بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیە ، كام خزمەت و كام چاكسازى ؟
Tuesday, 07/08/2012, 12:00
وەڵامێك بۆ كارمەندە تەندروستیەكەى بێتواتە ؟ دانیشتووى ڕانیە .
ماوەیەكە بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە و ڕاوێژكارەكانى ئەوەیان كردۆتە بنێشتە خۆشەى سەر زارو زمانیان هەر كەسێك قسەیەك لەبارەى ڕەوشى تەندروستى سنورەكە بكات یان باسى گەندەڵیەكانى فەرمانگەى تەندروستى ڕانیە بكات یەكسەر دەڵێن چاكسازیمان كردووەو ئێمە فریشتەین ، لێرەوە بەجەنابیان و بەڕاوێژكارەكانى دەڵێم چاكسازیەك بۆ مل شكاندنى خەڵك و نەقڵ و نان بڕینى كارمەندو لادانى قەرەقۆشیانەى فەرمانبەران بێت لەو بەش بۆ ئەو بەش و لەو ژوور بۆ ئەو ژوور نەبوونى باشترە لەبوونى ، پێمان بڵێن كامە چاكسازیەیە كردوتانە تائەو خەڵكە ئەوەندە بێ ویژدان بێت نەیبینێت ؟ چەندین بەڕێزى تریش ئەو پرسیارەیان كردووە منیش دووبارە دەیكەمەوە چیتان كردووە بۆ باشتركردنى ڕەوشى تەندروستى ئەو سنورە ؟ كەئەوە كارە سەرەكیەكەیەو خزمەت بەخەڵك دەكات ؟ چ كارم بەوەیە بۆ ئافەرینێكى حزبى دێیى دەرماڵەى پایەیى گەنجێك دەبڕى و هەڕەشەى نەقڵى لێ دەكەى بەبیانووى ئەوەى گۆڕانە لەكاتێكدا بەقەد گەندەڵی و كارە نایاسایەكانى تۆ بنەماڵەكەى شەهیدو قوربانی هەیە ؟ لەولاشەوە ئەمە بەچاكسازى بەخەڵك و ڕاگەیاندنەكان دەفرۆشیەوە ؟ ئەو كاتەى كڕین و دابین كردنى لافیتەى حزبیت پێ زەروورترە لەدابین كردنى دەرزى بۆ سەنتەرێكى وەك گورچیلە باشیەكەت لەكوێ دایە تاشانازیت پێوە بكەین ؟ سەدان ملیۆن دینارى كەرتى تەندروستى خەڵكى دەروازەت بۆ وەرگرتنى تەنها ئافەرینێك گەڕاندۆتەوە خەزێنەى حكومەت لەولاشەوە لەنەخۆشخانەكان دوو بەتانى و سەرینى خاوێن نیە نەخۆش لەسەرى بخەوێت ؟ كەى ئەوە چاكسازیە ؟ شەرم و عەیبەیەكى زۆر گەورەیە ئەمە ناوى چاكسازی لێ بنێیى ؟ سەنتەرێكى گەورەى وەك گورچیلە تا ئێستا غەسالەو ئامێرێكى شۆردنى سەرین و بەتانى نیە ئاخر پێمان ناڵێیت چاكسازیەكەت لەكوێ دایە كەئێمە نایبینین ؟ چەند كارمەندى ئەو سەنتەرەت لەهیچ و خۆڕایى دوور خستەوەو نان بڕاوت كردن دەرماڵەت بڕین دوایى بۆ وەرگرتنى تەنها ئافەرینێك نانى تێكرایى نەخۆش و كارمەندەكانیت بڕى ؟ هەوڵ و هیمەتى كوردستانپۆست نەبوایە ئێستاش كەس لەتەنانێكى لەم سەنتەرە نەدەبینى ؟ كەى ئەمە چاكسازیە ؟ ئەمە نان بڕینى خەڵكە ؟ بەڕێوبەرى كارگێرى ئەم سەنتەرەو نەخۆشخانەى ڕانیەو ولادەت لەسەر ئەساسێك دانا ؟ لەسەر ئەساسى چاكسازى بوو یان لەسەر ئەساسى جاسوسى بوو ؟ سێ ساڵە بەڕێوبەرى كارگێرى سەنتەرى گورچیلە خۆى مەواد دێنێت لەسلێمانى تەنها بۆ ئەوەى ئیفادەكە بۆ خۆى بێت ؟ چەند بەدواچوونتان كردووە ؟ چەند لێكۆڵینەوەتان كردوە ؟ ئەمە چاكسازیە یان ئەمە دزى و گەندەڵیە لەسەر حسابى ئەو میللەتەو خەڵكى دەروازە ؟ تەواو تەواو بێتامتان كردووە یان بەخۆتاندا بچنەوە هەڵسەنگاندن بۆ دوو ساڵى ڕابردووى خۆتان بكەن و خۆتان چاك بكەن یان ئەوەتا دەست لەكار بكێشنەوە ؟ دەزانن چ خەڵكێكتان تۆراندووە ؟ دەزانن چ خەڵكێكتان لەهیچ و خۆڕایى نان بڕاو كردوە ؟ ئاخر لەپێناوى چى و بۆ كێ ؟ خۆتان وەڵام بدەنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست