۆی ئامادە بکا بۆ ئەوەی نەفرەت لەهەڵبژاردنێك بکا کەوا نەوەکانی و داهاتویان بخەنە ژێر مەترسیەوە. هیوامان بەگەلەکەمان گەورەیەو ئەزانین کەوا ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر هوشیار بونەتەوەو لەژێر چەتری بێیاسایی و بێ ڕێزی بەهاونیشتمانیانیان قبوڵ ناکەن و دەنگ نادەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە